Monday, 28 January 2013

ورچی بریندار



    ورچی بریندار               برایم جه‌هانگیری
  کات و ده‌مێکی هه‌ستیار

له‌ مێژ ساڵه و‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای هاتنه‌ سه‌ر کاری رێژیمی ئیسلامی ئێران، یاغیگه‌ری و مڵهوڕی چ له‌ ئاستی ناو خۆ و چ له‌ ئاستی ده‌ره‌وه‌دا پیشه‌ی سه‌ره‌کی و ئه‌رکی شه‌رع پێسپێراوی ئه‌و رێژیمه‌ بووه‌. له‌ ناو خۆ به‌ کوشتن و ئیعدامی لاوانی وڵات به‌ تاوانه‌ ئیسپات نه‌کراوه‌کان و له‌ راستیدا ته‌نیا به‌و هۆیه‌ که‌ بیر و بۆچوونه‌کانیان ده‌گه‌ڵ ئه‌و رێژیمه‌ یه‌ک نا‌گرێته‌وه درێژه‌ی هه‌یه‌، ره‌فتاری‌ بێڕه‌حمانه‌ و دڕندانه‌ ترین شێواز له‌ هه‌ڵسو که‌وت ده‌گه‌ڵ چالاکانی سیاسیی و مه‌ده‌نی و رۆژنامه‌ نووسان، سه‌رکوتی له‌راده‌ به‌ده‌رو ره‌فتاری یه‌کجار دواکه‌وتوانه‌ی به‌رامبه‌ر به‌ ژن و بێعه‌داله‌تییه‌ له‌ ژمار نه‌هاتووه‌کانی به‌رامبه‌ر به‌و توێژه‌ی کۆمه‌ڵگا کارنامه‌ی ناوخۆیی کردار و ره‌فتاری رێژیم بووه‌.  له‌ده‌ره‌وه‌ دا ترۆری مخالیفان و که‌سایه‌تیه‌ دیار و خه‌باتکاره‌کانی هێز و لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان یه‌کێک له‌ ره‌شترین لاپه‌ڕه‌کانی مێژووی بۆ ئه‌م رێژیمه‌ تۆمار کردووه‌. کار به‌ده‌ستانی ئه‌و رێژیمه‌ هه‌رگیز له‌ ماوه‌ی زیاتر له‌ سێ ده‌یه بۆ یه‌کجاریش‌ گوێیان نه‌دایه‌ ناڵه‌ی ‌دایکانی جه‌رگ سووتاو، خۆشکانی چاوبه‌ فرمێسک و باوکی ئه‌ژنۆ شل بوو له‌ ئاست خه‌به‌ری ئیعدامی رۆڵه‌که‌ی. ئێستاش ماشێنی ئیعدام و سه‌رکوت هه‌ر وا ریگه‌ی خۆی ده‌پێوێ.
 ره‌فتاری رێژیم و هه‌لسوکه‌وتی ده‌گه‌ڵ دنیای ده‌روه‌و به‌ تایبه‌تی رۆژئاوا و نانه‌وه‌ی ئاڵۆزی و بشێوی له‌ ناوچه‌ و به‌ تایبه‌تی له‌ کێشه‌ی فه‌له‌ستینییه‌کان دا و دروست کردنی میلیشیای چه‌کداری که‌که‌ڵه‌گا وه‌ک حه‌ماسی فه‌له‌ستین و  حیزبوڵڵای لوبنان  که‌ ئه‌مه‌ی دواییان ‌ ترۆری ره‌فیق حه‌رێری و گه‌ڵی کرده‌وه‌ی ترۆریستی دیکه‌ی له‌ کارنامه‌ی خۆیدا هه‌یه‌ و هه‌میشه‌ فاکته‌رێکی گرینگی نائارامی و ناسه‌قامگیری لوبنانی بریندار بووه. ئه‌و رێکخراوه‌‌ یه‌کێک له‌ ئاسته‌نگه‌کانی به‌رده‌م چاره‌سه‌ری کێشه‌ ناوخۆییه‌کانی لوبنان و هه‌ر وه‌ها کێشه‌ی ئیسرائیل و فه‌له‌ستینه‌ ‌.  