Thursday, 24 January 2013

بیره‌وه‌ریه‌کی کۆن له‌ نامه‌یه‌کی کۆن دا

بیره‌وه‌ریه‌کی کۆن له‌ نامه‌یه‌کی کۆن دا               برایم جه‌هانگیری

به‌ڕێز و خۆشه‌وسیت کاک ته‌حۆ

وێڕای سڵاوێکی برایانه‌ هیوادارم هه‌ر ده‌م شاد و به‌ که‌یف و بێ خه‌م بی. هاوڕێی به‌ڕێز، باوه‌ڕ بکه‌ هه‌موو ده‌مێ یادت ده‌که‌م، یادی تۆو هه‌موو ئه‌و دۆستانه‌ی پێکه‌وه‌ بووین، به‌ برسیه‌تی، به‌ نه‌داری، یادی هه‌موو ئه‌و ڕۆژانه‌ی بۆ گه‌رم راگرتنی خۆمان، به‌رده‌بووینه‌ لێڕوه‌ار، به‌ ته‌وه‌رداس، بیور و مشار. یادی ئه‌و شه‌وه‌م کوا له‌بیر ده‌چێ، شه‌وی بڕینی مێش هه‌نگوینی ناو قه‌دی دار... له‌ بن گوێی پۆڵا خۆره‌کان! یادی ئه‌و رۆژانه‌ به‌خێر. که‌ خواردنی سێ ژه‌مه‌مان بوو..قه‌یسی پێ تام و کاڵ و کرچ .. ، یان گۆشتی نه‌کوڵیوی مار و ورچ. که‌وتنه‌ سه‌ر که‌روێشکه‌ شین، ده‌م له‌سه‌ر پشت، ئه‌م شاخ ئه‌و شاخ، ئه‌م ده شتاو ده‌شت....
یادی رووباره‌ شێته‌که‌، ئه‌وبه‌ره‌وه‌ به‌ر، ده‌راوی خوار ده‌راوی سه‌ر، یادی ئه‌و هۆده‌و غورفانه‌ی به‌ ره‌نجی فه‌رهادی و ئاره‌قه‌ی وێسفه‌ غوولیی دروست کران. یه‌ک له‌ دوای یه‌ک هه‌ر کؤڵه‌که‌ی وه‌به‌ردران، یه‌ک ده‌ته‌پی، یه‌ک نیوه‌ شه‌وێ ده‌زاوه‌، لاقه‌ قوونێ نه‌جات بده‌، هه‌ر یه‌که‌و بۆ لایه‌ک ده‌چووین، هه‌ر که‌س بیرێکی له‌ حاڵی خۆ ده‌کرد، یان بن به‌ردێکی ده‌کرد به‌ لان، یان په‌نای بۆ ژووری دۆستانی دی ده‌برد...
یادیان به‌خێر ئه‌و رۆژانه‌، ئه‌و شه‌وانه‌... له‌ ناکاو خه‌به‌ر ده‌هات ئینتیشاره‌، وه‌رنه‌ ده‌رێ هاکا دیتت په‌لاماره‌! بڵاو ده‌بووین، هه‌ر یه‌که‌و بۆ لایه‌ک ده‌چووین تا ئێواره‌... ئه‌نجا یه‌ک یه‌ک و دوو دوو، کۆوه‌ ده‌بووین بێ ئه‌وه‌ی هیچ که‌س قۆچه‌قانێکمان تێبگرێ... هه‌ر واش ده‌بوو، ئاخر ئێمه‌ وه‌ک نێره‌ مێشی ناو که‌ندوو، بێجگه‌ له‌ خۆ، کوا زه‌ره‌رمان بۆ کێ هه‌بوو؟ به‌ڵام دیسان یادی هه‌موو ئه‌و رۆژانه‌ به‌خێر.
یادیان به‌خێر.. هه‌ورازه‌ که‌ر تڕینه‌که‌ی سپیگا، سپیگا خۆی سۆفی ڕه‌مۆ، لێلکان و حاجی مستۆ، که‌وه‌رتی هه‌ردی که‌وان، موسڵۆک، خه‌شۆڵ و لۆلان، کڕاوڵه‌ دێی جووله‌کان، هه‌رمووش به‌ ته‌نێ نا، هه‌ردووکیان، که‌ره‌ موززه‌لی ده‌راو، بارگینه‌ بۆر ئیستره‌ سپی هه‌ڵدێراو، خشت بڕین و به‌رد کێشان، گڵه‌ بان و قوڕه‌بان، هه‌ڵواکه‌ی شێخ قادری بانه‌، که‌ به‌زه‌مانه‌ت ده‌شیا بۆ سواغی گوێ سوانه‌، ملازم ته‌ها و تووتنی بۆگه‌نیو، به‌رده‌ زله‌که‌ی ده‌م چۆم، لانه‌ی کابرای وه‌ک به‌راز غه‌زریو..شوان و ره‌شۆی ره‌ش کوژ به‌ جووته‌، زیددی جه‌وه‌که‌ی برایمه‌ پووته‌، پاییز و راوه‌که‌وی شه‌وانه‌، شیرینین لام.. یادی هه‌مووی ئه‌وانه‌.

تێبینی: وێنه‌که‌ گووگڵ ده‌ڵێ لۆلانه

No comments:

Post a Comment