Saturday, 3 August 2013

ئه‌گه‌ر ده‌ت هه‌وێ یارمه‌تی کوردی رۆژئاوا بده‌ی....؟

ئه‌گه‌ر ده‌ت هه‌وێ یارمه‌تی  کوردانی رۆژئاوا بده‌ی....؟

ره‌خنه‌یه‌ک و پێشنیارێکی جیددی

 رۆژئاوای کوردستان له‌ هه‌لومه‌رجێکی سه‌خت و دژوار دایه‌، ترۆریسته‌ ئیسلامیه‌کان به‌ بێڕه‌حمانه‌ترین شێوه‌ هێرشیان هێناوه‌ته‌ سه‌ر گوند و باژێری کوردان، دیمه‌نی ئه‌و وێنانه‌ی له‌ رۆژئاوا را ده‌گه‌نه‌ مێدیاکان دڵته‌زێنترین دیمه‌نی سه‌ده‌ی ئێستان، جیهادی ئیسلامیه‌کان دژی کورد کوشتاری به‌ کۆمه‌ڵی رواندایییه‌کانمان بیر ده‌خاته‌وه‌، ئه‌گه‌ر ئیسلامیه‌ سه‌له‌فیه‌کان ده‌سه‌ڵاتیان هه‌بێ و له‌ توانایان دابێ ره‌حم به‌ هیچ زینده‌وه‌رێکی رۆژئاوای کوردستان ناکه‌ن، ئه‌وه‌ له‌و ویدۆیانه‌ دا که‌ له‌ لایه‌ن جه‌بهه‌تولنه‌سره‌ بڵاوکراونه‌وه‌ به‌ڕوونی دیاره‌ و ئه‌وان رق و کینه‌ی له‌ڕاده‌ به‌ده‌ریان به‌رامبه‌ر به‌ کورد ناشارنه‌وه‌.

 چه‌ند رۆژێکه‌ له‌ فه‌یس بووک و هه‌ندێ ماڵپه‌ڕی کوردیدا وێڕای بێزاری به‌ جێی خه‌ڵک له‌و وه‌زعیه‌ته‌ و نیگه‌رانی گیانی ژن و منداڵی بێدیفاعی کوردانی رۆژئاوا که‌ به‌ حه‌ق له‌ جێی خۆیدایه‌و هه‌ندێ له‌ دۆستان به‌رنامه‌ی سه‌یر سه‌یر پێشنیار ده‌که‌ن و خه‌ریکی گوشار هێنانه‌ سه‌ر حیزبه‌کانن که‌ هێز بنێرنه‌ رۆژئاوا، داوایه‌ک که‌ جێ به‌جێ بوونی موومکین نییه‌، یان راده‌گه‌یه‌نرێ که‌ کۆمه‌ڵیک خه‌ڵک ئه‌وه‌ به‌ره‌و رۆژئاوا وه‌ڕێ ده‌که‌ون و چه‌کی دیفاع له‌ کورد ده‌که‌نه‌ شان. وێرای ئه‌وه‌ که‌ له‌ باری هه‌ستی کوردایه‌تیه‌وه‌ ره‌نگه‌ ئه‌مه‌ له‌ جێی خۆیدا بێ به‌ڵام هیچ کام له‌و دوو داوا و ئیدیعایه‌ وێناچن که‌ بکه‌ونه‌ خانه‌ی پراکتیکه‌وه‌.

له‌هه‌مووی سه‌یرتر ئه‌وه‌یه‌ که‌ هه‌ندێ خه‌ڵک له‌ ئوروپا و له‌ ئه‌مریکا دانیشتوون و ده‌ستیان کردووه‌ به‌ جنێو دان و سووکایه‌تی به‌ تایبه‌تی به‌ حیزبه‌کانی رۆژهه‌ڵات که‌ بۆ چه‌کدار نانێرن بۆ رۆژئاوا، ئه‌وانه‌ی ئه‌و هێرش و په‌لامارانه‌ش ئه‌نجام ده‌ده‌ن هه‌ر ئه‌و که‌سانه‌ن که‌ هه‌میشه‌ وێردی زمانیان ئه‌وه‌ بووه‌ که‌ دێمۆکرات و کۆمه‌ڵه‌ تاریخ مه‌سره‌فیان به‌سه‌ر چووه‌؟ ئیکسپایه‌ر بوون! که‌سیان نه‌ماوه‌!! ئاخر که‌س نییه‌ بڵێ کاکی خۆم، هاوڕێ و دۆستی شیرینم تۆزێک به‌ ویژدانه‌وه‌ سیاسه‌ت بکه‌ و تکاش ئه‌وه‌یه‌ که‌ خه‌ڵک به‌ گه‌وج مه‌زانه‌ . تۆ بڵێی گه‌نجی ئه‌مڕۆ و کۆمه‌ڵگای کورده‌واری هێنده‌ ساویلکه‌ بن ئه‌و موویه‌ له‌و ماسته‌ ده‌رنه‌کێشن؟ باشه‌ ئه‌و که‌سانه‌ی ئیدیعای واده‌که‌ن بۆ سواری ته‌یاره‌ نابن و ناچنه‌وه‌ کوردستان و وه‌ک به‌ قاچاغ رێگای پڕ مه‌ترسی هه‌نده‌ران و ئوروپا ده‌گرنه‌ پێش ، خۆیان ناکه‌ن به‌ کوردستانی رۆژئاوا دا و له‌و شه‌ڕه‌ نیشتمانیه‌ دا به‌شدار نابن؟ ئه‌گه‌ر ده‌تان هه‌وێ خه‌ڵک باوه‌رتان پێبکات فه‌رموو ئێوه‌ وه‌پێش که‌ون جا ئه‌و ده‌م ده‌بینن که‌ خه‌ڵکیش به‌ دووتان دا دێ جا زۆر و که‌م گرینگ نییه‌.

