Saturday, 2 November 2013

پرسیارێک و داوای رێگا چاره‌یه‌ک


پرسیارێک و داوای رێگا چاره‌یه‌ک                برایم جه‌هانگیری
           

سه‌باره‌ت به‌ ئیعدامی لاوانی کورد

هاوڕێیان ، دۆستانی گه‌لێ هێژا، خه‌مخۆرانی گه‌ل و نیشتمان، وه‌ک ئاگادارین ماشێنی ئیعدام رۆڵه‌کانمان دیسان به‌ خێرای جاده‌ی مه‌رگو نه‌مان ده‌پیوێ، له‌و ماوه‌یه‌ دا به‌ حه‌ق دۆستانی ئه‌و تۆره‌کۆمه‌ڵایه‌تیه‌ی من تاکێکم لێی واته‌ فه‌یس بووک و حیزبه‌کانیش هه‌ر که‌س به‌ پێی توانا و هه‌ر که‌س له‌ قه‌ده‌ر خۆی هاواری کردووه‌، داوای به‌رز کردۆته‌وه‌، خۆپێشاندان کراوه‌، رێکخسته‌کانی کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی به‌ تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی له‌ هه‌لوومه‌رجی ئازاد دان و له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئێران و کوردستان ده‌ژین له‌ قه‌ده‌ر خۆیان کار وچالاکیان نواندووه‌ به‌لام ئایا به‌ ئاوڕدانه‌وه‌یه‌ک بۆ کاریگه‌ری ئه‌م هه‌وڵ و چالاکیانه‌ له‌ نزیک و دوور هیچ ئاسه‌وارێک له‌ کارتێکه‌ری و شوێندانه‌ر بوونی ئه‌م هه‌وڵانه‌ ده‌بینن؟

با من به‌ روونی قسه‌ی خۆم بکه‌م، ده‌ردی ئه‌و کۆمه‌ڵه‌ خه‌ڵکه‌ به‌ راگه‌یاندن و به‌ بزووتنه‌وه‌ و کۆبوونه‌وه‌یه‌کی چه‌ند که‌سی و جه‌ند سه‌د که‌سی چاره‌ی ناکرێ، ئه‌و حه‌ڕه‌که‌تانه‌ توانای به‌رپێگرتنی ماشێنی ئیعدامی فاشیزمی مه‌سه‌بی ئێرانی نییه‌، ئێمه‌ و حیزبه‌کانیش تا ئێستا نه‌مانتوانیوه‌ به‌و کارانه‌یان گیانی تاقه‌ یه‌ک که‌س له‌ مه‌رگ رزگار بکه‌ین، زیاتر هه‌ر هه‌واڵ و راگه‌یاندنی نزیک بوونه‌وه‌ی ئیعدامی لاوانی کورده‌ که‌ لاپه‌ڕه‌ی لانی که‌م تۆڕه‌کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان و ماڵپه‌ڕه‌کان پڕ ده‌کاته‌وه‌! ئایا کاتی ئه‌وه‌ نه‌هاتووه‌ حیزبایه‌تی و ئیدئۆلۆژی بخه‌ینه‌ لایه‌ک و وه‌ک ئینسان، وه‌ک مرۆڤ، بیر له‌ ژیانی ئه‌و که‌سانه‌ بکه‌ینه‌وه‌ که‌ وا سه‌عات و ده‌قێقه‌ی نزیک بوونه‌وه‌ی کاتی ئیعدامه‌که‌یان بۆ ده‌ژمێرین؟

من وه‌ک تاکێک، وه‌ک ئینسانێک پێم وایه‌ کورد ئه‌گه‌ر ده‌یهه‌وێ له‌خه‌می خه‌ڵک و لاوانی وڵاته‌که‌ی دابێ ده‌بێ به‌ به‌رنامه‌یه‌کی چڕ و پڕ و عه‌مه‌لی به‌گژ ئه‌و زۆرداریه‌ و دڕنده‌ییه‌ دا بچێته‌وه‌، به‌ بۆچوونی من ده‌بێ کومیته‌یه‌ک له‌ هه‌موو حیزب و رێکخراوه‌ کوردستانیه‌کان به‌ ئاگایی حیزب یان بێئاگایی حیزب و سازمانه‌ سیاسیه‌کان هه‌رچی زووتر پێک بێ، ئه‌و کومیته‌یه‌ هه‌رچی زووتر ره‌شنووسی به‌رنامه‌ و پرۆگرامی کار و تێکۆشانی خۆی بڵاو کاته‌وه‌ تا سه‌رنج و ره‌خنه‌ و پێشنیاری شاره‌زایان و هاونیئشتمانانی کورد له‌ ناوه‌ و له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات وه‌رگرێ و دوای ده‌سکاری و گونجاندنی سه‌رنجه‌ باشه‌کان بێدره‌نگ کار و جالاکی خۆی ده‌ست پێبکا. هه‌موو حیزبێک وه‌زیفه‌یه‌تی بێ سێ و دوو پشتیوانی ئه‌و کومیته‌یه‌ بێ و له‌ ئاکسیۆن و خۆ پێشاندانه‌کان له‌و شوێنانه‌ی ئه‌و کومیته‌یه‌ دیاری ده‌کات پشتیوانی بکات و داوا له‌ ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی خۆی بکات به‌شداری ئه‌و کار و چالاکیانه‌ بکه‌ن. ئه‌گه‌ر ده‌مانهه‌وێ چاوی هیوای منداڵانی کورد له‌ ڕیگای گه‌ڕانه‌وه‌ی باوکیان دا سۆمایی نه‌بڕێ و خۆڵه‌مێشی ناهومێدی دای نه‌پۆشێ با هه‌موو لایه‌ک به‌ جیددی وه‌خۆ که‌وین. ده‌نا ئه‌و رێژیمه‌ که‌ تینوێتی ته‌نیا به‌ خوێن ده‌شکێ محاڵه‌ کێردی ڕق و کینه‌ی له‌ سه‌ر گه‌رنی لاوانمان وه‌لابنێ
وێنه‌ کچۆڵه‌که‌ی مه‌نسووری ئاروه‌ند زیندانی کوردی مه‌حکووم به‌ ئیعدام.

No comments:

Post a Comment