Wednesday, 26 February 2014

حکوومه‌تی هه‌رێم ئه‌ولام تات و ئه‌و لام تات





حکوومه‌تی هه‌رێم ئه‌ولام تات و ئه‌و لام تات

ماوه‌یه‌که‌ بوودجه‌ی کارمه‌ندانی هه‌ریم وبه‌ گشتی بوودجه‌ی حکوومه‌تی هه‌ریم که‌ به‌ پێی یاسای حکوومه‌تی ناوه‌ندی عێراق ده‌بێ له‌ لایه‌ن به‌غداوه‌ دابین بکرێ راگیراوه‌، هۆکاری سه‌ره‌کی وه‌ک هه‌موومان ده‌زانین هه‌نارده‌ کردنی نه‌وتی کوردستانه‌ له‌ لایه‌ن حکوومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌، ئه‌و کاره‌ ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی و ئابووری حکووومه‌تی هه‌ریم زیاتر ده‌کات و به‌ ئاشکرا ره‌وتی به‌ده‌وڵه‌ت بوونی حکوومتی کوردی خێراتر ده‌کات و هه‌ر ئه‌وه‌ش مالیکی و حکوومه‌تی ئێرانی به‌جارێ زراوبردوو کردووه‌. له‌ ناو خۆی هه‌رێمی کوردستان خه‌ڵک گوشاری له‌سه‌ره‌و له‌و هه‌لوومه‌رجه‌ ناڕازیه‌، ئامانجی حکوومه‌تی مالیکی که‌ بێگومان پیلانه‌کانی رێژیمی ئێران له‌وباره‌وه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌بات له‌و کاره‌ ئه‌مه‌یه‌ به‌ خه‌ڵکی کورد نیشان بدات که‌ حکوومه‌تی هه‌ریم چه‌نده‌ بێده‌سه‌ڵاته‌ له‌ ئاست به‌ڕیوه‌بردنی خۆی که‌ ته‌نانه‌ت ناتوانێ مووچه‌ی مانگانه‌ی کارمه‌ندانی خۆشی بدات. ئه‌و ده‌یهه‌وێ به‌ پاڵپشتی هه‌ندێ ده‌سته‌ و گرووپی ناوخۆیی کوردستان ئه‌و تۆوی ناهومێدییه‌ هه‌رچی زیاتر له‌ ناو خه‌ڵک دا بچێنێ که‌ کورد توانای به‌ڕێوه‌بردنی خۆی نییه‌ تا خه‌ون و ئاره‌زووه‌ دێرینه‌کانی بۆ بوون به‌ حکوومه‌ت به‌ جارێ له‌ بیرو هزری کۆمه‌ڵگای کوردی دا بشواته‌وه‌.




به‌داخه‌وه‌ له‌م نیوه‌ دا هه‌ندێ ده‌نگی ناشازی دژه‌ گه‌ل و دژه‌ نه‌ته‌وه‌ له‌م رۆژنامه‌و و له‌و تی ڤی ده‌بیسرێن که‌ راسته‌و راست رووی شاراوه‌یان ده‌رخستووه‌ و دییفاع له‌ مالیکی و حکوومه‌تی مالیکی ده‌که‌ن و له‌م باردووخه‌ و پێکهاتنی ئه‌م هه‌لووومه‌رجه‌ دا حکوومه‌تی هه‌رێم به‌ تاوانبار ده‌زانن و واش ده‌خه‌ڵکی دگه‌یه‌نن که‌ ئه‌مه‌ حکوومه‌تی هه‌رێمه‌ که‌ ئه‌و قه‌یرانه‌ی ساز کردووه‌ نه‌ک مالیکی. هه‌مان ئامانجی حکوومه‌تی مالیکی و حکوومه‌تی گوێ له‌ مستی ئێران له‌ لاپه‌ڕه‌ی رۆژنامه‌کان و له‌ ده‌نگ و ره‌نگی تی ڤییه‌کانیان دا ره‌نگ ده‌داته‌وه‌. ئه‌و کرده‌وه‌ هیچ گومان ناهێڵنه‌وه‌ که‌ هه‌ندێ گرووپی کوردان به‌داخه‌وه‌ تا ئێستاشی ده‌گه‌ڵ بێ نه‌ هه‌ستی نه‌ته‌وه‌ییان هه‌یه‌ و نه‌ده‌زانن نه‌ته‌وه‌ نیشتمان چییه‌و کامه‌ هه‌ڵوێست له‌به‌رژه‌وه‌ندی کورد دایه‌و کامه‌یان نا. ئه‌وان هه‌ر هه‌مان قه‌وانه‌ کۆنه‌که‌ ده‌کوتنه‌وه‌ و هه‌مان سیاسه‌تی چه‌ندین ساڵی رابردوو په‌یره‌وه‌ ده‌که‌ن که‌ دژایه‌تی کردنی حکوومه‌تی هه‌رێم به‌تایبه‌تی دوای هه‌ڵبژاردنی ئه‌م دواییانه‌ی پارله‌مانی کوردستان و ده‌رکه‌وتنی ئاکامه‌کانی ئیتر له‌وپه‌ڕی خۆیدایه. ئه‌وان راسته‌خۆ بوون به‌ ده‌نگی سپای قودسی ئیرانی و له‌ بێده‌نگی بازتاب و ره‌جا نیوز دا ده‌نگیان به‌رز و دلێره‌ .



