Monday, 29 July 2013

کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی و شه‌ڕی کورسی

کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی و شه‌ڕی کورسی

چه‌ندین ساڵه‌ باس باسی شه‌ڕی کورسییه‌ به‌ڵام به‌راستی شه‌ڕی کورسی ئاوا ده‌بێ، له‌ کومیته‌ی ئاماده‌ کاری بۆ کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی شه‌ڕێکه‌ ئه‌وسه‌ری ناپه‌یدا! له‌ حاڵێکدا هه‌موو لایه‌ک له‌و کۆنگره‌دا به‌شدار ده‌بێ و کورسی خۆی ده‌بێ و له‌ خودی کۆنگره‌دا وجودی هه‌یه‌ به‌ڵام شه‌ڕێکه‌ له‌ سه‌ر کورسی کومیته‌ی ئاماداکاری کۆنگره‌ که‌وچکی تێناگه‌ڕێ! تێکه‌ و لێکه‌یه‌که‌ باب ئاگای له‌ کوڕێ نییه‌! جا ئه‌و خه‌ڵکه‌ چۆن له‌ یه‌ک کۆنگره‌ دا ده‌توانن یه‌ک بگرن و یه‌کریزی بپارێزن و چۆن و له‌ یه‌ک کوردستان دا ده‌حاوێنه‌وه‌ هه‌ر مه‌گه‌ر خواجه‌ حافزی شیرازی زیندوو بێته‌وه‌ و وڵامی ئه‌و پرسیاره‌ بداته‌وه‌.

په‌یامنێر زمانحاڵی پارتی ده‌ڵێ بارزانی کورسیه‌کی داوه‌ به‌ پژاک، ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ ڕاست بێ ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ ره‌هایه‌ له‌ کوێڕا هاتووه‌ که‌ بارزانی ئه‌و کورسیه‌ بدا به‌ پژاک؟ پژاک ده‌لێ کورسیه‌که‌ی ئێمه‌ له‌ کومیته‌ی ئاماده‌کاری دا قه‌تعیه‌، پ ک ک ده‌ڵێ ئه‌من کورسیه‌کی خۆم داوه‌ به‌ پژاک؟ جا ئه‌وه‌ش خۆی پرسیاره‌ بۆ مه‌گه‌ر پ ک ک چه‌ند کورسی هه‌یه‌ تا یه‌کیان بدا به‌ پژاک؟ پژاک ده‌ڵێ ئه‌و قسه‌یه‌ راست نییه‌ و ئێمه‌ له‌و سه‌ر حیسابی پ ک ک کورسیمان وه‌رنه‌گرتووه‌. حیزبه‌کانی رۆژهه‌ڵات که‌ یه‌که‌م جاره‌ پاش 30 ساڵ و پاش جودابوونه‌وه‌کان له‌ یه‌ک شت دا و ئه‌ویش له‌به‌رامبه‌ر پ ک ک و پژاک دا یه‌ک هه‌ڵوێستیان هه‌یه‌ و یه‌کگرتوون ده‌ڵێن هیچ له‌ مه‌سه‌له‌که‌ نه‌گۆڕاوه‌ و هیچ کورسیه‌ک نه‌دراوه‌ به‌ که‌س و پژاک له‌و کۆمیته‌یه‌ دا بوونی نییه‌! جا وه‌ره‌ "خود بخوان حدیث مفصل از این مجمل"؟! یان ئه‌و وشتره‌ به کونی ئه‌و ده‌رزیه‌ دا ئاوه‌دیو که‌!

Saturday, 27 July 2013

رۆژئاوا و راگه‌یاندنی ده‌و‌ڵه‌تی کوردی و چه‌ند سه‌رنجێک



رۆژئاوا و راگه‌یاندنی ده‌و‌ڵه‌تی کوردی و چه‌ند سه‌رنجێک             برایم جه‌هانگیری

