Monday, 30 December 2013

ساڵی تازه‌ و بیره‌وه‌یه‌کی تاڵ له‌ رۆژگارێکی شیرین دا

خومه‌ینی تازه‌ مردبوو، ئه‌گه‌ر راستتان ده‌وێ من یه‌کجار به‌ مه‌رگی خومه‌ینی خۆشحاڵ بووم، پێم وابوو که‌ دوای خومه‌ینی که‌س ناتوانێ جێگای بگرێته‌وه‌ و ئه‌و رێژیمه‌ به‌ له‌قه له‌ق ناگاته‌ مه‌نزڵ و ئێمه‌ش له‌ چنگ ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ سه‌ره‌ڕۆیه‌ نه‌جاتیمان ده‌بێ. به‌ڵام که‌ خومه‌ینی مرد جه‌وه‌که‌ وا نه‌بوو که‌ که‌س بتوانێ بزه‌ی بێته‌ سه‌رلێوان، هه‌موو که‌س به‌ تایبه‌تی کۆنه‌ سیاسییه‌کان نیگه‌رانی ئه‌وه‌ بوون که‌ بکه‌ونه‌ به‌ر غه‌زه‌بێ ده‌سه‌ڵات.

نزیک حه‌وتوویه‌ک بوو دووکان بازار ته‌عتیل بوو، بۆ چما که‌س ده‌یوێرا به‌ به‌رده‌رکی دوکانیش دابڕوات؟! خولاسه‌ زۆر وه‌ڕه‌ز بووم، ئیواره‌یه‌ک زه‌نگم بۆ وه‌ستا ره‌شیدی ره‌فیقم لێدا (رشید حه‌سه‌نی ئازه‌رپوور) کوتم ئه‌رێ بابه‌ دڵمان تۆقێ هێنده‌ ده‌ماڵێ دا بین، ئاخر خۆ ئێمه‌ مریشک نین کورک بین با به‌لایه‌کی دا بڕۆین! کوتی جا بۆ کوێ ده‌چی به‌و وه‌زعه‌یه‌وه‌؟ منیش کوتم وه‌ستا با بڕۆین بۆ لای تاڵاوێ بۆ ڕاوه‌ماسی. ده‌ڕۆین بۆ قۆپی و کاناڵانه‌ و تا ئێوارێ دوایی دێینه‌وه‌. ئه‌ویش کوتی زۆر باشه‌ به‌ حوسێنی براشم ده‌لێم ساز بێ. منیش له‌ مێژ بوو قه‌ولم به‌ به‌ختیار تاجریان دابوو که‌ ئه‌گه‌ر چووم بۆ راو ده‌گه‌ڵ خۆمان بیبه‌ین و ته‌له‌یفونم بۆ کرد و بۆ به‌یانی ئه‌ویشمان ساز کرد.

