Saturday, 23 November 2013

سیاسه‌ت له‌سه‌ر تێزی قسه‌ی پیاوان یه‌که‌!



   سیاسه‌ت له‌سه‌ر تێزی قسه‌ی پیاوان یه‌که‌!                  برایم جه‌هانگیری


  راسته‌ مرۆڤه‌کان جیاوازن، روانگه‌کان جیاوازتر، زۆر ده‌گه‌مه‌ن هه‌ڵده‌که‌وێ چه‌ند ‌هاوڕێی زۆر نزیک له‌ یه‌ک حیزب و له‌ یه‌ک ته‌شکیلاتی دیاریکراویش دا له‌ سه‌ر هه‌موو بابه‌تێک هاوڕا و هاو نه‌زه‌ر بن، ئه‌وه‌ لای هه‌موومان ده‌بێ ئاشکرا بێ. هه‌ر ئه‌و روانگه‌ جیاوازانه‌ ئه‌گه‌ر له‌ به‌ستێنی دیالۆگێکی دۆستانه‌ی مه‌نتیقی دا تاووتوێ بکرێن به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ئاکامی باش و لێک تیگه‌یشتنی شیاوی سه‌رنجی لێده‌که‌وێته‌وه‌.

 به‌ڵام جار و باره‌ مرۆڤ له‌ دوگم بوونی هه‌ندێ خه‌ڵک به‌ڕاستی ده‌می ده‌بێ به‌ ته‌ڵه‌ی ته‌قیو. من زۆر جاران کوتوومه‌ کێشه‌ی کورد له‌ ئێران دا به‌ هێچ بارێکدا ده‌گه‌ڵ فارس به‌ حکوومه‌ت و به‌ میله‌ته‌وه‌ چاره‌سه‌ر ناکرێ. مه‌به‌ست چاره‌سه‌ری واقعییه‌. دیاره‌ به‌و تێگه‌یشتن و تێڕوانینه‌ی ئێستا له‌ ناو ده‌وڵه‌ت وئۆپۆزیسیۆنی فارس دا هه‌یه‌ ئه‌و روانگه‌یه‌ لای من جارێ هه‌ر له‌ سه‌ر جێگای خۆیه‌تی. ئه‌و روانگه‌یه‌ بۆیه‌ له‌ناخی مندا چرۆی کرد و بوو به‌ باوه‌ڕ، چوونکه‌ فارس به‌ ئۆپۆزیسیۆن و به‌ خه‌ڵک و به‌ ده‌وڵه‌ته‌وه‌ قه‌تی گوێ نه‌داوه‌ته‌ مافی کورد و هه‌میشه‌ ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ی وه‌ک بابه‌تێکی ئه‌منیه‌تی سه‌یر کردووه‌ و هه‌ر هه‌موویان له‌و ده‌لاقه‌وه‌ روانیویانه‌ته‌ کوردسان و مه‌سه‌له‌ ره‌واکه‌ی.له‌و باره‌وه‌ له‌وه‌تا وه‌بیرم دێ گله‌ییمان ئه‌وه‌ بووه‌ که‌ جگه‌ له‌ ده‌وڵه‌ت که‌ فاشیزمێکی مه‌سه‌بییه‌ و دان به‌ مافی هیچ ئینسانێک به‌ تایبه‌تی نه‌ته‌وه‌کانی نیشته‌جێی ئێران دانانێ، ئۆپۆزیسیۆنیش به‌ چه‌پ و ڕاسته‌وه‌ هه‌مان روانگه‌ی به‌رامبه‌ر به‌ مه‌سه‌له‌ی کورد هه‌یه‌ که‌ ده‌وڵه‌ت هه‌یه‌تی. ده‌وڵه‌ت له‌ کام ده‌لاقه‌وه‌ سه‌یری کێشه‌ی کورد ده‌کات رۆشنبیرانی فارسیش له‌ هه‌مان روانگه‌وه‌ سه‌یری کورد  وکوردستان ده‌که‌ن. زۆر له‌ ئێمه‌مانان هه‌ر له‌به‌ر ئه‌و هه‌ڵوێست و هه‌ڵسووکه‌تانه‌ له‌ سه‌ر ئه‌و بڕوایه‌ بووین که‌ کێشه‌ی کوردان ده‌گه‌ڵ ئه‌و فارسانه‌ چاره‌سه‌ر ناکرێ وئێمه‌ ناتوانین له‌ وڵاتێک دا هاوبه‌ش دا پشکداری به‌ڕیوه‌به‌ری  وده‌سه‌ڵاتداری و له‌ راستی دا ژیانی وه‌ک یه‌ک بین.