وه‌ک له‌ تۆره‌ کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان و ماڵپه‌ڕی فورات نیوزی زمان حاڵی پ ک ک ده‌ر ده‌که‌وێ گۆیا له‌ رۆژئاوای کوردستان خه‌ریکه‌ ده‌وڵه‌تی کوردی دا ده‌مه‌زرێ و له‌ هه‌ندێ شوێندا ته‌نانه‌ت ناوی کابینه‌ی و سه‌رۆک وه‌زیر و وه‌زیره‌کانیش دیاری کراون. به‌ دڵنیاییه‌وه‌ هیچ کوردێکی نیشتمانپه‌روه‌ر نییه‌ که‌ به‌سه‌رکه‌و‌تنی کوردان له‌ هه‌ر یه‌ک له‌ به‌شه‌کانی دیکه‌ شاد و شاگه‌شکه‌ نه‌بێ . به‌ڵام ئه‌گه‌ر روانگه‌مان بۆ کێشه‌ی کورد روانگه‌یه‌کی سیاسیی بێ ئه‌وا نابێ له‌ هه‌ڵسه‌نداندنی ئه‌و بارودۆخه‌دا و له‌ شرۆفه‌کردنی ئه‌و راگه‌یاندنه‌ ته‌نیا پشت به‌ ئیحساسات ببه‌ستین و ئاسۆی روانینمان ده‌بێ تۆزێ فراوانتر بکه‌ینه‌وه‌.
ئایا راگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی کوردی له‌و به‌شه‌ له‌ کوردستانی داگیر کراو له‌ باری سیاسیی و جوغرافیای سیاسیه‌وه‌ له‌ چیاگای خۆیدایه‌؟ رۆژئاوای کوردستان به‌ هۆی ئه‌و بۆشاییه‌ی ده‌سه‌ڵاتی به‌عس، خۆی له‌ هه‌لومه‌رجێکی تایئبه‌ت و هه‌ستیار دا دیوه‌ته‌وه‌ و له‌ راستیدا به‌ که‌مترین هه‌زینه‌ تا ئێستا گه‌وره‌ترین ده‌سکه‌وتی بووه‌. به‌ڵام ئایا ئه‌و بۆشاییه‌ هه‌ر وا درێژه‌ی ده‌بێ؟ ئایا حکوومه‌تی به‌شار ئه‌سه‌د هه‌ر به‌و شێوه‌ی ده‌مێنێ یان باروبنه‌ ده‌پێچێته‌وه‌ و ئۆپۆزیسیۆنی جێگای متمانه‌ی غه‌رب و به‌م دواییانه‌ دا جێگای متمانه‌ی شوڕای ئه‌منیه‌تی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کانیش جێگای ده‌گرێته‌وه‌؟ هه‌موو لێکدانه‌وه‌ و زانیاریه‌کان ئه‌وه‌مان پێده‌ڵێن که‌ سه‌ره‌ڕای نیگه‌رانی دنیای رۆژئاوا له‌ بوونی هێزێکی سه‌ر به‌ ئه‌لقاعیده‌ له‌و وڵاته‌ دا به‌ڵام وادیاره‌ غه‌رب به‌ ته‌مایه‌ ئه‌سه‌د لابه‌رێ و به‌ هه‌موو نیشانه‌کانیش را دیاره‌ که‌ ئۆپۆزیسۆن و ئه‌وه‌ی پیی ده‌کوترێ سوپای ئازادی سوریا جێگای ئه‌سه‌د بگرێته‌وه‌. له‌ وه‌ها حاڵه‌تێکدا و له‌ ئه‌گه‌ری ئه‌و وه‌زعه‌ ناهه‌مواره‌ی ئێستا له‌ نیوان کورد و ئۆپۆزیسیۆن دا هه‌یه‌ ده‌بێ نیگه‌رانی ئه‌مه‌ بین که‌ له داهاتوو دا ئۆپۆزیسیۆن و ده‌سه‌ڵاتی تازه‌ ئیمتیازێکی ئه‌وتۆ بۆ کورد قایل نه‌بێ . که‌ واته‌ ‌چاره‌نووسی ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ کوردییه‌ی رۆژئاوا به‌ بڕوای من چی وا باشتیر نابێ له‌ چاره‌نووسی کۆماری مه‌هاباد. له‌م باره‌وه‌ ده‌بێ بڵێم کوردی رۆژئاوا ده‌بوو له‌ ته‌جره‌به‌ی باشوور که‌ڵک وه‌رگرێ و هه‌وڵی ئه‌وه‌ بدا که‌ وێرای پاراستنی کوردستان له‌ ده‌ستدرێژی دوژمنان نزیکی له‌ ئۆپۆزیسیۆنی ئه‌و وڵاته‌ بکاته‌ ئامانج و هاوکار بێ بۆ لابردنی به‌شار ئه‌سه‌د تا بتوانێ له‌ داهاتوو دا خواستی گه‌لی کورد له‌ یاسای بنه‌ڕه‌تی سوریا دا بچه‌سپێنێ ئه‌وه‌ی که‌ کوردانی باشوور کردیان.
ئه‌وه‌ی گرینگه‌ سبه‌ینێیه‌ که‌ ده‌بێ بیری لێبکرێته‌وه‌ ، ده‌بێ بیر له‌وه‌ بکرێته‌وه‌ که‌ هه‌رچه‌شنه‌ مافێکی کوردان و قه‌بووڵ کردنی له‌ لایه‌ن ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندییه‌وه‌ وبوونی ئه‌ومافه‌ له‌ یاسای ئه‌و وڵاته‌ دا ده‌بێته‌ گه‌وره‌ترین ده‌سکه‌وت له‌ به‌شیکی دیکه‌ی کوردستانی داگیرکراودا. هه‌ربۆیه‌ هیوادارم کوردانی رۆژئاوا گرینگی به‌وه‌ بده‌ن که‌ مافی کورد به‌ر له‌هه‌رشوێن مه‌کان ولایه‌نێکه‌وه ده‌بێ‌ له‌ لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندییه‌وه‌ به‌ ره‌سمی بناسرێ. دیاره‌ ئه‌گه‌ر هه‌ر به‌ته‌ما‌ی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی سه‌ربۆخۆی کوردی بن و توانای ئه‌وه‌یان هه‌بێ که‌ بێ منه‌ت بن له‌ دنیای ده‌ره‌وه‌ ‌ئیتر ئه‌وه‌ باسێکی دیکه‌یه‌.

به‌ره‌ی یه‌کگرتووی کورد له‌م هه‌لو مه‌رجه‌ دا ئه‌رکێکی نیشتمانیه



به‌ره‌ی یه‌کگرتووی کورد له‌م هه‌لو مه‌رجه‌ دا ئه‌رکێکی نیشتمانیه            برایم جه‌هانگیری


