Monday, 24 September 2012

دڵداره‌که‌م 2


هه‌واڵ 2

دڵداره‌که‌م
لێم مه‌پرسه‌ له‌ کوێ ڕا هاتوومه‌وه‌ لات
له‌ به‌ستێنی درۆ و ڕیای زه‌مانه‌وه‌..
له‌ گنجی نێوچاوانی من رامه‌مێنه‌

هه‌موو شه‌وێ
تابووتی ته‌رمی شارێکم
له‌ سه‌ر شانی مردوو دیوه‌ بۆ گۆڕستان
له‌ فرمێسکی قه‌تیس ماوی چاوه‌کانم بۆ ده‌ڕوانی!
قه‌ڵه‌مم دیت
له‌ ساکه‌ ده‌شتی په‌رتووک و پیت و په‌یام..
داماو و دیل...
ده‌سته‌ وه‌ستان
هه‌نگاوم دی
پاشه‌و پاش ده‌گه‌ڕایه‌وه‌
زمانم دی به‌راوه‌ژوو
ده‌هاته‌ ده‌ر
ده‌چۆوه‌ ژوور...
چه‌قۆم ده‌دی ده‌سکی خۆیان ده‌بڕییه‌وه‌
کوڕم ده‌دی بۆ ده‌رباز بوون له‌ زه‌لکاوێک
دایکی کردبووه‌ به‌رده‌بازی په‌ڕینه‌وه‌

******
دڵداره‌که‌م
لێم مه‌پرسه‌ له‌ کوێڕا هاتوومه‌وه‌ لات
له‌ به‌ستێنی درۆ و ڕیای زه‌مانه‌وه‌
ئا له‌م دنیا غه‌ریبه‌ دا
خۆر مه‌ڵبه‌ندی هه‌ڵاتن و ئاوا بوونی گۆڕیبۆوه‌
شه‌و جێگه‌ی رۆژی گرتبۆوه‌
کازیوه‌ زلـله‌ی بوومه‌لێڵ
ده‌یته‌زاند و ده‌تلایه‌وه‌.......
ئا له‌م دنیا غه‌ریبه‌دا
ئاره‌قه‌ی شووره‌ییم ده‌دی
تک تک...
به‌ ته‌وێڵی پیاوه‌تی دا ده‌تکایه‌وه‌
نا...نا
دڵداره‌که‌م!
له‌ به‌ستێنی درۆ و ریای زه‌مانه‌وه‌
له‌ هه‌ستی پڕ خه‌یاڵی من
تۆ چیت نه‌وێ
تا ڕۆژی مه‌حشه‌ری خودا.....
هه‌ستانه‌وه‌....

ره‌وه‌ند - 1378 مه‌هاباد

No comments:

Post a Comment