Tuesday, 11 February 2014

خدر کاکیل قاره‌مانی گرتنی پێگه‌ و ره‌بیه‌کان



خدر کاکیل قاره‌مانی گرتنی پێگه‌ و ره‌بیه‌کان

ره‌نگه‌ زۆر بن ئه‌وانه‌ی ناویان له‌ مێژوودا وه‌ک خۆی و به‌ حه‌ق تۆمار نه‌کراوه‌ و زۆر که‌س ئاگای لێیان نیه‌، زۆرن ئه‌وانه‌ی به‌ ئیمان و باوه‌ڕ به‌ رێگایه‌کی پڕ له‌ سه‌روه‌ری و باوه‌ڕ به‌ ئازادی، دژایه‌تی و به‌گژداهاتنه‌وه‌ی زۆرداری و له‌ ئاکام دا فیدا کردنی ته‌مه‌ن و له‌ نهایه‌ت دا ژیان و گیانیان ده‌بوایه‌ ناویان چووبا ڕیزی قاره‌مانانی گه‌ل و په‌یکه‌ره‌ی زێریان لێدروست کرابا.

خدر کاکیل ره‌واندزی یه‌کێک له‌و ده‌یان وبگرە سەتان قاره‌مانه‌ی حیزبی شیوعی بوو که‌ له‌ سه‌ختترین کاته‌کاندا و له‌ دژوارترین رۆژه‌کانی خه‌بات دا، ته‌نگیان به‌ دوژمن هه‌ڵده‌چنی، خدر کاکیل یه‌کێک له‌و فه‌رمانده‌ ئازا و چاو نه‌ترسانه‌ بوو که‌ که‌متر ره‌بیه‌ و پایگا هه‌بوو له‌ به‌رامبه‌ر پلان و به‌رنامه‌ی گرتنی ئه‌و قاره‌مانه‌ دا خۆ رابگرێ هه‌ر بۆیه‌ به‌ "قاره‌مانی گرتنی ره‌بیه‌کان" ناوبانگی ده‌رکردبوو. 


له‌ بیرمه‌ جارێکیان له‌ پشت ئاشان و کاتێ خه‌به‌ری لێدانی ره‌بیه‌ و پێگه‌یه‌کی دوژمن له‌ لایه‌ن خدر کاکیله‌وه‌ هات که‌ گۆیا جێگاکه‌ی زۆر ئاسته‌م بووه‌، هه‌موو به‌ نیگه‌رانی چاوه‌ڕێی دوایین هه‌واڵه‌کانی ئه‌و شه‌ڕه‌ و ئاکامی ئه‌و شه‌ڕه‌ بوون. ئه‌و کات من لای چه‌ند هاوڕێیه‌کی عه‌ڕه‌ب ڕاوه‌ستابووم که‌ باسی ئاسته‌م بوونی بنکه‌ سه‌ربازیه‌که‌ی به‌عسیان ده‌کرد که‌ خدر کاکیل په‌لاماری دابوو، زۆر نیگه‌ران بوون له‌ ئاکامی شه‌ڕه‌که‌. هێنده‌ی پێنه‌چوو ده‌م و چاوه‌کان گه‌شانه‌وه‌ و خه‌به‌ر بڵاو بۆوه‌ که‌ پێگه‌ سه‌ربازیه‌که‌ به‌ ته‌واوی که‌وتۆته‌ ده‌ستی پێشمه‌رگه‌کانی شیوعی . له‌ دوا جار دا هاورێیه‌کی عه‌ڕه‌ب به‌ پێکه‌نینه‌وه‌ باسی ئه‌وه‌ی ده‌کرد که‌ له‌ له‌و هه‌ڵمه‌ته‌ دا و له‌ ماوه‌ی که‌متر له‌ سه‌عاتێکدا ده‌ستیان به‌ سه‌ر ته‌واوی ئه‌و ڕه‌بیه‌ و بنکه‌ نزامییه‌ داگرتووه‌ هه‌موو چه‌ک و چۆڵ و ته‌نانه‌ت چه‌ند ئێستری بنکه‌که‌شیان ده‌گه‌ڵ خۆیان هینابوو.


