Thursday, 5 December 2013

قسه‌یه‌ک ده‌گه‌ڵ سه‌رۆکی حکوومه‌تی کوردی به‌ڕێز نێچیره‌وان بارزانی



  قسه‌یه‌ک ده‌گه‌ڵ سه‌رۆکی حکوومه‌تی کوردی به‌ڕێز نێچیره‌وان بارزانی      برایم جه‌هانگیری

  شه‌رمێک له‌  مسته‌فا بارزانی بکه‌ن

کورد ده‌ڵێ گرێ که‌ به‌ ده‌ستی ده‌کرێته‌وه‌ بۆ ده‌بێ به‌ ددان بیکه‌یه‌وه‌. حکوومه‌تی باشوور و وه‌ک ده‌رده‌که‌وێ له‌ سه‌رووی هه‌مووشیانه‌وه‌ کاک نیچیره‌وان بارزانی راست وایان لێقه‌وماوه‌، ئه‌وان زۆر به‌ ساده‌یی 7 - 8 کوردی رۆژهه‌ڵاتیان گرت که‌ ده‌کرا پاش 24 سه‌عات و به‌ وه‌رگرتنی ته‌عه‌هودێک ئازادیان بکه‌ن و هیچ کێشه‌یه‌کی بۆ هیچ لایه‌ک نه‌نابایه‌وه‌ و به‌ راستی حکوومه‌تیش تووشی ئه‌و ئابڕووچوونه‌ نه‌بووبا که‌ وه‌ک سووتاو هه‌ر خه‌ریکه‌ پێوه‌ده‌چێ.  به‌ڵام وادیاره‌ به‌رپرسانی حکوومه‌تی هه‌رێم ده‌ گوێی گا نووستوون! ئه‌وان جگه‌ له‌وه‌ی که‌ رێگایه‌کی دروست و شیاوی حکوومه‌تێکی کوردی و دیمۆکراتیکیان له‌ پێوه‌ندی ده‌گه‌ڵ ئه‌و گیراوه‌ کورده‌ رۆژهه‌ڵاتیانه‌ هه‌ڵنه‌بژارد به‌ڵکوو له‌ دوا هه‌ڵوێستا دا و وه‌ک سه‌رۆکی حکوومه‌ت واته‌ نێچیره‌وان بارزانی له‌ وڵامی رۆژنامه‌نووساندا ده‌ڵێ ئه‌وانه‌ گێره‌ شێوێنن.

p u k media: له‌وه‌ڵامی پرسیارێكی رۆژنامه‌نوساندا سه‌باره‌ت به‌ ئه‌و هێرشانه‌ی كه‌ كراونه‌ته‌ سه‌ر كۆنسوڵخانه‌ی ئێران له‌شاری هه‌ولێر، نێچیرڤان بارزانی رایگه‌یاند: رێگه‌ ناده‌ین له‌ هه‌رێمی كوردستان ئاژاوه‌گێڕی دروست ببێت، ئه‌وانه‌ی كه‌ هه‌وڵی تێكدانی ئاسایشی هه‌رێم ده‌ده‌ن گێره‌شێوێنن و رووبه‌ڕووی یاسایان ده‌كه‌ینه‌وه‌."