  قاسملوو ده‌ڵێ : ئێمه‌ بۆ ئه‌وه‌ شه‌ڕ و به‌ره‌نگاریمان نه‌کردووه‌ که‌ ده‌وڵه‌ت ماف  وئازادیه‌کانمان به‌ ره‌سمی بناسێ به‌ڵکوو هه‌موو هه‌وڵ و ته‌قه‌لامان ئه‌وه‌بووه‌ که‌ ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ به‌و قه‌ناعه‌ته‌ بگات که‌ ده‌گه‌ڵمان دا‌بنیشێ و لێمان بپرسێ ئێوه‌ بۆ واده‌که‌ن؟ چیتان ده‌وێ؟
  ئۆجالان له‌ کاتێکدا په‌یامی یه‌کجار گرینگ و مێژوویی ئاشتی کرده‌ هه‌وێنی بیرکردنه‌وه‌یه‌کی نوێ له‌ سیاسه‌ت دا و ئوردوگای یه‌کده‌ستی تورکانی پێ ته‌فر و تونا کرد که‌ تا ئه‌و کاته نه‌ له‌ ناو ده‌وڵه‌ت و نه‌ له‌ ناو میله‌تی تورکیا دا(جگه‌ له‌ چه‌ند ده‌نگێکی وه‌ک بێشکچی) ونه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ ی ئه‌و وڵاته‌ هیچ که‌س پ ک ک ی وه‌ک هێزێکی سیاسیی ‌ده‌ناسی. ئه‌وان زۆرتر و له‌ باشترین حاڵه‌ت دا ئه‌و هێزه‌یان وه‌ک میلیشیایه‌کی چه‌کدار پێناسه‌ ده‌کرد. په‌یامی سه‌رۆکی پارتی کرێکارانی کوردستان وه‌ها له‌ ناو تورکان دا ده‌نگی دایه‌وه‌ که‌ ده‌س به‌جێ ده‌وڵه‌ت به‌ پیر ئه‌و بانگوازه‌وه‌ هات و پرۆسه‌یه‌ک به‌ نێوی پرۆسه‌ی ئاشتی که ئیستاش درێژه‌ی هه‌یه‌ به‌ ره‌سمی له‌ نێوان پ ک ک و ده‌وڵه‌تی تورکیا ده‌ستی پێکرد. ‌ ئه‌وه‌ له‌ حاڵێکدا بووکه‌ پێشتر چه‌ندین جار ئاگربه‌سته‌کانی پ ک ک له‌ لایه‌ن تورک و ده‌وڵه‌تی تورکانه‌وه‌ پشت گوێ خرا و به‌ هێند نه‌گیرا.

