Tuesday, 28 August 2012

لانی که‌م جاروباره‌ حه‌قیقه‌ت تاڵه‌


لانی که‌م جاروباره‌ حه‌قیقه‌ت تاڵه‌

ناکرێ له‌ گوفتار دا روویه‌ک و له‌ کردار دا روویه‌کی دیکه‌مان هه‌بێ.

من هیچ گومانم نه‌ماوه‌ که‌ حدکا به‌ هیچ جۆرێ ئاماده‌ی ئاسایی کردنه‌وه‌ی بارو دۆخی نێوان دێمۆکراته‌کان نییه‌، له‌ هه‌مووی ئه‌وانه‌ خه‌راپتر ئه‌مه‌یه‌ که‌ له‌م چه‌ند رۆژه‌ دا به‌ داخه‌وه‌ ده‌بینی‌ ئاشتیخوازترین ئه‌ندام و کادری حدکاش هه‌ر ده‌رفه‌تێکی لێهه‌ڵکه‌وێ و هه‌ر به‌هانه‌یه‌ک بدۆزێته‌وه‌ ئه‌وا له‌ شێلان و کوتانی حدک دریغی ناکات. تا ئێستا قه‌ناعه‌تم وا نه‌بوو به‌ڵام ئێستا به‌ جیددی گه‌یشتوومه‌ ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ که‌ باس کردن له‌ یه‌کگرتن وه‌ک یه‌ک حیزب یان له‌به‌ره‌یه‌ک دا ده‌گه‌ڵ حدکا لانی که‌م له‌ ئێستا دا ته‌نیا ده‌بێته‌ خۆراکی ته‌بلیغاتی بۆ ئه‌و هاورێیانه‌ و سووک بوونی حدک و شوێنی نیگه‌تیفیش له‌ سه‌ر هاوڕییانی حدکا داده‌نێی و ئه‌وان مه‌غروورتر ده‌کات له‌وه‌ی که‌ هه‌ن. حدک سیاسه‌تی له‌وباره‌وه‌ شه‌فاف و روونه‌ ، به‌ بڕوای من حه‌یفه‌ له‌وباره‌وه‌ زه‌مان بۆ نووسینی یه‌ک دێڕ یان ده‌ڕبڕینی ته‌نانه‌ت یه‌ک رسته‌ش به‌ هه‌ده‌ر بده‌ین. هه‌رکات ئه‌وان گه‌یشتنه‌ ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ که‌ بێن و دابنیشن بۆ قسه‌ کردن خۆ ئێمه‌ نکۆڵیمان لێی نییه‌ به‌ڵام ئیدی با ئه‌و باسه‌ ببڕێته‌وه‌، هیچ به‌ڵگه‌یه‌ک له‌وه‌ روونتر نابێ هه‌بێ که‌ وته‌بێژی حدکا کاک حه‌سه‌نی شه‌ره‌فی وه‌ک ساڵانی پێش له‌ت بوون که‌ له‌ وڵامی ره‌خنه‌گرانی روو وه‌حیزب که‌ ده‌یان کوت دێمۆکرات جناح و ده‌سته‌ به‌ندی تێدایه‌ ده‌یکۆت"" ئه‌وه‌ ئیختیلافی نه‌زه‌ری دێمۆکراتیکه‌ و ئه‌و ئیختیلافه‌ش له‌ هه‌موو حیزبێکی دێمۆکرات دا هه‌ر هه‌یه‌ و نیشانه‌ی بوونی فه‌زای دێمۆکراتیکه‌ له‌ ناو حیزبدا"" که‌ دیتمان ئه‌و فه‌زا دێمۆکراتیکه‌ چی به‌سه‌ر هات. ئێستاش له‌ ولامی پرسیارێک سه‌باره‌ت به‌ چاو پێکه‌وتنی کاک مسته‌فا و کاک خالید دا ده‌لێ" ئه‌و چاوپێکه‌ووتنه‌ به‌ رێکه‌وت بووه‌" وه‌ک ئه‌وه‌ی کارێکی قه‌بیح کرابێ حاشای لێده‌کات و خه‌ریکه‌ به‌ خشکه‌ خۆ له‌ چاوپێکه‌وتنه‌که‌ ده‌دزنه‌وه‌! له‌م چه‌ند رۆژه‌ش دا و داوای ئیمزاکردنی په‌یمانی هاوکاری نێوان کۆمه‌ڵه‌ و دێمۆکرات که‌ من نه‌ته‌نیا به‌ خه‌راپی نابینم به‌ڵکوو پێشم ئه‌رینی و دڵخۆشکه‌ره‌، به‌ ئاشکرا دیتمان ئه‌وه‌ی له‌ ناو حدکا دا به‌ ئاشتی خواز و لایه‌نگری یه‌کگرتنه‌وه‌ ده‌ناسرا دیسان ئه‌و بابه‌ته‌یان بۆ کوتانی حدک قواسته‌وه‌ و هیج جیاوازیان نه‌بوو ده‌گه‌ل سه‌رکرده‌ دووبه‌ره‌کی خوازه‌کان، ئه‌وان له‌م نێوه‌ دا به‌ داخه‌وه‌ پێشمه‌رگه‌ی دووبه‌ره‌کی و دژی ته‌بایی بوون، دیاره‌ به‌هانه‌ی ئه‌وان ئه‌وه‌ بوو که‌ رۆژهه‌ڵات تایمز بۆچی به‌ جۆرێکی دیکه‌ هه‌واڵی ئه‌و کۆبوونه‌وه‌ی داڕشتووه‌ و شتی هێنده‌ سووک و ساکاریان باس ده‌کرد که‌ من به‌راستی هێنانی وشه‌کانیان و بؤچوونه‌کانیان له‌م نووسینه‌ دا به‌ شیاو نازانم. ئیدی بیریان له‌وه‌ نه‌ده‌کرده‌وه‌ که‌ دوو هێزی کوردستانی رێککه‌وتنامه‌یه‌کیان مۆر کردووه‌ هه‌ندی خه‌ڵک پێیان باشه‌ و هه‌ندێک پێیان خه‌راپه‌ و هه‌ندێک ره‌خنه‌ی جیدییان له‌سه‌ری هه‌یه‌ و هیچ یه‌ک له‌وانه‌ش لرهه‌ هیچ کویی ده‌ربڕینی ئازاد دا، بیرواباوه‌ڕی ئازاد دا،به‌ به‌شی گوناهانی که‌بیره‌ دانه‌ندراون! ئه‌و هه‌ڵسو که‌وته‌ له‌ ماوه‌ی ئه‌و یه‌ک دوومانگه‌ دا و ره‌نگدانه‌وه‌ کاردانه‌وه‌ی حدکا و ئه‌ندامه‌کانی له‌ دژی حدک ئه‌و راستییه‌ ده‌سه‌لمێنێ که‌ قسه‌ و کرده‌وه‌کان یه‌کجار زۆریان مه‌ودایه‌ . هه‌ر بۆیه‌ من ته‌نیا پێم وایه‌، حدک بۆ ئه‌وه‌ی چیدیکه‌ کاتی خۆی به‌ فیڕۆ نه‌دات و هاوڕێیانی حدکاش زیاتر نیگه‌ران نه‌کات ده‌بێ ئه‌و باسه‌ به‌ یه‌کجاری ببڕێته‌وه‌ تا ئه‌و کاته‌ی ئه‌وان خۆیان به‌ قه‌ناعه‌ت ده‌گه‌ن واز له‌ دووپات بوونه‌وه‌ی ئه‌و سیاسه‌ته‌ بێنێ که‌ له‌ هه‌ردووک کۆنگره‌ دا بڕیاری له‌سه‌ر دراوه‌، دیاره‌ سیاسه‌تی حدک هه‌ر له‌ جێگای خۆی دایه‌و به‌ڵام ناکرێته‌ بنێشته‌ خۆشکه‌ و کاتیشی له‌ خۆرا له‌سه‌ر به‌فیڕۆ ناده‌ین. ئه‌گه‌ر ئه‌وانیش به‌و قه‌ناعه‌ته‌ گه‌یشتن و له‌ دڵه‌وه‌ ئاماده‌ی دیالۆگ و گفتگۆ بوون ئه‌و ده‌م ئێمه‌ هیچ کێشه‌یه‌کمان نییه‌ و ده‌رگای دیالۆگ و گفتگۆ ئاوه‌ڵایه‌.