به‌یانی من و وه‌ستا حوسێن و ره‌شید ئازه‌ر پوور که‌ هه‌ردووک برا بوون و راوچیش بوون ده‌گه‌ڵ به‌ختیار تاجریان که‌ قه‌تی ڕاونه‌کردبوو ساز بووین و به‌ره‌و تاڵاو وه‌ڕێ که‌وتین. قۆپی تاڵاو وه‌ک جاران نه‌مابوو، ئاوه‌که‌ی که‌می کردبوو به‌ڵام دم پرده‌که‌ی تاڵاوێ ئاوی تێدابوو و جێگای باقۆ بوو. گه‌یشتینه‌ سه‌رپرده‌که‌ی تاڵاوێ و لێیی دامه‌زراین. دڵمان خۆش بوو له‌ کۆڵ شاره‌که‌ی مه‌هاباد بووینه‌وه‌ که‌ ئیدی دوای مه‌رگی خومه‌ینی وه‌ک زیندان ده‌چوو. هه‌موو وڵات له‌ تازیه‌ی خومه‌ینی دا به‌ تۆبزی ته‌عتیل کرابوو. لای سه‌عات 9 به‌یانیی تۆیۆتایه‌ک زۆر به‌ پڕتاو به‌ سه‌رجاده‌که‌ داهات و له‌ ئێمه‌ تێپه‌ڕی به‌ڵام سه‌ت میتر ئه‌ولاتر ڕای گرت و پاشه‌ و پاش گه‌ڕایه‌وه‌، من ده‌س به‌جێ دڵم داخورپا کاتێ دیتم یه‌کی ردێن پانی قوڵه‌بنه‌ی تێکسمڕاو له‌ ماشێنه‌که‌ دابه‌زی و که‌ڵاشینکۆف به‌ده‌ست یه‌کسه‌ر به‌ره‌و ڕووی من هات. کوتی ئه‌وه‌ لێره‌ چ ده‌که‌ن. منیش کوتم وه‌ڵا شار هه‌موو ته‌عتیله‌ و ئێمه‌ش وه‌ره‌ز بووین و هاتووینه‌ ڕاوه‌ ماسی، په‌روانه‌شمان پێیه‌ . په‌روانه‌ی واته‌ ئیزنی ڕاوه‌ ماسی، هێشتا قسه‌که‌م ته‌واو نه‌ببوو که‌ قه‌ڵس بوو و کوتی " خاریجه‌ دا گان ئاغلیڵار سیز ده‌ گیالمسیسز دؤلانماغه‌" له‌ خاریجه‌ی خه‌ڵک خوێن ده‌گرین که‌ چی ئێوه‌ هاتوونه‌ گه‌ڕان و سه‌یران؟! سوار بن یاڵلا!
هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی یه‌ک و دوو پاسدارێکی دیکه‌ش هات و لووله‌ تفه‌نگێیان تێگرتین و سواری ماشێنێیان کردین. ماشێن گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ پایگای شیرناوێ که‌ له‌ ده‌شتێکی رووتی شۆره‌کاتی گه‌رم له‌ خوارووی تالاو هه‌ڵکه‌وتبوو. که‌س نه‌یدوێرا مته‌قی لی بێ. من له‌و ماوه‌کورته‌ دا هه‌زار بیری سه‌یر و سه‌مه‌ره‌م به‌ مێشکی دا ده‌هات، له‌ دڵه‌ خۆم دا ده‌مکوت به‌ هچ و خۆڕایی دوای ئه‌و هه‌مووه‌ چه‌رمه‌سه‌رییه‌ خۆمان به‌ گورگان خواردن دا. له‌ راستیش دا ئه‌گه‌ر کوشتبایانین هه‌ر وا ده‌چوو وه‌ک ئه‌وانه‌ی تا ئێستا له‌ سه‌ر هیچ و خۆرایی کوژراون. بێتاوان وه‌به‌ر گولـله‌ دراون.

له‌ پایگا ماشێن رایگرت و ئێمه‌یان هێنا خوار، کابرای پاسداری که‌ وادیار بوو به‌رپرسی پایگاکه‌ بوو به‌ڵام وه‌ک رۆژێ لێم روون بوو که‌ ئه‌کابیریشی نه‌خوێندووه‌ و خوێنده‌اری نییه‌ و نازانێ نێوی خۆشی بنووسێ دووباره‌ رووی ده‌من کرد و کوتی چۆن دڵت هات له‌ رۆژێکی وه‌ک ئه‌مڕۆ دا بێی بۆ خۆشگوزه‌رانی و عه‌یاشی! منیش کوتم بابه‌ عه‌یاشی چی سه‌یری ساکه‌کانمان که‌ له‌ هێلکه‌ی کوڵاو و نانی ویشکی و خوێ زیاتر هیچی تێدا نیه‌! ئێمه‌ش ناره‌حه‌ت بووین بۆ مه‌رگی ئیمام و بۆیه‌ روومان دێره‌ کردووه‌. به‌ له‌هجه‌یه‌کی غه‌لیزی تورکی کوتی " آری جون عمه‌ت سه‌ن دێدین مه‌ن ده‌ ئیناندیم!" سه‌رتان نه‌یه‌شێنم به‌خه‌تیان کردین له‌ ره‌دیفێک و به‌ره‌وڕووی هه‌تاو، جا گه‌رما ئه‌مما گه‌رما، من نازانم چۆن بوو له‌ راوه‌ستان دا تۆزێ له‌ دواتره‌وه‌ ڕاوه‌ستابووم، هه‌موویانم زۆر به‌ باشی لێ دیار بوو، سه‌یر ئه‌وه‌ بوو من که‌ کڵاوم له‌سه‌ر بوو کڵاوه‌که‌یان له‌سه‌ر هه‌ڵنه‌گرتم به‌ڵام ئه‌وانی دیکه‌ بێ کڵاو هه‌ر ده‌بوو بێیه‌ سه‌یڕێیان، قه‌تم له‌بیر ناچێ به‌ختیاری تاجریان فه‌قیره‌ که‌ هه‌ر قه‌تی راوه‌ماسی نه‌کردبوو بۆ یه‌که‌م جار تووشی ئه‌و به‌زمه‌ ببو، ئه‌و سه‌ری تاس بوو، ئاره‌قه‌ی سه‌ر و ناوچاوانی تک تک و زه‌نگوڵ زه‌نگوڵ له‌ سه‌ر نووکی که‌پۆی ده‌تکایه‌وه‌.