به‌رنامه‌ی ئه‌تۆمی ئێران و وتاره‌ خێڵه‌کیه‌کانی ئه‌حمه‌دی نیژاد له‌ رێکخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان و هه‌ره‌شه‌کانی  ئاشکرای ناوبراو له‌ ئیسرائیل و پاک کردنه‌وه‌ی له‌ سه‌ری نه‌خشه‌ی جوغرافیای جیهان، یارمه‌تیدانی تالیبانی تروریست و باقی گروپه‌ ئیسلامییه‌ توند ئاژۆکانی جیهان و له‌ بنه‌وپاڵه‌وه‌ش گروپه‌ ترۆریسته‌کانی عیراق ، ته‌قینه‌وه‌ی بۆنیس ئایرس له‌ ئارژانتین و ده‌یان کرده‌وه‌ی ترۆریستی دیکه‌ی دنیا، ده‌وله‌تانی رۆژئاوایی به‌و باوه‌ره‌ گه‌یاند که‌  ئیتر ئه‌و رێژیمه‌ ته‌حه‌مول ناکرێ و له‌ دوا رۆژدا ده‌توانێ ببێته‌ سه‌رچاوه‌ی شه‌ڕێکی کاره‌سات باری ناوچه‌یی که‌ له‌و دا ره‌نگه‌ گیانی میلۆنان ئینسان بکه‌وێته‌ مه‌ترسییه‌وه‌.
 ئه‌وه‌ له‌لایه‌ک و له ‌لایه‌کی دیکه‌وه‌ نیگه‌رانی تێک چوونی ئه‌منیه‌یتی ولاتانی رۆژئاوا به‌ تایبه‌تی دوای ته‌قینه‌وه‌کانی 11ی سیبتامبری 2001 له‌ لایه‌ن هیزه‌ ئیسلامییه‌ ترۆریستیه‌کان، کۆمه‌ڵگای نێو ده‌وڵه‌تی به‌گشتی له‌ ئه‌گه‌ری کاره‌ساتی زۆر گه‌وره‌تر له‌ لایه‌ن گرووپه‌ ئیسلامییه‌ ترۆریسته‌کان وشیار کرده‌وه‌. ئه‌وه‌ی که‌ ترۆریست و گروپه‌ توند ئاژووه‌ ئیسلامییه‌کان له‌ هه‌ر کوێێه‌کی ئه‌م جهانه‌ ‌بن و کردارێکی ترۆریستی ئه‌نجام بده‌ن بێ گومان ده‌ستی ئه‌و رێژیمه‌ و کاربه‌ده‌ستانی ی ئێران و سپای قودسی له‌ پشته‌ و له‌هه‌مان کاتدا‌ وه‌ک سه‌رچاوه‌ی داهات و دارایی  ئه‌و گروپانه‌ش دێته‌ ئه‌ژمار‌ ئیتر گومانی لای که‌س نه‌هێشتۆته‌وه‌. ئه‌و لێکدانه‌وه‌یه‌ وای کردووه‌ که‌ سیمای راسته‌قینه‌ی ریژیمی ئیسلامی ئێران هه‌رچی زۆرتر لای ده‌ووڵه‌تانی رۆژئاوا ئاشکرا بێ. ئه‌و هاوکاریه‌ ئاشکرا و شاراوه‌ی ئێرانی ئیسلامی ده‌گه‌ڵ ترۆریستان هه‌یه‌تی، گوامانی جیدی خسته‌ سه‌ر هه‌ڵوێست و ره‌فتاری ده‌وڵه‌تانی رۆژ ئاوا به‌ تایبه‌تی ئوروپا که‌ له‌ رابردوو دا ‌ ئه‌وان بوون که‌ له‌به‌ر خاتری به‌رژه‌وه‌ندی ئابووری و بازرگانیه‌کانی خۆیان ئیعتیبار و وه‌زنیان پێ ده‌دا.