حکوومه‌تی مالیکی و سپای قودسی ئێرانی له‌ مێژه‌ به‌ته‌مان جارێکی دیکه‌ ناوچه‌ی سلێمانی و هه‌ولێر له‌یه‌ک جودا بکه‌نه‌وه‌ و کوردستانی 4 پاڕچه‌ بکه‌نه‌وه‌ به‌ 5، ئه‌و کاره‌ش سه‌ره‌داوه‌که‌ی به‌ هاوکاری هه‌ندێ رۆژنامه‌ و گۆڤار و ته‌له‌ویزیونی کوردی خه‌ریکه‌ له‌ ئامانج نزیک ده‌بێته‌وه‌. به‌تایبه‌تی کاتێ سه‌رنج بده‌ین و بببینین که‌ پاش چه‌ند مانگ له‌ کۆتایی هاتنی هه‌ڵبژاردنی پارله‌مانی کوردستان هێشتاش لایه‌نه‌کان له‌سه‌ر به‌شه‌میرات بێ له‌به‌ر چاوگرتنی پێگه‌ و جێگه‌ی خۆیان نه‌یانهێشتووه‌ حکوومه‌تی نوێ و کابینه‌ی تازه‌ی حکوومه‌تی هه‌ریم هه‌ڵبژێردرێ.



حکوومه‌تی هه‌رێم له‌ راستی دا ئێستا وای لێهاتووه‌ ده‌بێ بڵێ ئه‌ولام تات و ئه‌م لام تات ئه‌ی بابه‌ جیقم ده‌رهات. له‌لایه‌ک ده‌گه‌ڵ پیلانه‌ مه‌ترسیداره‌کانی ئێران و سوپای قودس به‌ره‌وڕوویه‌ که‌ مالیکی به‌ڕێوه‌یه‌ ده‌بات و تاوانی دژایه‌تی کردنی حکوومه‌تی سوریه‌ که‌ دژایه‌تی کردنی ئاشکرای سیاسه‌تی ده‌ره‌کی رێژیمی ئیسلامی پێوه‌ دیاره‌ ده‌داته‌وه‌ و له‌ لایه‌کیش ده‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵێ گیروگرفتی ناوخۆیی به‌ره‌وڕوویه‌ که‌ وادیاره‌ ئاسۆی چاره‌سه‌ریان به‌و هه‌سته‌ نانیشتمانییه‌وه‌ که‌ له‌ حیزب ولایه‌نه‌کان و رۆژنامه‌ نووس و رۆشنبیره‌ نابه‌رپرسه‌کان ده‌بینرێ زۆر لێڵ و تاریکه. یه‌کێک له‌ خاڵه‌ هه‌ره‌ لاوازه‌کانی حکوومه‌تی هه‌رێم که‌ تا ئێستاش نه‌یتوانیوه‌ چاره‌سه‌ری بکات نه‌بوونی سیسته‌مێکی حکوومه‌تی ناحیزبیه‌ که‌ ده‌توانێ کێشه‌ حیزبی و سیاسییه‌ لاوه‌کیه‌کان لانی که‌م له‌ کاتی ئاوادا له‌ قه‌واره‌ی حکوومه‌ت دوور بخاته‌وه‌. خۆزگه‌ له‌و هه‌لوومه‌رجه‌ ئاسته‌مه‌ دا هه‌ردووک لایه‌نی پارتی و یه‌کیه‌تی به‌و قه‌ناعه‌ته‌ بگه‌ن که‌ کاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ واز له‌و به‌رێوه‌به‌رییه‌ حیزبی _ حکوومه‌تییه‌ بینن و خۆیان وه‌ک حیزبی سیاسی و ده‌سه‌لاتی حکوومه‌تی هه‌رێمیش وه‌ک سیسته‌مێک به‌ یاسا و بنه‌ماکانی به‌ڕێوه‌به‌ری سیسته‌می حکومه‌تی ناحیزبی بسپێرن.



No comments:

Post a Comment