کابرای به‌رپرس له‌وێ نه‌ما بوو و ئێمه‌ی به‌ سه‌ربازێک سپاردبوو، هه‌ر جووڵه‌مان هاتبا یان به‌ شه‌پ لێی ده‌داین یان به‌ زله‌ له‌ پشت مڵی ڕاده‌کیشاین.‌ تا لای ئێوارێ به‌م جۆره‌و رایانگرتین، له‌وێ زۆرجاران شوکرانه‌ بژێر بووم که‌ره‌حمان وه‌یسیمان ده‌گه‌ڵ نه‌بوو، ئاخر ئه‌و هه‌ر لاقێکی ساخی هه‌بوو و ده‌م کوت خودایه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و ده‌گه‌ڵ با ده‌بوو چی کردبا. ئه‌و‌که‌ ره‌فیقی راوێمان بوو ونازانم چۆن بوو ئه‌و ڕۆژه‌ بۆ به‌ختی خۆی ده‌گه‌ڵ نه‌که‌وت، لای ئێوارێ له‌ حاڵێکدا به‌ڕاستی خه‌ریک بوو ده‌بووراینه‌وه‌ یه‌کی دیکه‌ په‌یدا بوو ویه‌کسه‌ر هاته‌ لامان و لێی پرسین ، بۆ لیره‌ن، کوتمان راوه‌ماسیمان کردووه‌؟ کوتی چی؟ چۆن؟ یانی چی؟ کوتمان ئاغا راوه‌ ماسیمان کردووه‌ و براده‌رێک گرتووینی و هێناوێنێ ئێره‌. چووه‌ ژوور پاش ماوه‌یه‌ک هاته‌وه کوتی ئێوه‌ ئازادن جارێکی دیکه‌ بێ په‌روانه‌ مه‌یه‌نه‌ ڕاوێ؟! کاتی وه‌ی نه‌بوو باسی ئه‌وه‌ بکه‌ین که‌ په‌روانه‌مان هه‌یه‌ و له‌ خۆڕا گرتوویانین خودا خودامان بوو له‌و چۆلگه‌ بیابانه‌ رزگاریمان بێ. ئازاد بووین به‌لام پێم وابێ چه‌ند ساڵی کێشا ئێمه‌ هه‌ر روومان ده‌و ناوچه‌یه‌ نه‌کرده‌وه‌ راوێ تاڵاو وشیرناومان له‌ خۆمان قه‌ده‌غه‌ کرد‌.

یادی ئه‌و دۆستانه‌ هه‌میشه‌ به‌خێر

وێنه‌که‌ : خۆم وه‌ستا ڕه‌شید سه‌دی مه‌هاباد

Saturday, 14 December 2013

پرسیارێک له‌ خۆمان؟؟؟

پرسیارێک له‌ خۆمان؟؟؟

گولـله‌و ده‌رمانی بایزئاغای و شه‌ق له‌ که‌نداڵی!

