Wednesday, 12 February 2014



دڵت بردم ده‌ڵێی سه‌ودایه‌ سه‌ودا
قه‌فی زنجیره‌ بسکت یانه‌ هه‌ودا
ده‌ڵێم ته‌نیا شه‌وێ دێمه‌ ژوانت
ده‌ڵێی ره‌نگه‌ که‌ بیبینی له‌ خه‌ودا
*****
دەڕۆم دیسا بۆ لای ئه‌و به‌ژن و باڵا
چ باڵایه‌کی ڕه‌خته‌ی ڕێکی واڵا
ده‌لێم کیژێ له‌ شۆڕشی نوێی خه‌یاڵم
نیاز وایه‌ ئه‌تۆ دانێم به‌ ئاڵا
*****
په‌شێواوه‌ له‌ دووریی تۆ خه‌یاڵم
شێواندووته‌ به‌ جارێ ماڵ و حاڵم
له‌ زستانی دڵی تۆدا سڕم من
ئومێده‌ بێ شنه‌ی بادی شه‌ماڵم
******
دڵت سه‌خته‌ بڵێم چۆنه‌ قه‌ڵایه‌
نیگات تیره‌ له‌ بۆ جه‌رگم به‌ڵایه‌
به‌ڵا دیاره‌ و قه‌ڵا کوانێ ده‌گیرێ
ده‌بێ چ بکه‌م ده‌گه‌ڵ تۆدا خوڵایه‌
*****
بڵێسه‌ی ئاگری ئه‌م عه‌شقه‌ خۆی بوو
نیازی کوشتن و ئازاری تۆی بوو
وه‌کوو کارمامزێ وا بوو له‌ ڕه‌ودا
له‌ ئاکار و له‌ دڵدا خووی هه‌ڵۆی بوو
*****
ده‌سا جوانێ بڕۆ ئێواره ئێوار
له‌ دڵداری منم بێ واری بێ وار
وه‌ره‌ فه‌رموو سه‌ری ئه‌م عه‌شقه‌ ببڕه‌
به‌ په‌نجه‌ی ناسکت بێ داد و هاوار

ڕه‌وه‌ند 1378 مه‌هاباد

No comments:

Post a Comment