به‌ چاو خشاندنێکی خێرا به‌ سه‌ر ئه‌و ئاڵوگۆڕانه‌ی له‌ ناوچه‌که‌دا هه‌ن ، به‌تایبه‌تی ئه‌و ناوچانه‌ی کوردستانیان به‌ سه‌ر دا دابه‌ش کراوه‌ به‌و راستیه‌ ده‌گه‌ین که‌ کورد له‌ به‌رامبه‌ر ده‌رفه‌تێکی زێڕینی مێژووی قه‌راری گرتووه‌ ئه‌گه‌ر به‌ هه‌ڵه‌ و پڕش و بڵاوی خۆی له‌ کیسی نه‌دا.
سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئیمکان و پێشهاته‌کان که‌ وادیاره‌ به‌ گشتی له‌ قازانج و به‌رژه‌وه‌ندی کوردان دایه‌ به‌ڵام نیگه‌رانی له‌ دواڕۆژ به‌ روخساری زۆر که‌س و لایه‌نی هۆگری کار و باری سیاسییه‌وه‌ دیاره‌. خاڵی هه‌ره‌ نه‌رینی و نیگه‌تیفی ئه‌و وه‌زعیه‌ته‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ کورد و رێکخراوه‌ سیاسیه‌کانی له‌ هه‌موو کات پڕش و بڵاوترن. ئه‌و پڕش و بڵاویه‌ش ته‌نیا هۆکار وسه‌رچاوه‌که‌ی ده‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ خۆ به‌زلزانی و پاوانخوازی حیزبه‌کان و نه‌بوونی رووحیه‌ی برایه‌تی و یه‌کتر قه‌بووڵکردن. له‌م نێوه‌ دا وه‌زعی کوردی رۆژهه‌ڵات نموونه‌ی هه‌ره‌ باڵا و دیاری ئه‌و ره‌وشه‌یه‌ که‌ به‌داخه‌وه‌ سه‌رکرده‌ی حیزبه‌کان و ئه‌ندامانی ئه‌و حیزبانه‌ چاوی خۆیان له‌ ئاست ئه‌و راستیانه‌ قووچاندووه‌ و هه‌ر له‌ هه‌وای ساڵانی رابردوو و هه‌ر به‌ته‌مای قه‌زا و قه‌ده‌ر و بێ به‌رنامه‌یه‌کی واقعی و روون و پاڵیان لێداوه‌ته‌وه‌.
نه‌بوونی به‌رنامه‌یه‌کی هاوبه‌ش و پلانێکی تۆکمه‌ و له‌ نهایه‌ت دا نه‌بوونی به‌ره‌یه‌کی یه‌کگرتوو له‌ رۆژهه‌ڵاتی کوردستان پاش زیاتر له‌ 30 ساڵ خه‌بات و قوربانیدان راستی ئه‌و بۆچوونه‌ کورته‌ی سه‌ره‌وه‌مان بۆ ده‌سه‌ڵمێنێ. مه‌ترسی ئه‌و وه‌زعیه‌ته‌ کاتێک زیاتر خۆی ده‌رده‌خا که‌ قه‌یرانه‌ بێئه‌ژماره‌کانی رێژیمی ئیسلامی ئێران له‌ ژێرخانی کۆمه‌ڵگاوه‌ بێته‌ سه‌رخان و خه‌ڵکی وه‌زاڵه‌ هاتوو ته‌حه‌مولی نه‌مێنێ و له‌ ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌یه‌کی کوتوو پڕ و خێرا دا ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ ئیسلامییه‌ تا سه‌ر ئێسقان کڕمۆڵ و گه‌نده‌ڵه‌ تێکه‌وه‌ پێچێ و هه‌مان بۆشایی ساڵی 57 له‌ ئێران و کوردستانی داگیرکراو بێته‌ پێشێ، جا ئه‌و ده‌م خۆمان زانی ده‌گه‌ڵ دێمۆکرات و دێمۆکرات؟ دێمۆکرات و پژاک؟ پژاک و کۆمه‌ڵه‌ ؟ کۆمه‌ڵه‌ و دێمۆکرات؟ ئه‌و هێزانه‌ ئه‌گه‌ر ئێستا له‌ سه‌ر کومیته‌ی ئاماده‌کاری پێک نه‌یه‌ن که‌ بۆ کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی خه‌ریکی کاره‌ تیکنیکی و ئاماده‌کاریه‌کان بێ، خۆت لێکی ده‌وه‌ سبه‌ی له‌ سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی شیمال و جنووب و ناوه‌ندی کوردستان و له‌ سه‌ر کویڕه‌دێیه‌کی ئه‌م کوردستانه‌ ده‌بێ خوێنی چه‌ند لاوی کوردی به‌ده‌ستی یه‌کتری بڕژێ و جه‌رگی چه‌ند دایکی هه‌ناسه‌ سارد ده‌بێ به‌ کوچکیییه‌وه‌ بنرێ؟!