خزمینه‌، گه‌لی دۆست و براده‌ران، زۆر جار له‌و فه‌یس بووکه‌ شتی وام دیوه‌ سوور زانیومه‌ نووسه‌ری بابه‌ت مه‌به‌ستی له‌ نووسینه‌که‌ ته‌نیا بازارگه‌رمی بۆ خۆی و کوردایه‌تی فرۆشتنه‌ و هه‌وڵ ده‌دا له‌ رێگای ئه‌و شێوه‌ نووسینه‌ خۆی مه‌تره‌ح بکات، زۆر جاران سوور ده‌زانین ئه‌وه‌ی ده‌یلێین ته‌واو پڕ به‌ پێست نییه‌، په‌له‌ی ده‌که‌ین، یان لانی که‌م ته‌واو ئاگاداری رووداوه‌کان نین و حوکم ده‌ده‌ین، پلاری کوێرییه‌ و ده‌یهاوێن! سه‌یر ئه‌وه‌یه‌ که‌ دوای ئه‌وه‌ی ناراستی بۆچوون و حوکمه‌کانمان وه‌ده‌ر که‌وت وه‌ک نه‌ بامان دیبێ و نه‌ باران، به‌ شان ڕاوه‌شاندن دوباره‌ خه‌ریکین له‌و دنیای سیاسه‌تی که‌س به‌ که‌سه‌ دا پیاسه‌ ده‌که‌ین.

ئه‌و ره‌خنه‌یه‌ و ئه‌و گله‌ییه‌م رووی له‌ که‌سی تایبه‌تی نیه‌ چوون هه‌ر له‌ سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ی ئێستا باسی ده‌که‌م گه‌لێکن تووشی ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌ بوون و توانجه‌که‌م ده‌یان گرێته‌وه‌. به‌ڵام یه‌ک داوای دۆستانه‌م هه‌یه‌ با هه‌موو لایه‌ک به‌ مه‌سئولیه‌ته‌وه‌ قسه‌ بکه‌ین، با له‌ خۆڕا و به‌ نووسینێکی دووور له‌ ویژدان هه‌ست و بیری دوو کوڕ و کچی گه‌نجی ئه‌و کوردستانه‌ به‌ ڵاڕیدا نه‌به‌ین. با شته‌کان چۆنن وایان ببینین و وه‌ک خۆیان باسی بکه‌ین. با له‌ خۆڕا و به‌ هه‌وه‌نته‌ گوته‌ و نووسینه‌کانمان نه‌بێته‌ "گولـله‌ و ده‌رمانی بایزئاغای و شه‌ق له‌ که‌نداڵی" یان " سنگ مفت و گنجشک مفت" . با به‌رامبه‌ر به‌ نووسینه‌کانمان ئه‌گه‌ر لێپرسینه‌وه‌ش نه‌بێ ویژدان حاکم بێ.