 کرداره‌ دوور له‌ عورف و عاده‌ته‌ نیوده‌وڵه‌تیه‌کان له‌ لایه‌ن رێژیمه‌وه‌ هه‌ر وا درێژه‌ی هه‌بوو تا  له‌ ئاکام دا ئه‌و جارهێڕش کرایه‌ سه‌ر سه‌فاره‌تی ئینگلیس و سووتاندن و ئاگر تیبه‌ردانی ئه‌و سه‌فاره‌ته‌ له‌ لایه‌ن قوڵه‌به‌سیجیه‌کانی لێکه‌وته‌وه‌. ئه‌و کاره‌ بوو به‌ هۆی ئه‌وه‌ که‌ ئینگلیس سه‌فاره‌تی خۆی له‌و وڵاته‌ دابخا و زۆربه‌ی پیوه‌ندیه‌ دیپلوماسیه‌کان ده‌گه‌ڵ ئه‌و رێژیمه‌ بیپچرێنێ. چی پێنه‌چوو کانادا وه‌ک دوهه‌م ولات عه‌ینی ره‌فتاری به‌رامبه‌ر رێژیمی ئیسلامی ئێران نێشاندا و به‌ پێناسه‌ی کردنی ئێران به‌ ده‌وڵه‌تیکی ترۆریست و پشتیوانی ترۆریست و پێشێل کردنی ئاشکرای مافه‌کانی مرۆڤ له‌و ولاته‌  ده‌رگای سه‌فه‌ره‌تی ئێرانی  له‌ ئوتاوا پێته‌ختی کانادا گاڵه‌ دا و کارمه‌ندانی خۆشی له‌ تاران بانگ کردوه‌ و ته‌نانه‌ت ده‌ستی به‌سه‌ر بینای سه‌فاره‌تی رێژیمی ئیسلامی ئێرانیش داگرت.
 ئه‌و ره‌فتار و کردارانه‌ی به‌رامبه‌ر رێژیمی ئسلامی ئێران و هه‌ڵوێستی دنیای رۆژ ئاوا ئیتر هیچ گومانی له‌وه‌ دا نه‌هێشته‌وه‌ که‌ ئه‌وان به‌و قه‌ناعه‌ته‌ گه‌یشتوون‌ ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ سه‌ره‌ڕۆیه‌ی که‌ شێوه‌ی هه‌ر له‌ سه‌ده‌کانی ناوه‌ڕاست دا ده‌بینرێ به‌راستی مه‌ترسییه‌کی گه‌وره‌یه‌ بۆ سه‌ر ئارامی و سه‌قامگیری دنیا و ناوچه‌که‌ و سه‌رئه‌نجام ئه‌وانی هێنایه‌ سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ که‌ به‌رامبه‌ر به دیکتاتۆڕی ره‌شی مه‌سه‌بی،  سه‌ره‌ڕۆ و مێژوو‌ ره‌ش، هه‌ڵوێستێکی دیکه‌ بگرن و به‌ تایبه‌تی دوای مل که‌چ نه‌بوونی ئێران به‌ قه‌راره‌کانی ئاژانسی وزه‌ی ئه‌تۆمی و پێداگری له‌سه‌ر پیتاندنی ئورانیۆم،  ئیدی رۆژئاوا تاقه‌تی که‌ڵه‌گاییه‌کانی ئێرانی نه‌ما و وه‌ک یه‌که‌م هه‌نگاوی به‌ره‌نگار بوونه‌وه‌ی دیکتاتۆری دینی، ئه‌و رێژیمه‌یان خسته‌ گه‌مارۆی ئابووری هه‌مه‌ لایه‌نه‌ به‌ جۆرێک که‌ فرۆشی نه‌وت وه‌ک ته‌نیا سه‌رچاوه‌ی داهاتی رێژیم دووچاری گرفتی سه‌ره‌کی هات و ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ دواکه‌وتوویه‌ی له‌ داهاتی به‌ لێشاوی زیڕی ڕه‌ش بێبه‌ش کرد. 
