ئەو نامەیە کاتی خۆی و بەر لە جوی بوونەوە ولەت بوونی دێمۆکرات بۆ بەڕیز کاک مستەفا هیجری نووسراوە
هاورێی بەرێز کاک مستەفا هیجری سڵاو و رێز برایم جەهانگیری
هەموو لایەک دەزانین کە سیاسەت کردن لە ناو کۆمەڵگای کوردەواریدا و راپەڕاندنی ئەرکی سیاسی لەم کۆمەلگایە دا کارێکی یەکجار دژوار و خەباتێکی گەلێ ئەستەمە، دوژمنان لە هەر چوار لاوە هەڕەشەی فەوتان و نابوودیمان لێ دەکەن، لە ئێرانی ئیسلامی دا ئیعدامی سەدان رۆلەی کورد پاش ڕاگەیاندنی فتوای جەهاد لە دژی کوردان لەلایەن خۆمەینییەوە و قەلاچۆ کردنی سەدان گوند و ئیعدامی دەستە دەستەی لاوان لە مەهاباد و سەقز و سنە و زۆر شوینی دیکەی رۆژهەلاتی کوردستان، کارەساتی تۆپ باران وهێرشی بێ رەحمانەی ئەو رێژیمە بۆ سەر خەلکی بێدیفاعی شارەکانی،بانە، پاوە، سەقز،سنە،مەهابادو، کوشتاری بە کۆمەلی گۆندەکانی کوردستان و یەک لەوان جنایەتی قارنێ و قەڵاتان ، شتێک نیە کەس لە بیری کردبێ، لە باشوری کوردستان هەرتەنیا ئەنفال وهەلەبجە و وێران کردنی هەزاران گوند بە درێژایی سنووری عێراق و وڵاتانی دراوسێ بەسە بۆ ئەوەی دوژمنایەتی رێژیمی بەعسی عیراق دەگەڵ کوردان تاو توێ بکەین،لە باکووری کوردستان دەسەلاتدارانی تورک تا ئێستاش بەبیری رەگەزپەرەستانەی خۆیان حاشا لە بوونی میلیۆنها ئینسانی کورد دەکەن و بە هەموو شێوەیەک هەوڵی سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوەیی کوردیان داوە، هەموومان قسەکانی ئەم دواییانەی "گول" وەزیری دەرەوەی دەولەتی تورکمان گوێ لە بوو کە بۆ دژایەتی کردنی کوردان سنوور دەبەزێنی و سەبارەت بە هەڵکردنی ئاڵای کورد هەرەشەی لەناو بردنی دەسکەوتی گەلی کورد لە باشوری کوردستانیش دەکات! گەلی کورد لە کوردستانی سورییە تا ئێستاش بە شیوەی گشتی لە وەرگرتنی پێناس بە رەگەزی نەتەوەیی خۆیان بێبەش کراون، بەگشتی نەتەوەی کورد لە بەردەستی دوژمنانی بێرەحمی خۆی دا رەنجێکی بێدادی داوە بەڵام سەرەرای ئەو رەنج مەینەتیانە هەر گیز کۆڵیان نەداوە و کڕنۆشیان بۆ دوژمنانیان نەبردووە، بەم حاڵەشەوە تا گەیشتن بە ئامانجی دوایی و رزگاری لەم کۆت و بەندە رێگایەکی دور و درێژ و دژواری لە بەرە.