له‌ سه‌ر که‌یسی ئه‌و گیراوانه‌ی هه‌ولێر ئه‌گه‌ر به‌ نووسین و بۆچوونه‌کان دا بچینه‌وه‌ زۆرن ئه‌وانه‌ی هێرشیان ده‌کرده‌ سه‌ر حیزبه‌کانی رۆژهه‌ڵات که‌ بۆچی له‌ ئاست ئه‌و گیراوانه‌ بێده‌نگن؟ یه‌ک ده‌یکوت ئه‌وانه‌ جیره‌ خۆری پارتین، یه‌ک ده‌یکوت ئه‌وانه‌ ناوێرن چوون ژێر ده‌سته‌ن، یه‌ک ده‌یکوت حکوومه‌ت نان و دۆیان ده‌بڕێ!!! و زۆر بێڕێزی دیکه‌ش له‌ ژێر په‌رده‌ی دڵسۆزی بۆ ئه‌و گیراوانه‌ و له‌ راستیدا به‌ نیازی کوتان و سڕینه‌وه‌ی لایه‌نه‌کان یان له‌ راستیدا بردنه‌ سه‌ری عه‌یاری کوردایه‌تییان. ئایا به‌ڕاستی دیواری که‌س له‌ هی حیزبه‌کانی رۆژهه‌ڵات کورتتر نییه‌ وێی هه‌ڵزنێین؟ ئه‌وه‌ له‌ حاڵێکدایه‌ که‌ ئه‌و که‌یسه‌ بۆ حکوومه‌تیش و بۆ حیزبه‌کانی رۆژهه‌ڵاتیش حه‌ساسیه‌تێکی زۆری هه‌یه‌ و ناکرێ حیزبه‌کان هه‌موو شتێک میدیایی بکه‌ن، ئاخر ئه‌وان وه‌ک ئێمه‌ نین، نه‌ جیگایان گه‌رم و نه‌رمه‌ و نه‌ وه‌ک مه‌مانان له‌ ئه‌منیه‌تی ته‌واو دان. لینکی وتووێژی نوێنه‌رایه‌تی حدک له‌ هه‌ولێر راستی ئه‌و بۆچوونه‌ ده‌سه‌لمێنێ که‌ من دڵنیام حدکا وکۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێریش له‌و پێوه‌ندییه‌ دا به‌ قه‌را حدک و ره‌نگه‌ زیاتریش هه‌وڵیان دابێ. ئایا به‌ڕاستی کاتی ئه‌وه‌ نه‌هاتووه‌ بۆ چاکسازی و رێفورمێکی ده‌روونی ئه‌و پرسیاره‌ له‌خۆمان بکه‌ین و بڵێین گه‌لۆ چما قسه‌کردن و تۆمه‌ت لێدان به‌ تایبه‌تی له‌ حیزبه‌کان وه‌ک چه‌کی بێمحه‌لی لێهاتووه‌ و هه‌ر که‌س راست ده‌بێته‌وه‌ ده‌ست به‌جێ ئیمزایه‌کی له‌ بن ده‌دا بێ ئه‌وه‌ی هیچی ده‌حیساب دا بێ؟

http://www.youtube.com/watch?v=ymx1IWxmfL8

Tuesday, 10 December 2013

مامۆستا حه‌سه‌نی شیوه‌سه‌ڵی قاره‌مانی گه‌ل


مامۆستا حه‌سه‌نی شیوه‌سه‌ڵی قاره‌مانی گه‌ل                    

له‌ دوای ترۆری دوکتور قاسملوو و شه‌ره‌فکه‌ندی ئه‌و کاره‌ساته‌ی به‌ هۆی ترۆریسته‌کانی ریژیمی فاشیستی مه‌سه‌بی ئیران به‌ره‌ورووی مامۆستا مه‌لا حه‌سه‌نی شیوه‌سه‌ڵی بۆوه‌ له‌ ناخه‌وه‌ هه‌ژاندمی و ویرانی کردم. من بۆ ماوه‌یه‌کی کورت و له‌ نزیکه‌وه‌ و له‌ شاری مه‌هاباد، له‌ پادگانی مه‌هاباد هاوکاری بووم، ئه‌و ماوه‌یه‌ ئه‌گه‌رچی کورت بوو به‌ڵام شه‌و وڕۆژ پێکه‌وه‌ بووین. ده‌زانم له‌ ئیمان و له‌ باوه‌ڕ به‌ ئامانجه‌کانی کورد و حیزبه‌که‌ی ، له‌ خۆڕاگری به‌رامبه‌ر به‌ هه‌موو پێشهاته‌کان هیچ کێوێک تای ناکات. له‌ ته‌قینه‌وه‌ی کتێبکدا که‌ رێژیم به‌ هۆی به‌کرێگیراوانی خۆی ناردبووی ، به‌داخه‌وه‌ مامۆستا هه‌ردووک ده‌ست و هه‌ردووک جاو و توانایی بیستنی له‌ هه‌ردووک گوێ له‌ده‌ست دا، ئه‌و ترۆره‌ ئه‌گه‌رچی یه‌کێکه‌ له‌ سه‌دان ترۆر و کوشتنی رۆڵه‌کانی گه‌لی کورد به‌ڵام یه‌کێکه‌ له‌و هۆکارانه‌ی که‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی هه‌رگیز خوازیاری تۆڵه‌کردنه‌وه‌ نیم و حه‌ز به‌ تۆڵه‌کردنه‌وه‌ ناکه‌م که‌چی به‌لێن بی تا مابم یه‌ک چرکه‌ش له‌ دژایه‌تی و هه‌وڵدان بۆ رووخانی ئه‌و رێژیمه‌ فاشیستییه‌ درێغی ناکه‌م. ئاره‌زوومه‌ رۆژێک دابی که‌ سه‌رانی رێژیم و به‌رپرسه‌ باڵاکانی ئه‌و سیسته‌مه‌ وه‌حشی و مرۆڤکوژه‌ له‌ دادگایه‌کی عادیلانه‌ی گه‌لی دا محاکه‌مه‌ بکرێن و به‌ سزای خه‌یانه‌ت و جنایه‌ته‌کانیان بگه‌ن.

