Monday, 19 August 2013

حاجی ئه‌حمه‌دی و قالیچه‌ی حه‌زره‌تی سوله‌یمان




حاجی  ئه‌حمه‌دی و قالیچه‌ی حه‌زره‌تی سوله‌یمان                      برایم جه‌هانگیری

له‌ سه‌ده‌ی 21 و له‌ سه‌ده‌ی پێکه‌وه‌ ژیانی هێمنانه‌ و سه‌ده‌ی ژیارو ته‌مه‌دۆنی مرۆڤه‌کان، له‌ سه‌ده‌ی نه‌مانی جیاوازی ره‌نگ و ره‌گه‌ز و ئایین دا کاک ره‌حمانی حاجی ئه‌حمه‌دی سه‌رۆکی پژاک یان بالی رۆژهه‌لاتی پ ک ک ، سواری قالیچه‌ی حه‌زره‌تی سوله‌یمان بووه‌ و به‌ نێو هه‌وره‌ په‌مه‌ییه‌کان دا له‌ فڕین دایه‌، خه‌یاڵی ئه‌و فڕینه خه‌راپ نییه‌ به‌ڵام ئه‌و فڕینه‌ له‌و فه‌زا پڕ له‌ په‌ری و فریشته‌ باڵ بچووکانه‌دا، ده‌بوو کاک حاجی و بیر و هزری کاک حاجی رۆمانتیک و نه‌رم و نیان و شاعیرانه‌ کردبا که‌چی به‌داخه‌وه‌ زبری و ڕه‌قی له‌ قسه‌کردندا و خۆسه‌پاندن و خۆ به‌ تاکه‌سوارزانینی مه‌یدانی کوردایه‌تی هه‌ر وه‌ک هه‌میشه‌ تارمایی و لێڵێکی ته‌واوی به‌سه‌ر فه‌زایی گفتگۆو دیمانه‌که‌ی حاجی ئه‌حمه‌دی دا کێشابوو. هه‌ر بۆیه‌ به‌ دڵنیاییه‌وه‌ جودا له‌ به‌ به، ‌و چه‌ چه‌هی هه‌ندێ خه‌ڵکی رواڵه‌ت په‌سه‌ند ئه‌و جارییش کاک حاجی زه‌بری قورسی له‌ که‌سێتی خۆی و له‌ پ ک ک دا.
  حاجی ئه‌حمه‌دی له‌ هه‌موو ئه‌و دیمانه‌ تازه‌یه‌ی دا ئه‌گه‌رچی به‌ڕواڵه‌ت پاش ته‌مرینێکی زۆر کاکڵی گوتاره‌که‌ی به‌ باشی داڕشتبوو به‌ڵام دیسان هه‌ر هه‌مان سه‌بک و شێوازی ڕابردووی خۆی له‌ قسه‌کردندا درێژه‌ پێدا و به‌ راستی نه‌ک وه‌ک سه‌رکرده‌‌ی پارتێکی سیاسیی به‌ڵکوو وه‌ک کابرایه‌کی ساده‌ که‌ هه‌ر بستێک به‌ری چاوی خۆی ده‌بینێ و به‌س، بێ مه‌سئولیه‌ت ئه‌وه‌ی پێخۆش بوو کوتی. دیاره‌ داواشی کرد که‌ ئه‌و دیمانه‌یه‌ درێژی هه‌بێ تا ناوبراو بتوانێ زیاتر به‌ڕه‌ له‌ سه‌ر هه‌تیوان هه‌ڵداته‌وه‌! و خۆڵا هه‌ڵناگرێ ته‌له‌ویزیۆنی نه‌ورۆزیش به‌ دڵفراوانی ئه‌و داوایه‌ی کاک حاجی هه‌ر له‌ یه‌که‌م دیمانه‌ دا بێ وڵام نه‌هێشته‌وه‌ و به‌ڵێنی دا که‌ ئه‌و دیمانه‌یه‌ و به‌شه‌کانی دیکه‌ی بۆ به‌رچاوڕوونی خه‌ڵکی کوردستان به‌ زوویی ده‌ست پێده‌کات، رێزدارحاجی ئه‌حمه‌دی ئه‌و له‌ قاودان و ئاشکراکردنه‌ی له‌سه‌ر دێمۆکرات و کۆمه‌ڵه‌ درێژه‌ ده‌دات.
