Tuesday, 29 January 2013

تکایه‌ک و رجایه‌ک






تکایه‌ک و رجایه‌ک.....                                برایم جه‌هانگیری

له‌ شه‌هیده‌کان گه‌ڕێن، چیدیکه‌یان دابه‌ش مه‌که‌ن، بچووکیان مه‌که‌نه‌وه‌. له‌ سه‌رکرده‌کان، له‌ گیان فیدایانی کوردستان گه‌ڕێن، تکایه‌ به‌ش به‌شیان مه‌که‌ن، هه‌رکه‌س خۆی به‌ یه‌کێ هه‌ڵناوه‌سێ و پچڕ پچڕیان مه‌که‌ن....... به‌سه‌... گه‌وره‌ پیاوانی مێژووی پڕ له‌ شه‌ڕه‌ف و شانازی گه‌له‌که‌مان له‌وه‌ بچوکتر مه‌که‌نه‌وه‌. ئه‌وان تاجی سه‌ری میله‌تن، ئه‌وان و خۆشه‌وسیتی ئه‌وان بووه‌ به‌ خوێن له‌ ده‌ماره‌کانی گه‌ڵ دا ده‌گه‌ڕێ. ئه‌وان به‌ ته‌نیا هی هیچ لایه‌نێک نین، نه‌ هی حدک ، نه‌ هی حدکا، نه‌ هی کۆمه‌ڵه‌ و نه‌ هی هیچ که‌س و لایه‌نێکی دیکه‌. خۆت ده‌توانی وه‌دوای ئاره‌زووه‌ تاکه‌ که‌سیه‌کانی خۆت که‌وی. ده‌توانی به‌رژه‌وه‌ندی گشتی فیدای به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی خۆت بکه‌ی، به‌ڵام تکایه‌ شه‌هیده‌کان مه‌که‌نه‌ ده‌ستاوێز و له‌وان گه‌ڕێن، گۆڕه‌وشاریان مه‌ده‌ن. له‌مه‌ش دڵنیابه‌ ئه‌و ده‌ورانه‌ به‌سه‌ر چوو که‌ خه‌ڵک به‌گشتی و لاوانی کورد به‌تایبه‌تی به‌ هه‌موو دووعایه‌ک بڵێن ئامین! به‌ تایبه‌تی سبه‌ی به‌ چه‌پڵه‌ رێزان دوات ناکه‌ون ئه‌گه‌ر قازانجی گه‌لت له‌به‌ر چاو نه‌بێ! به‌داخه‌وه‌  وادیاره‌ جارێ هێشتا نه‌ له‌ خۆت حاڵی و نه‌ له‌ خه‌ڵکی کوردستان، با هه‌ل بڕه‌خسێ و ئاوه‌دیو بێیه‌وه‌ ئه‌وده‌م ده‌زانی چه‌نده‌ که‌م دێنی له‌ به‌رامبه‌ر لاوێکی خوێنده‌واری بیست و چه‌ند ساڵه‌ دا. هیوادارم به‌ر له‌و ده‌می وه‌خه‌به‌ر بێی........ با به‌ خۆت و به‌رابردووته‌وه‌ به‌ خۆت دا نه‌شکێیه‌وه‌.
  برام، دۆستم، هاوڕێم! ده‌ستێک به‌ چاوانت دا بێنه‌، واز له‌ رابردوو بێنه‌ و به‌ مێژووی بسپێره‌. ئه‌وه‌ گۆیی و ئه‌وه‌ مه‌یدان! چیت پێیه‌ بۆ ئه‌مڕۆ ..... چیت پێیه‌ بۆ ئاینده‌ی کورد، فه‌رموو....؟ واز له‌ ڕابردوو بێنه،‌ به‌ خۆ هه‌ڵپه‌ساردن به‌ ڕابردوو به‌ هیچ کوێ ناگه‌ی، رابردووی پڕ له‌ شانازایت هه‌ڕاج مه‌که‌ به‌ نه‌زانین و هه‌ست نه‌کردنی ئه‌مرۆ و نه‌خوێندنه‌وه‌ی ئاینده‌. سبه‌ی رۆژێ گه‌نجی ئه‌مڕۆیی رووت تێده‌کات وپێت ده‌ڵێ : کاکی برام، پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌که‌ی دۆینێ، ئه‌ی مایه‌ی شانازی و سه‌ربڵیندی مێژووم ...... تکایه‌ ئه‌مڕۆم بۆ بژێنه‌وه‌ و داهاتووم بۆ ساخ که‌وه‌. ئه‌و رابردووی به‌ شانازییه‌وه‌ به‌ ده‌فته‌ر و کتێبه‌کان سپاردووه‌!  