مامۆستا حه‌سه‌نی شیوه‌سه‌ڵی هه‌م قاره‌مانی گه‌ڵ هه‌م به‌ڵگه‌یه‌کی زیندووی ترۆریست بوون و جنایه‌تکار بوونی ئه‌و نیزامه‌یه‌. له‌ هه‌مان کات دا هه‌م مامۆستا و هه‌میش دۆژمنانی ماۆستا واته‌ رێژیمی فاشیستی مه‌سه‌بی ئێران دڵنیا بن رۆژی پاکانه‌ حیساب دره‌نگ یا زوو دادێ و داگای گه‌ڵ هه‌موو تاوانباران به‌ سزای خۆی ده‌گه‌یه‌نێ.

مامۆستا حه‌سه‌نی شیوه‌سه‌ڵی به‌ڕێز، من وه‌ک خۆم چم نییه‌ له‌ ئاست گه‌وره‌ییت دا، له‌ ئاست خۆڕاگریتدا بێلێم جگه‌ له‌وه‌ی بۆ خه‌بات و خۆراگریت سه‌ری کڕنۆش دانه‌وێنم.

https://www.youtube.com/watch?v=YT4wKu1WdPI

وێنه‌که‌: ده‌ستی راست مه‌لاحه‌سه‌ن شیوه‌سه‌ڵی و ده‌ستی چه‌پ دوکتور قاسملوو

Saturday, 7 December 2013

پیلانی سێ گۆشه‌، ده‌رفه‌تی زێڕین

  پیلانی سێ گۆشه‌، ده‌رفه‌تی زێڕین        برایم جه‌هانگیری
       
ماوه‌یه‌ک له‌مه‌وبه‌ر له‌ بابه‌تێکی کورت دا نووسیم هه‌رێمی کوردستان ده‌گه‌ڵ پیلانێکی مه‌ترسیدار به‌ره‌وڕوویه‌ و مه‌ترسی جیددی له‌سه‌ره‌. کاتێ باسی هه‌رێمی کوردستان ده‌که‌م به‌ده‌ر له‌ ده‌سه‌ڵات مه‌به‌ستم ئه‌و چوارچێوه‌ کوردستانییه‌ی باشووره‌ که‌ به‌ پێی یاسای حکوومه‌تی ناوه‌ندی و یاسا نێو‌ ده‌وڵه‌تێکه‌نا و دان پێدانانی زۆربه‌ی وڵاتان ئه‌و به‌شه‌ له‌ کوردستان وه‌ک حکوومه‌تێکی فیدڕاڵی ناوچه‌یی به‌ره‌سمی ناسراوه‌. ئه‌و چوارچیوه‌یه‌ وه‌ک حکوومه‌تی کوردی ئێستاشی ده‌گه‌ڵ دابێ بۆ من جێگای ئومێده‌ ئه‌گه‌رچی خه‌ریکه‌ ورده‌ ورده‌ به‌ هۆی هه‌ندێ هه‌ڵسوکه‌تی نابه‌جێی و دوور له ئینتیما نه‌ته‌وه‌ییه‌کان ناهومێدی به‌رامبه‌ر به‌و به‌شه‌ له‌ کوردستانی رزگار کراو دامده‌گرێ.

