Friday, 30 August 2013

کێ حیزبی دێمۆکراتی به‌و رۆژه‌ گه‌یاند


کێ حیزبی دێمۆکراتی به‌و رۆژه‌ گه‌یاند برایم جه‌هانگیری

دوو خاتیره‌ی تاڵ به‌شی دووهه‌م

پێشه‌کیه‌کی کورت بۆ به‌شی دووهه‌م:

با هیچ که‌س نیگه‌ران نه‌بێ و پێی وا نه‌بێ که‌ من کۆنه‌ قین زیندوو ده‌که‌مه‌وه‌، که‌سیش له‌ خۆرا کیسه‌ی بۆ هه‌ڵنه‌دروێ که‌ من به‌ نیاز بم توێخێکی دیکه‌ له‌ دیمۆکراتی جه‌سته‌ بریندار بکه‌مه‌وه‌ که‌ به‌داخه‌وه‌ تا ئێستاش هه‌ندێ که‌س له‌ سه‌ر قۆرغ کردنی گوێپچکڕێنه‌یانه‌! من نه‌ هه‌موو شتێک باس ده‌که‌م و نه‌ مه‌به‌ستی باسه‌که‌شم زیندووکردنه‌وه‌ی کۆنه‌ قینه‌کانه‌، به‌ڵاسم هه‌موو لایه‌ک دڵنیا ده‌که‌مه‌وه‌ که‌ ئه‌وه‌نده‌ی له‌ بیرم بێ به‌و په‌ڕی سه‌داقه‌ته‌وه‌ و به‌وپه‌ڕی ئه‌مانه‌ته‌وه‌ ئه‌وه‌نده‌ی بۆ باس کردنب ببێ چم دیوه‌ بیگێڕمه‌وه‌. ته‌نیا به‌ نیازی وه‌خۆ هاتنه‌وه‌ و به‌ نیازی ته‌جره‌به‌ وه‌رگرتن.

له‌وه‌ی که‌ له‌ کوردستان و له‌ ئورگانی جاپه‌مه‌نی حیزب جێگیر بووم زۆر خۆشحاڵ بووم، به‌ دڵگه‌رمی ده‌ستم به‌ کار کرد، میزێک و دێوێکی بچووک که‌ من و کاک عه‌بدوڵا به‌هرامی و عه‌لی بداغی لێی ده‌نوستین و کارمان ده‌کرد. خه‌راپ له‌گه‌ڵ یه‌ک که‌وتبووین. ئه‌من هه‌میشه‌ زۆرم ئیشتیا له‌ قسان بوو و کاک عه‌وڵاش به‌ دۆڵار نه‌با قسه‌ی نه‌ده‌کرد! ئه‌لهه‌ق کاک عه‌لی وه‌ره‌زی ده‌شکاندم و هه‌میشه‌ بزه‌ی له‌ سه‌ر لێوان بوو. کاک عه‌وڵا سه‌ری به‌رده‌داوه‌ و خه‌ریکی کاره‌کانی خۆی ده‌بوو. له‌ چاپه‌مه‌نی و له‌ رۆژنامه‌ی کوردستان ئه‌و که‌سانه‌ کاریان ده‌کرد (ئه‌وه‌نده‌ی من له‌ بیرم بێ) 1- کاک حه‌سه‌نی شه‌ڕه‌فی وه‌ک به‌رپرس 2- قادر وریا 3-عه‌بدوڵا به‌هرامی 4-عه‌لی بداغی5- عیرفان ره‌هنموون 6- که‌ریم په‌رویزی 7- ئه‌یوب شه‌هابی راد 8- ئاکۆ حه‌سه‌نزاده‌ 9- هه‌ژیر عه‌بدولا پوور 10- برایم جه‌هانگیری 11- شه‌فیع ره‌وشه‌نی 12- خالید محه‌مه‌دزاده‌ که‌ به‌شی ئه‌ده‌ب و هونه‌ری پێ بوو.13- قاسم سوڵتانی کۆڵه‌که‌ی چاپه‌مه‌نی. هێشتا چه‌ند رۆژێک رانه‌بردبوو که‌ به‌رنامه‌یه‌ک به‌ بۆنه‌ی کۆتایی هاتنی ده‌وره‌یه‌کی پێشمه‌رگه‌ له‌ فێرگه‌ به‌ڕێوه‌ چوو و من وه‌ک یه‌که‌م جار و یه‌که‌م به‌شداریم له‌و کۆره‌ دا شیعرێکم خوێنده‌وه‌ به‌ ناوی یاد، که‌ هه‌ڵقولاوی هه‌ست و سۆزی من بوو بۆ هاورێیان و دۆستانی ناوخۆ و بۆ ئه‌و که‌سانه‌ی به‌ جێم هێشتبوون:

