Monday, 8 April 2013

هەژار و رەخنەی رەخنەگران

هەژار و رەخنەی رەخنە گران              برایم جەهانگیری

هەر پیاوێ حیسی تۆلەی لە دوژمن
لە دڵدا نەبێ کەمترە لە ژن

دوو ڕۆژە ئەو پۆستەم دیوە کە باس لەو شێعرە دەکات و لە سەر دیوارەکەی خۆشم هەیە چون بابەتی کاک هیدایەت لام سەرنج راکێشە . هەژار لەو شێعرەدا بە بڕوای ئێستای من ئەگەرچی هەڵەیەکی گەورەی روانینی هەیە بەڵام پێم وایە ئەوە بەو مانایە نییە کە بەو شێوەیە هەوڵی وێران کردنی بدەین، جێگای رەخنەیە و پێویستە رەخنەکە بە پێی لەبەر چاو گرتنی کات و  شووین و بێ دەمارگرژی ئیدئۆلۆژیانە لە هەژار یان هەر کەسی  دیکە بگیرێ. هەر کام لەو شاعیر و نووسەرانەی کە زۆریش خۆیان پێ مودێڕنە و رنگە لە زۆر باراندا ئەو پێناسەیە هەڵگرن هەر کەسە و لە شوێنێکەوە کەنتنێکی وای کردووە.
 نموونە، خۆم، وەبیرم دێ کە مێرمنداڵێک بووم بەو هۆیە کە بابم نێوانی دەگەڵ مەلاکان خۆش بوو و مامۆستای ئایینی زۆر باش و جێگای ڕێزیش هاتووچۆیان دەکرد بەڵام جار و بارە لە مەجلیسیان دا سەبارەت بە روانگەی ئیسلام و ژن لێم دەبیستن، ئەو روانگانە کاریان لە سەر منیش کردبوو، تا ئەو جێگایەی تا ماوەیەک خوشکەکانم نەیان دەوێرا لە ترسی من بێ لەچکە و رووسەری و دەسماڵ بێنە بەر دەرگا. دیارەو پاشان هەر لە مێر منداڵی و گەنجیشدا ئەو شتە لای من نەما.
 کورد دەڵێ" ژنیان ژن کوتووە و پیاویان  پیاو کوتووە" کورد دەڵی ئەگەر پیاوی وەرە دەرێ. ئەگەر پیاوی ئەوە بکە ، ئەوە بخۆ، ئەوە هەڵگرە. کورد دەڵی ئەگەر لە پیاوان بووی قسەی خۆت مەخۆوە" کورد دەڵێ ، دەڵیی ژنی سەرت داخستووە. دەڵێی ژنی هەر مینگەت دێ، دەڵێی ژنی....... چۆن ژن لە دیوی پیاوان دادەنیشی؟ چۆن ژن دەگەڵ پیاو لەسەر یەک سفرە نان دەخوات. چۆن ژن قاقا لێدەدات بە تایبەتی ئەمەی دواییان نیشانەی قیامەت ڕابووونە! .... " ئەوانە و سەدان وشە و رستەی دیکە لە پەسنی پیاو و لە ورد کردنی ژن لە ناو کۆمەڵگای کوردەواری دا باو بوون ئێستاش باون. ئەوانە بەرهەمی کۆمەڵگای دینی پیاو سالار و خێڵەکییە و جار و بارە لە دیدی شاعیرانیش دا رەنگیان داوەتەوە.
 ئیستا هەژاریش یەکجار و هەر بەو پێیە دوچاری ئەو هەڵەیە بووە، منیش دەگەڵتان هاوڕام و رەخنەی لەسەرە، تازە من دووجار رەخنەم لەسەرێتی، یەکەم کە ژنی بە کەم گرتووە دووهەم کە وەک مامۆستا هێمن باسی تۆڵە دەکات. توڵە و ئیتیقام وەرگرتن کارێکی ئەورۆیی و سەردەمیانە نێیە . مامۆستا هێمنیش دەڵێ :
پیرە پیاو بانگ دەکا رۆڵە     