ئه‌و وه‌زعیه‌ته‌ و ئه‌و هه‌لوومه‌رجه‌ وای کردووه‌ که‌ مرۆڤ به‌جیدی نیگه‌رانی دواڕۆژ بێ، نیگه‌رانی ئه‌وه‌ی که‌ حیزبه‌کان و سیاسه‌توانان هه‌لوومه‌رجی یه‌کجار ئاسته‌می رۆژهه‌لآت هه‌ستی پێنه‌که‌ن و ده‌گه‌ڵ به‌شه‌کانی دیکه‌ی کوردستان هه‌ر به‌یه‌ک چاو سه‌یری بکه‌ن. باکور و باشور و رۆژئاوای کوردستان هه‌رکام دوو نه‌ته‌وه‌ی دیار و به‌رچاوی تێدایه‌، کورد و تورک، کورد و عه‌ڕه‌ب و کورد و عه‌ره‌ب، به‌ڵام ئێران لانی که‌م 6 نه‌ته‌وه‌ی دیاری تیدایه‌ که‌ تورک وه‌ک گه‌وره‌ترین نه‌ته‌وه‌ و گه‌وره‌ترین درواسێ وهاوسنووری کوردان گه‌وره‌ترین مه‌ترسیشه‌ بۆ کورد و بۆ خاکی کوردستان. یان لانیکه‌م گه‌وره‌ترین گرفتی خاکمان ده‌گه‌ڵ ئه‌وان هه‌یه‌. تورک دوو ده‌وله‌تی به‌ته‌واوی له‌ پشته‌ ، تورکیا و ئازه‌ربایجان. تورکه‌کان هه‌ر ئێستا خاوه‌نی به‌هێزترین و توندئاژۆترین گروپی نه‌ته‌وه‌یین‌ و یه‌کجار ده‌وڵه‌مه‌ند و به‌هیزیشن. هه‌موو ده‌بینین که‌ له‌ یانه‌ی وه‌رزیشیه‌کان ته‌نانه‌ت له‌ پایته‌ختی ئێرانیش به‌ ئاشکرا ئاڵای تورکان هه‌ڵده‌گرن و رایده‌ێشه‌کێن و باکیان به‌ که‌س نییه‌. له‌ به‌راورد ده‌گه‌ڵ وان ئێمه‌ له‌ کوێین؟ ئایا حه‌ق نییه‌ کورد و سیاسه‌تمه‌دارانی کورد بیرێک له‌ دواڕۆژی کورد بکه‌نه‌وه‌ و چیدیکه‌ بۆ ئێستا و ته‌نیا بۆ ته‌بلیغاتی حیزبی سیاسه‌ت نه‌که‌ن؟
ئایا به‌رپرسایه‌تی مێژوویی دێمۆکرات و کۆمه‌ڵه‌کان له‌ چ ئاستێک دایه‌ و به‌ کرده‌وه‌ ئه‌و هێزانه‌ چه‌نده‌ خه‌مخۆری یه‌کڕیزی ناو ماڵی کوردن؟ ئایا هیچ که‌س گومانی له‌وه‌داهه‌یه‌ که‌ گرنگترین ئومیدی سه‌رکه‌وتن له‌ یه‌کگرتنی هێزه‌کانه‌وه‌ سه‌رچاوه ده‌گرێ؟ دڵنیام هه‌موویان پێیان وایه‌ و له‌ ته‌بلیغات و راگه‌یاندنی خۆیان دا ئه‌مه‌یان کردۆته‌ بنێشته‌خۆشکه‌ به‌ڵام ئایا به‌ کرده‌وه‌ تا چ ڕاده‌یه‌ک هه‌نگاوێان بۆ هه‌ڵێناوه‌ته‌وه‌؟
کوردانی دڵسۆز و نیشتمانپه‌روه‌ر، نووسه‌ران و شاعیرانی به‌ هه‌ڵوێست، ئه‌ندامانی حیزبه‌ سیاسیه‌کان، چاوتان به‌ڕووی ئاڵوگۆره‌کان دا بکه‌نه‌وه‌ ئه‌و وه‌زعیه‌ته‌ی ئێستا ببینن که‌ له‌ مێژوو دا بۆ کورد هه‌رگیزهه‌ڵنه‌که‌تووه‌. هه‌موولایه‌ک با به‌ نوووسین و به‌ گوشار خستنه‌ سه‌ر ئه‌و ده‌سته‌یه‌ی که‌ ماڵی کوردی رۆژهه‌ڵاتیان وێران کردووه‌ ئه‌رکی نیشتمانی خۆمان به‌ جێ بگه‌یه‌نین. ئه‌مرۆ هێشتا کات و ده‌رفه‌تمان له‌به‌ر ده‌ست دایه‌ سبه‌ی دره‌نگه‌ و چمان له‌ ده‌ست نایه‌. ئه‌ندامانی حیزب و لایه‌نه‌ سیاسیه‌کان، ئه‌گه‌ر ئینسانێکی ئازادی و به‌ ئازادی لایه‌نی خۆشه‌ویستی خۆت هه‌ڵبژاردووه‌ و مێشکت ده‌ئیختیاری سیسته‌میکی داخراوی حیزبی نه‌ناوه‌، ئه‌گه‌ر بیڕ و باوه‌ڕی کوردانه‌ و نیشتمان په‌روه‌رانه‌تان هه‌یه‌ و ناتان هه‌وێ ببنه‌ ئامرازی ده‌ستی ده‌سته‌یه‌کی هه‌ل په‌ره‌ستی ناو حیزبه‌کان ، گوشار بخه‌نه‌ سه‌ر رێبه‌رایه‌تی خۆتان بۆ ئه‌وه‌ی هه‌رچی زووتر به‌ره‌یه‌کی یه‌کگرتووی کورد پێک بێ . به‌ره‌ی یه‌کگرتووی کورد له‌م هه‌لو مه‌رجه‌ دا ته‌نیا له‌ ده‌وری ئاڵای کوردستان ئه‌رکێکی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌ییه‌ و خۆ لێ گێل کردنی خه‌یانه‌ته‌!