 به‌ڵام هاوڕيێیان، دۆستانی خۆشه‌ویست، ئه‌گه‌ر ده‌تان هه‌وێ یارمه‌تی رۆژئاوای کوردستان بده‌ن ئاسانترین و گونجاوترین و شوێندانه‌ر ترین کار ئه‌وه‌یه‌ که‌ کومیته‌یه‌ک له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات پێک بێت، له‌و که‌سانه‌ی که‌ ئاگاداری رۆژئاوای کوردستانن، دێکۆمێنت و به‌ڵگه‌نامه‌کان کۆکه‌نه‌وه‌ و رابگه‌یه‌نن که‌ له‌ سه‌رتاسه‌ری وڵاتانی ئوروپایی و ئامریکایی، له‌ یه‌ک رۆژ دا رێپێوان بکرێ بۆ به‌رده‌رکی پارله‌مانی ئه‌و وڵاتانه‌. مانگرتن بکرێ ، چالاکی مه‌ده‌نی دوور له‌ هه‌رچه‌شنه‌ توند و تیژیه‌ک ئه‌نجام بدرێ و داوا بکرێ که‌ ئه‌و وڵاتانه‌ چۆن له‌ ئه فغانستان و له‌ عێراق له‌ دژی ترۆریسته‌کانی ئه‌لقاعیده‌ جه‌نگاون ئاواش له‌ رۆژئاوای کوردستان دژی ئه‌لقاعیده‌ بجه‌نگن و یارمه‌تی هه‌رچی زووتری کوردانی ئه‌و به‌شه‌ له‌ نیشتمانی داگیرکراو بده‌ن.

  ئه‌وه‌ عه‌مه‌لیترین و گونجاوترین کاره‌ و من لێره‌وه‌ راده‌گه‌یه‌نم له‌ حاڵه‌تی پێک هاتنی ئه‌و کومیته‌یه‌ و قه‌بووڵ کردنی به‌رپرسایه‌تی له‌مه‌ر راگه‌یاندن و دێکۆمێنت و به‌ڵگه‌نامه‌کان بۆ هه‌رکارێک و ئیعرازێک وناره‌زایه‌تیه‌کی مه‌ده‌نی و سه‌رده‌میانه‌ ئاماده‌م و هه‌ر لێره‌وه‌ش راده‌گه‌یه‌نم ئه‌گه‌ر ته‌نانه‌ت ئه‌و مانگرتن و ئیعترازه‌ چه‌ند مانگیش درێژه‌ی هه‌بێ ئه‌من ناچمه‌وه‌ ماڵه‌ خۆم و واز له‌ هه‌موو جۆره‌ ژیانێکی ئاسایی دێنم. له‌ سه‌رشه‌قام و له‌ به‌رده‌رکی پارله‌مانی کانادا لانه‌چم تا ئاکام وه‌رنه‌گرینه‌وه‌،  من دڵنیام زۆر کوردی هه‌نده‌ران نشین هه‌یه‌ که‌ من له‌ کوردایه‌تیدا به‌ قامکه‌ تووته‌یان نابم به‌ڵام ئه‌گه‌ر کوردانی هه‌نده‌ران نشین به‌ تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی بوونه‌ پۆڵاخۆری به‌ر سیبه‌ر! ئه‌گه‌ر کوڕی رۆژی ته‌نگانه‌ و کوری کردارن ؟ ئه‌گه‌ر ده‌تان هه‌وێ یارمه‌تی کوردانی رۆژئاوا بده‌ن، ئه‌وه‌ عه‌رز و ئه‌وه‌ گه‌ز!

No comments:

Post a Comment