Friday, 31 August 2012

31 ی ئاب و ته‌جره‌به‌یه‌ک بۆ کورد

31 ئاب و ته‌جره‌به‌یه‌ک بۆ کورد:                  برایم جه‌هانگیری

31 ئاب و ده‌رپه‌ڕاندنی یه‌کیه‌تی له‌ کوردستان ، به‌رهه‌می ئه‌و مل ملانییه‌ خوێناوییه‌ بوو که‌ دوو پارتی و حیزبی کوردی له‌ باشوور پاش چه‌ند ساڵ شه‌ڕی خۆکوژی و شه‌ڵاڵی خوێن کردنی سه‌دان و بگره‌ هه‌زاران گه‌نج
و لاوی بیتاوانی کورد، به‌ نیازی پاکتاو کردن و له‌ مه‌یدان به‌ده‌رکردنی یه‌کتری چه‌ند ساڵ بوو درێژه‌ی هه‌بوو، به‌ر له‌ 31 ی ئاب، یه‌کیه‌تی و هاوپه‌یمانه‌کانی، حیزبی سۆسیالیست، پ ك ك . و یه‌کیه‌تی به‌ پشتیوانی سپای پاسداران و له‌ ریگای حاجی ئۆمه‌رانه‌وه‌ هێرشێکی به‌رین و به‌ربڵاویان کرده‌ سه‌ر پارتی دیمۆکراتی کوردستان، ئه‌وان بڕیاریان دابوو که‌ ئه‌م جار به‌ تایبه‌تی پارتی له‌ کێشه‌ و مل ملانیه‌کانی کوردستان بسرنه‌وه‌ و شوێن و پێگه‌ی ئه‌و پارته‌ له‌ ساحه‌ی کوردستان دا نه‌هێڵن.

له‌م لا پارتی، بۆ وڵام دانه‌وه‌، داوای هاوکاری له‌ سه‌ره‌کیترین دۆژمن واته‌ رێژیمی به‌عس کرد و ئه‌ویش له‌ به‌ره‌به‌یانێک که‌ شه‌ڕ له‌ به‌ره‌کانی دیکه‌ توند بوو به‌ هانای پارتیه‌وه‌ هات و هه‌ولێر له‌ یه‌ک شه‌و دا له‌ لایه‌ن پارتی ده‌ستی به‌سه‌ر داگیرا و بوو به‌ هه‌ڵات هه‌ڵاتێک که‌س ده‌فریای که‌س نه‌ده‌که‌وت. یه‌کیه‌تی بۆ ماوه‌یه‌ک کوردستانی چۆل کرد و پارتی ده‌ستی به‌سه‌ر هه‌موو کوردستان دا گرت.
چی پێنه‌چوو که‌ دیسان یه‌کیه‌تی به‌ هاوکاری ئێران هه‌مان هه‌ڵات هه‌لاتی تووشی پارتی کرد و پارتیش تا دێگه‌ڵه‌ خۆی نه‌گرته‌وه‌، ئه‌و شه‌ڕه‌ ئه‌گه‌رچی له‌ ڕاستی دا شه‌ڕی دوژمنانی ده‌ره‌کی بوو به‌ڵام ئه‌وان راست له‌و عه‌قڵیه‌ته‌ی کورد که‌ڵکیان وه‌رگرت که‌ ئه‌وان ئاماده‌ نه‌بوون ته‌حه‌مولی یه‌کتری بکه‌ن و په‌نا به‌رن بۆ سندووقه‌کانی ده‌نگدان و کێشه‌کان له‌وێ یه‌ک لایی که‌نه‌وه‌، ئه‌وان هاتبوونه‌ شار و هه‌ڵبژاردنیشیان کردبوو، به‌ڵام عه‌قڵیه‌تی شاخ هێشتا هه‌ر ده‌سه‌ڵاتی هه‌بوو، له‌ راستیدا ئه‌و شه‌ڕه‌ به‌رهه‌می عه‌قڵیه‌ت و کولتوری خه‌باتی شاخ بوو، ئه‌گه‌رچی به‌داخه‌وه‌ ئێستاش و پاش چه‌ند ساڵ ته‌جره‌به‌ له‌ خه‌باتی شار دا، جارێکی دیکه‌ ئه‌و عه‌قڵیه‌ته‌ خه‌ریکه‌ له‌ ئه‌ده‌بیاتی باشوریه‌کان دا و هی حیزب و لایه‌نگری حیزبه‌کانیان دا سه‌ر هه‌ڵده‌دا .
ته‌عه‌سوبی حیزبی و گروهی بۆ شه‌ڕی له‌ ناو بردنی یه‌کتری سه‌رئه‌نجامی له‌وه‌ چاکتر نابێ، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌و بایه‌ له‌و کونه‌وه‌ بێ له‌ رۆژهه‌ڵاتیش ئه‌و به‌زمه‌ ده‌بینین، له‌ باکوور و رۆژئاوای کوردستانیش هه‌روه‌تر، به‌ قسه‌ هیچمان له‌ دیمۆکراسی و باوه‌ر به‌ ئازادی بیر و را و جیاوازیه‌کان تێدا نه‌هێشتۆته‌وه‌ به‌ڵام به‌ کرده‌وه‌ ئه‌وه‌ خۆتان ده‌یبینن. که‌س خه‌تی که‌س ناخوینێته‌وه‌، هه‌رکه‌س خۆی پی سه‌رکرده‌ی یه‌که‌مه‌، هه‌ر حیزبه‌ و پێی وایه‌ خۆی سه‌روه‌ره‌ و ئه‌وانی دیکه‌ ده‌یکه‌ ده‌بێ فه‌رمانبه‌ر بن! جا بۆ ئه‌وه‌ی تووشی تاوان و کاره‌ساتی وا نه‌بینه‌وه‌ با واز بێنین له‌و ئه‌ندیشه‌ی پاکتاو کردنه‌. ده‌بێ رابردوو بکرێته‌ ته‌جره‌به‌ و ده‌رس و په‌ندی لێوه‌رگیرێ ،ئه‌گه‌رچی ئاسۆی روداو و پێشهاته‌کان له‌و باره‌وه‌ مژده‌ به‌خشی خۆشی نین.

No comments:

Post a Comment