 ئێستا و پاش چه‌ند مانگ داخرانی ده‌روازه‌کانی ئابووری ده‌وڵه‌تی تاران‌ و ته‌نه‌گه‌به‌ر بوونه‌وه‌ی گه‌مارووه‌کان، ده‌بینین که‌ ئه‌و گه‌مورۆیانه‌ کاریگه‌ریه‌کی وه‌های هه‌بووه‌ که‌ خه‌ریکه‌ هه‌ناسه‌یان ده‌بڕێ. به‌ ئاشکرا ده‌بینین که‌ کاربه‌ده‌ستانی ئێرانی به‌ ته‌واوی ئێشیان پێ گه‌یشتووه‌ و هه‌ر که‌سه‌ خه‌ریکه‌ ئۆباڵی ئه‌و وه‌زعه‌ یه‌کجار ناله‌باره‌ ده‌خاته‌ ئه‌ستۆی ئه‌وانی دیکه‌ و به‌ گشتی له‌ ناوخو و له‌ ناو خودی رێژیم دووبه‌ره‌کی و چه‌ند به‌ره‌کیه‌کی سه‌یر ده‌ستی پێکردووه‌ و له‌ راستیدا که‌س خه‌تی که‌س ناخوێنیته‌وه‌. ئێستا به‌ ئاشکرا ده‌بینین که‌ ئه‌وان به‌و گه‌مارووه‌ چڕانه‌ تاساون و تازه‌ ده‌زانن  و هه‌ست ده‌ه‌که‌ن که‌ چ هه‌ڵه‌یه‌کی گه‌وره‌یان کردووه‌.  به‌ڵام له‌ عه‌قڵیه‌تی کۆمه‌ڵێکی خێڵه‌کی ده‌مار گرژی ته‌سک بین دا هیچ ئاسه‌وارێک نابینرێ بۆ ئه‌وه‌ی قه‌ره‌بووی ئه‌و هه‌ڵانه‌ بکه‌نه‌وه‌ و به‌ هه‌ڵبژاردنی سیاسه‌تێکی دروست و ئو‌سولی  له‌ پێشدا رێگا بۆ ئاسایش و ئارامی  خه‌ڵکی وڵاته‌که‌ی خۆیان و پاشان بۆ ناوچه‌و جیهان بدۆزنه‌وه‌.
  ریژیم و سه‌رکرده‌ دینی و سیاسییه‌کانی ئه‌و رێژیمه‌ نائومێدی به‌ سیمایانه‌وه‌ دیاره‌، به‌ ته‌واوی شڵه‌ژاون ، لێدوانه‌ ناته‌با وپێچه‌وانه‌کانی به‌رپرسان سه‌باره‌ت به‌ مه‌سه‌له‌ جۆراو جۆره‌کان و تێکه‌ڵ پێکه‌ڵی و سه‌ر لێشێواویی له‌ ئاست رووداوه‌کانی ناوچه‌ و جیهان گاریگه‌ری ئه‌و گه‌مارووه‌ ئابووریانه‌ له‌ سه‌ر ده‌سه‌ڵاتتادارانی رێژیم به‌ روونی ده‌رده‌خا. ئه‌گه‌رچی له‌م نیوه‌ دا و هه‌ر به‌ هۆی سیاسه‌ته‌ غه‌ڵه‌ته‌کانی رێژیم خه‌ڵکی بێ ئه‌نوا و بێده‌سه‌ڵاتیش دوچاری سه‌خترین و دژوارتین رۆژه‌کانی ژیانی بۆته‌وه‌. گرانی و بێکاری بڕستی له‌ خه‌ڵکی فه‌قیر و هه‌ژاری ولات به‌ تایبه‌تی خه‌ڵکی کوردستان  بڕیوه‌ که‌ هه‌میشه‌ ده‌گه‌ڵ سته‌می چه‌ند به‌رابه‌ری ده‌سه‌ڵاتدارانی تاران به‌ره‌وروو بوون .