لە بیر نەکەن تۆڵە تۆڵە
هەردوک روانگە بۆ تۆڵە کردنەوە خێڵەکین. شاعیرێکی هەرە خۆشەویست و پێشکەوتووی ئێستامان لە تاریفی پێشمەرگەی حیزبەکەی خۆیدا " پاڵەوانی دیل سووتێنەر" بەکار دێنێ .لە حاڵێکدا کەسێک دیل دەسوتێنی ئیدی ناتوانێ پاڵەوان بێ بەڵکوو تاوانبارە! تاونباری جەنگی!  جا بۆیە تکایە رەخنە بگرن بۆ ئەوەی بۆچوونەکە رەخنەی لەسەرە نەک بۆ تەسویە حیساب! چونکە ئەگەر بەو پێودانگە بێ رەنگە کەسمان قوتار نەبین. من باسی زەمان و شوێنم کردووە کوتوومە دەبێ هەر هەڵسەنگاندنة و رەخنەیەک ئەو دووەی لەبەر چاو بێ. ئەو کات کە مامۆستا هەژار شێعری وای کوتووە خەڵکی دیکە بە بارێکی دیکە دا دووچاری هەڵە دەبوون. ئەگەر ئەو شاعیری دەرباری بارزانی بووە کە باشترە بڵیین  شاعیری ئەشکەوت یان شاخ و دوڵ بووە تا کۆشک و دەربار، زۆر بوون مرید و دەروێشی کرملین و پیکەن و پیاوی ئەنوەر خۆچە بوون. من یەکێک لەوانم کە رەنگە لانی کەم ئەو دیدە بە خشکە بە پەنام دا تێپەڕی بۆیە وا دەڵێم و راستیشە تا کەس پێی وانەبێ دەگەڵ ئەومە ، بە هیچ جۆرێ ئەو باسەم بۆ ئەوە نییە کە بەرامبەر ساز بکەم و دەگەڵ کەسی تایبەتیم نییە و دوووبارەی دەکەمەوە یەک لەو جۆرە کەسانە خۆمم.
 جا هاوڕێیان ، قسە هەزارە هەر دووی بەکارە، مامۆستا هێمن و باقی شاعیرانی هاوچەرخیش هەر کەسە بە جۆرێ رەخنەی دێتەوە سەر بەڵام ئەگەر هەوڵی وێرانکردنیان بدەین بە دڵنیاییەو بەر لە وێران کردنی ئەوان خۆمان وێران دەبین. ئایا کەس هەیە پێی وا نەبێ مامۆستای پلە بەرز، شێرکۆ بێکەس شاعیری یەکیەتی نەبووە؟ کەس هەیە پێی وابێ مامۆستا هێمن سەر باقی ئەوەی زۆر روانگەی جیاواز بەتایبەتی لەم دواییانە دا لە شیعرەکانی دا رەنگیان داوەتەوە شاعیرێکی دێمۆکرات نەبووە؟ کەس هەیە پێی وابێ رەفیق سابیر شاعیری شیوعیەکان و سیاوەش کەسرایی و دەیان شاعیری ناوداری فارس توودەیی نەبوون. خۆ ناکرێ تەنیا لەبەر یەک تاقە شیعر یان لەبەر ئەوەی کە هەژار خۆی بە مریدی بارزانی زانیوە تەکفیری کەین؟ ئەدی ئەگەر وایە ئەوانەی کاتی خۆی لە مۆسکۆ باران باریبا ئەوان لە کوردستان چەتریان هەڵدەدا دەبێ چی بکەن  و ئێستا چی وڵام بدەنەوە. دنیا ئاڵو گۆڕی بەسەر دا دێ و رۆژ بە ڕۆژیش ئاڵوگۆڕەکان خێراتر دەبن، دەبێ یەکترمان بەو ئاڵۆگۆڕانەوە و بەو روانگە جیاوازانەوە قەبوول بێ. زەمانی ئینکار کردن و رەفز کردن بەسەر چووە. با وێک هەڵبکەین و رەخنەکانمان بە نیازی پاکانە حەسێو نەخەینە بەر دیدی خەڵک.

No comments:

Post a Comment