من وه‌ک خۆم دیسان وه‌ک پێشو هه‌وڵ ده‌ده‌م که‌ هاوڕێیه‌تی و خۆشه‌ویستیم به‌رامبه‌ر به‌ هاوڕێیانی حدکا هه‌ر وه‌ک رابردوو درێژه‌ بده‌م به‌ڵام جار جاره‌ ئه‌گه‌رچی حه‌قیقه‌ت وه‌ک ژاری مار تاڵه‌، خۆ ناکرێ نکۆڵی لێبکه‌ی. حدکا ده‌گه‌ڵمان روو راست نییه‌ بۆ کڵاو له‌سه‌ر خۆمان بنێین! پاشان ناخی زۆر که‌س له‌و دوو دێمۆکراته‌ پڕ له‌ ڕق و بێزارییه‌کی سه‌یره‌ به‌رامبه‌ر به‌ یه‌کتری، ئه‌و رق و بێزارییه‌ له‌هه‌ر ده‌رفه‌تێکدا به‌ ئاشکرا خۆ ده‌ده‌خه‌ن، به‌ڵام به‌ روویه‌کی دیکه‌دا له‌ به‌ره‌ عه‌یبه‌کی ده‌ره‌کیش جار جاره‌ پۆزی ئاشته‌وایی لێده‌ده‌ن. بۆیه‌ ئیدی باسی یه‌کگرتنه‌وه‌ لای من یه‌ک گاڵته‌جاڕییه‌ و به‌س. با هه‌مو لایه‌کیش لانی که‌م درۆ ده‌گه‌ڵ خۆمان نه‌که‌ین. دلنیاش بین ناکرێ له‌ گوفتار دا روویه‌ک و له‌ کردار دا روویه‌کی دیکه‌مان هه‌بێ.

No comments:

Post a Comment