 راپه‌ڕینی خه‌ڵکی سوریا دژی دیکتاتۆری به‌شار ئه‌سه‌د و ئه‌گه‌ر رووخانی ئه‌و رێژێمه‌ کاریگه‌ریه‌کی یه‌کجار زۆر نه‌رینی له‌سه‌ر رێژیم و کار به‌ده‌ستانی  داناوه‌، ئه‌وان که‌ به‌ ئاشکرا پشتیوانی دیکتاتۆڕی سوریا ده‌که‌ن باش ده‌زانن که‌ به‌ رووخانی حکوومه‌تی سوریا گه‌وره‌ترین دۆست و هاو په‌یمانی ستراتیژی خۆیان له‌ ده‌ست ده‌ده‌ن و له‌ هه‌‌مان کات دا به‌ نه‌مانی ریژێمی سوریا گرینگترین ئاڵقه‌ی پێوه‌ندی نێوان ئیران و گروپه‌ تروریستیه‌کانی حه‌ماس و حیزب بوڵڵا له‌ نێو ده‌چێ و سه‌رمایه‌گوزاری زیاتر له‌ سێ ده‌یه‌ی ئه‌و رێژیمه‌ له‌سه‌ر حه‌ماس و حیزبوڵڵه‌ به‌ با ده‌درێ. هه‌ر ئه‌وه‌ی که‌ حیزبووڵله‌ بنکه‌ی سه‌ره‌کی خۆی له‌ سوریا بۆ میسر و قه‌ته‌ر ده‌گوێزێته‌وه‌ و حه‌ماسیش پێوه‌ندیه‌کانی ده‌گه‌ڵ حکوومه‌تی ئیخوانی میسر توندوتوڵتر ده‌کات و به‌ ئاشکرا و به‌ پێچه‌وانه‌ی سیاسه‌تی جاران و سیاسه‌تی ئێرانیش دیفاع له‌ راپه‌ڕینی خه‌ڵکی سوریا ده‌کات دژی به‌شار ئه‌سه‌دی دیکتاتۆر، شکستی ته‌واو عه‌یاری رێژیم له‌ بواره‌ جیاجیاکان ده‌سه‌لمێنێ.
 رێژیم کاتێ له‌ هه‌موو مه‌یدانه‌کان شکستی خۆی ده‌بینێ، وه‌ک هه‌میشه‌ تؤڵه‌ی نه‌زانی و گه‌مژه‌یی خۆی له‌ خه‌ڵکی خۆی ده‌کاته‌وه‌ و ئێستا وه‌ک ورچی بیندار به‌ربۆته‌ گیانی چالاکانی مه‌ده‌نی و رۆژنامه‌ نووسان و وا بۆ سێ رۆژی به‌رده‌وام له‌ سه‌رتاسه‌ری وڵات خه‌ریکی گرتن و راوه‌دوونانه‌ . له‌م کات و ده‌مه‌ دا مرۆڤ دوچاری دوو شێوازی بیر کردنه‌وه‌ و دوو تێبینی له‌ سه‌ر هه‌ڵسوکه‌وتی به‌ تایبه‌تی رۆژنامه‌ نووسان و چالاکانی مه‌ده‌نی ناوخۆ دێت . ئایا به‌ڕاستی خۆ پاراستن له‌ چالاکی به‌ شیوه‌ی ڕابردوو له‌و کات و ده‌مه ئاسته‌م و هه‌ستیاره‌ دا بۆ خۆپارستن له‌ تؤله‌ی رێژیمی داخ له‌ دڵی ئێران گوونجاوتر و عه‌قڵانیتره‌ یان چڕکردنه‌وه‌ی تێکۆشانه‌که‌ن بۆ هه‌رچی زیاتر له‌ قاودانی روخساری دیکتاتۆڕ. ئه‌و پرسه‌ یه‌کجار گرینگه‌ و ئه‌و لێکدانه‌وه‌یه‌ له‌ پێشدا ئه‌رکی چالاکوانانی ناوخۆیه‌و ئه‌وه‌ ئه‌وانن که‌ ده‌بێ به‌ هه‌ڵسه‌نگاندنی بار و دۆخی هه‌نووکه‌‌ هه‌رچی زووتر له‌وباره‌وه‌ لانی که‌م له‌ نێو خۆیان دا تاکتیکی گونجاو بۆ ئه‌م کاته‌ هه‌ستیاره‌ هه‌ڵبژێرن.

No comments:

Post a Comment