Friday, 4 October 2013

جامانه‌ی خوێناوی پێشمه‌رگه‌یه‌ک


جامانه‌ی خوێناوی پێشمه‌رگه‌یه‌ک                 برایم جه‌هانگیری
           

داستانی مرۆڤی رۆژه‌ سه‌خته‌کان

جامانه‌ی خوێناوی پێشمه‌رگه‌یه‌ک ئه‌و دیارییه‌ بچووک و به‌نرخه‌یه‌ که‌ کاک هه‌ڤاڵ ئه‌حمه‌دی پیشکه‌ش به‌ رێبوارانی رێگای ئازادی کردووه‌، داستانی قاره‌مانه‌تی ئه‌و پێشمه‌رگانه‌ی که‌ دڵنیام نه‌سلی ئه‌وڕۆ ته‌نیا هه‌روا سه‌ر پێی به‌ په‌نای دا تێده‌په‌ڕن و تابڵۆیه‌کی واقعی رۆژانی سه‌ختی پێشمه‌رگایه‌تیان هێشتا له‌به‌ر چاو نییه‌. کاک هه‌ڤاڵ به‌ ئه‌ده‌بیات و زمانیکی پاراو باسی ئه‌و پاڵه‌وانانه‌ ده‌کات که‌ له‌ کاتی خۆیدا له‌ بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی کورد دا ده‌وریان بینیوه‌. ئه‌و پێشمه‌رگه‌ به‌ چه‌ک و بێچه‌کانه‌ی هه‌ر که‌سه‌و له‌ په‌نا خۆیه‌وه‌ ئه‌رکی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یی خۆی راپه‌راندووه‌، هه‌ر له‌ عوسمانی بریندار و ره‌حمانی هاورێی ڕا بگره‌ که‌ به‌ جامانه‌که‌ی خۆی برینی سه‌ختی بۆ ده‌به‌ستێ تا ده‌گاته‌ عه‌تا و داده‌ فریشته‌ی وه‌رزێڕ که‌ چۆن هه‌ر که‌سه‌ و بێ ئاگایی ئه‌وی دیکه‌ خه‌ریکی ده‌رباز کردنی عوسمانی برینداره‌ له‌ ناو گه‌نمه‌ که‌ داو و له‌ په‌نا شوێنی له‌ که‌مین که‌وتنه‌که‌ی شه‌وی ڕابردوو.

جامانه‌ی خوێنای پێشمه‌رگه‌یه‌ک ئه‌گه‌رچی که‌مو کوری بچووکی پێوه‌ دیاره‌ به‌ڵام به‌ دڵنیاییه‌وه‌ زۆر جاران مرۆڤ ده‌خاته‌ ناو چه‌قی رووداوه‌که‌ و زۆر که‌س خۆی تێدا ده‌بینێته‌وه‌. خوێنه‌ر له‌ هه‌ندێک حاڵه‌ت دا خه‌مێکی قووڵ دایده‌گرێ و له‌ هه‌ندێ حاڵه‌ت دا شایی به‌ خۆی و به‌ نه‌ته‌وه‌که‌ی ده‌کات و هه‌ندێ جاریش بریسکه‌ی شادی له‌ چاوه‌کانیه‌وه‌ ده‌ورو به‌ر رووناک ده‌کاته‌وه‌. ئه‌و داستانه‌ ته‌نیا دیمه‌نێکی بچووکی به‌رخۆدانی قاره‌مانانه‌ و فیداکاری رۆله‌کانی گه‌لی کورد نیشانده‌دا، وه‌فاداری و یه‌ک بوونی قسه‌و کردار له‌و داستانه دا ده‌رسێکه‌ بۆ نه‌وه‌ی دواڕۆژ و بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ی هێشتا رابردووی خه‌باتکارانی رێگای ئازادی گه‌له‌که‌ی خۆیان و فیداکاری ئه‌وانیان به‌ باشی نه‌ناسیوه‌ و نه‌زانیوه‌.

من هه‌ر لێره‌وه‌ ده‌ستخۆشی له‌ کاک هه‌ڤاڵ ئه‌حمه‌دی ده‌که‌م و هیوای سه‌رکه‌وتن و به‌رده‌وام بوونی بۆ به‌ ئاوات ده‌خوازم و پێشنیاریش به‌ دۆستان ده‌که‌م حه‌تمه‌ن جامانه‌ی خوێنای پێشمه‌رگه‌یه‌ک له‌ کیس خۆتان مه‌ده‌ن و بیخوێننه‌وه‌.

No comments:

Post a Comment