قسه‌ی خۆش با ون نه‌بێ
جۆرابێنی شه‌وانی پێشمهرگایهتیساڵی 1361_ 1360 له محاڵی ئاختاچی به‌رپرسی رێکخراوی ئه‌و ناوچه‌یه و بۆ ماوه‌یه‌ک هاوکات کادری ناوچه‌ش بووم، با هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه ئه‌وه بڵێم که یه‌کێک له خۆشترین کاته‌کانی ژیانم ئه‌و رۆژانه‌بوون که له‌ناو خه‌ڵکدا و بۆ خه‌ڵک و له‌گه‌ڵ خه‌ڵک بووم. جه‌وله یان گه‌ڕانی سیاسی یه‌کێک له کاره‌کانی کومیته‌کانی حیزب بوو. زستانان به‌تایبه‌تی ئه‌و جه‌ولانه تام و چێژێکی تایبه‌تیان هه‌بوو، سه‌ردانی هه‌ر گوندێکمان ده‌کرد یه‌که‌م کارمان ئه‌وه بوو که بڵیندگۆی مزگه‌تمان هه‌ڵده‌کرد و بانگاوازمان ده‌کرد که ئه‌و شه‌و له لایه‌ن حیزبی دێمۆکڕاته‌وه له فڵان سه‌عاته دا کۆبوونه‌وه هه‌یه و قسه بۆ خه‌ڵک ده‌که‌ین. خه‌ڵکیش زۆر به‌تامه‌زرووییه‌وه به‌شداری کۆبوونه‌وه‌کانیان ده‌کرد.
شه‌وانی زستان بۆیه تام و چێژێکی تایبه‌تی هه‌بوو چوونکه له دێهاته‌کان باوی جۆرابێن هه‌بوو و منیش جۆرابێنم زۆر پێخۆش بوو، دیاره ده‌شمزانی له‌قه‌ده‌ر خۆم، له‌و ناوچه‌یه ئه‌وه‌ی زۆر وه‌ک جۆراب باز نێوبه‌ده‌ره‌وه بوایه ئه‌حمه‌ده ڕه‌ش یان ئه‌حمه‌دی ڕه‌شی بوو که خه‌ڵکی گوندی قه‌مته‌رێ بوو و کومیته‌ی حیزبیش له‌و ساڵانه له‌و گونده بوو، ئه‌حمه‌د ره‌شی یان ئه‌حمه‌ده ڕه‌ش هه‌م جۆرابێنی زۆر چاک ده‌زانێ هه‌م به‌ڕاستی هه‌ر شیرین بوو له لای دانیشتبای و سه‌یری جۆرابێنی ئه‌و ئینسانه‌ت کردبا، ده‌یکرده گوڕه‌وهه‌رایه‌ک باب ئاگای له کوڕێ نه‌ده‌ما، کابرا زۆر جۆراببازی چاکیش با ده‌ستی تێکه‌ڵ ده‌هات و مازووی ته‌سلیم ده‌کرد. ئه‌و کاک ئه‌حمه‌ده به‌داخه‌وه له شه‌ڕی کۆمه‌ڵه و دێمۆکڕات دا له حاڵێکدا له مینی بووسێکرا به‌ره‌و قه‌مته‌رێ ده‌هاتنه‌وه له که‌مینی کۆمه‌ڵه که‌وتن و ته‌قه‌یان لێ‌کرا و ئه‌و شه‌هید بوو. هه‌زار جار یادی له دڵدا زیندوو.
حاجی شێخ عه‌ولای کولیجه‌ی، که به‌ڕاستی جۆرابێنی زۆر چاک ده‌کرد و گوڵ راکێشان هه‌ر له خۆی جوان. شه‌قه‌ی گوڵ له‌خۆدانی ده‌تگوت ده‌نگی ده‌مانچه‌یه و مرۆڤی له‌به‌ر راده‌چه‌نی. مه‌لاحه‌سه‌نی ده‌رمانی که ئامۆزام بوو ئه‌ویش جۆرابێنی چاک ده‌کرد، دیاره جۆراب بازی زۆر چاکی دیکه‌ش هه‌بوون که به‌داخه‌وه من ناوه‌کانیانم له بیر نه‌ماوه که یه‌کیان خه‌ڵکی سونجاخ بوو هه‌ر شتێکی سه‌یر بوو.