Wednesday, 10 July 2013

قاسملوو نه‌مره


قاسملوو نه‌مره                             برایم جه‌هانگیری ‌


22ی پووشپه‌ڕ رۆژی کیمیا بارانی ویژدانی مرۆڤ، رۆژی ره‌ش هه‌ڵگه‌ڕانی ئاسمان و کۆچکردنی په‌ڕه‌سێلکه‌ کۆچه‌ره‌کان، له‌م ڕۆژه‌ دا، گه‌لی کورد ماته‌م دایگرت و رێژنه‌ی خه‌می به‌سه‌ردا باری، کۆتره‌کان له‌ گوێسوانه‌ی بانه‌کان لاره‌مل بوون و له‌ کوێستانان فرمێسکی گه‌شی شلـلێره‌ وه‌ری.
ئێستاش پاش ساله‌های ساڵ، له‌رم رۆژه‌ دا شایی و داوه‌ت و ڕه‌شبه‌ڵه‌ک له‌ بیر ده‌چنه‌وه‌ و سه‌رکانی و جێ ژوان چۆل ده‌بن و په‌پوو لێیان ده‌خوێنێ. له‌م رۆژه‌ دا درۆ و رق و چه‌قۆ به‌سه‌ر راستی و خۆشه‌ویستی وئاشتی دا زاڵ بوو. له‌م رۆژه‌ دا که‌ڵپی دراکۆلاکان بێڕه‌حمانه‌ شاده‌ماری گه‌رنی کیژی ئازادیان هه‌ڵبڕی، ئه‌هریمه‌ن باڵی فریشته‌یه‌کی شکاند و خه‌ڵتانی خوێنی کرد.... له‌م رۆژه‌ دا هاواری بێ وڵامی مه‌زلوومان په‌رده‌ی ئاسمانی دڕی.
ئه‌م فریشته‌یه‌ قاسملوو بوو، قاسملوو له‌ وڵاتی مه‌لائیکه‌ درۆزنه‌کان ، له‌ وڵاتی تاجره‌کانی ئازادی شه‌هید کرا و له‌ سات و سه‌ودایه‌کی ئاشکرا و بێ ئابڕووانه‌ دا، له‌گه‌ڵ بازگانانی فرمێسک و خوێن، له‌ گه‌ڵ چه‌ته‌کانی بزه‌، بکوژان ره‌وانه‌ی هه‌رێمی ئاسووده‌یی که‌متیار و گورگه‌ مێشه‌کان کرانه‌وه‌.
به‌ڵام بۆچی قاسملوویان ترۆر کرد؟ هه‌ر له‌و کاته‌ی که‌ هێشتا قاسملوو له‌ نێو هه‌ندێ له‌ ڕووناکبیرانی کورد دا ئه‌و جۆره‌ی پێویست بوو نه‌ ناسرابوو، راست ئه‌و کاته‌ دوژمنان زۆر چاک هه‌ستیان به‌وه‌ کردبوو که‌ قاسملوو کێیه‌! ئه‌وان زه‌نده‌قیان له‌ قاسملوو چووبوو. ته‌نانه‌ت ناوی قاسملوو نه‌تره‌ی بردبوون، ئه‌وان له‌و ده‌مانچه‌یه‌ نه‌ده‌ترسان که‌ به‌ قه‌دی قاسملووه‌ بوو، ترسی ئه‌وان له‌ هه‌نگاوه‌کانی قاسملوو بوو که‌ بێ ماندوو بوون شاخ و دؤلی کوردستانی ده‌پێوا. ترسی ئه‌وان له‌و بیر و ئه‌ندێشه‌یه‌ بوو که‌ له‌ ناو مێشکی قاسملوو دا کۆ ببووه‌ و وای کردبوو که‌ ئوروپای به‌هه‌شتی په‌نابه‌ران به‌جێ بێڵێ و شان به‌ شانی پێشمه‌رگه‌، به‌رد به‌ به‌ر‌د و گرد به‌ گرد و لووتکه‌ به‌ لووتکه‌ی ئه‌و کوردستانه‌ بکاته‌ سه‌نگه‌ر. ئه‌وان له‌و ئیمانه‌ شۆڕشگێرانه‌یه‌ ده‌ترسان که‌ که‌ له‌ ناخی قاسملوو دا له‌ مێژ بوو گوورا بوو و وای کردبوو که‌ دوو مناڵی جگه‌ر گۆشه‌ی به‌جێ بێڵێ و له‌ جیاتی "مینا" و "هیوا " کوڕان و کچانی پێشمه‌رگه‌ به‌ هه‌ستی خۆشه‌ویستی په‌روه‌رده‌ بکات.
بۆیه‌ دۆژمن دانیشت و نه‌خشه‌ و پیلانی گڵاوی داڕشت. پیلانی خاو.... خه‌یاڵی خاو...له‌ سه‌ر مێزی وتووێژ دا ده‌ستیان به‌ خوێنی گه‌شی قاسملوو سوور بوو. دڵه‌ مه‌زنه‌که‌یان له‌ لێدان خست. کاڵ فامان پێیان وابوو دوای قاسملوو سوارچاکانی رێبواراری رێگای ئازادی زه‌بری ئاوزه‌نگیان شل ده‌بێ و ده‌ستی جڵه‌ویان ده‌ته‌زێ و له‌ لووتکه‌وه‌ سه‌ربه‌ره‌و ژێر داده‌گه‌ڕێن...گه‌نده‌ پیاوان پێیان وابوو دوای ئه‌و شاسواره‌ رێڕه‌وانی رێبازه‌که‌ی هه‌تڵه‌ و لاڕێ ده‌بن و له‌ سه‌خته‌ ڕێی ئه‌وین سه‌ر ده‌رناکه‌ن! گێله‌ پیاوان نه‌یانزانی و نه‌یانزانی..که‌ قاسملووی مه‌زن به‌ گولـله‌ی شووره‌یی نامرێ، نه‌یانزانی که‌ ئه‌و خوێنه‌ و له‌ ناو ده‌مار دا ده‌گه‌ڕێ، نه‌فه‌سه‌ وله‌ خه‌و وبێداریدا به‌ ئه‌سپایی له‌ ژیان ده‌دوێ. حۆله‌ پیاوان نه‌یانزانی ئه‌م ڕچه‌ و کاروانه‌ رێیه‌ هێند کوتراوه‌ته‌وه‌ تازه‌ کوێر بوونه‌وه‌ی هه‌ر بۆ نییه‌!
ئه‌وان نه‌یانزانی هه‌ر به‌ شه‌هید بوونی قاسملوو، ته‌نانه‌ت هه‌زاران ئینسانی خه‌واڵوو له‌ خه‌و راپه‌ڕین و دوای ناسنامه‌ی ئه‌و مرۆڤه‌ که‌وتن تا بزانن ئه‌وگه‌وره‌ پیاوه‌ کێ بووه‌ ئاسووده‌یی توور هه‌ڵداوه‌ و مه‌رگی پیرۆزی هه‌ڵبژاردووه‌؟! ئه‌وان نه‌یانزانی که‌ بیری قاسملوو هه‌موو ساڵێ له‌ گه‌ڵ شنه‌ی بلاوێنی به‌هار دا و له‌ کوێستان و چیا سه‌رکه‌شه‌کانی کوردستان ڕا به‌ره‌و شار و لادێ داده‌گه‌ڕێ و ده‌بێت به‌ هه‌وێنی شێعر و په‌خشانی هه‌ستیاران، ئه‌وان نه‌یانزانی رۆژێ دادێ که‌ دیواری کۆڵان و شه‌قامی کوردستان ده‌بێته‌ ته‌خته‌ ره‌شی ده‌رس و مناڵه‌کان، قوتابیه‌ خنجیلانه‌کان لێی ده‌نووسن" قاسملوو ڕێگات درێژه‌ی هه‌یه‌" .
به‌ڵێ ئه‌وان نه‌یانزانی 22 ی پووشپه‌ڕ ده‌بیته‌ چقڵی چاویان. له‌و رۆژه‌دا لاوان‌ جل و به‌رگی کوردی له‌به‌ر ده‌که‌ن، جه‌مه‌دانی ده‌خه‌نه‌ ملیان و سۆرانی بۆ شۆڕ ده‌که‌نه‌وه‌ و به‌ هه‌نگاوی به‌ گوڕیان به‌ره‌و چواڕڕێ و مه‌یدانه‌کان وه‌ڕێ ده‌که‌ون تا جارێکی دیکه‌ له‌ گه‌ڵ دوکتور قاسملووی پێشمه‌رگه‌، له‌ گه‌ڵ هاوڕێی شه‌هیدی سه‌رکرده‌، په‌یمان نوێ که‌نه‌وه‌ ‌ ‌ و ئه‌و وانه‌یه‌ بڵێنه‌وه‌ " گه‌لێک ئازادی بوێ ده‌بێ نرخی ئه‌و ئازادیه‌ش بدا".
دوژمن پێی وابوو قاسملوو شه‌تڵه‌ گه‌ر هه‌ڵیکێشێ و بینێته‌ لاوه‌ ویشک ده‌بێ، نه‌یزانی قاسملوو لقی پیره‌ دارێکی سارد و گه‌رم چێشتووی زه‌مانه‌یه‌ و ره‌گی له‌ ناو خاک و خۆشه‌ویستی دا په‌روه‌رده‌ بووه‌، بیشی بڕن ده‌بێته‌ قه‌ڵه‌م و له‌ سه‌ر دڵی یه‌ک به‌یه‌کی مرۆڤه‌کان وشه‌ی، ئاشتی و ئازادی و دێمۆکراسی ده‌نووسێته‌وه‌ و پیره‌ داریش هه‌زار لقی دی لێده‌ڕوێته‌وه‌.

