Monday, 29 April 2013

بڕۆ دڵت به‌ شه‌پۆله‌کانی ده‌ریا بسپێره‌

بڕۆ دڵت به‌ شه‌پۆله‌کانی ده‌ریا بسپێره                          برایم جه‌هانگیری


ئه‌و کاتانه‌ی دلته‌نگی بۆنی بارانی، حه‌زت له‌ دینی ژوانی نم نمه‌ی باران و زه‌وی تینوویه‌ و نایبینی. ئه‌و کاته‌ی چاوه‌کانت چاوه‌ڕیی هاتنی په‌پووله‌ باڵ نه‌خشینه‌کانن که‌ بێن و لێو بخه‌نه‌ سه‌ر لێوی گوڵ و هیچ دیار نین.... ئه‌و کاتانه‌ی دڵگرانی تانه‌ و ته‌شه‌ری دۆستانی، سه‌ری خۆت هه‌ڵگره‌ و بڕۆ قه‌راخ سه‌د و به‌نداوێک، ده‌ریایه‌ک, له‌وێ دڵت به‌ شه‌پۆله‌کانیی بسپێره‌. بڕۆ که‌نار رووبارێک و به‌ ئارامی له‌ ره‌وت و ره‌وی رووبار بڕوانه‌، ده‌گه‌ڵ هه‌ر تێپه‌ڕینێکی شه‌پۆله‌کانی ئاو بیر بکه‌وه‌ ئه‌و رۆیشتنه‌ ته‌مه‌ن و ژیانی تۆشی ده‌گه‌ڵه‌ ، ده‌گه‌ڵ ئه‌و تێپه‌ڕبوونه‌ی ئاوی رووبار کات و زه‌مان واته‌ ژیانی تۆش تێده‌په‌ری. جا بۆیه‌ هه‌وڵ بده‌ ئه‌و دنیایه‌ به‌ هێند مه‌گره‌، له‌و ئارامییه‌ چێژ وه‌رگره‌ و گوێ بۆ چریکه‌ی باڵنده‌ ره‌وه‌که‌کان هه‌ڵبخه‌ وله‌ مۆسیقای زیندوو و میلۆدی تازه‌ی نه‌بیسراو له‌ززه‌ت به‌ره‌.
بیر له‌ چی ده‌که‌یه‌وه‌ ؟ له‌ کۆشک و سه‌رسه‌رای فڵانه‌ که‌س؟ مێشکت به‌ چی گرفتار ده‌که‌ی؟ کێ چی کوتووه‌ له‌ پشته‌سه‌ر!؟ حه‌یفه‌.... ئه‌گه‌ر خه‌ڵکی دیکه‌ ناخی خۆی پڕ ده‌کات له‌ گرێ و گۆڵ و سته‌م له‌ خۆی و له‌ هه‌ست و نه‌ستی خۆی ده‌کات . تۆ وا مه‌به‌، لێیان گه‌ڕێ با هه‌رچی ده‌ێڵین بیڵێن، چۆنیان پێخۆشه‌ بیدروون و بیبڕن، تۆ بڕۆ دڵت به‌ شه‌پۆله‌کانی ده‌ریا بسپێره‌. بڕۆ و گه‌و‌ره‌یی و ئارامی و ئاسوده‌یی له‌ ده‌ریا و له‌ سروشت و له‌ جوانیه‌کانی وه‌رگره‌.
بڕۆ و له‌ ئارامی پشکوتنی چرۆی دار، خونچه‌ی گوڵیکی کێوی بڕوانه‌، گوێ راگره‌ بۆ خوڕه‌ی جۆگه‌ و کانیاوه‌کان، شنه‌ی نێرگیز و به‌یبوون ته‌ماشاکه‌ کاتێ به‌ ده‌م سروه‌ی به‌یانییه‌وه‌ سه‌ما ده‌که‌ن. گوێ بگره‌ له‌ قاسپه‌ی که‌وێکی دووره‌ ده‌ست که‌ له‌ سه‌ر دوندی چیایه‌ک، گابه‌ردێک قاسپه‌ی ئه‌و ناوه‌ی پڕ کردووه‌. ئارام ئارم به‌ره‌و دامێن داگه‌رێ ئه‌و کاته‌ی جمین و رۆچوونی سه‌وزه‌ وشینایی به‌هاری له‌ بن پێت دا هه‌ست پێده‌که‌ی. له‌ خواره‌وه‌ و له‌ده‌م رووباره‌که‌ ئه‌مجار.... ده‌ست و چاووان بشۆ و ده‌ستێک به‌ سه‌رو قژت دابێنه‌ و پڕ به‌و دۆڵ و شیوه‌ هه‌وای فێنکی به‌هاری هه‌ڵمژه‌... کێ ده‌ڵێ سبه‌ی ده‌رفه‌تی ئه‌و هه‌ناسه‌یه‌ له‌ ده‌ست ناده‌ی...

No comments:

Post a Comment