یاد ره‌وه‌ند

من به‌ یادی وشه‌ وشه‌ و
کۆپله‌ کۆپله‌ی شیعره‌کانم
لێره‌ ده‌ژیم
که‌ هاواری هه‌رده‌م مانیان
له‌ نووکی قه‌ڵه‌می ده‌تکێ
من به‌ یادی رۆژ به‌ ڕۆژ و
شه‌و به‌ شه‌وی له‌ گه‌ڵ یاران
لێره‌ ده‌ژیم
که‌ دیواری پڕ له‌ تاسه‌ی کۆڵانه‌کان
شه‌قامه‌ ڕێی به‌ند و ئه‌سیر
که‌ شاری نوقمی تاریکی
به‌ تیشکی چاویان گڕ ده‌کرێ...
ده‌ژیم و تک تک فرمێسکی خۆشه‌ویستیم
ده‌بێته‌ رووباری خوڕێن
وه‌ک ئه‌سپێکی سه‌رکه‌شی تۆڕ
به‌ره‌و ئه‌وان رێ داده‌گرێ..
هۆ شمشاڵه‌که‌ی خه‌م ڕه‌وێن
تێی تووڕێنه‌...
بم لاوێنه‌
ئه‌ی ئاوازی دووره‌ وڵات!
ئاخه‌ ئازیز
مه‌لی دڵی پڕ له‌ کوڵم
هه‌موو ئێوارێ دره‌نگان
له‌ ترسی یاساوڵه‌کان
به‌ ئه‌سپایی دێته‌وه‌ لات...
هۆ ده‌سگیرانی چاوه‌ڕێ
هۆ چاو ڕه‌شی پڕ له‌ تاسه‌
سه‌ر هه‌ڵبڕه‌،
خۆراگره‌،
به‌ هیوا به‌ هه‌موو شه‌وێ
هێمن بنوو
له‌ چاوی بابی خۆت که‌وێ
هاکا دیتت له‌ نه‌کاوێ
بێ دڵه‌ ڕاوکییه‌ی تاریکی
وه‌ک که‌روێشکێکی ده‌سته‌ مۆ
له‌ سه‌ر باسکی بابی خۆت دا
خرپ خه‌وت لێبکه‌وێ.
ره‌وه‌ند 29/1/80 قه‌لای دێمۆکرات