 له‌ سه‌فه‌ری ئه‌م داواییه‌ مه‌سعوود بارزانی بۆ ئامه‌د و به‌تایبه‌تی له‌ دانیشتن ده‌گه‌ڵ عوسمان بایده‌میر و ئه‌ندامانی ب د پ دا، بارزانی قسه‌یه‌کی زۆر به‌نرخی کرد که‌ ده‌بوو زۆر که‌س که‌ سه‌رقاڵی کار و باری سیاسییه‌  و له‌وبواره‌دا چالاکه‌ ئه‌و قسه‌یه‌ وه‌رد ده‌نه‌وه‌ و به‌ هێندی بگرن. مه‌سعوود بارزانی گوتی: له‌ چه‌ندین ده‌یه‌ی ڕابردوودا شه‌ڕی ئێمه‌ بۆ ئه‌وه‌ بووه‌ ئێنمه‌ محو نه‌بینه‌وه‌، ئێمه‌ له‌ ناو نه‌چین و نه‌توێینه‌وه‌. به‌ڵام ئیستا ئه‌و قۆناخ تێپه‌ڕ بووه‌ و کاتی ده‌سته‌به‌ر کردنی مافه‌کانمانه‌ به‌ رێگای ئاشتیدا ....
 له‌ تورکیا ده‌س به‌جێ په‌یامی ئاشتی ئۆجالان و سه‌فه‌ره‌که‌ی بارزانی کاردانه‌وه‌ی ئه‌رینی لێکه‌وته‌وه‌. ئه‌ردووغان له‌ دوایین دانیشتنی پارله‌مان و دوای سه‌ردانه‌که‌ی بارزانی له‌ پارله‌مانی تورکیا دا بۆ یه‌که‌م جار ناوی کورد و چه‌ندین جار ناوی کوردستانی هێنا و باسی شوان په‌روه‌ر و باسی ئه‌حمه‌د کایا وئه‌و زوڵم و سته‌مه‌ی کرد که‌ له‌ سه‌ر ئه‌وان په‌یڕه‌و کراوه‌. ئه‌و قسانه‌ ‌ ئاماژه‌یه‌کی زۆر به‌ئاشکرا بوو به‌ مافی کورد، دان پێدانان بوو به‌ هه‌ڵه‌ی تورک به‌ حکوومه‌ت و به‌ میله‌ته‌وه‌. شوان و ئه‌حمه‌د کایا نموونه‌ی سه‌رهه‌ڵدان و ناڕه‌زایه‌تی چه‌ندین ساڵه‌ن به‌رامبه‌ر به‌ تورک و ده‌وڵه‌تی تورک. زۆر که‌س باسی ئه‌وه‌ ده‌کات که‌ ئه‌ردوغان خه‌ریکه‌ كڵاو له‌سه‌ر کوردی باکوور ده‌نێ ده‌نا با به‌ ڕاشکاوی باسی سه‌رهه‌ڵدانی پ ک ک و شه‌ڕ و قاره‌مانه‌تیه‌کانی گریلا بکا، ئه‌و دۆستانه‌ جار جاره‌ ره‌نگه‌ پێیان وابێ ئه‌ردوغان ئه‌ندامی پ ک ک  یه‌ و یان ده‌بێ له‌ ڕوانگه‌ی پ ک ک وه‌ قسه‌ بکات. ئه‌وه‌ له‌ حاڵێکدایه‌ که‌ خودی ئه‌ردوغان یه‌کێک بووه‌ که‌ به‌درێژایی مێژوو ئینکاری کورد و مافی کوردی کردووه‌ وله‌ ناو تورکیادا ئێستاش  CHP(ج ه پ) و MHP ( م ه پ) تا سه‌ر ئێسقان دژی هه‌ڵوێسته‌کانی ئه‌ردوغان و پرۆسه‌ی ئاشتین له‌ تورکیا دا. که‌وایه‌ ئه‌ردوغان جگه‌ له‌ کێشه ‌ده‌روونیه‌کانی خۆی له‌و لاش ده‌گه‌ڵ رکه‌به‌ره‌ سه‌رسه‌خته‌کانی خۆی و دۆژمنه‌ قین له‌دڵه‌کانی کورد ته‌ڕه‌فه‌. ده‌رک کردنی ئه‌و وه‌زعیه‌ته‌ و لێکدانه‌وه‌ی ئه‌م بارودۆخه‌ ئه‌رکی رێبه‌رانی کوردی باکووره‌، ناسین و قواستنه‌وه‌ی ده‌رفه‌ته‌کان به‌ دوور له‌ هات و هاواری ته‌بلیغاتی بۆ حیزب و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان ده‌توانێ کوردی باکوور له‌م قۆناغه‌ هه‌ستیاره‌ دا به‌ره‌و ده‌سکه‌و‌تێکی مێژوویی به‌رێ به‌ تایبه‌تی به‌ سه‌رنج دان به‌و مه‌سه‌له‌یه‌ی که‌ تورک پێوێستیان به‌ چوونه‌ ناو یه‌کیه‌تی ئوروپا هه‌یه‌ و چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ی کورد له‌ تورکیا یه‌کێکه‌ له‌ خاڵه‌هه‌ره‌ به‌هێزه‌کانی یه‌کیه‌تی ئوروپا به‌رامبه‌ر به‌ داوای تورکیا بۆ چوونه‌ ناو ئه‌و یه‌کیه‌تییه‌وه‌. 

 رۆژهه‌ڵات و ڕاڕایی حیزب و تاک 

  نوریزاد به‌ نموونه‌:

