Saturday, 2 February 2013


خۆزگه‌...


خۆزگه‌ کورد دروشمی رووخانی رێژیمی وه‌لانابا و ئه‌و باره‌ قورسه‌ی له‌ شه‌ر شانی خۆی لا دابا و له‌ جیاتی ئه‌و دروشمه‌ داوای کردبا داگیرکه‌ر خاکه‌که‌ی چۆل بکات. به‌ من چی حکوومه‌تی تاران ئیسلامییه‌ یان پاشایه‌تی؟ به‌ من چی ئه‌و حکومه‌ته‌ چاکه‌ یان خه‌راپه‌؟ هه‌رچی هه‌یه‌ هه‌ر بۆ برایانی فارس و هه‌ر به‌شی خۆیان و ئه‌رکی خۆیانه‌ ده‌یڕوخێنن ، به‌هیزی ده‌که‌ن، وتووێژی ده‌گه‌ڵ ده‌که‌ن یان ئیسلاحی ده‌که‌ن. کورد ده‌بوو دروشمی بگۆڕی و بیکاته‌ : داگیرکه‌ر وڵاته‌که‌م و نیشتمانه‌که‌م چۆل بکه‌! ئه‌و دروشمه‌ ره‌نگه‌ راست بۆ ئه‌و ده‌م و ساته‌وه‌خته‌ نه‌بێ به‌ڵام دڵنیام هه‌ر له‌ ئێستاوه‌ جێ ده‌که‌وێ و کاریگه‌ری خۆی له‌سه‌ر کوردیش و له‌سه‌ر داگیرکه‌رانیش ده‌بێ، داگیرکه‌رانی کوردستان ئێستاش پێیان وایه‌ ئێمه‌ عه‌بد و به‌رده‌ی وانین. له‌سه‌ر خاکی باب و باپیرانمان به‌ جیاوازیخوازمان ده‌زانن. له‌سه‌ر خاک ونیشتمانی داگیر کراو ئه‌وان خاوه‌ن ماڵ و ئێمه‌ بێگانه‌ین.


داگیر که‌ری کوردستانم

نیشتمانم به‌ جێ بێڵه‌

ئه‌وه‌ خاک و زێدی منه‌ و

ته‌نیا به‌ خۆمی بسپێره‌

بارکه‌ بڕۆ

کێوه‌ ده‌چی که‌یفی خۆته‌

ئێره‌ جێ و مه‌کانی منه‌

هه‌تا زووه‌ چۆلی بکه‌

بۆ بووی به‌ داوه‌ڵ و مۆته‌

سوور ده‌زانی

شاسوارانی رێی ئازادی

په‌یمانی ئه‌وه‌یان داوه‌

له‌ سه‌ر لوتکه‌ی گشت کێوه‌کان

له‌ ده‌روازه‌ی هه‌موو شارێ،

له‌ گوونده‌کان،

قوتابخانه‌ ،

له‌ زانکۆکان....

له‌ سه‌ر گڵکۆی شهیدان دا....

به‌ سه‌ربه‌ستی بشنێته‌وه‌

ئاڵای سێ ره‌نگی کوردستان

No comments:

Post a Comment