خدر کاکیل کوڕه‌ زه‌حمه‌تکێشێک، کرێکارێکی ئاره‌ق رشتوو، ره‌نجده‌ریکی به‌ مانای واقعی بوو، له‌ ساڵی 1929 له‌ شاری ره‌واندوز له‌ دایک ده‌بێ. له‌ ساڵی 1981 دا ده‌چێته‌ ڕیزی تێکۆشه‌رانی حیزبێ شیوعی و چه‌کی دیفاع له‌ گه‌له‌گه‌کی ده‌کاته‌ شان. به‌داخه‌وه‌ ئه‌و قاره‌مانه‌ که‌ داه‌بوایه‌ کورد هه‌ر به‌ هۆی ئه‌و هه‌مووه‌ زه‌بره‌ کوشنده‌ی له‌ ژێر فه‌رمانده‌یی ئه‌و دا وه‌دوژمنی دڵره‌قی وه‌ک به‌عس که‌وت په‌یکه‌ره‌ی زێڕێنی بۆ دروست بکه‌ن، له‌ مانگی ئایاری 1983 دا و له‌ گوندی بۆڵێ له‌ هێرشی یه‌کیه‌تی نیشتمانی دا بۆ سه‌ر بنکه‌ی سه‌ره‌کی و ڕێبه‌رایه‌تی حیزبی شیوعی شه‌هید ده‌بێ. من له‌ کاتی شه‌هید بوونی خدر کاکیل له‌ ده‌وروبه‌ری ئیزگه‌ی رادیۆی حیزب بووم و زۆر له‌ مه‌یدانی شه‌ڕه‌که‌ی خدر کاکیل دوور نه‌بووم، هه‌واڵی شه‌هید بوونه‌که‌یم هه‌ر ئه‌و کات بیست، تا ئه‌و ده‌قیقه‌یه‌ حیزبی شیوعی له‌و شه‌ڕه‌ دا زۆڕ شه‌هیدی دابوون به‌لام هه‌واڵی شه‌هید بوونی خدر کاکیل ته‌مێکی لێڵی پڕ له‌ خه‌م و په‌ژاره‌ به‌سه‌ر ئاسمانی پشت ئاشان و قه‌ندیلی سه‌ربه‌رز دا کێشا. به‌ ته‌واوی وجووده‌وه‌ هه‌ستم ده‌کرد که‌ چ غه‌مێکی گران ئه‌و ناوه‌ی پڕکردووه‌، ده‌نگی قرمه‌ی تفه‌نگان و ویزه‌ی گوولـله‌ چر‌که‌یه‌ک بێده‌نگ نه‌دەبوو، مه‌رگ هه‌ر چه‌ند هه‌نگاو ئه‌ولاتر بازاڕی گه‌رم بوو، به‌ڵام منیش وه‌ک یه‌کیک له‌و که‌سانه‌ی ده‌ووروبه‌ر گوێم له‌و ویزه‌ی ئه‌و گولـلانه‌ نه‌بوو به‌ڵکوو خه‌می له‌دست دانی خدر کاکیل کاس و گێژی کردبووم. ئێساتش که‌ ئه‌و باسه‌ ده‌گێڕمه‌وه‌ قورسایی ئه‌و خه‌مه‌ له‌سه‌ر سینگم به‌ته‌واوی هه‌ست پێده‌که‌م.


جگه‌ له‌مه‌ به‌ بڕوای من کاره‌ساتبارتر له‌ شه‌هید بوونی ئه‌و که‌سانه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئێستاش هیچ راگه‌یاندنیک ناوێری و نایهه‌وێ باسێ چۆنیه‌تی شه‌هید بوونه‌که‌ی بکا. باسی ئه‌و مه‌فره‌زه‌ی پژده‌ره‌ بکات له‌ شه‌ڕێکی نابه‌رابه‌ر ده‌گه‌ڵ یه‌کیه‌تی دا و له‌ حاڵێکدا ئه‌وان سه‌ری چییایان به‌ده‌سته‌وه‌ بوو په‌له‌که‌ی پژده‌ریش که‌ له‌ 24 که‌س پێکده‌هات و زیاتر له‌ نیوه‌یان شه‌هید بوون خواره‌وه‌ی دامێنی چیاکه‌یان پێ بوو، به‌ڵام ئاماده‌ نه‌بوون ته‌سلیم بن و شوێنه‌که‌ چۆل بکه‌ن. ئێستاش باسی چۆنیه‌تی شه‌هیدبوونی ئه‌وو که‌سانه‌ ناکرێ که‌ تێکڕایان ده‌بنه‌ نزیک 80 و چه‌ند که‌س چون له‌ شه‌ڕی براکوژی دا بەفەرمانی نەوشیرەوان مستەفا شه‌هید بوون، چەندین کادری خاوەن پلە و شەهادەی باڵا له‌و شه‌ڕه‌دا شه‌هید بوون که‌ له‌ وڵاتی روسیا و باقی ولاتانی ئوروپایی ڕا بۆ خزمەت بەگەل ونیشتمان گه‌ڕابوونه‌وە  و چه‌کی دژی زۆرداری و دیکتاتۆڕیان له‌ شان کردبوو. ‌ ئه‌وه‌یه‌ ئاکامی شه‌ڕی براکوژێ و ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و کاره‌ساته‌ی هه‌موومان هه‌ر ده‌م ده‌بێ نه‌فره‌تی لێبکه‌ین.


یادێ خدر کاکیل، قاره‌مانی گرتنی ره‌بیه‌کان هه‌رده‌م له‌ دڵدا زیندوو.

یادی هه‌موو قوربانیانی کاره‌ساتی شوومی شه‌ڕی براکوژی به‌خێر و نه‌فره‌ت و شه‌رمه‌زاری بۆ ئه‌و که‌س و لایه‌نانه‌ی ده‌بنه‌ سه‌به‌بی شه‌ڕی ئابڕووبه‌رانه‌ی براکوژی

No comments:

Post a Comment