Wednesday, 12 February 2014

نقورچێکی به‌ره‌ به‌یان

نقورچێکی به‌ره‌ به‌یان                      برایم جه‌هانگیری

یادکردنه‌وه‌ی دامه‌زرانی حکوومه‌تی ئیسلامی ئێران له‌ هه‌ولێر

نقورچێکی به‌ره‌به‌یان به‌و پرسیاره‌ ده‌ست پێده‌که‌م. گه‌لۆ ئێمه‌ چین وچمان ده‌وێ؟ ئایا ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ ده‌یکه‌ین و ده‌یڵێین به‌راوردی ده‌که‌بن ده‌گه‌ڵ 6 مه‌نگ له‌مه‌به‌ر؟ یان له‌بیرمان ده‌چێته‌وه‌ که‌ ئه‌و کات چمان کوتووه‌ و چۆنمان کوتووه‌، ئه‌من پیر بووم و که‌لـله‌ی کۆنم، یه‌کێ له‌وانی تازه‌ تێم بگه‌یه‌نێ ، بۆ له‌ مه‌یدانی سیاسه‌ت دا که‌س خه‌تی که‌س ناخوێنێته‌وه‌، بۆ نه‌ حیزب حیساب بۆ حزیبه‌که‌ی دیکه‌ ده‌کات و نه‌ ئێمه‌مانان هیچمان به‌ ڕبه‌ی یه‌کتر ده‌پێوێن؟

گه‌لی دۆست و براده‌ران، با هه‌ر قسه‌ی خۆمان بێ و له‌ نێومان ده‌رنه‌چێ، ئه‌رێ هه‌ر به‌ڕاستی ئه‌و حکوومه‌ته‌ هه‌رێمه‌ی باشوور، ئه‌و حکوومه‌ته‌ی که‌ پیس به‌دستمانه‌وه‌ گیری خواردووه‌ و که‌وتۆته‌ به‌رداشی نێوان به‌ره‌ی باکوور و رۆژهه‌ڵات و خه‌ریکه‌ وه‌ک ئه‌سپۆن ده‌یهاڕین چاری چییه‌و ته‌کلیفی چییه‌؟ چه‌ند مانگ له‌مه‌وبه‌ر که‌ ساڵرۆژی دامه‌زرانی حکوومه‌تی تورکیا بوو، له‌و هه‌ولێره‌ی پایته‌ختی کوردان مه‌راسیمی یادکردنه‌وه‌ی ئه‌و حکوومه‌ته‌ تورکییه‌ گیرا و زۆربه‌ی حیزبه‌کان به‌وانی رۆژهه‌لاتیشه‌وه‌ به‌شداریان تێدا کرد و کوردی رۆژهه‌ڵات چه‌ چه‌ و به‌ به‌هی بوو و نووسه‌ری ئه‌و دێڕانه‌ش به‌شداری حیزبه‌کانی به‌ هه‌نگاوێکی باش زانی و پێی وابوو حیزبی رۆژهه‌ڵاتیش هه‌نگاوێک له‌ به‌سته‌ڵه‌کی دیپلۆماسی دوور که‌توونه‌وه‌ و خه‌ریکن ده‌چنه‌ دنیایه‌کی تازه‌وه‌ و به‌ربه‌سته‌ کۆنه‌ کان لا ده‌ده‌ن.

ئه‌و کات که‌ کوردی رۆژهه‌ڵات به‌ گشتی ئه‌و هه‌نگاوه‌ی به‌ ئه‌رینی له‌قه‌ڵه‌م ده‌دا ، راست برایانی باکوور و لایه‌نگرانی پ ک ک که‌و‌تنه‌ خۆ و تا ئه‌و جێگایه‌ چوونه‌ پێش که‌ حیزبه‌کانی باشووریان به‌وانی رۆژهه‌ڵاتیشه‌وه‌ به‌ به‌ میت و حکوومه‌تی تورکیا به‌سته‌وه‌ و ئاداریان به‌سه‌ر پاداری ئه‌و حیزب و حکوومه‌ته‌وه‌ نه‌هێشت! دیاره‌ ئه‌وه‌ ئه‌رکی پ ک ک رۆژهه‌لاتیه‌کانه‌ نه‌ک ئه‌وانی باکوور. ئه‌مڕؤش حکوومه‌ته‌ ماڵوێرانه‌که‌ی هه‌ریم، وه‌ک حکومه‌تێکی مه‌نته‌قه‌یی و ناوچه‌یی ئیزنی به‌ کۆنسولگه‌ری رێژێمی فاشیستی ئێران داوه‌ تا ساڵیادی دامه‌زرانی رێژیم ئیسلامی ئێران له‌ کوردستان و له‌ پێته‌ختی هه‌رێم به‌رز رابگرن. دیسان هه‌مان به‌زمه‌ ئه‌و جار باکوور بیده‌نگه‌ رۆژهه‌ڵات ده‌و حکوومه‌ته‌ کوردییه‌ی هه‌ڵپێچاوه‌ که‌ بۆ رێگا ده‌دات له‌ هه‌ولێری پایته‌ختی حکوومه‌تی کوردی ئه‌و یاده‌وه‌رییه‌ بکرێته‌وه‌؟

