Thursday, 10 October 2013

شه‌ڕ له‌ سه‌ر وێرانه‌کانی سوریا به‌رده‌وامه‌



شه‌ڕ له‌ سه‌ر وێرانه‌کانی سوریا به‌رده‌وامه‌              برایم جه‌هانگیری

شه‌ڕ له‌ سه‌ر وێرانه‌کانی سوریا و له‌ سه‌ر جه‌سته‌ی لاوانی ئه‌و وڵاته‌  و له‌ سه‌ر ته‌رمی ده‌ خوێن دا شه‌ڵاڵی ژن و منداڵی بێتاوان به‌رده‌وامه‌. هۆکاری ئه‌و شه‌ڕ و خوێنڕشتنه‌ بێ شک ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ده‌سه‌ڵاتی دیکیاتۆڕانه‌ی به‌شاری کوڕی ئه‌سه‌د.  ئه‌گه‌ر ئه‌و لانی که‌م له‌ ماوه‌ی ئه‌و یه‌ک دووساڵه‌ی شه‌ڕی ناوخۆییش دانی به‌ هه‌ڵه‌کانی خۆیدا نابا و به‌ هاوکاری کۆمه‌ڵگای نێو ده‌وله‌تی به‌ڵێنی ئه‌وه‌ی دابا که‌ له‌و وڵاته‌ هه‌ڵبژاردنێکی ئازاد و دێمۆکڕاتیک به‌رێوه‌ ده‌با و سیسته‌می وڵات به‌ره‌و سیسته‌مێکی پلۆرال و ئازاد ده‌با به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ئێستا ئه‌و کاره‌ساته‌ ئینسانیی و مرۆڤییه‌ رووی نه‌ده‌دا و گیانی هه‌زاران و بگره‌ ده‌یان هه‌زار ئینسانی بێتاوان ده‌پاریزرا.

 هه‌ر ویدۆیه‌ک که‌ چاوی لێده‌که‌ی هه‌ر که‌سه‌ و به‌ قازانجی خۆی و به‌ نیازی تایبه‌تی خه‌ریکی قاره‌مان بازی و به‌رگرییه‌ له‌ خاک و له‌ نییشتمان و له‌ سه‌روه‌ری و ...... هه‌ر کامه‌شی که‌ ده‌یبینی کۆمه‌ڵێ گه‌نجی بێتاوانی تێدا بوونه‌ته‌ قۆچی قوربانی، ئه‌و گه‌نجه‌ی به‌ نه‌مانی ئه‌و، دایک و باب و خوشک و برای بۆ هه‌تا هه‌تایه‌  جه‌رگیان هه‌ر بۆسۆی دێ و بڵێسه‌ی ئاگری لێهه‌ڵده‌ستێ. مه‌مانانیش هه‌ر که‌سه‌ و به‌ جۆرێک و به‌ دوور له‌ باری ئینسانی عاتیفی مه‌سه‌له‌که‌ بۆ ئامانجی تایبه‌ت له‌ ناو ئه‌و گۆماوی خوێنه‌ مه‌له‌ ده‌که‌ین.

  له‌م نێوه‌دا جه‌بهه‌ته‌لنوسره‌ و ده‌وله‌تی ئیسلامی شام مه‌ترسیدارترین گروپی ترۆریستی سوریا و بێڕه‌حمترین ده‌سته‌ی سه‌ر به‌ ئه‌لقاعیده‌ بازاریان گه‌رمه‌، ئه‌لنوسره‌ و ده‌وڵه‌تی ئیسلامی شام‌ به‌رهه‌م و مناڵه‌ زۆڵه‌که‌ی به‌شار ئه‌سه‌دن، ئه‌وانیش هه‌ر جار ناجارێک به‌ تایبه‌تی له‌ ڕێگای خۆ ته‌قاندنه‌وه‌ و ته‌قیبنه‌وه‌کان هچووم ده‌که‌نه‌ سه‌ر چه‌ند شوێنێک و بێ ئه‌وه‌ی ره‌حم به‌ هیچ که‌س بکه‌ن وه‌ک ئاگری بێئامان پاک و پیس به‌ یه‌که‌وه‌ ده‌سووتێنن. ئه‌وان ئێستا له‌ سوریا بای باڵیان داوه‌ و خرڕه‌‌که‌ بوون و به‌شێکی ئه‌و وڵاته‌یان له‌به‌ر ده‌ست دایه‌ و له‌ لایه‌ن وڵاته‌ عه‌ڕه‌بییه‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌کانه‌وه‌ به‌ ئاشکرا پشتگیریان لێده‌کری. به‌داخه‌وه‌ کورد له‌ سوریا تووشی شه‌ڕێکی لابه‌لا بووه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و تروریسته‌ ئینسانکوژانه‌. ئه‌گه‌رچی له‌ بارێکه‌وه‌ و له‌ترسی ئه‌و گرووپه‌ توندڕه‌وانه‌ ره‌نگه‌ کورد خۆی رێکبخات و ریکخستنه‌کانی کورد به‌هێز ب‌ن به‌ڵام به‌ دڵنیاییه‌وه‌ وزه‌ و توانایه‌کی زۆریش ده‌بێ بۆ به‌ره‌نگار بوونه‌وه‌ی ئه‌و مڵۆزمه‌ی کۆمه‌ڵگای به‌شه‌ری دابنێ.