لەم ناوە دا حیزبە کوردستانییەکان بە گشتی و بە پێی توانا ئەرکی نەتەوەییان بە جێگەیاندووە و هەرگیز لەئاست نەیاران دا کۆلیان نەداوە وسەنگەری بەرگری لە مافی گەلیان چۆل نەکردووە، لێرەدا کاتێ باس لە حیزب دەکرێ دەبێ هەموو لایەک ئەوە بزانین کە حیزبیش لە کۆمەلێ ئینسانی شۆرشگێر پێک هاتووە بەلام سەرچاوەو بناخەی هەموو حیزب و کۆرو کۆمەلێک هەر دەگەرێتەوە بۆ تاک، یانی کۆمەلگای کوردەواری لانی کەم لە 100 سالی رابردوو داو بە تایبەتی لە60 سال لەمەوبەرەوە کاتێ هەوڵی سازکردنی حیزبیان داو خەباتی گەلیان کانالیزە کردووه، کۆمەلگایەکی تا رادەیەک ئاگاو وشیار بووەو رۆلەی تێکۆشەرو گیان لەسەردەستی زۆربووەو بەبارێکی دیکەش دا دەکرێ بڵێین لەم ماوەیەدا کوردان لە تاکی وشیار و ئاگا بێبەش نەبوون و نموونەشی ئەو هەمووە ئینسانە فیداکارەیە کە لە ناو رێزی حیزبە کوردستانییەکان دا هەموو تەمەنی خۆیان فیدای رزگاری گەلو نیشتمانەکەیان کردووە. دیارە خەبات و تێکۆشانی ئەو ڕٶڵە شۆڕشگێرو لە خۆ بردووانەش لەلایەن خەڵک بێ ولام نەماوەتەوە و هەموو دەم ئەم کەسانە خۆشەویستی زۆربەی هەرە زۆری خەڵکی کوردستان بوون و لەلایەن ئەوانیشەوە پشتگیری تەواوییان لێکراوە و هەمێشە بۆ حیزب و رێکخراوە سیاسییەکان، گهل سەرچاوەی هێزی ماددی و مەعنەوی بووە.
هاورێی بەرێز! وەنەبێ ئەوشتانەی من باسم کردوون ئێوە یان کەسانی دیکە نەیانزانن، بەڵکوو باسکردن لەم رووداوانە تەنیا بەمەبەستی وەبیر هێنانەوە یادەوەری یەو ئەوێش بۆ ئەوەی بە وەبیر هێنانەوەی ئەو رووداو و کارەساتانەی کە بەسەر گەلەکەمان هاتوون ههم ئاوڕێک له رابردوو بدهینهوه وههمیش هەلوێستەیەک لەسەر دۆزی ئەمرۆی کورد بەگشتی و رۆژهەلاتی کوردستان بە تایبەتی بکەین. با بزانین ئێمە لەکوێ و له چ شوێنێکی ئهم ئهم رووداوانه داین و مەسەلەی کوردان لە ئاستی نێو خۆیی و دەرەکی داو بە تایبەتی لە ئاستی نێو نەتەوەیی لەکوێ لەنگەری گرتووە؟ پاشان سەرکردە و رێبەرانی سیاسیی کورد چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم رووداوانە دەکەن؟ کە ئەمەیان ئەساس و بنەڕەتی باسەکەی ئیمەیە. لەم هەلومەرجەی کە دڵنیام ئێوەش بە باشی هەستی پێ دەکەن مرۆڤی کورد پێویستی بە چەند شتی گرینگ هەیە و بەتایبەتی سیاسەتوانانی گەلەکەمان ئەرکێکی یەکجار دژواریان دەکەوێتە ئەستۆ ، من راست رووی قسەکەم لە بەرێزتانە و لە نامەیەکی تایبەتی دا گۆشەیەکی بچووک لەو کردەوە دوژمنکارانەی هێندێ کەسی دیاری لایەنی بەرێزتانم باس کرد وئێوەش دلنیام شکتان لە باسەکەی مندا نییە و نەبووە،(ئەگەر نامەکەیان گەیاندبێتە دەستت) لەو نامەیەدا بە روونی باسی پێلانێکی ئاشکرای کەسێکم کردووە کە ئێستا زۆر بە جیددی دیفاع لە بەرێزتان دەکات و بە پێی ئەو رووداو و قسەو باسانەی کە تا ئیستا زانراون هەر ئەو کەس و کەسانەشن کە نایان هەوێ کێشەکان چارەسەر بکرێن، بەلام ئەوەی راستی بێت مەسەلەکە بە هەر بارێک دا بکەوێ بەر پرسایەتییەکە هەر دەکەوێتە ئەستۆی ئێوە و رۆژێ دەبێ لەبەرامبەر ئاکامەکانی ئەم قەیرانە بەرێزتان ولامدەر بن!
