Saturday, 9 February 2013

پڕسیارێک له‌ به‌ڕیز دوکتور مه‌حموود عوسمان سیاسه‌توان و که‌سایه‌تی ناوداری کورد

پڕسیارێک له‌ به‌ڕیز دوکتور مه‌حموود عوسمان سیاسه‌توان و که‌سایه‌تی ناوداری کورد

به‌ڕیز کاک دوکتور مه‌حموود عوسمان له‌ به‌یاننامه‌یه‌کدا هێڕش و په‌لاماردان بۆسه‌ر کانالی ئین ئارتی مه‌حکووم ده‌کات که‌ هیچ گومانم له‌ دروستی هه‌ڵوێستی دا نییه‌. به‌لام له‌ مه‌حکووم کردنه‌که‌ دا لانی که‌می ئاماژه‌ی به‌وه‌ نه‌داوه‌ که‌ بۆهێڕش ده‌کرێته‌ سه‌ر ئه‌و کاناڵه‌ و لانی که‌م ره‌خنه‌یه‌ک و نقورچێکی بچووکی له‌و کاناڵه‌ نه‌گرتووه‌ که‌ ده‌بێ وشیار بن و له‌و کات و هه‌لو مه‌ره‌جه‌ دا ریگا نه‌ده‌ن به‌ هۆی که‌سانێکه‌وه‌ بشێوی بخزێته‌ ناو ماڵی کورد و دووباره‌ و له‌ خۆرا کێشه‌ و سه‌رئێشه‌ی لاوه‌کی تووشی ماڵی نه‌هێنده‌رێک و پێکی کورد ببێ. وێرای مه‌حکووم کردنی هێرشبه‌ران بۆسه‌ر کاناڵی ئین ئارتی ده‌بوو جنێو و سووکایه‌تی بۆ سه‌ر بارزانیش که‌ له‌و کاناڵه‌ بلاوبۆته‌وه‌ مه‌حکووم کرابا تا هه‌م پارسه‌نگی عه‌داڵه‌ت راگیرابا و هه‌م مێدیاش وشیار بووباوه‌ که‌ ناوتوانێ به‌ نێوی ئازادییه‌وه‌ هه‌رچی قسه‌ و سووکایه‌تییه‌ له‌ دژی سه‌رکرده‌ و که‌سایه‌تیه‌کانی کورد بلاو کلاته‌وه‌.