 کۆمه‌ڵگای نێو ده‌وڵه‌تی پاش ئه‌وه‌ی له‌ به‌ کار هێنانی چه‌کی شیمیایی له‌ لایه‌ن ئه‌سه‌ده‌وه‌ ئاگادار و دڵنیا بوو که‌ له‌و دا زیاتر له‌ 1000 که‌س ژن  ومنداڵ و پیر  وگه‌نجی بێتاوان بوونه‌ قوربانی بڕیاری دا که‌ گورزێکی سه‌ربازی له‌ ئه‌سه‌د بوه‌شێنێ، به‌ڵام کاتێ هۆشی هاته‌وه‌ سه‌رخۆ و له‌ هێز و توانای گرووپه‌ توندره‌وه‌ ئیسلامیه‌کان ئاگادار بوو و هه‌ستی کرد که‌ له‌ دوای لێدانی حکوومه‌تی ئه‌سه‌د و له ‌ئه‌گه‌ری سه‌رهه‌ڵدانی خه‌ڵک دژی رێژیمی سوریا و پرش و بڵاو بوونی ئه‌رته‌ش و دام و ده‌زگا حکوومیه‌کان و دروست بوونی بۆشاییه‌کی کاتی ، ئه‌وا دوور نییه‌ گرووپه‌ توند ره‌وه‌کان و  ترۆریستانی سه‌ر به‌ ئه‌لقاعیده‌ له‌و وڵاته‌ ده‌ستیان به‌و چه‌که‌ کۆمه‌ڵکوژیانه‌ ڕابگا که‌ رێژیمی ئه‌سه‌د ‌ له‌به‌ر ده‌ستی دان، ئه‌وه‌ش مه‌ترسیه‌کی گه‌وره‌یه‌ بۆ سه‌ر کۆمه‌ڵگای به‌شه‌ری به‌گشتی و رۆژئاوا و به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانیان له‌ هه‌موو دنیا دا به‌تایبه‌تی. بۆیه‌ و بڕیاریان دا جارێ واز له‌ لێدانی حکومه‌تی سووریا بێن و زیاتر هه‌وڵ بده‌ن چه‌که‌ کۆمه‌ڵکوژیه‌کانی حکووومه‌تی سووریا به‌ هاوکاری رووسیا له‌ ناو به‌رن. رووسیا که‌ تا ئێستاش له‌ دیفاعی بێ ئه‌م لاو ئه‌ولا له‌ سووریا واز ناهێنێ تا ئه‌وکاتی ده‌گه‌ڵ هه‌موو بریار و سیاسه‌تێکی غه‌رب له‌ باره‌ی سووریاوه‌ دژایه‌تی ده‌کرد. کاتێ ئه‌و پێشنیاره‌‌ی ئه‌مریکاییه‌کانی بیست بۆ له‌ناو بردنی چه‌که‌ کۆمه‌ڵکوژیه‌کان ده‌س به‌جێ هاوڕایی خۆی له‌ گه‌ڵ ئه‌مریکا له‌و باره‌وه‌ ده‌ربڕی. رووسیا له‌و باره‌وه‌ به‌رژه‌وه‌ند‌یه‌کانی ده‌گه‌ڵ ئه‌مریکا یه‌کده‌گرنه‌وه‌ چونکه‌ ئه‌ویش له‌ لای خۆی ده‌گه‌ڵ چه‌کدارانی ئیسلامی سه‌ر به‌ چیچان چه‌ند ساڵه‌ له‌ شه‌ڕ دایه‌.