قەیرانی ئەمرۆی حیزبی دیمۆکرات ئەگەر بە چاوێکی واقیع بینانە سەیر بکرێ رەنگە شتێکی ئاسایی بێت، حیزبێک لە دوای ساڵانی 67 وە بە هۆی واقێعێکی حاشا هەڵنەگر و هەلو مەرجێکی تایبەتی، بە تەواوی لەباری عەمەلییەوە لە خەلکی خۆی پچرابێ و پێوەندی راستەو خۆی دەگەڵیان دا نەمابێ دەبێ تووشی قەیرانی وا بێت و لانی کەم ئەم قەیرانە بۆ من ئاساییە،بەلام ئەوەی نا ئاساییە ئەوەیە کە رێبەرایەتی ئەو حیزبە بۆ ناتوانێ ئەو قەیرانە چارە سەر بکات؟
غایبێکی گەورە:
ئەوەی لە هەموو کۆمەلگای رۆژهەلاتی ناوەڕاست دا بە گشتی غایبی گەورەیە و دەبێ خەڵکی بە دوای دا بگەرێن یەک زاراوەی زۆر ئاسان و زۆر جوان و لەبەر دڵانە کە ئەگەر بدۆزرێتەوە و رێگە بدرێ جارێکی دیکە بچیتە ناو دڵ و دەروونمانەوە رەنگە کلیلی زۆربەی کێشەکان بێ و زۆر بە ئاسانی گرفتەکان چارەسەر بکرێن، ئەم غایبە یەکجار مەزنە "خۆشەویستییە" ! هاورێی بەرێز، ئێمە ئەوەندەی بۆ رق و تۆلە و سرینەوە و پاکتاو کردن فێر کراوین و خۆمان فێر کردووە هەر گێز لە سەدا یەکیشی هەوڵی یەکتر خۆشویستنمان نەداوە، هەر لە مندالییەوە راهاتووین تۆلە بکەینەوە و "جوابی تەحا بە پەحا بدەینەوە" هەر کەس کوتی سیر گورجێ پێوازی لە پێش دانێن! هەر ئەوەش وای لێکردووین کە هەمیشە خۆمان بە حەقی موتڵەق و بەرامبەرەکەمان بە ناحەقی موتلەق بزانین! جا هەتاخاوەنی ئەو بیر کردنەوانە بین یان وەدوای ئەم شێوە بیرکردنەوانە بکەوین بە دڵنیاییەوە نەتەنیا هیچ کێشەیەکمان بۆ چارەسەر ناکرێ بەڵکوو لە مەیدانی دیالۆگ و گفتگۆ دا دەگەڵ زۆربەی بیرە جیاوازەکان بە بن بەست دەگەین و ئەو وەزعەی لێ دەکەوێتەوە کە ئەمرۆکە جوولانەوەی گەلی کورد لە رۆژهەلاتی کوردستان بە گشتی دوچاری بووە و تا ئێستاش نوێنەرانی ئەو گەلە نەیانتوانیوە لە بەرەیەکی یەکگرتوو دا هەوڵ و کۆششەکانیان بۆ بەربەرەکانی لە دژی سەرەرۆیی ڕێژێمی ئیسلامی ئیران یەک بخەن، یان دەبێتە هۆی ئەوەی کە پاش زیاتر لە دوو مانگ لە ئاشکرا بوونی قەیرانی نێو خۆیی حیزب ئێستاش کە ئێستایە ئێوەی بەرێز بەو ئەسلەوە نووساون کە" کەمینە مل کەچی زۆرینەیە دە بریارات دا" کە لە ئەساسنامەی حیزب دا هاتووە. ئەوە لەحاڵێکدایە کە ئەگەر کێشەی حیزب بەو ئەسڵە چارەسەر