پیره‌ دار
له‌ بنارێ
پیره‌ دارێ
چه‌تری سه‌ری کانیه‌کی ساردی کوێستان بوو
له‌ خواره‌وه‌
له‌ نزمیدا
جاڕێکی پڕ دڕک و داڵ بوو
پۆڵکه‌ ماره‌ و نووسه‌نه‌که‌ی لێ ڕوابوو
پێش خه‌زه‌ڵوه‌ر
وه‌به‌ر شه‌قی با ده‌که‌وتن
جار جار سه‌ره‌نگرێ ده‌بوون
جار و باره‌ بۆی ده‌که‌وتن
که‌ سه‌یری سه‌رێیان ده‌کرد
دار به‌ ئاسته‌م ده‌شنایه‌وه‌
*********
رۆژێ له‌ پڕ کۆبوونه‌وه‌
به‌ته‌ور و داس
بیور و مشار
هه‌ڵكیانکوتایه‌ پیره‌ دار
بیور به‌ربۆ جه‌سته‌ی خه‌سته‌ی
لق و پۆپی دار
که‌وته‌ به‌ر ته‌وژمی مشار....
*****
چی پێنه‌چوو
دیسانه‌که‌ هه‌ر پیره‌ دار
لقی ده‌رکرد هه‌زاهر هه‌زار
له‌و ده‌مه‌ دا خاک تووڕه‌ بوو
بانگی جاڕ و دڕ و داڵی ئه‌م ناوه‌ی دا
هۆ ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵ "با" دان
گوێ رادێرن پێتان بێژم
پیره‌ داری ئه‌م بناره‌
بۆته‌ باڵای ئاسمان و
له‌ هه‌ر شوێنێ سه‌ر هه‌ڵبڕی هه‌ر لێت دیاره‌
پیره‌ دارم
قه‌ت به‌ ئێوه‌ له‌ بن نایه‌
پیره‌ دارم
هه‌زار ره‌گی خۆشه‌ویستی له‌ خاکدایه‌.

کۆیه‌ 1380 هه‌تاوی _ برایم جه‌هانگیری

Saturday, 6 July 2013

حه‌یا دڵۆپێکه‌ ئه‌گه‌ر تکا ... تکا


حه‌یا دڵۆپێکه‌ ئه‌گه‌ر تکا ... تکا برایم جه‌هانگیری


هه‌رچی ده‌که‌م من له‌ سیاسه‌تی یه‌کیه‌تی نیشتمانی کوردستان، ئه‌و هێزه‌ی که‌ به‌ درێژایی ته‌مه‌نی سه‌ڕه‌ڕای هه‌ڵه‌ و چه‌وتیه‌کانی له‌ سیاسه‌ت دا به‌ڵام یه‌کێک له‌و هێزه‌ شۆڕشگێرانه‌ بووه‌ که‌ به‌ سه‌دان رۆڵه‌ی ئه‌و نیشتمانه‌ له‌ رێزه‌کانی ئه‌و هێزه‌ دا له‌ پێناوی رزگاری خاک نیشتمان و کوردستانی بنده‌ست دا گیانیان به‌خت کردووه‌ .


هه‌ڵکه‌وته‌ی جوغرافیای سیاسیی کوردان وای کردووه‌ که‌ سیاسه‌ت له‌ کوردستان دا نه‌ هێنده‌ ئاسان و نه‌ وه‌ک شوێنه‌کانی دیکه‌ی دنیا ته‌نیا یه‌ک روو و لایه‌نی هه‌بێ. دژواری و گرێ و گۆڵی سیاسه‌تی کورده‌واری شتێکه‌ له‌ هیچ کوێی ئه‌م جیهانه‌ دا نموونه‌ی نابینرێ. به‌ پێیه‌ و به‌ روانینێکی مه‌نتیقی هیج که‌س و لایه‌نێک ناتوانی نکۆڵی له‌وه‌ بکات که‌ حیزبه‌کانی کوردی بۆ به‌ره‌نگار بونه‌وه‌ و خه‌بات له‌ دژی داگیرکه‌ری هه‌ر به‌شێک له‌م کوردستانه‌ پێویستیان به‌ پێوه‌ندی و ته‌نانه‌ت که‌ڵک وه‌رگرتن له‌ ده‌وه‌ڵه‌تانی ده‌روبه‌ر هه‌یه‌ بۆ به‌ره‌و پێش بردنی به‌ تایبه‌تی خه‌باتی چه‌کداری که‌ تا ئێستا کۆڵه‌که‌ی سه‌ره‌کی خه‌باتی کورد بوه‌. هه‌ر وه‌ک به‌ درێژایی مێژوو ئه‌وه‌ شته‌مان دیوه‌ و ئه‌وه‌ش ده‌زانین که‌ ده‌وڵه‌تانی داگیرکه‌ریش به‌ هه‌مان مه‌به‌ست و بۆ پێشبردنی سیاسه‌ته‌کانی خۆیان و دژایه‌تی ده‌وڵه‌ت و وڵاته‌ جیرانه‌کان هه‌وڵیان داوه‌ کورد وه‌ک کارتێک به‌کار بێنن و بیکه‌ن به‌ ئامرازێک بۆ گوشار خستنه‌ سه‌ر ده‌وڵه‌تانی ده‌وروبه‌ر. که‌ وایه‌ هه‌ردووک لا ئه‌وه‌ مافه‌ به‌ خۆ ڕه‌وا ده‌بینن و هه‌ردووکیشیان له‌و کێشه‌ و ناکۆکیانه‌ی که‌ له‌نێوان ده‌وڵه‌تان و کورد دا و له‌ نیوان ده‌وڵه‌ته‌کان ده‌گه‌ڵ یه‌کتری دا هه‌یه‌ که‌ڵک وه‌رده‌گرن . وه‌ستا و مامۆستا و زانا ئه‌وه‌یه‌ که‌ له‌م گێژاوه‌ و له‌ سیاسه‌ته‌ یه‌کجار دژواره‌ی کوردی دا بتوانێ پارسه‌نگی سیاسه‌ت و سه‌ربه‌خۆیی سیاسیی خۆی و حیزبه‌که‌ی بپارێزی که‌ به‌ هیچ جۆرێ ده‌داوی سیاسه‌ته‌کانی ده‌وڵه‌ته‌ داگیرکه‌ره‌کان نه‌که‌وێ و به‌ قازانجی ئه‌وان سیاسه‌ت نه‌کات.

.