 هه‌رکه‌س له‌ فکری خۆی و دوارۆژی خۆیدایه‌و له‌ هه‌مانکاتدا شه‌ڕ له‌ سووریا   هه‌روا به‌رده‌وامه‌ و رۆژ نیه‌ ئاکامی ئه‌وشه‌ڕ وکاولکارییه‌ قوربانی زیاتری لێ نه‌که‌وێته‌وه‌. ئێستا سوریا و شار و ناوچه‌کانی ئه‌و وڵاته‌ بۆته‌ وێرانه‌یه‌ک و له‌ راستی دا چ ئه‌سه‌د بڕوات و چ جارێ بمێنێ ئه‌و وڵاته‌ کاول بووه‌‌ ‌ به‌م زوانه‌ رووی ئاسووده‌یی به‌ خۆیه‌وه‌ نابینێ. به‌داخه‌وه‌ له‌م نیوه‌ دا له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی هه‌موو گرووپ وهیزه‌ سیاسییه‌ سیکۆلاره‌کانی سووریا له‌ سه‌ر ئه‌ساسی رێککه‌وتنێکی به‌ڵگه‌یی و یاسایه‌کی دێمۆکراتیک و داپه‌روه‌رانه‌ بۆ داهاوتووی سوریا رێک که‌ون  له‌ هه‌موو کات پڕش و بڵاوترن .
  باس کردن له‌ کوژرانی رۆژانه‌ چه‌ند سه‌ت که‌س له‌ سووریا و ئاماری کوژرانی زیاتر له‌ 130 هه‌زار ئینسان هه‌ر به‌زار خۆشه‌. کاتی باسی کوژران و قوربانیانی ئه‌وشه‌ڕه‌ ده‌کرێ به‌ هیچ جۆرێ ناتوانرێ دیمه‌ن و وێنه‌یه‌کی راسته‌قینه‌ له‌ لووتکه‌ی ئه‌و کاره‌ساته‌ نیشان بده‌ین و هه‌ستی بێبکه‌ین مه‌گه‌ر بۆ خۆمان ئه‌و ته‌جره‌به‌ تاڵه‌مان هه‌ست پێکردبێ و که‌سێکی نزیکی خۆمان له‌ ده‌ست دابێ. تازه‌ قوربانی بوونی ئه‌و که‌سانه‌ی که‌ خه‌ڵکی ئاسایین و سه‌ر به‌ هیچ لایه‌نێک نین و له‌م نێوه‌شدا بێده‌سه‌ڵاتترین مرۆڤه‌کانن و له‌ خۆڕا بوونه‌ سووته‌مه‌نی ئه‌و ئاگره‌ ماڵوێرانکه‌ره‌ دڵهه‌ژێنترین دیمه‌نی ئه‌و کوشتار و خوێنڕشتنه‌یه‌ که‌ له‌ سووریا ڕووده‌دا. به‌ڵام به‌ دیتن و زانینی هه‌موو ئه‌و کاره‌ساته‌ مرۆڤیانه‌، ئایا پاش ئه‌و هه‌مووه‌ خوێنڕشتنه‌ بڵیی دیکاتۆڕه‌کانی دیکه‌، ئه‌وانه‌ی له‌ ده‌روبه‌رمان دان و بینه‌ری ئه‌و رووداوانه‌ن، بیرێک له‌ خۆیان وله‌ خه‌ڵک بکه‌نه‌وه‌ و به‌ر له‌وه‌ی ئه‌وه‌ی له‌ سووریا رووده‌دا له‌ لای ئه‌وانیش ده‌ست پێبکا بڕیار بده‌ن به‌ کرانه‌وه‌ی سیاسیی له‌ وڵاتدا و ده‌سه‌ڵات به‌ سه‌ر هه‌موو به‌شه‌کانی کۆمه‌ڵگا دا دابه‌ش که‌ن.

No comments:

Post a Comment