منیش داوات لێده‌که‌م له‌و خه‌وه‌ گرانه‌ وه‌خه‌به‌ر بێی، تا که‌نگێ له‌ سفره‌ی شه‌هیدان ده‌خۆی! تا که‌نگێ خۆت به‌ شاگردی وان ده‌زانی و نی! کرداره‌که‌ت وا ده‌ڵی وا!  ده‌ڵێ تۆ شاگردی پێشه‌وا و قاسملوو و شه‌ره‌فکه‌ندی و فوادی مسته‌فا سوڵتانی  نیییییییییییییییی! تۆ له‌ خۆ به‌زلزانی خۆت دا ون بووی، ناخی نه‌رم  و نیانت پڕ کردووه‌ له‌ رق و کینه‌‌‌ و جێگای نووکه‌ ده‌رزیه‌کت بۆ خۆشویستن تێیدا نه‌هێشتۆته‌وه‌! ئه‌‌وان عاشقی وڵات بوون، ده‌روونیان که‌یلی خۆشه‌ویستی بوو، هه‌ر بۆیه‌ خۆیان فیدای نیشتمان کرد، ئه‌تۆ چی؟!
  من دۆستی تۆم ، خۆشم ده‌وێی ده‌نا بۆچی کاتم به‌ نووسینی ئه‌م دێڕانه‌وه‌ ده‌کوژم!  به‌ قسه‌م بکه‌، هیچ دره‌نگ نییه‌، هه‌ر به‌یانی زوو بڕۆکه‌نار ده‌ریا، لێنگده‌ قه‌راخ رووبارێکی خوڕێن، بچۆ ناو خڕ و دؤڵێکی به‌ سام، سه‌ر لووتکه چیایه‌کی به‌ هه‌یبه‌ت........بڕۆ.... برۆ‌ و پڕ به‌ باوه‌شی نه‌رمه‌ شه‌پۆله‌کان هه‌وای ئازاد و بێگه‌ردی به‌یانیان هه‌ڵمژه‌ و ناخی قڕێژ گرتووت هه‌ر به‌و هه‌وایه‌ خاوێن که‌وه‌و ئه‌وجار پڕی که‌ له‌ خۆشه‌ویستی. له‌ که‌ناری ڕووباره‌که‌‌ بێر له‌ ره‌وتی نه‌وه‌ستاوی ئاو بکه‌وه‌‌، ئه‌وه‌ی له‌ چرکه‌یه‌ک دا ده‌یبینی ئیتر نایبینییه‌وه‌، ئه‌وه‌ی رۆیی ئیتر رۆیی، ته‌نیا ره‌نگه‌ له‌ خاتیره‌ و بیر و هۆشت دا دیمه‌نێکی تۆمار کرابێ و به‌س . هه‌ر نه‌رمه‌ شه‌پۆلێکی که‌ دیت هه‌ر تازه‌یه‌...و له‌ چرکه‌ ساتێک دا له‌ به‌ر چاوانت ون ده‌بێ، ئه‌و به‌ پڕتاو به‌ره‌و باوه‌شی ده‌ریا به‌ڕێوه‌یه‌........برۆ کاکی برام، خوشکی ئازیزم،  له‌ ناو دۆڵ و شێوه‌کان دا باوه‌ش بگره‌وه‌ بۆ بۆ به‌هار، بۆ جوانی، بۆخۆشه‌ویستی و عه‌شق.  له‌سه‌ر لووتکه‌ چیا سه‌رکه‌شه‌کان ڕا  بڕوانه‌ نیشتمانی ره‌نگین و ئارام ئارام ده‌روونت لیپاو لیپی ساده‌یی مرۆڤ بوون بکه‌ و ته‌ژی که‌ ‌له‌بیری‌ به‌رز‌ی نیشتمان خۆشه‌ویستی و نه‌ته‌وه‌یی بوون. تکایه‌ به‌ سه‌، ئه‌وان له‌ خۆت دا مه‌بینه‌وه‌ و خۆت ببه‌ به‌ دڵۆپێک له‌ ده‌ریای پڕ له‌ ناسۆری نییشتمان و ببه‌ مه‌رهه‌مێک بۆ ساڕێژ کردنه‌وه‌ی زامه‌ به‌ ژانه‌کانی  نه‌ته‌وه‌ سته‌ملێکراوه‌که‌مان.


No comments:

Post a Comment