 به‌ڕێز حاجی ئه‌حمه‌دی له‌یه‌که‌مین دیمانه‌ و به‌رنامه‌ی له‌پێشدا دارێژراو دا که‌ وادێاره‌ درێژه‌ی ده‌بێ، ته‌پوتۆزی له‌ دێمۆکڕات و کۆمه‌ڵه‌ هه‌ستاند، هیچی پێوه‌ نه‌هیشتن و بانگی نه‌مانی ئه‌وانی به‌ ئاشکرا راگه‌یاند!  ئه‌گه‌رچی خۆی له‌ یه‌که‌م که‌
سانی ناو دێمۆکرات بووه‌ به‌ڵام وادیاره‌ نانی ئه‌وحزبه‌ نمه‌کگیر نییه‌ و کاک حاجی مزگێنی نه‌مانی حیزبێک ده‌دا که‌ خۆی له‌ وێدا فرچکی به‌ سیاسه‌ت گرتووه‌! ئه‌و بانگی نه‌مانی دێمۆکراته‌کانی چه‌ند جارێک له‌و دیمانه‌یه‌ دا به‌ ئاشکرا به‌ گوێی خه‌ڵکێک گه‌یاند که‌ تامه‌زرۆی نه‌مانی ئه‌و حیزبانه‌ن؟! ئه‌و مزگێنییه‌ بۆ کێ و بۆ دڵخۆشی کێ و به‌ قازانجی کێ ئیتر ئه‌وه‌ با بمێنی بۆ خوێنه‌ر و بینه‌ری وشیاری دیمانه‌که‌ی کاک حاجی. 
  به‌ڕێز حاجی ئه‌حمه‌دی  له‌تووێژه‌ یه‌ک له‌دوای یه‌که‌کانی دا و به‌ تایبه‌تی له‌مه‌ی دوایی دا ئه‌وه‌ی سه‌لماندووه‌ که‌ به‌داخه‌وه‌ له‌‌ دانیشتنه‌ ئاماژه‌ پێکراوه‌کانی دا که‌ ده‌گه‌ڵ که‌سایه‌تیه‌ دیارره‌کانی بواری سیاسه‌ت و به‌ڕێوه‌به‌ری وڵاتانی ئوروپایی وه‌ک ئولاف پالمه‌ دا بوویه‌تی وله‌ ژیانی چه‌ندین ساڵه‌ی له‌ ناو وڵاتانی پێشکه‌وتووی ئورووپا دا هێشتا هه‌ڵگری هه‌مان کولتووری سه‌قه‌تی چه‌ندین ساڵ له‌مه‌وبه‌ری خۆیه‌تی و له‌ جیاتی هه‌نگاوێکی پۆزه‌تیف هه‌ڵێنێته‌وه‌ و قسه‌یه‌کی خیر بۆ پاشه‌رۆژی کورد بکات و زانیاریه‌کی به‌ که‌ڵک به‌ لاوان بدا و فێری روحیاتی ته‌عامول و وێک هه‌ڵکردنیان بکات، دیسان به‌ پێڕه‌وی له‌ ئه‌ندیشه‌ هه‌ره‌ کۆن و دواکه‌وتوووه‌کان بانگی به‌ ئاشکرای دا که‌ ئه‌و و حیزبه‌که‌ی بوونی خۆی له‌ نه‌بوونی دیگه‌ران دا ده‌بینێته‌وه‌. کاک حاجی له‌و‌ گوتاره‌ دا به‌ ئاشکرا بانگه‌شه‌ی سڕینه‌وه‌ و پاکتاوکردنی به‌ زمانی تایبه‌تی به‌ خۆی کرده‌ کاکڵی وتووێژه‌که‌ و هه‌موو دیمانه‌که‌ی ئه‌وه‌ بوو که‌ من هه‌م و ئێوه‌ نبین! له‌ چه‌ند جێگادا و له‌ باس کردنی کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی دا ئه‌نگوستی ئیتیهامی خسته‌ سه‌ر دوکتور قاسملووی نه‌مر که‌ له‌ سازکردنی کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی دا که‌مته‌رخه‌م بووه‌ ده‌نا ئه‌و له‌مێژ ساڵ بوو که‌ دوای پێشنیاری"به‌رپرسی عه‌لاقاتی خاریجی حیزبی کۆمۆنیستی چیکوسڵوواکی " و