Friday, 3 January 2014

تاڵه‌ژین 1


تاڵه‌ژین     1

یادێک له‌ حاجی جانگیری بابم و دووهه‌ڵوێستی له‌بیر نه‌کراو

نازانم خه‌ڵکی چۆنه‌ به‌ڵام من هه‌موو رۆژێ و هه‌موو شه‌وێ ده‌گه‌ڵ بیره‌وه‌ریه‌کانی بابم بۆ کورت ماوه‌ش بێ ده‌ژیمه‌وه‌ و خاتیره‌کان زیندوو ده‌بنه‌وه‌. حاجی جانگیر که‌سایه‌تێیه‌ک بوو که‌ له‌ شاری مه‌هاباد و ده‌وروبه‌ری که‌م هه‌بوون نه‌یناسن و خۆشیان نه‌وێ، ئاخر له‌ دنیا دا دوو تاقمه‌ که‌س زۆر ناسراون ، یه‌ک ئه‌وانه‌ی خۆشه‌ویستن و دووهه‌م ئه‌وانه‌ی ناخۆشه‌ویستن، بابم به‌ خۆشییه‌وه‌ له‌وانی خۆشه‌ویست بوو.

حاجی جانگیر، دووکانی که‌لوپه‌لی خواردنی هه‌بوو له‌ کووچه‌ی سه‌ربه‌رداشی، خه‌ڵکی گونده‌کان به‌ تایبه‌تی شامات و محاڵ به‌زۆری روویان ده‌ دووکانی بابم ده‌کرد و به‌یانیان رێی رێداری نه‌بوو، په‌نیر و ماست و شیرێژ و که‌ره‌ی تاازه‌ له‌ دووکانی بابم ئاشی پێده‌گه‌را، چه‌رچی سه‌ربه‌رداشی هه‌میشه‌ قڕه‌یان بوو ده‌گه‌ڵی چوون بابم زیاتر لایه‌نی فرۆشیاره‌کان و ئه‌وانه‌ی ده‌گرت که‌ به‌ قه‌ولی خۆی رسقیان دێنایه‌ به‌رده‌ستی. چه‌ندین ساڵ له‌مه‌وبه‌ر واته ئه‌و کاته‌ی که‌ خۆم منداڵێک بووم ‌رۆژانی ته‌عتیل بابم منیشی ده‌برده‌ دووکانی خۆی و ده‌یکوت بامێشێن و جگێن و ته‌وغێن نه‌که‌ی! له‌ دوای سه‌عات 1 و 2ی پاش نیوه‌ڕۆ ئه‌وجار ده‌گه‌ڵ ره‌حمه‌تی له‌تیف یاهوو ده‌ستیان ده‌کرد به‌دامه‌، به‌ قه‌لی میرزا ئه‌حمه‌د ده‌یکوت ئێواران خه‌ڵک ده‌هاته‌ سه‌یری شه‌ڕه‌که‌ڵێ. کاتێ له‌ به‌رامبه‌ر یه‌ک داده‌مه‌زران به‌ڕاستی ره‌جز خوانی واته‌ شه‌ڕی ره‌وانییه‌که‌یان له‌ دامه‌که‌یان خۆشتر بوو، لایه‌کی کووچه‌که‌ ده‌گیرا ئه‌وه‌نده‌یان بینه‌ر هه‌بوو، تا وای لێهات مالی حاجی ڕه‌شه‌ی ئاوه‌دان بێ قاوه‌خانه‌که‌ی کرده‌ شوێنی دامه‌ی ئیدی ئه‌ویش بازاره‌که‌ی زیاتری گرت و چه‌ندین ده‌ستی ته‌خته‌ دامه‌ دانابوو، مشته‌ری به‌سه‌ر وه‌ربوون وه‌ک مارو مێرووی.