کرابا من دڵنیام بەشێک لە هاورێیانی لایەنی ئێوە لە مێژ بوو ئەو کێشەیان یەک لا کردبۆوە! بۆیە بۆ کەسێکی وەک سکرتێری گشتی حیزبی دێمۆکرات دەبوو ئەو مەسەلەیە سەرنجی وشیارانەتری درابایەو دانی بەوە نابا کە کێشەی ئەمرۆکە کێشەی مل کەچ بوونی کەمێنە بۆ زۆرینە نیە. ئەم کێشەیە بە بەندێکی ئەساسنامەی حیزب چارەسەر ناکرێ و هێندێ مانۆری دیکەی دەوێ کە سکرتێری حیزب دەبێ توانای ئەو مانۆر و حەرەکەتەی هەبێ! لەم بارەوە من دووبارە دەگەرێمەوە سەر غایبە گەوەرەکە ئەگەر ئەندێشەی تۆلە ئەستاندنەوە وەلا بندرێ و لەجیاتی بیرۆکەی کۆنی رق و تۆلە، خۆشەویستی بکەین بە باوەر، دڵنیاتان دەکەم ئەوەی ئەمرۆ پێی دەکۆترێ قەیران لە ماوەی یەک جگەرەکێشان دا چارە سەر دەکرێ. سەیری ئەم هەوالە بکە، مام جەلال لە فەرانسە را کە گەڕاوەتەوە یەکسەر چووە بۆ دیداری رەقێبەکەی خۆی کە لە هەلبژاردنەکانی ئەم دواییانە دا لە بەرامبەر مام جەلال دا شکستی هێنا! ئەوە لە حالێکدایە کە زۆر کەس لە لایەنگرانی مام جەلال داوای تەسفییە و وەلانانی نۆشیرەوان دەکەن کە لە هەلبژاردنەکانی ئەم دواییانە دا رەقیبی مام جالال و کۆسرەت بوو بۆ بەدەستەوە گرتنی دەسەلاتی هەرە سەروو، ئایا یەکیەتی نێشتمانی قەیرانی ناوخۆیی نییە؟ ئایا وەزنی بەرێز نۆشیروان لە ناو یەکیەتی دا بە نیسبەت ئۆپۆزیسیۆنی نێوخۆیی حیزبی دێمۆکرات لە ناو حیزب دا زیاتر و قۆرسترە؟ یان ئەوان بۆ حیزب و بۆ گەلەکەیان دلسۆزترن و زیاتر هەست بە مەسئولیەت دەکەن؟!
هاوڕێی بەڕیز، کات بە خێرایی تێدەپەرێ ، تا ئەو وەزعە درێژەی هەبێ خۆشەویستی دادەبەزێ و چەواشەکاری و درۆ و بوختان هەڵبەستن بازاری گەرمتر دەبێ، دوژمنان و ناحەزان لە بەر ئەوەی بەشێک لە ئارەزووەکانیان خەرێکە وەدی دێ سەرمەست و سەرخۆشن، دۆستان بە نیگەرانییەوە چاوییان بڕیوەتە ئاکامی دانیشتنە فۆرمی و بیناوەرۆکەکان. جەسارەتێکی ئێوە و راچەنینێک دەتوانێ زۆر لە تەحلیلەکان بگۆرێ و بە بارێکی دیکەیان دا بخا، زۆر کەس ئێستاش ئومێدی هەر ماوە و چاوەرێیە هەواڵێکی خۆش ببیسێ، مێژووش قەلەمەکەی تیژ کردووه و چاوەرێیە رووداوێکی دیکە لە مێژووی حیزبی دێمۆکرات و گەلی کورد لە رۆژهەلاتی کوردستان دا تۆمار بکات.
No comments:
Post a Comment