منیش یه‌کێک له‌و که‌سانه‌م که‌ هه‌میشه‌ پاڵپشتی مێدیای ئازادم کردووه‌ و پێم وابێ ئه‌گه‌ر پێناسه‌یه‌کی گرینگی وڵاتانی دیمۆکراتیک بکه‌ین بێ له‌به‌ر چاوگرتنی مێدیای ئازاد وه‌ک کۆله‌که‌ی چواره‌می دێمۆکراسی ئه‌و پێناسه‌یه‌ له‌نگ و لۆری تێدایه‌. پرسیار لێره‌دا ئه‌مه‌یه‌ ئایا مێدیای ئازاد له‌ کام وڵاتی پێشکه‌وتوو دا بێڕێزی به‌ سه‌رکرده‌ و به‌ کاسه‌یه‌ته‌ییه‌ سیاسییه‌کان ده‌کات؟ ئایا به‌راستی هه‌ندێ به‌ ناو رۆژنامه‌ نووس و ره‌شنووسی جنێو نووس و به‌دوور‌ له‌ بیر و فه‌لسه‌فه‌ی ئازادی، خه‌ڵکی ئێمه‌یان هێنده‌ پێ بێ مایه‌یه‌ که‌ جنێو وسووکایه‌تی به‌ نێوی ره‌خنه‌ گرتن ده‌رخواردی خه‌ڵک بده‌ن؟ ئایا ئێمه‌ له‌ کوێی ئه‌و جیهانه‌ قه‌رارمان گرتووه‌ که‌ هه‌میشه‌ نیوه‌ی به‌تاڵێ په‌رداخه‌که‌ ده‌بینین وه‌ نیوه‌که‌ی دیکه‌ نا؟ من لێره‌دا ته‌نیا مه‌به‌ستم ئه‌و جنێودانه‌ نییه‌ که‌ له‌ کاناڵی ئین ئارتی به‌ مسته‌فا بارزانی ده‌کرێ، له‌ ماوه‌ی رابردوودا گه‌لێ رۆژان ئه‌و بێڕێزیانه‌م له‌ په‌یجه‌کانی فه‌یس بووکی گؤڕان و یه‌کیه‌تی به‌رامبه‌ر به‌ بارزانی دیوه‌، له‌ په‌یجی گۆران به‌رامبه‌ر به‌ یه‌کیه‌تی هه‌ر وه‌تر، له‌ په‌یجی یه‌کیه‌تی به‌رامبه‌ر به‌ گۆڕان عه‌ینی شت، دژ به‌ ئیسلامیه‌کان، ئیسلامیه‌کان دژ به‌وانی دیکه‌......له‌ کورتی بیبڕمه‌وه‌ و لێره‌دا با به‌ ئاشکرا قسه‌بکه‌ین، من باسی جنێو سووکایه‌تی ده‌که‌م باسی ره‌خنه‌ نییه‌. بۆچی هه‌وڵی بن بڕکردنی ئه‌و کولتووره‌ سه‌قه‌ته‌ی ده‌ورانی به‌عس ناده‌ن. کێ ده‌بێ ئه‌و ئاهۆیه‌ بن بڕ بکات؟ رۆژنامه‌ نووس؟ ئه‌وانه‌ی خۆیان سه‌نگه‌رێکی نوێیان به‌ ناوێ بیری نوێه‌وه‌ به‌ شووره‌ی جنێو سووکایه‌تی له‌ ده‌وری مێشکی ئه‌و لاوانه‌ هه‌ڵچنی که‌ نه‌ هزری شه‌ڕی شاخ و نه‌ کولتور وئه‌ده‌بیاتی شه‌ڕی ناوخۆیان له‌بیر مابوو؟! کێ ئه‌و لاوانه‌ی وا لێکردووه‌ له‌ جیاتی بیری نیشتمانخۆشه‌ویستی و له‌ جیاتی رێز له‌ بیر و باوه‌ڕی یه‌کتر نان ئاوا به‌ربوونه‌ گیانی یه‌کتر و هه‌رچی رۆژێک گیانی و ماڵی ژیانی له‌ پێناو ئه‌و نیشتمانه‌ دا دانابێ بکه‌وێته‌ به‌رلوتف و مه‌رحه‌مه‌تی به‌ ناو رۆژنامه‌ نووس و ره‌خنه‌گر؟! ئایا که‌ست پێشک دێ له‌و ماوه‌یه‌دا له‌ ژێر بارانی جنێو سووکایه‌تی ئه‌و کۆمه‌ڵه‌ خه‌ڵکه‌ قوتار بووبێ؟ هه‌ر دوور نه‌ڕۆین دوای نه‌خۆش که‌وتنی به‌رێز تاڵه‌بانی چی ما به‌و سه‌رکرده‌یه‌ی نه‌که‌ن لێره و له‌وێ؟ كێ ده‌بێ له‌ دژی ئه‌و نه‌ریته‌ چه‌وته‌ خێڵه‌کیه‌ و یه‌کجار دواکه‌وتوویه‌، که‌به‌داخه‌وه‌ خه‌ریکه‌ به‌ نێوی بیر و باوه‌ڕی نوێیه‌وه‌‌ به‌ خشکه‌ خۆی ده‌خزێنێته‌ ناو کۆمه‌ڵگای کورده‌واری ڕاپه‌ڕێ؟
له‌ کۆتایی دا هێرش کردن بۆ سه‌ر هه‌ر مێدیایه‌ک به‌ کارێكی ئه‌وپه‌ڕ دواکه‌وتووانه‌ ده‌زانم و له‌و پێوه‌ندییه‌ دا و سه‌باره‌ت به‌و گرژیه‌ی که‌ له‌ده‌وری کاناڵی ئین ئارتی دا هه‌یه‌، ئه‌وانه‌ی خاوه‌ن مه‌سه‌له‌که‌ن و له‌ سه‌رووی هه‌مووان پارتی دیمۆکرات ده‌بێ خه‌ڵکی خۆی ئاگادار کاته‌وه‌ که‌ خۆیان له‌ کاری ناشایستی هێرش و په‌لامار دانی مێدیاکان دوور ڕابگرن. به‌ڵێ هه‌رچی به‌سه‌ر ئین ئارتی بێ قامکی تاوان به‌ره‌و رووی پارتی راده‌کێشرێ .

ده‌گه‌ڵ ئه‌وپه‌ڕی رێزمدا

برات برایم جه‌هانگیری


Dr Mahmoud Othman زۆربەتوندى هێرشى سەر کەناڵى NRT شەرمەزار ئەکەم ئەبيێت میدیاى ئازاد و نیشتمانى و پیشەیى بپارێزرێت چونکە فاکتۆرێکى گرنگە بۆ چەسپاندنى دیموکراسى و کۆمەڵگاى سیڤیل کە بۆ کوردستان پیویستن.

No comments:

Post a Comment