ئه‌گه‌ر دامه‌ نه‌با دۆسته‌کانی بابم له‌ لای کۆ ده‌بوونه‌وه‌ باسی قسه‌ و مه‌سه‌له‌ی جۆر به‌جۆریان ده‌کرد، هه‌ر له‌ باس و جه‌فه‌نگی نێوخۆیان ڕابگره‌ تا ده‌گه‌یشته‌ باسی "گازه‌ردی" که‌ مه‌به‌ستیان شا بوو، ئه‌و ره‌فیقانه‌ی به‌زۆری له‌ دووکانی بابم کۆ ده‌بوونه‌وه‌ بریتی بوون له‌ : ئاغای زه‌بیحی برای مامۆستا زه‌بیحی، میرزا ئه‌حمه‌د که‌ کارمه‌ندی دادگا بوو، ئاقای موفتی که‌ به‌داخه‌وه‌ نێوه‌ بچووکه‌که‌یم له‌ بیر نییه‌ به‌ڵام وابزانم بابی ره‌حمانی مفتی بوو، ماڵیان له‌ کووچه‌ی 8 میتری بوو و که‌ریم به‌فراوی مامم و چه‌ند که‌سێکی دیکه‌.
شۆڕش که‌ کرا ئێمه‌ له‌ یه‌که‌م رۆژه‌کانی شۆڕشه‌وه‌ دژی رێژیمی شا بووین. من هه‌ر ساڵی 57 و زۆر پێش رووخانی شا ئێساتاش نازانم چۆن بوو و له‌ کام رێگاوه‌ پێوه‌ندیم به‌ حیزبی دێمۆکڕاته‌وه‌ کرد و ده‌گه‌ڵ 4 که‌سی دیکه‌ ره‌سمه‌ن یه‌ک شانه‌ی حیزبیمان پێک ده‌هێنا، ک ا، ا م ، ک ... که‌ ئه‌و کات له‌ زانکۆی ورمێ ده‌یخوێند و یه‌کی دیکه‌ که‌ ناوه‌که‌یم له‌ بیر نییه‌، ئه‌وانه‌ی زۆربه‌یان ئێستاش له‌ مه‌هابادن و له‌ ژیان دا ماون، یه‌کێک له‌ کاره‌کانمان زه‌بت کردن و تۆمار کردنی دووباره‌ی به‌رنامه‌ و ئه‌ساسنامه‌ی حیزب بوو که‌ له‌ ماڵه‌ ئێمه‌ ده‌ستمان پێ کرد و زه‌پتی(ته‌سجیل) گه‌ڕه‌کێم هه‌موو به‌ ئه‌مانه‌ت وه‌رگرتبوو و به‌ ڕابیت پێکمان وه‌سڵ کردبوو به‌ڵام رۆژێ هه‌ر ده‌مان توانی چه‌ند دانه‌ی لێ زه‌بت که‌ین، ناچار پاش سێ چوار رۆژ نه‌واره‌ ئه‌سڵیه‌که‌م هه‌ڵگرت وچوومه‌ خانێ لای مامه‌ عه‌یزم که‌ به‌ عه‌یزی که‌ریمه‌ سووری ناسرابوو. ئه‌منی یه‌کجار زۆر خۆش ده‌ویست به‌ڵام ئه‌وده‌م ئه‌و شای پێ له‌ خومه‌ینی چاکتر بوو و عه‌کسی شای هه‌ر له‌ دووکانه‌که‌ی هه‌ڵواسی بوو، که‌ چوومه‌ لای داوام لێکرد بێ ئه‌وه‌ی گوێ به‌ نه‌واره‌که‌ بدا 100 کاسێتم بۆ کۆپی بکات، کوتی نابێ ، ئه‌من چۆن نه‌زانم نه‌وار چییه‌ بۆت کۆپی ده‌که‌م، ئه‌وه‌ به‌شکه‌م شتی خه‌راپی تێدا بێ! کوتم جا ئه‌تۆ ئه‌من ده‌ناسی کوا ئه‌من شتی خه‌راپ ده‌که‌م؟ کوتی نا نا بیستوومه‌ غه‌ڵه‌تی زیادی ده‌که‌ی و له‌ دژی ئه‌وه‌ (ده‌ستی بۆ وێنه‌که‌ی شای ڕاداشت) قسه‌ی قۆڕ ده‌که‌ی! ئه‌منیش کوتم خۆ ئه‌وه‌نده‌م خۆش ده‌وێ بۆیه‌ هیچ ناڵێم ده‌نا ئێستا ئه‌و عه‌کسه‌م ده‌دڕاند و ده‌ بن پێیانم ده‌خست! ده‌ستی به‌ جنیوان کرد، زۆرم لێ تووڕه‌ بوو، به‌ڵام ده‌مزانی هه‌ر چه‌ندی لێم تووڕه‌ بێ هه‌ر به‌ دڵ لێم تووڕه‌ نییه‌. دوایی کوتم زۆر چاکه‌ من ده‌بێ بگه‌ڕێمه‌وه ئه‌و نه‌واره‌م بۆ کۆپی که‌ تکایه‌. ‌کوتی هه‌تا گوێی نه‌ده‌مێ کۆپی ناکه‌م، کوتم مامه‌ گیان 50 ی لێ کۆپی که‌ و دوایه‌ گوێی بده‌یه‌، کوتی زۆر چاکه‌، ئه‌تۆ بڕۆ ده‌ورێکی لێده‌ و وه‌ره‌وه‌، کوتم هه‌تا ده‌ست پێنه‌که‌ی ناڕۆم، ده‌سگای کۆپی کردنه‌که‌ی 4 کاسێتی ده‌خوارد یه‌ک ئه‌سڵی و سێ کۆپی ده‌کرد. ده‌ستی پێکرد و منیش هه‌ر له‌ لای بووم نزیک 20 دانه‌یه‌کی کۆپی کردبوو، چوومه‌ ئه‌ودیوی ویترینه‌که‌ی و توند ماچم کرد و کوتم جا ئه‌وه‌ ده‌چم و دێمه‌وه‌.