پرسیار ئه‌مه‌یه‌، ئه‌وه‌ڵه‌ن ئه‌وه‌ی له‌ باشوور ده‌سه‌ڵاتی هه‌یه‌ حکوومه‌ته‌ نه‌ک حیزب، با ئێمه‌ پێمان وابێ حیزب حکوومه‌ت ده‌کات خه‌ڵکی هه‌نده‌ران به‌ دۆست و دوژمنه‌وه‌ ئه‌و راستیه‌ی قه‌بووڵ کردووه‌ که‌ هه‌رێمی کوردستان خاوه‌نی حکوومه‌تێکی کوردییه‌ که‌ سه‌ت قات به‌ هێزتر و ئه‌منتر و جێگه‌ی متمانه‌تره‌ له‌ حکوومه‌ته‌ ناوه‌ندییه‌که‌ی به‌غدا، بۆیه‌ زۆربه‌ی وڵاتانی دنیا له‌و هه‌رێمه‌ و له‌ پێته‌خته‌که‌ی سه‌فاره‌ت و کۆنسولگه‌ری خۆیان کردۆته‌وه‌ و له‌وێڕا به‌ خه‌یاڵێکی ئاسووده‌تر له‌وه‌ی به‌غدا پێوه‌ندییه‌ دیپلۆماسیه‌کانیان درێژه‌ ده‌ده‌ن . ئایا ئه‌گه‌ر ئه‌و حکوومه‌ت کوردییه‌ له‌ سه‌ر داوای ئێمه‌ ده‌ست له‌و پیوه‌ندیانه‌ هه‌ڵگرێ ده‌بێ ده‌گه‌ڵ کێ و له‌ کام رێگاوه‌ پێوه‌ندی بازرگانی و دیپلۆماسیه‌کانی به‌روه‌رار کات؟ هه‌رچوار ده‌وری هه‌ر ئه‌مانه‌ن و دڵنیا بن هه‌مووشی پێێ دوژمنن به‌ حکووومه‌تی ناوه‌ندی عێراقیشه‌وه‌، ئیدی ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ ناتواننن راسته‌وخۆ دوژمنایه‌تی خۆیان ده‌رببڕن یه‌کێک له‌ هۆکاره‌کان سه‌رکه‌وتنی دیپلۆماسیه‌تی حکوومه‌تی هه‌رێمه‌ . ئه‌وه‌ راستیه‌که‌ با ئێمه‌مانان پێمان ناخۆش بێ به‌ڵام ئه‌و پێوه‌ندیانه‌ و ئاسته‌م بوونی هه‌لوومه‌رجی حکوومه‌تی هه‌رێمی تێدایه‌ راست وه‌ک وه‌عزی ئه‌و مه‌لایه‌ وایه‌ که‌ ده‌ڵێ پردی سیڕات له‌ مووی باریکتره‌ و له‌ ئه‌ڵماسی تیژتره‌ و پیاوم ده‌وێ پێیدا بپه‌ڕێته‌وه‌! ئاخر بڕێک ئینساف و تۆزێ خوێندنه‌وه‌ی واقعی مه‌سه‌له‌کان خه‌راپ نییه‌. باشه‌ بۆ حیزبه‌کانی رۆژهه‌ڵات سه‌رکه‌وتنی دیپلۆماسیه‌ که‌ به‌شداری جه‌ژنی ساڵرۆژی حکوومه‌تی تورکیا بکه‌ن و بۆ کوردانی تورکیا ره‌وایه‌ پێوه‌ندیه‌ قووڵ و دیار و نادیاره‌کانیان له‌ گه‌ڵ حکوومه‌تی فاشیستی ئێران هه‌بێ وکوردانی رۆژئاوا مافی خۆیان بێ بۆ په‌ره‌ پێدانی پێوه‌ندیه‌ دیپلۆماسیه‌کانیان سه‌ردانی ئانکارا و تاران بکه‌ن و ئه‌وه‌ به‌ ده‌سکه‌وت دابندرێ به‌ڵام بۆ حکوومه‌تێک که‌ ئیعتیبار و سه‌نگی نێوده‌وڵه‌تی هه‌یه‌ ئه‌و پێوه‌ندیانه‌ خه‌یانه‌ت و جنایه‌ته‌؟

هاوڕێیان ، دۆستانی زێده‌ ئازیز، با به‌ چاوێکی واقع بینه‌وه‌ بڕواننینه‌ مه‌سه‌له‌کان، ئه‌وه‌ی که‌ حکوومه‌تی هه‌رێم رێگا ده‌دا به‌ تورکیا یان ئێران که‌ ساڵیاری دامه‌زرانی ئه‌و حکوومه‌تانه‌ له‌ هه‌رێمی کوردستان بکرێته‌وه‌ خه‌راپ نییه‌ ئه‌گه‌ر خه‌راپ بێ له‌ چۆنیه‌تی یادکردنه‌وه‌ه‌که‌دایه‌. یادکردنه‌وه‌ی مه‌رگی خومه‌یه‌نی له‌ هۆڵی پێشه‌وا قه‌باحه‌ته‌ ده‌نا ئێران ده‌ی هه‌وێ له‌و وڵاته‌ به‌ هه‌ر نیازێک بێ و یه‌ک له‌وان ره‌شکردنی حکوومه‌تی هه‌رێم له‌به‌ر چاوی کوردان ئه‌و یاده‌وه‌ری و مه‌راسیمانه‌ بگرێ و یادیان بکاته‌وه‌. خۆزگه‌ تۆزێک به‌ وردبینی زیاتره‌وه‌ و به‌ دووربینی و واقع بینییه‌وه‌ بۆ مه‌سه‌له‌کان بچین.

No comments:

Post a Comment