 ئه‌وه‌ی له‌و باره‌وه‌ زۆر که‌س و یه‌ک له‌وان نووسه‌ری ئه‌م بۆچوونه‌ له‌ چه‌ندین کورته‌ نوسراوه‌  دا ئاماژه‌م پێکردووه‌ ئه‌مه‌یه‌ که‌ یه‌که‌م، ئه‌وانه‌ی گیراون رێکخه‌ری خۆپێشاندانه‌که‌ بوون که‌ مۆڵه‌تی یاسایی بۆ وه‌رگیراوه‌و که‌سانێک نه‌بوون که‌ به‌ردیان به‌ کابه‌ دادابێ! ئه‌گه‌رچی من هه‌ر له‌یه‌که‌م نووسیندا ئه‌و به‌رد هاویشتنه‌م ئیدانه‌ کرد و به‌ کارێکی نه‌شیاوم زانی. دووهه‌م له‌ هه‌موو دنیادا زۆر جار خه‌ڵکی وه‌زاڵه‌هاتوو به‌ردیان گرتۆته‌ سه‌فاره‌ت و کۆنسولگه‌ری رێژیمه‌ دیکتاتۆڕه‌کان و من باوه‌ڕ ناکه‌م له‌ یه‌ک وڵاتیش ئه‌و ره‌فتاره‌ ده‌گه‌ڵ خه‌ڵکی نارازی کرابێ که‌ ئێوه‌ ده‌گه‌ڵ کوردانی رۆژهه‌ڵاتی ده‌که‌ن.
 به‌ڕێز کاک نێچیره‌وان بارزانی، حکوومه‌تی هه‌رێم مافی خۆیه‌تی پیوه‌ندی ده‌گه‌ڵ وڵاتان هه‌بێ و ئاسایشی کۆنسولی ئه‌و وڵاتانه‌ش که‌ له‌ پێته‌ختی هه‌رێم کراونه‌ته‌وه‌ ده‌بێ له‌ لایه‌ن دام و ده‌زگا ئه‌منیه‌کانه‌وه‌ پارێزراو بن. به‌ڵام خۆ ئه‌و خه‌ڵکه‌ کوڕ و برا کوژراوه‌ی خۆ پێشاندانێان کرد تاقه‌ یه‌ک که‌سیان له‌و کۆنسولگه‌ریه‌ بریندار نه‌کرد، ئه‌وان شووشه‌ و تابڵۆی به‌رده‌رکی کۆنسوڵی ئێرانیان شکاند که‌ کارێکی باشیان نه‌کرد، تابلۆی سه‌فاه‌رتێ وڵاتێکیان شکاند که‌ هه‌موو ڕۆژێ کوردی هاو ره‌گه‌زی تۆ، کوردی هاوخوێنی تۆی باشوور و حکوومه‌ته‌که‌ی باشوور خه‌ڵتانی خۆێن ده‌کات!  ئه‌و دڕنده‌ترین رێژیمی سه‌رده‌مه‌، تۆ له‌ وه‌ها حاڵه‌تێکدا بنکه‌ی خوێنڕێژترین حکوومه‌تی هه‌موو مێژووت له‌ هه‌ولێردا کردۆته‌وه‌و شیمانه‌ی ئه‌وه‌ ناکه‌ی خه‌ڵکی به‌ ڕق داچوو دووبه‌رد به‌و جاسووسخانه‌یه‌ دابده‌ن؟  بۆ پێشتر ئه‌و ئاماده‌کاریه‌ نه‌کراوه‌؟ جگه‌ له‌مانه‌ به‌ کام یاسا ئه‌وه‌ نزیک مانگێکه‌ ئه‌و کورده‌ په‌نابه‌ره‌ سیاسیانه‌ له‌ ناو زیندانی کوردان دان  که‌ ته‌نیا بۆ دڵخۆشی حکوومه‌تی تارانه‌ و هیچی دیکه نا‌؟ بۆ نایان ده‌ن به‌ دادگا و به‌ مه‌حکه‌مه‌؟ ئایا ئاوا ئاسا له‌ هه‌رێم سه‌روه‌ر ده‌بێ؟!
 ئه‌وانه‌ی هێز و ده‌سه‌ڵات به‌م شیوه‌ به‌کار دێنن و مافدارانی بێ هێز ده‌خه‌نه‌ به‌ند و زیندان بۆ ئه‌وه‌ی دڵی زۆردارانی خوێنخۆر خۆش بکه‌ن لاپه‌ڕه‌یه‌کی ره‌ش له‌ ژیانی خۆیاندا تۆمار ده‌که‌ن که‌ تا هه‌تایه‌ ناسڕێته‌وه‌، من زۆر هاوارم هات و زۆرم نووسی که‌ ئه‌ی به‌رپرسانی حکوومه‌تی هه‌رێم و پارتی، راگرتنی ئه‌و کوردانه‌ له‌ به‌رژه‌وندی ئیوه‌ و که‌س دانیه‌! له‌ به‌رژه‌وندی کورد دا نییه‌؟! به‌ڵام وادیاره‌ که‌س گوێ ناگرێ. له‌ تازه‌ترین دیمانه‌ دا کاک نێچیربارزانی به‌ ئاشکرا پشتگیری ئه‌و ناعه‌داڵه‌تیه‌ ده‌کات و کو‌ردانی دڵبرینداری ‌رۆژهه‌ڵات، چالاکانی مه‌ده‌نی و سیاسیی کورد به‌ گێره‌شێوێن له‌ قه‌ڵه‌م ده‌دا!