 کاتێ باسی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان ده‌کرێ به‌داخه‌وه‌ زۆر یه‌ک له‌ دۆستان ته‌نیا دوو حیزبی ده‌سه‌ڵاتتدار ده‌بینن و پێیان وایه‌ ئه‌و حکوومه‌ته‌ و ئه‌وهه‌رێمه‌ یانی پارتی  ویه‌کیه‌تی، له‌ حاڵێکدا وه‌ک له‌ دوایین هه‌ڵبژاردنه‌کان دا ده‌رکه‌وت یه‌کیه‌تی پله‌ی هێزی دووهه‌می له‌ ده‌ست دا و گۆڕان جێگای گرته‌وه‌. با پێمان وا نه‌بێ سبه‌ی پارتیش هه‌مان سناریۆی بۆ نایه‌ته‌ پێش ئه‌گه‌ر سیاسه‌ت کردنیان هه‌ر به‌و ئاقاره‌ دا بڕوات که‌ دوای سه‌رکه‌وتن له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانی ئه‌م دواییانه‌یان خه‌ریکن په‌یره‌وه‌ی ده‌که‌ن. که‌ واته‌ بۆ ئێمه‌مانان ده‌بێ حکووومه‌تی هه‌رێمی کوردستان وه‌ک چوارچێوه‌یه‌کی ده‌سه‌ڵاتی یاسایی به‌شێک له‌ کوردستان بایه‌خی خۆی هه‌بێ سه‌ره‌ڕای هه‌موو موخالیفه‌ته‌کان به‌رامبه‌ر به‌و گه‌نده‌ڵی و بێ یاساییه‌ی که‌ ده‌یبینین حه‌کوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له‌ ده‌سکه‌وتێکه‌ که‌ مێژووی کورد تا ئێستا به‌ خۆیه‌وه‌ نه‌دیوه‌.

 ئه‌فغانستان نزیک 40 ساڵه‌ شه‌ڕی ناوخۆیی به‌رۆکی گرتووه‌ و تا ئێستاش ئه‌و شه‌ڕه‌ درێژه‌ی هه‌یه‌، زۆرجاران ئه‌و وڵاته‌ له‌ لایه‌ن سێ هێزه‌وه‌ پارچه‌کراوه‌ و سێ ده‌سه‌ڵاتی جودا جودا به‌ سێ بیر و روانگه‌ی جیاوازه‌وه‌ حکوومه‌تیان به‌ سه‌ر به‌شه‌جیا جیاکانی ئه‌فگانستان دا کردوه‌. عه‌بدوڵره‌شید دۆستوم له‌ لایه‌ک و گولبه‌دین حیکمه‌تیار له‌ لایه‌ک و ناوه‌ندیه‌کان له‌ لایه‌کی دیکه‌وه‌.  به‌ڵام چونکه ئه‌فغانستان‌ وڵاتێک بووه‌ و خاک و چوارچێوه‌ی جوغرافیایی ئه‌و وڵاته‌ دیاری کراوه‌ دوای ئه‌و هه‌مووه‌ گۆڵمه‌زه‌ ئه‌و وڵاته‌ هه‌ر له‌ جێی خۆی بووه‌ و هه‌ر ئه‌فغانساتان ماوه‌ته‌وه‌. له‌م پیوه‌ندیه‌ دا ده‌بێ بڵێم که‌ خۆزگه‌ کوردی باشوور به‌ حیزب و به‌ رۆژنامه‌ نووس و به‌ رۆشنبیره‌وه‌ که‌ هه‌ر هه‌مووی خه‌ریکی تیر و شیر لێک سووتنه‌، هه‌وڵی ئه‌وه‌یاندابا که‌ به‌ یه‌کده‌نگی و یه‌کڕێزی که‌رکووم و ئه‌و به‌شه‌ له‌ خاکی کوردستانیان که‌ هێشتا له‌ ژێرده‌ستی حکوومه‌تی ناوه‌ندیدایه‌ گه‌ڕاندبایه‌وه‌ سه‌ر هه‌رێمی کوردستان دوایه‌ ئه‌و شه‌ڕه‌گه‌ڕه‌که‌یان کردبا که‌ ئێستا ده‌یکه‌ن.

