Thursday, 29 August 2013

گه‌ڕانه‌وه‌م بۆ فه‌یس بووک



سڵاو وڕێز و خۆشه‌ویستی                                   برایم جه‌هانگیری
                                                  

له‌و ماوه‌یه‌ دا که‌ له‌ خزمه‌ت دۆستان دا نه‌بووم له‌ لایه‌ن زۆر که‌سه‌وه‌ به‌ سکایپ و به‌ ئیمایل و به‌ ته‌له‌یفوون داوایان کرد که‌ فه‌یسبووکه‌که‌م ئاکتیو که‌مه‌وه‌، ئه‌وه‌ی راستی بێ خۆشم زۆر وه‌ڕه‌زی دۆستانم کردبوو. وا ئه‌مجاره‌ش بۆ گه‌ڕێکی دیکه‌ له‌ خزمه‌تتان دام و هیوادارم بتوانین وێرای جیاوازی بیر و باوه‌ڕه‌کان خۆشه‌ویستی بکه‌ین به‌ هه‌وێنی دۆستایه‌تی و هاوڕێیه‌تی و ڕێز له‌ تاک و کۆ بگرین، به‌و هیوایه‌ی ئه‌و کولتووره‌ سه‌قه‌ت و تا سه‌ر ئێسقان دواکه‌وتوانه‌ی که‌، خۆی پێ حه‌قی موتڵه‌قه‌ و هه‌وڵی سڕینه‌وه‌ی خه‌ڵکی دیکه‌ ده‌دا له‌ ناو مان به‌ره‌و کزێ و لاوازی بچێ و له‌ نهایه‌ت دا نه‌مێنێ.

‌ دنیای ئه‌مڕۆ هێنده‌ گؤڕانی خێرای به‌ خۆیه‌وه‌ بینیوه‌ و ده‌بینێ که‌ روانگه‌ی هیچ تاکێکی رۆشنبیر و رۆژنامه‌نووس و هیچ سه‌رکرده‌یه‌ک و ته‌نانه‌ت هیچ حزیبێکیش له‌ ره‌خنه‌ی لاوان و خه‌لکی ئاگا قوتاری نابێ. هه‌ڵسو که‌وتی هه‌مو که‌س له‌به‌ر چاوه‌ ، هێ ئێمه‌ له‌ به‌رچاوی خه‌ڵکێکه‌ که‌ وه‌ک ئێمه‌ بیر ناکه‌نه‌و هی ئه‌وان له‌به‌ر چاوی ئێمه‌یه و هه‌ر چه‌شنه‌ لاری و خوارییه‌ک یان هه‌رچه‌شنه‌ هه‌ڵوێستێک دژ کرده‌وه‌ی پۆزه‌تیف و نیگه‌تیڤی خۆی هه‌یه‌. تێک ترازانی ئه‌و دوو روانگه‌ جیاوازه‌ له‌هه‌ر بوارێک دا ئه‌گه‌ر مه‌ده‌نی و ئاگایانه‌ و سه‌رده‌میانه‌ بێ به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌وه‌ هه‌م هه‌نگاوێک به‌ره‌و دێمۆکراتیزه‌ کردنی ئه‌و فه‌زا پڕ له‌ رق و کینه‌یه‌ی که‌ جگه‌ له‌ زه‌ره‌ر له‌ ئاینده‌ی کورد و په‌ک خستنی وزه‌و تواناکانی کورد له‌ مه‌یدانی خه‌بات و تێکۆشاندا هیچ قازانجێکی دیکه‌ی نییه‌ و هه‌میش شوێنی باش له‌ سه‌ر به‌ره‌ی لاوی کوردستان، به‌ره‌ی تینووی تێگه‌یشتن و پێگه‌یشتن و ناسینی راستیه‌کان داده‌نێ. ئه‌و کات هه‌ر که‌س بووبێته‌ هۆکارێکی ئه‌رینی بۆ ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ لانی که‌م لای خۆی و لای میژووش سه‌ری بڵیند و ویژدانی ئاسووده‌یه‌. ئه‌گه‌ر به‌ پێچه‌وانه‌ش بێ ئه‌وا به‌ دڵنیاییه‌وه‌ میژوو ره‌حمی به‌ که‌س نه‌کردووه‌ و به‌ که‌سیش ره‌حم ناکات. دوو باره‌ی ده‌که‌مه‌وه‌ له‌م باره‌وه‌ من وه‌ک خۆم هیچ شتێک به‌ موتڵه‌ق نابینم و حه‌قیقه‌تی موتڵه‌قم هه‌رگیز قه‌بووڵ نه‌بووه‌ و هه‌رگیزیش قه‌بووڵم نییه‌ به‌ڵام به‌ پێی لێکدانه‌وه‌ و دیکۆمێنته‌کان مرۆڤ ده‌توانێ پاک و پیس و راستی و ناڕاستی مه‌سه‌له‌کان لێک هه‌ڵاوێرێ. ئه‌وه‌ی له‌م ناوه‌ دا گرینگه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ له‌ ده‌ربڕێن و بۆچوونه‌کان دا ته‌عه‌سوب و ده‌مارگرژی خۆ به‌ دوور بگرین که‌ ئه‌و خۆ به‌دوور گرتنه‌ به‌ر له‌ هه‌موو که‌س و لایه‌نێک خزمه‌ت به‌ خۆمان ده‌کات و قازانج به‌ که‌سایه‌تی خۆمان ده‌گه‌یه‌نێ و دوایه‌ش شوێن له‌ سه‌ر خه‌ڵکی دیکه‌ دا ده‌نێ.

هاوڕێێان و دۆستانی خۆشه‌ویست، به‌و چه‌ند دێڕ‌ باوه‌ڕی تاکه‌ که‌سییه‌ ئه‌وا له‌ خزمه‌تتان دام و و هیوادارم هه‌ر ساخ و سه‌رفراز بن.

No comments:

Post a Comment