فه‌زای چاپه‌مه‌نی و سالۆنی کاره‌کانی رۆژنامه‌ی کوردستان له‌ سه‌ره‌تاوه‌ زۆر دڵنیشین و جوان بوو، هه‌ستم ده‌کرد که‌ گه‌یشتوومه‌ شوێنی خۆم بۆ کار کردن. جارو باره‌ کاک هێمن سه‌یدی هاتووچۆی ده‌کرد. من و هێمن سه‌یدی له‌ ناوخۆش تا ڕاده‌یه‌ک ده‌گه‌ڵ یه‌ک ئاشنا بووین. کاک عه‌لی جه‌وانمه‌ردی هه‌روه‌تر ئه‌ویش ده‌هاته‌ ئه‌و دۆڵه‌ و جار و باره‌ قسه‌ و باس ساز ده‌بوون، به‌ڵام چ قسه‌ و باسێک، له‌ سه‌رو گویلاکی حیزب دان و هێڕش کردنه‌ سه‌ر مامۆستا جه‌مسه‌ری هه‌موو قسه‌کان بوو، له‌م نێوه‌ دا من عیرفان ره‌هنمونم له‌ ئێرانه‌وه‌ و له‌ رێگای نووسینێکی دا له‌ گۆفارێکی خوێندکاری ئیسفه‌هان دا ده‌ناسی، ئه‌و ژماره‌یه‌ بابه‌تێکی ئه‌ده‌بی منیشی تێدا بوو. من عیرفانم هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و نووسراوه‌ی را وه‌به‌ر دڵی که‌وتبوو و زۆرم خۆش ده‌ویست. هه‌تا گوێم له‌و باسانه‌ ده‌بوو ناهومید ده‌بووم، له‌ دڵه‌وه‌ ئاخم هه‌ڵده‌کێشا بۆ گوڕو تینی لاوانی نێو خۆ که‌ به‌ چ گێانبازی و له‌ خۆ بردوویه‌ک کار و باری حیزبی و نیشتمانیان ڕاده‌په‌راند. گاڵته‌ نه‌بوو له‌ سه‌ر دروشم نووسینێک بۆ حیزب له‌ سه‌ر دیوار گومانت نه‌با له‌ بن په‌تی سێداره‌ خۆت ده‌دیته‌وه‌. ئه‌و وه‌زعه‌شم که‌ ده‌دیت به‌ جارێ بێزار ده‌بووم. یادی به‌خێر شه‌وێک که‌ من خه‌ریک بوو بنووم ، کاک هێمن و عیرفان و که‌ریم په‌رویزی و وابزانم کاک عه‌لی جه‌وانمه‌ردیشیان له‌گه‌ڵ بوو، له‌ دیوه‌که‌ ئێمه‌ دا خه‌ریکی باس و خواس بوون، وابزانم ک
ئه‌و کات کاک عیرفان له‌ دیوه‌که‌ی ئێمه‌ ده‌نووست دوایی جێگایان ده‌گه‌ڵ کاک عه‌لی گۆڕییه‌وه‌. زۆریان قسه‌ کرد و من خه‌وم لێنه‌ده‌که‌وت! ناچار سه‌رم هه‌ڵێنا و کوتم کاکه‌ ده‌ به‌سی که‌ن وه‌ڵاهی ئێوه‌ به‌ هه‌ڵه‌ هاتوونه‌ ناو حیزبی دێمۆکرات! ئێوه‌ ده‌بوو چووبانه‌ نێو حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری! له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به‌ گه‌رمی خه‌ریکی کاره‌کانم بووم. بۆ یه‌که‌م جار و له‌ ‌یه‌که‌م کۆبوونه‌وه‌ دا که‌ کاک قادر وریا سه‌رپه‌ره‌ستی کۆبوونه‌وه‌که‌ی ده‌کرد بڕیار درا گۆڤارێکی مندالان وه‌ک پاشکۆی رۆژنامه‌ی کوردستان بلاو ببێته‌وه‌. بۆ ئه‌و کاره‌ش به‌رپرسایه‌تیه‌که‌ به‌من سپێردرا و من بووم به‌ یه‌که‌م به‌رپرسی دنیای منداڵان. چه‌ند ژماره‌یه‌کمان به‌ هاوکاری هه‌موو لایه‌ک و منداڵه‌ خۆشه‌ویسته‌کان بلاو کرده‌وه‌.
له‌م رۆژه‌ به‌دواوه‌ هه‌ستم کرد که‌وتوومه‌ به‌ر بێزاری هه‌ندێ که‌س، له‌ خۆرا لاتاو و تانه‌ و ته‌شه‌ر و ...... زۆرم گوێ نه‌ده‌دایه‌. رۆژێکیان کاک سمایل بازیار له‌ دووی ناردم. ئه‌و له‌ به‌شی ئامووزش کاری ده‌کرد. که‌ چووم کابرایه‌کی سه‌ر سپی و کراس و پاتۆڵ له‌به‌ر له‌ سه‌ر سه‌نده‌ڵیه‌ک دانیشتبوو، سڵاوم کرد و ته‌واو دا نه‌نیشتبووم کاک سمایل به‌ حاڵه‌تێکی تووڕه‌ بوونه‌وه‌ کوتی:
کاکه‌ گیان ئه‌تۆ تازه‌ هاتوویه‌ ئێره‌ و هێشتا جه‌وی ئێره‌ نازانی تکایه‌ له‌ قسه‌ و قسه‌لۆکان خۆت دوور رابگره‌ و کارت به‌ جناح و جه‌ناح بازی نه‌بێ.....! وه‌ک به‌ کوتکی له‌سه‌رم ده‌ن پێم وا بوو..... تاوێک مات بووم و کوتم جه‌ناح بازی چی کاک سمایل؟ باسی چی ده‌که‌ی؟

درێژه‌ی هه‌یه‌

No comments:

Post a Comment