نوریزاد ئه‌و رۆژنامه‌نووسه‌ی زیاتر له‌ 25 ساڵ قه‌ڵه‌مه‌که‌ی و بۆ خۆی له‌ خزمه‌ت نیزام دابوون، ئه‌و ڕۆژانه‌ خۆی و سه‌فه‌ره‌که‌ی و قه‌ڵه‌مه‌که‌ی بۆته‌ هۆی مشت و مڕێکی جیددی له‌ نیوان چالاکانی سیاسیی و کۆمه‌ڵایه‌تی کوردی رۆژهه‌ڵاتدا ، ناوبراو سه‌فه‌رێکی کوردستانی کرد و سه‌ردانی بنه‌ماڵه‌ی شه‌هیدان و رۆڵه‌ ئیعدامکراوه‌کانی کرد، له‌ هه‌ر شاره‌ی سه‌رنجێکی نووسی، نووسینه‌کانی هه‌مووی داننان به‌ هه‌ڵه‌ی رابردوو و داوای لێبوردن له‌ گه‌لی کورد بوون، بابه‌تکانی هه‌ستیار بوون و باسی ئه‌و حه‌قیقه‌تانه‌ی ده‌کرد که‌ چه‌ندین ساڵ کورد هاوراری ده‌کات و که‌س گوێ لێناگرێ. گرینگی ئه‌و باسانه‌ له‌وه‌ دایه‌ که‌ ئه‌و نووسراوانه‌ له‌ ناوخۆی ئێرانه‌وه‌ بڵاو ده‌بنه‌وه‌، قسه‌ی که‌سێکه‌ که‌ خۆی ساڵه‌های ساڵه‌ ئینکاری مافی ئێمه‌ی کردووه‌ و دیفاعی له‌ سه‌رکوتی خه‌ڵک له‌ لایه‌ن رێژیمه‌و کردووه‌. من هه‌رچی ده‌که‌م نازانم ئه‌و باسانه‌ و دان نان به‌و حه‌قیقه‌ته‌ بۆچی خه‌راپه‌؟ بۆچی زه‌ره‌ری کوردی تێدایه‌؟ باشه‌ ئه‌ی خه‌باتی ئێمه‌ و به‌رخۆدان و قوربانیدانمان له‌ پێناو چیدا بووه‌. خۆ که‌م که‌س له‌ من توندتر بووه‌ سه‌باره‌ت به‌ سازان ده‌گه‌ڵ ئه‌و گه‌له‌ خۆ پێزۆر و فه‌رمانڕه‌وا و باڵا ده‌سته‌ واته‌ فارس! ئه‌وجار ئه‌و کابرایه‌ رۆژنامه‌نووسه‌ نه‌ک  نوێنه‌ری ده‌وڵه‌ت، نه‌شهاتووه‌ کێشه‌ی کورد چاره‌سه‌ر بکات. به‌ڵام ئایا ئه‌گه‌ر یه‌کێک ده‌ردی دڵی ئێمه‌ و ئه‌و سته‌مانه‌ی له‌ سه‌رمان په‌یره‌وه‌ کراوه‌ ئاشکرای کردن و له‌ دوژمنی له‌ هه‌ڵا دا ده‌بێ نه‌فرینی بکه‌ین و بێڕێزی پێبکه‌ین؟ ئایا ئه‌وه‌ نیشانه‌ی زه‌عف نییه‌ که‌ ئێمه‌ چه‌نده‌ بێباوه‌ڕین به‌ خۆمان و به‌ لایه‌نه‌ سیاسیه‌کان که‌ لێکدا لێکدا باسی فریو...، ترسی فریو...، ئۆقره‌ی ‎لێهه‌ڵگرتووین؟  مه‌سه‌له‌ چیه‌ که‌ نه‌ قسه‌کانی ئوردوغان و نه‌ نووسراوه‌کانی نوریزاد له‌ لایه‌ن پارته‌ سیاسیه‌کانی باکوور و رۆژهه‌ڵات باسی لێوه‌ ناکرێ؟  نه‌کا وه‌ک چۆن له‌ ناو ئه‌وان دا که‌سانێک هه‌ن که‌ نانیان له‌ شه‌ڕ و کوشتار دایه‌ عه‌ینی ئه‌و ته‌یف و لایه‌نه‌ش له‌ ناو ئێمه‌دا هه‌بن؟!