به‌داخه‌وه‌ له‌م کات و ده‌مه‌ ئاسته‌مه‌ی باشوور و کوردستان دا ، له‌و هه‌لومه‌رجه‌ ناسکه‌ی ناوخۆی یه‌کیه‌تی نیشیتمانی دا دیسان یه‌کیه‌تی و مه‌کته‌بی راگه‌یاندنی یه‌کیه‌تی نیشتمانی هه‌ڵه‌یه‌کی میژوویی به‌ قازانجی دوژمنان و به‌ زه‌ره‌ری خۆی و به‌ زه‌ره‌ری کوردان لێ روودا، مه‌کته‌بی راگه‌یاندنی یه‌کیه‌تی ، ئه‌و یه‌کیه‌تییه‌ی هه‌میشه‌ خۆی وه‌ک هێزێکی پێشه‌نگ و هێزێکی عیلمانی و پێشکه‌وتوو ناوزه‌د کردووه‌ ، به‌ ناوی ئه‌و مه‌کته‌به‌ و به‌ شانازییه‌وه‌ کتێبێ " پێشه‌وای مه‌زن ئیمام خومه‌ینی" بڵاو ده‌کاته‌وه‌ که‌ ئیدی ئه‌وه‌ ئابڕووچونێکی ته‌واوه‌ بۆ ئه‌و حیزبه‌ که‌ ناوی خوێنخۆرترین سه‌رکرده‌ و دیکتاتۆڕی ره‌شی مه‌سه‌بی بنێی " پێشه‌وای مه‌زن" .


یه‌کیه‌تی به‌و هه‌ڵه‌یه‌ی زه‌برێکی کاریگه‌ری له‌ په‌یه‌که‌ری خۆی وه‌شاند و ئه‌من زۆرم به‌لاوه‌ سه‌یره‌ که‌ سه‌رکردایه‌تی ئه‌و حیزبه‌ چۆن توانیوێتی چاو له‌ ئاست هه‌ڵه‌ی هێنده‌ زه‌ق و که‌تنی هێنده‌ گه‌وره‌ دا بنووقێنێ! ئه‌و کاره‌ له‌ دوو حاڵه‌ت به‌ده‌ر نییه‌. یان به‌ پێی رێککه‌وتنێکی تازه‌ی ئێران و یه‌کیه‌تی وه‌ک هه‌نگاوێ یه‌که‌م ئه‌و قه‌له‌یان له‌ ئاته‌گی فڕیوه‌! یان یه‌کیه‌تی ئه‌وه‌نده‌ به‌ هیز بووه‌ که‌ منه‌تی به‌ که‌س به‌ تایبه‌تی به‌ کوردانی ڕۆژهه‌ڵات نه‌ماوه‌! من هیواد ارم وا نه‌بێ و هه‌رچی زووتر یه‌کیه‌تی نیشتمانی کوردستان به‌ پێی ئه‌خلاق و ره‌وشتی سیاسیی و به‌ شه‌هامه‌ته‌وه‌ دان به‌و هه‌ڵه‌یه‌ دابنێ و داوای لێبوردن نه‌ک هه‌ر له‌ کورد به‌ڵکوو له‌ سه‌رجه‌م کۆمه‌ڵگای به‌شه‌ری بکات چوونکه‌ خومه‌ینی هه‌ر دژی کورد نه‌بوو به‌ڵکوو ئه‌و دژی به‌شه‌ریه‌ت و مرۆڤایه‌تی بوو.
.

Friday, 5 July 2013

تاکی کورد و به‌رپرسیاره‌تیه‌کی مێژوویی


تاکی کورد و به‌رپرسیاره‌تیه‌کی مێژوویی                    برایم جه‌هانگیری

هه‌رچی واقعبینانه‌تر بڕوانینه‌ دۆخی کوردان و سیله‌ له‌ هه‌لو مه‌رجی کوردو له‌ ئاسۆی گۆڕانکاریه‌کانی ناوچه‌که‌ بگرین و لێی ورد بینه‌وه‌، ده‌بینین کورد‌، ئه‌و نه‌ته‌وه‌ زوڵم لێکراوه‌ بێبه‌شه‌ له‌ هه‌موو کات پڕش و بڵاوتره‌، زۆر بێ پرۆژه‌ و به‌رنامه‌یه‌ بۆ داهاتوو، بۆ ئه‌و داهاتوویه‌ی که‌ هه‌موولایه‌ک ده‌زانین وه‌ک لانکه‌ راده‌ژێ و هه‌رده‌م چاوه‌ڕوانی ته‌قینه‌وه‌ وئاڵۆگۆڕی جیدیی لێده‌کرێ. حیزبه‌کان و له‌ سه‌رووی هه‌موو که‌سه‌وه‌ سه‌رکردایه‌تی حیزبه‌کان خه‌تاباری سه‌ره‌کی ئه‌و وه‌زعه‌ و ئه‌و پڕش و بڵاوییه‌ن. به‌ڵام ئه‌وه‌ به‌و مانایه‌ نییه‌ که‌ به‌ده‌نه‌ هیچ تاوانێکی نیه‌ له‌ خوڵقاندنی ئه‌و بارودۆخه‌ دا. سه‌رکردایه‌تی له‌ سه‌ر بناخه‌ی به‌ده‌نه‌ داده‌مه‌زرێ. به‌ده‌نه‌ی به‌ قه‌ولی فارس ده‌ڵێن" بله‌ قربان گو " و به‌ وته‌ی کوردان مل که‌چ و بێ هه‌ڵوێست و پاکانه‌ کار له‌ روودانی هه‌ر چه‌شنه‌ که‌تنێکی داهاتوو دا چی وا له‌ سه‌رکردایه‌تی حیزبه‌کان که‌متر خه‌تابار نییه و که‌متر خه‌تابارنابێ.
خۆزگه‌ له‌م کات و ده‌مه‌ ئاسته‌م و هه‌ستیاره‌ دا لاوی کورد و رۆشنبیری کورد، یه‌که‌م هه‌نگاویان بۆ بن بڕکردنی ئه‌و کولتووره‌ سه‌قه‌ته‌ی حیزبایه‌تی ئه‌وه‌ بێ که‌ به‌ گژ خێڵی چه‌پڵه‌ دا بچێته‌وه‌ و ئه‌و تابۆیه‌ و ئه‌و پیرۆزیه‌ سه‌قه‌ته‌ تێک بشکێنێ که‌ هه‌رچی له‌ سه‌رێ ڕا هات ئه‌و هه‌ر چه‌پڵه‌ لێبدا و فه‌رمانبه‌ری بێ ئه‌م لاو ئه‌و لا و چاو به‌سته‌ بێ. ناوه‌رۆکی سانترالیزمی دێمۆکراتیک، ئه‌و ئه‌سڵه‌ی ئه‌ندام حیزبه‌کان ده‌سته‌مۆو بێ ئیراده‌ ده‌کات ده‌بێ گۆڕانی جیددی به‌سه‌ر دابێ. باسی ته‌مه‌ڕود ناکه‌م حیزبێک ته‌شکیلاتی نه‌بێ حیزب نییه‌، ئه‌ندامێک ته‌مه‌ڕۆد بکات ئه‌ندام نییه‌ و چی له‌ حیزبه‌یاه‌تی نه‌زانیوه‌. به‌ڵام ئه‌و ته‌شکیلاته‌ ته‌نیا بۆ به‌ره‌نگار بوونه‌وه‌ی موخالیفان نابێ به‌ ته‌شکیلات دا بندرێ. ته‌شکیلات ده‌بێ په‌روه‌رده‌ی دروستی ئه‌ندام و لایه‌نگرانی خۆی بکات. ته‌شکیلات نابێ چوارچیوه‌یه‌کی ته‌سکی حیزبایه‌تی به‌سه‌ر ئه‌ندام و لایه‌نگری خۆیدا بسه‌پێنێ و مێشکی بشواته‌وه‌. به‌ قه‌ولی دوکتور قاسملووی نه‌مر وه‌زیفه‌ی حیزبی شۆڕشگێر ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌ندامی خۆی به‌ بیری ئازادی و سه‌ربه‌ستی په‌روه‌رده‌ بکات. ئه‌ندامی چالاک و به‌ده‌نه‌ی زیندوو ده‌بێ به‌ بیری ره‌خنه‌گرانه په‌روه‌رده‌ بکرێ نه‌ک به‌ بیری مل که‌چ بوون و عه‌بد بوون. که‌ وایه‌ دیسان وته‌که‌ی قاسملووی نه‌مر دووباره‌ ده‌که‌مه‌وه‌ که‌ حیزب ده‌بێ ‌ئه‌ندام و لایه‌نگری خۆی له‌ حاڵه‌تی مۆره‌ بێنێته‌ ده‌رو بیکاته‌ فه‌ردێکی چالاک و زیندووی ناو کۆمه‌ڵ ! جگه‌ له‌مه‌ ته‌‌شکیلات و رێکخراو ده‌بێ توانای جووڵه‌ پێکردنی ئه‌ندام ولایه‌نگری خۆی هه‌بێ له‌ دژی دوژمنانی کورد. له‌ دژی داگیرکه‌رانی کوردستان که‌ به‌ بڕوای من حیزبه‌کانی ئێمه‌ جارێ ئه‌و توانا و رێکخستنه‌ شک نابه‌ن نه‌ له‌ ناوخۆ و نه‌ له‌ده‌ره‌وه‌.