له‌ لایه‌ن ئولاف پالمه‌وه‌ له‌ ئوسڵۆ پێشنیاری به‌ستنی کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی پێکراوه‌، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی ئه‌و پێشنیاره‌ی به‌ قاسملوو گه‌یاندووه‌، قاسملوو ئه‌ومه‌سه‌له‌یه‌ی ‌وه‌پشت گوێێ داوه‌. سه‌یر ئه‌وه‌یه‌ له‌ هه‌موو ئه‌و باسانه‌شدا یان لایه‌نی پێشنیار کراو دیار نییه‌ کێیه‌؟ یان شاهیده‌کان هیچیان له‌ ژیاندا نه‌ماون!
  خۆ به‌زلزانی کاک حاجی له‌و دیمانه‌یه‌ دا و له‌ عه‌ینی حاڵدا جڵه‌وی قسه‌ له‌ ده‌ست ده‌رچوونی له‌ چه‌ند جێگا دا دیسان ناوبراوی هێنایه‌ ناو رۆژه‌وی باسه‌کان به‌ڵام نه‌ک بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ڵسه‌نگه‌نگاندن و لێکلدانه‌وه‌ له‌ سه‌ر قسه‌کانی ببێته‌ بنه‌مای باسێکی جیددی چوونکه‌ له‌ راستیدا ئه‌و باسانه‌ بۆ هه‌ڵسه‌نگاندن و راوێژ و ته‌کبیر نابن. مه‌به‌ستی کاک حاجی له‌و باسانه‌‌ ئاشکراو روون و دیاره‌ و به‌تایبه‌تی کاتی کوردانی رۆژئاوا و پ ی د له‌وێ توانێویانه‌ به‌ قه‌ولی به‌رێز حاجی ئه‌حمه‌دی چه‌ندین هه‌زار که‌س چه‌کدار بکه‌ن ئه‌وا حاجیش راست به‌و ده‌لیله‌ ئه‌و خه‌ونه‌ی به‌ رۆژهه‌ڵاته‌وه‌ بینیوه‌ که‌ سبه‌ی ده‌بیته‌ فه‌رمانده‌ و سه‌رۆکی هێزێکی چه‌ندین هه‌زارکه‌سی له‌ رۆژهه‌ڵات و وه‌ک له‌ دیمه‌نای دووهه‌می دا ئاماژه‌ی پێده‌کات ئه‌و کات به‌ "ئایه‌تی گۆپاڵ" قسه‌ ده‌گه‌ڵ دێمۆکرات و کۆمه‌ڵه‌ ده‌کات! دیاره‌ ئه‌گه‌ر کاک حاجی ئه‌و راستیه‌شی نه‌درکاندبا ئه‌وه‌ لای هه‌موو که‌س روون و ئاشکرایه‌ که‌ سبه‌ی له‌ رۆژهه‌ڵات و له‌ ئه‌گه‌ری هه‌رچه‌شنه‌ گۆڕانکاری و که‌لێن و بۆشایه‌کی ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی ئه‌و خه‌ونه‌ی حاجی ده‌که‌وێته‌ بواری کرداره‌وه‌ و ئیدی نه‌ کاک حاجی و نه‌ رۆشبیره‌ رۆژهه‌لاتیه‌کانی ناو پژاک گوێیان له‌وه‌ نییه‌ که‌ له‌سه‌ر ئه‌و جۆره‌ له‌ سیاسه‌تکردنه‌ خوێنی سه‌دان لاوی کورد به‌ده‌ستی کورد ده‌بێ بڕژێ و خاکی نیشتمانی پێ ره‌نگین بکرێ و جه‌رگی دایکانی پێ بسوتێنرێ؟! ئه‌وان یان مه‌ستی قودره‌تن یان چاویان به‌رووی ڕاستیه‌کان نووقاندووه‌ و نازانن که‌ له‌ باری مێژووییه‌وه‌ به‌رپرسن له‌ هه‌موو ئه‌و کاره‌ساتانه‌ی له‌ سه‌ر ئه‌و جۆره‌ سیاسه‌تکردنه‌ له‌ دواڕۆژدا یه‌خه‌مان ده‌گرێ.