 چالاکانی سیاسیی ده‌ره‌وه‌ی وڵات ئه‌وانه‌ی چه‌ندین ساڵه‌ ئه‌سپی هه‌وه‌سی خۆیان له‌ سه‌ر ماڵپه‌ڕ و تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان تاو داوه‌ و قسه‌ی بێ مه‌سئولیه‌ت و دروشمی قه‌به‌و زل ناوئاخنی نوسراوه‌کانیان بووه‌ وشیار و ئاگادار بن که‌ کۆمه‌ڵگای کوردی گۆڕانی زۆر جیددی له‌ روانگه‌ و شێوازی بیرکردنه‌وه‌ به‌سه‌ر داهاتووه‌، دڵنیا بن به‌و میتۆد و به‌و خوێندنه‌وه‌ دۆگم و نه‌گۆڕه‌  ته‌نیا له‌ کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک و له‌ توێژی هه‌ره‌ وشیاری کۆمه‌ڵگا که‌ که‌میش نین داده‌بڕێن و سبه‌ی راست ده‌گه‌ڵ ئه‌و به‌شه‌ له‌ کۆمه‌ڵگای کوردی به‌ره‌وڕوو ده‌بن که‌ له‌ خوێندنه‌وه‌ی بابه‌ت و مه‌سه‌له‌ پێوه‌ندیداره‌کان دا سه‌تا سه‌ت روانگه‌ی جیاوازی ده‌گه‌ڵ ئیوه‌ هه‌یه‌. جا به‌و راهاتنه‌ی که‌ ئێمه‌مانان هه‌مانه‌ و دیاره‌ چه‌نده‌ رای جیاواز قه‌بووڵ ده‌که‌ین ده‌بێ ئه‌و وه‌زعه‌ بێنینه‌ به‌رچاو و بزانین له‌ دواڕۆژ دا ئه‌گه‌ر عه‌قڵانیه‌تی سیاسیی و مه‌نتیقی روانینمان سه‌باره‌ت به‌ مه‌سه‌له‌کان نه‌بێ... ده‌بێ چۆن ده‌گه‌ڵ ئه‌و کۆمه‌ڵه‌ خه‌ڵکه‌ هه‌ڵبکه‌ین که‌ له‌ زۆر بابه‌ت دا له‌ سه‌دا سه‌ت ده‌گه‌ڵ ئێمه‌مانان جیاوازن و هه‌ر له‌ بنه‌ڕه‌تڕا له‌ توخمی ئێمه‌ نین. 

  لێکدانه‌وه‌ سیاسیی و کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان هه‌رگیز له‌ سه‌ر بنه‌مای ئیحساس و دروشمی خه‌ڵک فریوده‌رانه‌ له‌م هه‌ورازه‌ هه‌زار به‌ هه‌زاره‌ی سیاسه‌تی کوردیدا سه‌رده‌رناکات. سیاسه‌ت له‌ سه‌ر تێزی "قسه‌ی پیاوان یه‌که‌" ناگاته‌ ئه‌نجام، سیاسه‌ت له‌ سه‌ر ئه‌مری واقع ده‌کرێ و پێویسته‌ هه‌ر شته‌ی له‌ جێگه‌ی خۆی لێکدرێته‌وه‌ و شرۆڤه‌ی بۆ بکرێ. نوریزاد نه‌ ده‌وڵه‌تی له‌پشته‌ و نه‌ هیچ کاره‌یه‌که‌  تا بتوانێ کورد و هێزه‌سیاسیه‌کان فریو بدات. چ قه‌وماوه‌ و چی روویداوه‌ به‌ تاقه‌ سه‌فه‌رێکی نوریزاد ئه‌وجار ئێمه‌ کێچمان که‌وتۆته‌ که‌وڵی؟! ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆ نوریزاد به‌ قه‌ناعه‌تێک گه‌یشتووه‌ که‌ بێگۆمان وه‌ک هه‌ندێ له‌ ده‌وڵه‌تمه‌ردانی تورک به‌و قه‌ناعه‌ته‌ گه‌یشتوون هیچ گومان له‌وه‌ دانییه‌ که‌ ئه‌و به‌ قه‌ناعه‌ت گه‌یشتنه‌، به‌ قه‌ناعه‌ت گه‌یاندنه‌. قوربانی دان و خه‌باتی سه‌ختی کوردان ئه‌وه‌ی به‌ دوژمنان سه‌لماند که‌ له‌ رێگای سه‌رکوت و داپڵۆسینه‌وه‌ ره‌نگه‌ بتوانن خه‌ڵک بۆ ماوه‌یه‌ک بیده‌نگ بکه‌ن به‌ڵام هه‌رگیز ناتوانن متمانه‌ی ئه‌و خه‌ڵکه‌ وه‌ک هاووڵاتی وه‌ده‌ست بێنن. له‌ تورکیا به‌سێک له‌ خه‌ڵک و له‌ ده‌وڵه‌ت به‌و قه‌ناحه‌ته‌ گه‌یشتوون به‌ڵام له‌ رۆژهه‌ڵات دا خه‌راپی کاره‌که‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ ته‌نیا یه‌ک نوریزاد و یه‌ک شادی سه‌در هه‌ڵکه‌وتوون. خه‌راپ نییه‌ ئه‌گه‌ر سیاسه‌تمه‌داری کورد و رۆشنبیری کورد هه‌وڵ بده‌ن له‌ به‌ره‌ی دوژمن که‌م که‌نه‌وه‌ و به‌ره‌ی دۆستانی کورد به‌رفراوان بکه‌ن. کورد هه‌تا دۆستی زیاتر بێ سه‌رکه‌وتووتره‌، ده‌نگی دلێرتره‌. 

No comments:

Post a Comment