Thursday, 31 October 2013

شه‌ڕی راگه‌یاندن ل له‌ نێوان پ ک ک و حکوومه‌تی هه‌ریم دا


شه‌ڕی راگه‌یاندن ل له‌ نێوان پ ک ک و حکوومه‌تی هه‌ریم دا             برایم جه‌هانگیری

شه‌ڕێکی راگه‌یاندنی دزێو له‌ نێوان حکوومه‌تی هه‌رێم و پ ک ک له‌و په‌ری خۆیدایه‌. هه‌ر یه‌ک له‌ پ ک ک و حکوومه‌تی هه‌رێم به‌ تایبه‌تی پارتی دێمۆکراتی کوردستان به‌ شێوه‌یه‌کی راشکاوانه‌ دژی یه‌ک قۆڵیان هه‌ڵماڵیوه‌، دیاره‌ با له هه‌ق نه‌گوزه‌رێین پ ک ک له‌ مێژه‌ بۆ بن کۆڵ کردنی حکوومتی هه‌رێم هه‌وڵ ده‌دا و به‌ تایبه‌تی کاتێ پ ی د لقی رۆژئاوای پ ک ک له‌ رۆژئاوا ریگای نه‌دا هیچ پارتی و رێکخراوێکی سیاسیی ئه‌و به‌شه‌ له‌ کوردستان کار و چالاکی بکه‌ن وهه‌ر هه‌موویانی به‌زه‌بری زۆری وه‌ده‌ر نا ئیتر کێشه‌که‌ گه‌یشته‌ چڵه‌پۆپه‌و له‌و کاتییه‌وه‌ پ ک ک به‌ دایم پارتی به‌داخستنی رۆژئاوا تۆمه‌ت بار ده‌کات و پارتیش پ ک ک به‌ خۆسه‌پاندن و دیکتاتۆریه‌ت له‌ رۆژئاوا تۆمه‌ت بار ده‌کات. له‌م نیوه‌ دا ئه‌وه‌ی سه‌یره‌ ئه‌مه‌یه‌ که‌ پ ک ک له‌ هه‌موو به‌شه‌کانی کوردستاندا لقی خۆی هه‌یه‌ و به‌ تایبه‌تی له‌ سه‌ر رۆژهه‌ڵات زۆر جار گله‌یی و گازنده‌ له‌ حیزبه‌کانی رۆژهه‌ڵات ده‌کات که‌دان به‌ پژاک لقی رۆژهه‌ڵاتی پ ک ک دا نانێن ، که‌چی خۆی تا ئێستا رێگای نه‌داوه‌ له‌ رۆژئاو جگه‌ له‌ پ ی د هیچ رێکخراوێکی سیاسیی سه‌ری دڵی هه‌ڵاوێ. ئه‌وه‌ له‌ حاڵێکدایه‌ که‌ تا ئیستاش رێژیمی سوریا دوژمنایه‌تی پتر ده‌گه‌ڵ ئه‌و پارتیانه‌ هه‌یه‌ که‌ له‌ هه‌ولێرن و پ ک ک و پ ی د ریگایان پێناده‌ن له‌ رۆژئاوا تێکۆشانیان هه‌بێ. دیاره‌ نه‌ پ ک ک نکۆڵی له‌وه‌ ده‌کات و نه‌ هیچ که‌سیش تا ئیستا بیستوویه‌تی که‌ پ ی د یه‌ک سه‌ربازی سووری کوشتبێ و زیاتر شه‌ڕه‌کانی ده‌گه‌ڵ ترۆریستانی جه‌به‌ی النوسره‌ و سوپای ئازاد بووه‌ که‌ ده‌گه‌ڵ سوریا له‌ شه‌ڕدان.

خاڵی دیکه‌ی جێگای پرسیار ئه‌مه‌یه‌ که‌ پ ک ک جگه‌ له‌ پارتی چاره‌سه‌ری که‌ له‌ باشووری کوردستان لقی پ ک ک یه‌ خۆشی و پ ی د ه‌ش بنکه‌ و باره‌گایان له هه‌ولێر و له‌ پێته‌ختی حکوومه‌تی هه‌رێم و له‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتتداری پارتیدا هه‌یه‌ که‌ چی رێگا ناده‌ن یه‌ک پارتی رۆژئاوایی له‌ کوردستانی رۆژئاوا بوونی هه‌بێ، هه‌موو جارێکیش که‌ باسی ئه‌و پارتانه‌ ده‌کرێ لایه‌نگرانی پ ک ک هۆکاری ئه‌و رێگه‌ نه‌دانه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕیننه‌وه‌ که‌ گروپیکی بچووکی سه‌ر به‌ پارتین ده‌نا خه‌ڵکیان ده‌گه‌ڵ نییه‌ و هه‌موو خه‌ڵکی رۆژئاوا ده‌گه‌ڵ ئیمه‌ واته‌ پ ی د ه‌ن هۆکارێک که‌ ناتوانێ له‌و باره‌وه‌ هیچ که‌س به‌ قه‌ناعه‌ت بگه‌یه‌نێ..

تێبینی: تکایه‌ ره‌چاوی پرنسیبه‌کانی دیالۆگ بکه‌ و له‌ تۆمه‌ت و تانه‌ و ته‌شه‌ر به‌ تایبه‌تی سووکایه‌تی خۆ بپارێزه‌ ده‌نا به‌ ناچاری بۆچوونه‌که‌ت ده‌سڕمه‌وه‌ و ئه‌گه‌ر دڕێژه‌ش به‌ سووکایه‌تی بده‌ی به‌داخه‌وه‌ ده‌بێ بڵێم که‌ شه‌پکه‌مان تێک ده‌گیرێ و دۆستایه‌تیمان نابێ.


 http://so.firatajans.com/news/roejnae/prty-dw-lh-y-h-sh-d-dh-kht-hwkhry-bkht-lh-dh-rkhstny-ypg-lh-rmyln.htm

 http://www.peyamner.com/PNAnews.aspx?ID=324058

No comments:

Post a Comment