ئه‌مه‌ له‌ لایه‌ک و له‌ لایه‌کی دیکه‌ش له‌م بارودۆخه‌ ناسکه‌ دا من یه‌کجار به‌لامه‌وه‌ سه‌یره‌ هه‌ندێ که‌س هه‌وڵ ده‌ده‌ن کورد له‌وه‌ش پڕش و بڵاوتر بن! هه‌موو ئاکار و ره‌فتاریان ته‌نیا ئه‌و په‌یامه‌ ده‌دا به‌ ئێمه‌ که‌ یان هیچ له‌ سیاسه‌ت وه‌ک هونه‌ری مومکین نازانن یان به‌راستی به‌ ئانقه‌ست خه‌ریکن ئاو له‌ ئاشی دوژمنان ده‌که‌ن، ئاخر یان ده‌بێ له‌ ئیدیعاکانمان که‌م که‌ینه‌وه‌ و چی دیکه‌ درۆ ده‌گه‌ڵ خۆمان و ده‌گه‌ڵ خه‌ڵک نه‌که‌ین یان ده‌بێ واز له‌و سیاسه‌ته‌ یه‌کجار تاکڕه‌وانه‌ و تاکپه‌ره‌ستانه‌ بێنین که‌ جگه‌ له‌ دوژمنان و داگیرکه‌رانی کوردستان که‌سی دیکه‌ قازانجی لێناکا.
کێشه‌ی کوردان کێشه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و قۆناخی ئه‌و کێشه‌یه‌ قۆناخی رزگاری نیشتمانییه‌. له‌م قۆناخه‌ دا دڵسۆزان و کوردپه‌روه‌ران ، چ له‌ رێزی حیزبه‌کان دابن چ وه‌ک که‌سانی سه‌ربه‌خۆ و چ وه‌ک که‌سانی به‌ ڕواڵه‌ت سه‌ربه‌خۆ بن ده‌بێ بیر له‌ به‌خۆدا چوونه‌وه‌یه‌ک بکه‌نه‌وه‌ وئاوریک له‌ ڕابردووی نه‌ هێنده‌ی دووری خۆیان بده‌ینه‌وه‌ و ئه‌وه‌ی عه‌قڵ و مه‌نتیق ده‌خوازێ به‌ کرده‌وه‌ش هه‌ره‌ وابن. تا تاکی کورد کێشه‌کانی خۆی و ئه‌و مۆڕاڵه‌ ناپه‌سه‌ند و دوور له‌ بیری نیشتمانپه‌روه‌رییه‌ی خۆی چاره‌سه‌ر نه‌کات و به‌ خۆی دا نه‌چێته‌وه‌، به‌خۆداچوونه‌وه‌ و ئاوڕ له‌ ڕابردوو دانه‌وه‌ی حیزبه‌کان و هێزه‌ سیاسیه‌کانی کوردستان محاڵه‌. بناخه‌ بۆ هه‌موو چاک و خه‌راپه‌یه‌ک هه‌ر ئێمه‌ین . به‌ده‌نه‌ بناخه‌ی حیزب و هیزی حیزبه‌. با له‌ خۆمانه‌وه‌ ده‌ست پێبکه‌ین، با شه‌هامه‌تی ئه‌و به‌ خۆداچوونه‌وه‌مان هه‌بێ. ئاینده‌ و ناسک بوونی ئه‌م هه‌لومه‌رجه‌ی ئێستا ئه‌وه‌مان لێ داوا ده‌کات. کات ئاسته‌م و زه‌مان به‌ خێرایی تێده‌په‌ڕی. با ده‌رفه‌ته‌کان له‌ کیس خۆمان و نه‌وه‌ی داهاتوو نه‌ده‌ین.