Saturday, 31 August 2013

ره‌خنه‌


وته‌یه‌کی جێگای سه‌رنج

ره‌خنه‌

کاک دڵشاد هه‌ورامی به‌ڕێز له‌ بابه‌تێکی تووره‌ دا هه‌ستی خۆی له‌ جوارچێوه‌ی نووسراوه‌یه‌کی سیاسیی و ئه‌ده‌بی ده‌ربڕیبوو، من هه‌ر له‌ ژێر بابه‌ته‌که‌ دا بۆم نووسی که‌ له‌ هه‌ندێ شوێن دا تووره‌یی و توندی به‌ بابه‌ته‌که‌یه‌وه‌ دیاره‌. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش دا زۆر خاڵی جێگای سه‌رنج له‌ نووسراوه‌که‌ی دا هه‌یه‌، بۆ من گرینگترینیان که‌ له‌ مێژه‌ ده‌م هه‌وێ ئاماژه‌ی پێبکه‌م ئه‌و خاڵه‌یه‌ که‌ ده‌نووسێ:
"تەواو برستتان لە خەلک و رەخنەگرو لێکۆلەوەرو شاعیرو رۆشنبیر کۆمەلگا بریوە. گۆرەپانەکەتان لە خەلکی دلسۆزو کارلێهاتو بەرتەسک کردووە، دڵم تەقی وتارێکی رەخنەیی جیدی لە سەر دێموکرات و کۆمەلەو پژاک و پکک‌و پارتی و یەکیەتی... بخوێنمه‌وە."

گه‌وره‌ترین مه‌ترسی له‌ سه‌ر کۆمه‌ڵگا ئه‌وه‌یه‌ که‌ له‌ ترسی لایه‌نگرانی توندئاژۆی حیزبه‌کان زۆر که‌س ناوێرێ ره‌خنه‌ بگرێ و زۆر که‌سایه‌تی سیاسیی و رووناکبیر یان له‌ فه‌یس بووک کشاونه‌وه‌ یان له‌ ترسی بێڕێزی و چاوسوورکردنه‌وه‌ی حیزبه‌کان وازیان له‌ ره‌خنه‌گرتن هێناوه‌ و به‌ دانانی گوڵ و بولبول کاتی خۆیان له‌ فه‌یس بووک ده‌به‌نه‌ سه‌ر.

ره‌نگه‌ هه‌ندێ که‌س له‌ حیزبه‌کان پێیان وابێ ئه‌وه‌ سه‌رکه‌وتنه‌ بۆیان به‌ڵام له‌ راستیدا ئه‌وه‌ کاره‌ساتبارترین زه‌مه‌نی ئێمه‌ نیشانده‌دا و بێده‌نگ کردنی ره‌خنه‌گران به‌ "نێو و به‌هانه‌ی شه‌ڕه‌ دنبدووکه‌ و شه‌ڕه‌ حیزبی" گه‌وره‌ترین خه‌ساره‌تیش له‌ ساختاری ئه‌و حیزبانه‌ ده‌دا، بۆیه‌ له‌ هه‌ندێ حیزب دا تا ئێستا یه‌ک که‌س و ئه‌ندامی خۆیان نه‌یانوێراوه‌ تاکه‌ یه‌کجاریش ره‌خنه‌ له‌ خۆیان بگرن و بلێن که‌ فلانه‌ کار، یان لێدوان هه‌ڵه‌ بووه‌ و به‌داخه‌وه‌ له‌ به‌ ناو رۆشنبیرترینیان تا ئه‌وه‌ی هه‌ره‌ ده‌مارگرژ و موته‌عه‌سیب جگه‌ له‌ پیا هه‌ڵگوتن به‌ بالای حیزب و که‌سایه‌تیه‌کانی خۆیان یه‌ک دێڕی دیکه‌یان لێ نابینی.

داخستنی ده‌رگای ره‌خنه‌ راست به‌ره‌و ئه‌و دۆخه‌ ناهه‌مواره‌مان ده‌بات که‌ کۆمه‌ڵگایه‌کی داخراوی چوارچێوه‌دارمان به‌ ده‌ستی خۆمان دروست کردبێ که‌ له‌و دا جگه‌ پیاهه‌ڵگوتن و مه‌دحی ئاغا چی دیکه‌مان نه‌کردووه‌. دیاره‌ کاتی باسی ره‌خنه‌ ده‌که‌م مه‌به‌ستم ئه‌و شه‌ڕه‌ جنێو سوکایه‌تی کردنه‌ نییه‌ که‌ لایه‌نه‌کان ده‌یکه‌ن و جگه‌ له‌ توندتر کردن و خه‌راپتر بوونی وه‌زعه‌که‌ هیچ سوودێکی بۆ هیچ لایه‌نێک تێدا نییه‌. بائه‌وه‌ش زیاد بکه‌م که‌ ره‌خنه‌ گریش نابێ بکه‌وێته‌ ژێر ته‌سیری ئه‌و شانتاژ و هه‌ڕه‌شه‌ و گوڕه‌شانه‌ و ئه‌رکی روشنبیری خۆی وه‌ک تاکێکی ئاکتیوی ئازاد ئه‌ندێش به‌جێ بگه‌یه‌نێ. ره‌خنه‌یه‌ک که‌ به‌دوور بێ له‌ بوغزاندن و سڕینه‌وه‌ و تۆمه‌ت و بوختان هه‌ڵبه‌ستن.

No comments:

Post a Comment