  من به‌ ناسیاوێک که‌ له‌و فکر و ئه‌ندێشه‌یه‌م هه‌یه‌ هیچ گومانم نییه‌ که‌ ئه‌گه‌ر پ ک ک هیچ ئاڵوگۆڕێکی فکری به‌سه‌ر خۆیدا نه‌هێنێ و ته‌نیا چاوی له‌ قسه‌ی پ ک ک رۆژهه‌ڵاتیه‌کان بێ ئه‌وا ئه‌و قه‌باحه‌ت و کاره‌ساته‌ بێ گومان چاوه‌ڕێمانه‌ وئه‌و فه‌رمانه‌ی حاجی هه‌ر جێ به‌جێ ده‌کرێ. 
   با ئامه‌ژه‌یه‌کی کورتیش به‌ هێرشه‌کانی حاجی ئه‌حمه‌دی بکه‌م به‌ تایبه‌تی بۆ سه‌ر کاک خالیدی عه‌زیزی سکرتێری گشتی حدک و هۆکاری ئه‌و هێرشانه‌ وه‌ک خۆم لێکده‌مه‌وه‌، ده‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یدا که‌ حاجی ئه‌حمه‌دی کاک مسته‌فا هیجریشی بێبه‌ش نه‌کرد و عه‌بدوڵا موهته‌دیشی به‌ ئه‌ده‌بیات و شێوازی خۆی کوتا به‌ڵام نووکی هێرشی هه‌ره‌ تۆخ و خه‌ستی کاک حاجی تا ئێستا بۆ سه‌ر کاک خالید بووه‌. من له‌وه‌ دڵنیام هۆکاری سه‌ره‌کی ئه‌و هێرشانه‌ ده‌گه‌ڕێته‌و بۆ ئه‌وه‌ی که‌ کاک خالید له‌ چه‌ند دیمانه‌ی رابردوو دا نیشانی دا که‌ حدک و روانگه‌ی‌ حدک به‌رامبه‌ر به‌ رووداو پێشهاته‌کان روانگه‌یه‌کی دێمۆکراتیک، پێشکه‌وتوو و مه‌ده‌نیه‌. کاک خالید به‌و باسانه‌ی خۆی وه‌ک سکرتێری حیزبی دێمۆکراتی کوردستان ، حدکی هێنده‌ی دیکه‌ش له‌ ناوخۆ و له‌ ده‌روه‌ی کوردستان دا وه‌ک حیزبێکی پێشکه‌وتووی سیاسیی و دێمۆکرات نیشان دا، ئه‌و ئاشکرای کرد که‌ جگه‌ له‌ سه‌رکرده‌ی حیزبێکی سیاسیی که‌سێکی رۆشنبیر و ئازادیخوازه‌ که‌ باوه‌ڕی به‌ جیاوازیه‌کان هه‌یه‌ و رێزیان لێده‌گرێ و به‌ره‌سمیان ده‌ناسێ.  بۆیه‌ حاجی له‌و باره‌وه‌ هه‌ست به‌ که‌می ده‌کات و له‌ ته‌واوی باسه‌که‌ی دا هه‌ر به‌ دوو شتانه‌وه‌ نووسا، یه‌که‌م کاک خالید 5هه‌زار دۆڵار وه‌رده‌گرێ و پێشمه‌رگه‌ 22 دۆڵار؟! دیاره‌ بێ هیچ سه‌ند و به‌ڵگه‌یه‌ک، دووهه‌م به‌ رۆخ کێشانی چه‌ک و هێزی چه‌کداری پژاک به‌ کاک خالید و باقی دانیشتوانی ناو ته‌مبه‌ڵخانه‌کانی کۆیه‌ و زه‌رگوێز؟! 