  کاک نێچیره‌وان بارزانی، من وه‌ک کوردێکی رۆژهه‌ڵات که‌ هه‌میشه‌ داکۆکیم له‌ حکوومه‌تی هه‌رێم کردووه‌ و به‌ حکوومه‌تی خۆمم زانیوه‌ خه‌ریکم به‌و‌ قه‌ناعه‌ته‌ ده‌گه‌م که‌ کوردستان یه‌ک پارچه‌ نییه‌ و کوردیش یه‌ک نه‌ته‌وه‌ نییه‌ . ئه‌وه‌ی ئێوه‌ کوتووتانه‌ و وچالاکی کوردی رۆژهه‌ڵاتتان به‌ گێره‌شێوێن ناساندووه ‌زیاتر ئه‌من له‌و هه‌سته‌ نزیک ده‌کاته‌وه‌ و له‌ حکوومه‌تی کوردیش نائومێد ده‌کات! گه‌وره‌ترین زه‌ره‌ری ئه‌و کرده‌وه‌ دوور له‌ عه‌قڵانیه‌ته‌ی حکوومه‌تی ئێوه‌ له‌ گرتنی ئه‌و کوردانه‌ دوور خستنه‌وه‌ی هه‌ست و سۆزی کوردانی رۆژهه‌ڵاته‌ به‌رامبه‌ر به‌ حکوومه‌تی هه‌رێم ، ئه‌و پیلانه‌ی رێژێمی ئێران زۆر به‌ وشیاری دایڕشت و ئێوه‌ زۆر به‌ ساده‌یی ده‌داوی که‌وتن!
  به‌ڕیز نێچیره‌وان بارزانی،  هیوادارم ویڕای داوای لێبوردن له‌و قسه‌یه‌ت که‌ شیاوی سه‌رۆکی حکوومه‌تی کوردان نییه‌ هه‌رچی زووتر ئه‌و گیراوانه‌ ئازاد بکرێن و چێ دیکه‌ بۆ دڵخۆشی حکوومه‌تی ئیسلامی ئێران‌ باشترین رۆڵه‌کانی ئه‌و گه‌له‌ له‌ زیندانی کوردان دا نه‌مێننه‌وه‌. داواتان لێده‌که‌م ئاوڕێک له‌ مێژوو بده‌نه‌وه‌ و باپیره‌ی خۆتان، مه‌لامسته‌فای بارزانیتان بێته‌وه‌ یاد، کاتێ شای ئێران داوای ته‌حویل دانه‌وی‌ 4 ئه‌فسه‌ره‌ فارسه‌که‌ی ئه‌رته‌شی ئێرانی لێده‌کات که‌ هه‌ڵاتبوون  وله‌ ڕیزی پیشمه‌رگه‌کان دابوون و له‌ راستیدا په‌نابه‌ر بوون لای مسته‌فا بارزانی ، بارزاانی ئه‌و داوایه‌ی ده‌گه‌ڵ ئه‌فسه‌ره‌کان هێنابۆ گۆڕێ و کوتبووی: شای ئێران داوای ته‌سلیم بوونه‌وه‌ی ئێوه‌ ده‌کات به‌ڵام دڵنیا بن کورد عاده‌تی نییه‌ که‌سێک په‌نای بۆ به‌رێ ته‌سلیمی دوژمنی کاته‌وه‌ . بڕۆ کتێبه‌که‌ی محمه‌دی زه‌ربه‌خت و ته‌فره‌شیان بخوێنه‌وه‌ بزانه‌ چۆن باسی پیاوه‌تی بارزانی ده‌که‌ن! ئێوه‌ به‌ گرتنی ئه‌و کوردانه‌ راست کارێکتان کردۆ به‌ پێچه‌و‌انه‌ی ئه‌خلاقی بارزانی نه‌مر، کاری ئێوه‌ سه‌باره‌ت به‌گرتنی ئه‌و کوردانه‌‌ وه‌ک ئه‌وه‌ وایه‌ که‌ ئه‌وانتان ته‌سلیم به‌ دوژمن کردبێته‌وه‌ دڵنیا به‌ لاێ ئێمه‌مانان هیچ فه‌رق ناکات. با یه‌ک ڕاستیش بدرکێنم، تازه‌ ئازادیان بکه‌ن  وئازادیان نه‌که‌ن ئیوه‌ لاپه‌ڕه‌یه‌کی ره‌شی مێژوویتان خسته‌ سه‌ر کارنامه‌ی خۆتان و هه‌تا زیاتریش ئه‌و کوردانه‌ له‌ زیندان دا بمێننه‌وه‌ دڵنیا بن‌ ئه‌و لاپه‌ڕه‌یه‌ ڕه‌شتر ده‌بێ.  

No comments:

Post a Comment