دوو روانگەی جێاواز و دوو رێگای پیرۆز
زۆر جار باس لەوە دەکرێ کە نەدەبوو پێشەوا بە پیر دەوڵەتی و ئەرتەشی
ئێرانەوە بچێ و رێگای بارزانی بگرتایە بەر. ئەو روانگەیە مافی هەموو کەسێکە
و هەموو دڵسۆزێکی کورد مافی خۆیەتی کە لەسەر چۆنیەتی شەهید بوونی پێشەوا و
هەڵسو کەوتی ئەو گەورە پیاوەی مێژووی کوردان راو بۆچونی جیاوازی هەبێ.
منیش لێرە دا ئەگەرچی پوختەی ئەو باسەم وەک بۆچوون بۆ دۆستێکی دیکەش دانا راو بۆچوونی
خۆم سەبارەت بەو بابەتە کە نەدەبوو پێشەوا وا بە هاسانی خۆی بەدەستەوە دا
با دەردەبڕم و پێم وایە ئەوەی پیشەوا کردی نەک ناکرێ ناوی خۆ بەدەستەوە
دانی لەسەر دابنێی بەڵکوو دەبێ وەک رێگایەکی دیکەی بەرەنگار بوونەوەی
دوژمنانی ئازادی سەیر بکرێ کە کەمتر لە خەباتە چەکدارییەکە شوێنی لەسەر
خەڵک دا نەناوە و بگرە زیاتریش شوێن دانەر بووە.
گومان نییە کە
ئەگەر پێشەواش هەمان ڕچەی بارزانی نەمری گرتبایە بەر ئێستا مێژوومان جۆرێکی
دیکە دەنووسرا، باس کردنی پێشەوا و ژیان و مان و نەمانی پێشەوا نەدەبووە
ئەو داستانە کە ئەمرۆ لە سەر زار و زمانانە و بۆتە شانازییەکی گەورە و
نموونەیەکی بە نرخ لە فیداکاری. رەنگە هەر وا بە فەخر و سانازی باسی کرابا
بەڵام بە راستی نەدەبووە ئەمەی ئێستا. ئەوە بەو مانایە نییە کە ئەگەر رێگای
دووهەمی گرتبایە بەر خەراپ دەبوو بەڵکوو بەو مانایە کە ئەمەشیان خۆی
یەکێکە لە رێگاکانی خەباتی رەوا. پێشەواو بارزانی هەردووکیان بە بڕوای من
لەو کەسانەن کە رەنگە مێژوو کەمتر بە خۆیەوە ببینێ، یەکیان رێگای بەرەنگار
بوونەوەی ئاشکرا و چەکدارانەی گرتە بەر و یەکیان، بە ئاشکرا و بە زانایی
تەواو و شەهامەتی تەواوە وە بەرەو مەرگی پێرۆز هەنگاوی نا ، پۆێشەوا بەو
کارەی وەهای مەزلوومەیت و حەقانیەتی گەلی کورد بە دنیان ناساند و ستەمی
رێژیمە داگیرکەرەکانی بەرامبەر بە کورد کرد بە مێژوو کە هیچ گوڵلە و هیچ
شەڕێکی چەکداری ئەو کارە ناکات و ئەو ئەنجامە بە دەست ناهینێ. قاسملووی
نەمر سەبەرەت بەو مژارە لە کتێبی ٤٠ ساڵ خەبات لە پێناوی ئازادی دا ئاوا
دەدوی: "پێشەوا قازی لە رۆژەکانی یەکەمی شکانی کۆماری کوردستانەوە دوو
مەسەلەی زۆر بە چاکی لە بەر چاو بوو: یەکەم ئەوەی کە باش دەیزانی مردن
چاوەروانییەتی،تاقی کردنەوەی چەندین سال خەباتی گەلی کورد بۆی دەرخستبوو کە
دەگەل دوژمنیکی زۆردار و فێلباز تێکەوتووەکە بە خوێنی ئەو و هی وەک ئەو
تینووە،هەربۆیەش لەیەکەم رۆژی گیرانی را تا دادگا فەرمایشییەکەی تێکۆشا کە
خۆی بە بەرپرسی هەموو رووداوەکان و هەموو هەنگاوەکانی کۆماری کوردستان لە
قەڵەم بدا. قازی دەی هەویست بەم جۆرە هەم بە رێگاو ئامانجەکانی گەلی کورد
وەفادار بمێنێتەوە و هەم ئەوەندەی دەکرێ لە تاوانی هاورێیانی کەم بکاتەوە،
تا بەڵکوو کەمێک سزایان سووکتر بکات. "
بە بڕوای من ئەوە شێوازێکە کە
کورد دواتریش لە پیوانەی بچووکتریش دا تاقی کردەوە . ئەو کارەی پێشەوا و
نابێ بە خۆ بەدەستەوەدان دابندرێ ئەوە ستەمێکە دەرحەق بە کەسێک کە هەم
ئەوەندە وشیار و زانا بوو کە دەیزانی چارەنووسێ چییە و هەمیش بەڕاستی
کوشتاری تەورێزی دیبوو کە خەڵکیان چۆن لە سەر شەقامەکان زگ دەدڕێ! پێشەوا
نەویستووە ئەوە بەسەر خەڵکی مەهاباد بێ. ئەوە راستییەکە وحاشای لێناکرێ.
پێشەوا زۆر ئاگایانە خۆی فیدای گەل و نیشتمان کرد. هەر بۆیە بۆتە سێمبۆلی
ئازایەتی ونەبەردی و نەبەزین و بچووک و گەورەی کورد و تەنانەت دۆژمنانیش
دان بەو راستیە دا دەنین. پێشەوا بەو کارەی بۆ هەتا هەتایە دەوڵەتی ناوەندی
ئێرانی بە دەوڵەتێکی بێ بەڵێن و بێئەخلاق ناساند کە جێگای باوەڕ و متمانە
نییە و وەک خۆشی دەیکوت : "عەجەم بۆ ئەوە نابێ باوەڕی پێبکەی". بەڵام وەک
باس کرا ئەو خۆی بەدەستەوە نەدا بە نیازی پاراستنی گیانی ئەو کارەی نەکرد،
بەڵکوو رچەیەکی دیکەی لە خەبات و قوربانیدان هەڵبژارد کە جێگای خۆی گرت و
بوو بە مێژووی نەبەردی و ئازیەتی و فیداکاری.
No comments:
Post a Comment