 به‌داخه‌وه‌ کاک حاجی له‌و دیمانه‌یه‌ی دا زیاتر له‌وه‌ی وه‌ک سه‌رکرده‌ی حیزبێکی سیاسیی ده‌رکه‌وێ وه‌ک فه‌رمانده‌ ئه‌رته‌شێکی هه‌ڕه‌شه‌که‌ر خۆی له‌ سه‌رتاسه‌ری دیمانه‌که‌ دا به‌رجه‌سته‌ کرده‌وه‌. زۆر جاران هێرشی کرده‌ سه‌ر که‌مپه‌کانی کۆیه‌ و زه‌رگوێز که‌ بۆ له‌وێ دانیشتوون و هیچ ناکه‌ن ! بۆ ناچنه‌وه‌ شاخ و شه‌ڕی ئێران ناکه‌ن؟! ئه‌وه‌ له‌ حاڵێکدا بوو که‌ کاک حاجی خۆی له‌ باشترین وڵاتی ئوروپایی دانیشتووه‌ وله‌وێوه‌ داوا له‌ پێشمه‌رگه‌ ده‌کات که‌ بچێته‌وه‌ کوردستان و شه‌ڕی رێژیمی ئیسلامی بکات!  دیاره‌ با ئه‌وه‌شمان له‌ بیر نه‌چی که‌ کاک حاجی سیاسه‌تی حدک له‌ پیوه‌ندی ده‌گه‌ڵ ئاشته‌وایی و ته‌نانه‌ت یه‌کگرتن و هاوپێوه‌ندی برایانه‌ ده‌گه‌ڵ حدکای یه‌کجار پێناخۆش بوو و ئه‌و باسه‌شی چه‌ند جار وروژاند و له‌و باره‌وه‌ نیگه‌رانی خۆی سه‌باره‌ت به‌ یه‌کگرتنه‌وه‌ی دوو لایه‌نی دیمۆکرات نه‌شارده‌وه.

  ئه‌و قه‌له‌ی له‌ ئاته‌گی حاجی فڕی و به‌ خۆی نه‌زانی:

  له‌ هه‌ردووک دیمانه‌که‌ دا حاجی ئه‌حمه‌دی داوای موحاکه‌مه‌ی ڕێبه‌رانی دێمۆکڕات و کۆمه‌ڵه‌ی کرد، ته‌نانه‌ت ئه‌و جێگا موحاکه‌مه‌که‌شی ده‌ست نیشان کرد! ئه‌‌و داوای کرد که‌ گه‌لی کورد ئه‌و حیزبانه‌ له‌ مه‌هاباد محاکه‌مه‌ بکات ئه‌گه‌ر نا گه‌لێکی نه‌زانه‌! ره‌نگه‌ له‌ به‌شه‌کانی دیکه‌ دا داوای له‌ دار دانیشیان بکات دیاره‌ له‌ چوارچرا! به‌ڵام  من خۆزگه‌م ده‌خواست کاک حاجی  له‌ جیات ئه‌و داوایه‌ ئاواتی ئه‌وه‌ی هه‌با که‌ قاتڵی زیاتر له‌ 50هه‌زار ژن وپیاو منداڵی کورد و زیاتر له‌ 5 هه‌زار شه‌هیدی پێشمه‌رگه‌ی دێمۆکرات و کۆمه‌ڵه‌ و قاتڵی قاسملوو و شه‌ڕه‌فکه‌رندی و 59 لاوه‌که‌ی مه‌هابادی و شه‌هیدانی سنه‌و سه‌قز و بۆکان و بانه‌ و مه‌ریوان و هه‌موو شار و گونده‌کانی کوردستان له‌و شاره‌ موحاکه‌مه‌ کرابان نه‌ک رۆڵه‌ خۆبه‌ختکه‌ره‌کانی ئه‌و گه‌له‌ و نه‌ک فیدائیانی خاک و نیشتمان که‌ هه‌م له‌ به‌ر هه‌لومه‌رجی تایبه‌تی و هه‌میش له‌به‌ر گه‌نده‌ڵکاری خۆیان و رقه‌به‌رایه‌تی نابه‌جێ و نا نیشتمانی ئه‌مڕۆ بوونه‌ گه‌پجاری ئه‌م و ئه‌و. 