پێم وابێ نیو سه‌عاتم پێجوو ئه‌گه‌ر هاتمه‌وه‌ نێوچاوانی وا تاڵ بوو نه‌مدوێرا چاوی لێبکه‌م، کوتم چییه‌، کوتی هه‌تیوه‌ ئه‌تۆ بۆخۆت چاوت ده‌رێ بۆ نان و دۆی منیش ده‌بڕێ! ئه‌وه‌ چییه‌ بۆ منت هێناوه‌ خودا غه‌زه‌بت لیگرێ! پێکه‌نیم و کوتم ماچێکی دیکه‌شم ده‌یه‌ به‌ قوه‌ربانت بم..... سوور هه‌ڵگه‌ڕابوو وه‌ک چه‌ونده‌ری، کوتی هاشای چه‌نده‌ به‌ حه‌یاشه‌! خۆلاسه‌ پاش چه‌رمه‌سه‌رییه‌کی زۆر نزیک 100 دانه‌ی بۆ کۆپی کردم و له‌ دوو کارتۆنانی نا و سه‌ری به‌ نه‌واری هایده‌ و مه‌هیستی داپۆشی و دایمه‌ ده‌ست، هاتمه‌وه‌ مه‌هاباد و هه‌ر که‌سه‌ له‌و براده‌رانه‌ چه‌ند ده‌نکیکی بۆ دۆستانی خۆی برد و ئه‌وی دیکه‌مان له‌ دوای نوێژی جۆمعه‌ به‌ خۆرایی دا به‌ خه‌ڵکی و له‌ راستی دا بڵاومان کرده‌وه‌.

رێژیم رووخا، له‌ نێوان رووخانی ریژیم و هاتنه‌ سه‌رکاری خومه‌ینی زۆر خاتیره‌ی تاڵ و شیرینی دیکه‌م هه‌یه‌ که‌ گێرانه‌وه‌یان ده‌بێ به‌ کتێب بێ. خومه‌ینی که‌ له‌ ته‌یاره‌ی ده‌هاته‌ خوار، ئه‌من و خودایاری باهووش برای شه‌هریاری باهووش که‌ پێشمه‌رگه‌ بووو‌ له‌ قازیاوا شه‌هید بوو، له‌ ماڵه‌ ئێمه‌ دانیشتبووین، ئه‌من خۆشیم ده‌دڵی داده‌گه‌را و باهووشییش که‌ ره‌فیقی منداڵیم بوو هه‌ر وه‌تر، به‌ڵام بابم لێکدا لێکدا جنێوی ده‌دا و ده‌یکوت کوڕه‌ رۆڵه‌ بۆ خۆتان که‌ر کردووه‌ چۆن مه‌لا بۆ شا ده‌بێ؟ چۆن مه‌لا ده‌توانێ وڵاتێکی زل و زه‌به‌لاحی وه‌ک ئێران به‌ڕیوه‌ به‌رێ؟ ئه‌و چه‌قڵه‌ سه‌مایه‌تان له‌ چییه‌؟ بابم له‌ یه‌که‌م رۆژه‌کانی هاتنه‌ سه‌ر کاری ئه‌و رێژیمه‌ دانووی ده‌گه‌ڵی نه‌کۆڵا و قه‌تی ئیمان پێنه‌هێنا و لێکدانه‌وه ساده‌‌کانی له‌ زۆر سیاستوانی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ راستتر ده‌رچوون.

له‌دوای هاتنه‌ سه‌رکاری خومه‌ینی و رێژیمه‌که‌ی بابم نوێژی جومعه‌ی نه‌کرد

درێژه‌ی هه‌یه‌

وێنه‌که‌ حاجی جانگیر بابم و سارا عه‌زیزی دایکم

No comments:

Post a Comment