شه‌وێک له‌و شه‌وانه که سه‌ردانی گوندی ئیساکه‌ندمان کردبوو دوای کۆبوونه‌وه و قسه و باس له گه‌ڵ خه‌ڵکی له ماڵی دۆستێک کۆ بووینه‌وه ، مامۆستا مه‌لا عه‌لی ئیساکه‌ندی که هه‌رچه‌ندی خودا حه‌زی ده‌کرد ئینسانێکی رووح سووک و قسه خۆش و کورد و نیشتمانپه‌روه‌ر بوو یه‌کێک له‌و که‌سانه بوو که من حه‌تمه‌ن سه‌ردانم ده‌کرد، من له ژیانمدا تا ئه‌م دواییانه‌ش که له مه‌هاباد ده‌مدیت هه‌رگیز لیباسی مه‌لایه‌تیم له‌به‌ر دا نه‌دیت و هه‌میشه هه‌ر که‌واو پاتۆڵه جوانه‌که‌ی له‌به‌ر بوو، مامۆستا به‌ڕاستی خۆشه‌وسیتی هه‌موو لایه‌ک بوو. ئه‌و شه‌وه جۆرابێنمان ده‌کرد و من و مامۆستا لایه‌ک بووین و له به‌رامبه‌رمان دا سی دۆستی دیکه دانیشتبوون، کوڕێکی مامۆستا له ته‌نیت مامۆستا دانیشتبوو، ئه‌و هه‌ر چاوی لێده‌کردین ده‌نا ئه‌هلی جۆرابێن نه‌بوو. به پێجه‌وانه‌ی ده‌سته‌ی جۆرابێنی هه‌ڵیش په‌ڵیش من ومامۆستا زۆر به مشوور جۆرابێنمان ده‌کرد، پرس‌و رامان زۆر پێک ده‌کرد، من به تایبه‌تی ڕیزی زۆرم بۆی هه‌بوو، جارێکیان که ته‌ڕه‌ف ده‌گه‌ڕا هه‌ر گۆره‌وه‌ی ئاخری گه‌ڕا من که شکم زۆر قایم بوو، هه‌ڵمدایه و کوتم مامۆستا جا شکت له کوێیه؟ ئه‌ویش هه‌ر زۆر له سه‌ره خۆ کوتی وه‌ڵا مه‌لابرایم گیان جاشکم ئه‌وه‌تا له په‌نا خۆم دانیشتووه! ئیدی هه‌ر بابا بوو به‌لا داده‌هات و ده‌ستی به‌زگی ده‌گرت، ئه‌من له سه‌ره‌تا دا بڕێک خه‌جڵام به‌ڵام دوایه چار نه‌ما. به‌ڕاستی ئه‌و شه‌وه به‌قه‌را ساڵێک پیکه‌نیم. یادی مامۆستا عه‌لی ئیساکه‌ندی و هه‌موو ئه‌و خه‌ڵکه پڕ له‌هه‌ست و سۆزه، دڵسۆزه، دڵگه‌رم و نیشتمان خۆشه‌ویسته هه‌میشه له ناو دڵم دایه و ئێستاش ئه‌گه‌ر هه‌وڵ و ته‌قه‌لایه‌کم بۆ کورد و کوردستان هه‌یه، هه‌ر له ئه‌مه‌گداری و وه‌فاداری بۆ ئه‌و خه‌ڵکه‌یه که چاکه و میهره‌بانیه‌که‌یانم قه‌ت له‌بیر ناچێ.
وێنه‌که له گووگڵ وه‌رگیراوه
No comments:
Post a Comment