 ئه‌خلاق لای حاجی چڕژی دا

 ئه‌خلاق لای هه‌موو ئینسانێک پێوه‌ره‌ بۆ هه‌لسه‌نگاندنی که‌سێتی تاک، ئه‌خلاق زۆر بوار و زۆر لایه‌ن ده‌گرێته‌وه‌، درۆ له‌ ناو هه‌موو میله‌تان دا شتێکی کرێت و دزێوه‌، سته‌م و بێعه‌داڵه‌تی و بوختان و بێ وه‌فایی و زۆر شتی دیکه‌ش که‌ له‌ ناو کوردان دا به‌ خه‌راپ دێته‌ ئه‌ژمار لای زۆربه‌ی گه‌لانی جیهانیش هه‌ر له‌ سه‌ر ماکه‌ی خه‌راپه‌ حه‌سێو ده‌کرێ. کاک حاجی له‌  دیمانه‌که‌ی دا باسی شتێکی کرد که‌ دڵنیام پێوه‌ندی به‌ کاک حاجی یه‌وه‌ نه‌بووه‌. ئه‌و فه‌رمووی ، "حیزبێک که‌ نزیک 70 ساڵی ته‌مه‌نه‌ هاتووه‌ و داوای یارمه‌تی له‌ ئێمه‌ ده‌کات؟! یارمه‌تی چیت بده‌م یارمه‌تیت بده‌م که‌ حقوقه‌که‌ت ببێته‌ چه‌ند هه‌زار دۆڵار؟ " دیاره‌ هه‌موو ئاماژه‌که‌ی به‌ حدک بوو. من ئه‌و باسه‌م زۆر به‌لاوه‌ گرینگ بوو، دامنا حدک ئه‌و هه‌ڵه‌ گه‌وره‌یه‌ی کردبێ و داوای یارمه‌تی له‌ پ ک ک کردبێ، ئایا ئه‌وه‌ کارێکی هێنده‌ قه‌باحه‌ته‌  که‌ کاک حاجی ئاوا باسی بکات؟ ئایا داوای یارمه‌تی کردنی هێزێکی کوردستانی له‌ هێزێکی دیکه‌ی کوردی تاوانێکی هێنده‌ گه‌وره‌یه‌ که‌ کاک حاجی له‌ ته‌له‌ویزیونی نه‌رۆز وا به‌ ته‌وسه‌وه‌ باسی بکات؟! له‌ هه‌مان کات دا ئه‌و پرسیاره‌ش له‌ به‌ڕێز حاجی ئه‌حمه‌دی ده‌که‌م، ئایا ئیوه‌ و پ ک ک و دێمۆکرات و پارتی و یه‌کیه‌تی و کۆمه‌ڵه‌ و.....  هه‌ر هه‌مووتان داوای یارمه‌تیتان له‌ دوژمنه‌ داگیرکه‌ره‌کان نه‌کردووه‌؟ ئایا له‌ لایه‌ن ئه‌وانه‌وه‌ یارمه‌تی نه‌دراون؟ به‌ڕێز کاک حاجی هه‌موو ئه‌و حیزبانه‌ش که‌م یا زۆر له‌و وڵاتانه‌ هه‌ڵگه‌ڕاونه‌وه‌ که‌ یارمه‌تیده‌ریان بوون،  قه‌ت رۆژێ له‌ ڕۆژان دیتت دوژمنه‌کانمان لێمان له‌ هه‌ڵا ده‌ن و بڵێن ئێمه‌ ئه‌وه‌نده‌مان یارمه‌تی داون ئێوه‌ بۆ وا ده‌که‌ن!‌؟ ئاخر خۆ تۆ یارمه‌تیه‌کت نه‌داوه‌ که وایه‌ ئه‌و هه‌ڵایه‌ت له‌ چییه‌؟ئه‌گه‌ریارمه‌تیکه‌ دراوه‌  بفه‌رموون من به‌ڵێنت پێده‌ده‌م ئه‌ندامانی حدک له‌ ماوه‌یه‌کی زۆر کورت دا له‌ زاری ماڵ و منداڵی خۆیان بگێڕنه‌وه‌ و ئه‌و یارمه‌تیه‌تان بۆ بگه‌ڕێیننه‌وه‌! 

 کۆتایی : من له‌ سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌م که‌ ڕاسته‌ زمانی چه‌ک، عه‌شقی چه‌ک و سیاسه‌تی چه‌ک و چیا ئێستاش له‌ بڕه‌و دایه‌ و ئه‌وه‌ی چه‌کی پێ بێ و شه‌ڕی چه‌کداری بکات ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر نێوه‌ نێوه‌ش بێ، ئه‌وا له‌ کوردستان ده‌توانێ جێگه‌و پێگه‌ی خۆی هه‌بێ و گه‌نجێکی به‌رچاو له‌ ده‌وری خۆی کۆبکاته‌وه‌.  خه‌ڵکی کوردستان له‌و سیسته‌مه ئیسلامیه‌‌ بێزاره‌ ، ژانی پێگه‌یشتووه‌ و وه‌ئامان هاتووه‌، بۆیه‌ له‌ ده‌رفه‌تێک  و له‌ یه‌کێک ده‌گه‌ڕێ که‌ داخی دڵیی خۆی به‌و رێژێمه‌ بڕێژێ.  به‌ڵام له‌ هه‌مان کات نابێ ئه‌وه‌مان له‌ بیر بچێ که‌ کێشه‌ی کورد کێشه‌یه‌کی سیاسییه‌ و حیزبی سیاسیی به‌ر له‌وه‌ی خۆی به‌ چه‌ک و هێزی چه‌کداری خۆی ڕابنێ ده‌بێ به‌ به‌رنامه‌ و پلان و روانگه‌ سیاسیه‌کانی، خۆی به‌ کورد و به‌ جیهانیه‌کان بناسێنێ. ئه‌وه‌ی کاک حاجی له‌و دیمانه‌یه‌ دا کوتی و کردی زۆر دوور بوو له‌ ئاخاوتنی رێبه‌ری حیزبێکی سیاسیی.  هه‌ر بۆیه‌ هیوادارم هیچ یه‌ک له‌ حیزبه‌کان وڵامی کاک حاجی نه‌ده‌نه‌وه‌ و کاک حاجی و ته‌له‌ویزیۆنی نه‌ورۆزیش به‌وه‌نده‌ کۆتایی به‌و به‌رنامانه‌ بێنن و له‌وه‌ زیاتر به‌ نێوی ره‌خنه‌گرتن و دیالۆگ و گفتگۆ ماڵی شێواو و په‌رت و په‌ره‌وازه‌ی کورد نه‌شێوێنن و کۆمه‌ڵگاکه‌مان به‌ره‌و کولتوری رق و کینه‌ و سڕینه‌وه‌ و پاکتاوکردن و یه‌کتر قه‌بووڵ نه‌کردن پاڵ نه‌نێن. هه‌موومان باش ده‌زانین که‌ کورد ئه‌مڕۆ له‌ هه‌موو کات زیاتر پێویستی به‌ هاوکاری و هاو ئاهه‌نگی یه‌کتری هه‌یه‌.

No comments:

Post a Comment