پیلانی سێ گۆشه‌
  ماوه‌یه‌که‌ هه‌وڵه‌ دیپڵۆماسیه‌کان  بۆ له‌بار بردنی ئه‌و حه‌ڕه‌که‌ته‌ی کوردان که‌ به‌ هۆی ئاڵوگۆڕه‌ناوچه‌ییه‌کان هاتۆته‌ ئاراوه‌ و هه‌ر وه‌ها حکوومه‌تی هه‌رێم و ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمی کوردستان که‌وتوونه‌ته‌ گه‌ڕ. دوژمنان  خه‌ریکن زۆر به‌ ئاشکرا به‌ره‌وه‌ پیلانێکی سێ گۆشه‌ هه‌نگاو ده‌نێن بێ ئه‌وه‌ی کورد تا ئێستا وشیار بوووبێته‌وه‌ و هه‌وڵی یه‌کگرتنێکی به‌ دڵ و گیان بده‌ن و هه‌ست به‌و مه‌ترسیه‌ بکه‌ن که‌ خه‌ریکه له‌ پیلانه‌وه‌‌ ده‌بێته کردار. ‌ هاتوچۆیی ئه‌م دواییانه‌ی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی تورکیا بۆ عێراق به‌ دوای سه‌فه‌ری نێچروان بارزانی بۆ تورکیاو ئیمزاکردنی په‌یماننامه‌ی نه‌وت  وگازی هه‌رێمی کوردستان  ده‌گه‌ڵ تورکیا و ناره‌زایه‌تی حکومه‌تی ناوه‌ندی عێراق و هه‌ر وه‌ها چوونی نوری مالیکی بۆ تاران و دیدار ده‌گه‌ڵ به‌رپرسانی ئه‌و وڵاته‌و باس له‌ زیندوو کردنه‌وه‌ی په‌یمانی شوومی ئه‌لجه‌زایه‌ر له‌ نیوان عێراق  و ئێران دا هه‌مووی راستی ئه‌و پیلانه‌ سێ گۆشیه‌ به‌ روونی ئاشکرا ده‌که‌ن. تورکیا که‌ به‌ دوای په‌یامی ئاشتی  ئۆجالان و قه‌بووڵ کردنی ئه‌و په‌یامه‌ له‌ لایه‌ن تورکیاوه‌ پێی ناوه‌ته‌ قۆناخێکی تازه‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ پرسی کورد و تا ئێستا چه‌ند دانیشتن و کۆبوونه‌وه‌ لێدوانی جیا جیای لێکه‌وتۆته‌وه‌، ئه‌گه‌رچی کورد تا ئێستاش سه‌باره‌ت به‌و پرۆسیه‌یه‌ گه‌ش بین نییه‌ به‌ڵام به‌ره‌سمی کۆتایی هاتنی ئه‌و پرۆسه‌یه‌ش رانه‌گه‌نڕاوه‌.

  ئه‌و دانووستاندن و ئه‌و پرۆسه‌ی ئاشتیه‌ی کوردستانی باکوور له‌ راستیدا زیاتر له‌ هه‌موو کات ئێرانی نیگه‌ران کردووه‌ و به‌ جیددی مه‌ترسی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ که‌ ئه‌گه‌ر پرۆسه‌ی ئاشتی له‌ تورکیا سه‌ر بکه‌وێت ئیتر ئێران له‌ به‌رامبه‌ر ته‌وژمێکی به‌هێزی نه‌ته‌وه‌ی وکورد دا خۆ ده‌بینێته‌وه‌ که‌ داوای مافی خۆی بکات و کێشه‌ی زۆر گه‌وره‌ بۆ ئێران که‌ هێنده‌ سه‌قام گیر نییه‌ بنێته‌وه‌. هه‌ر بۆیه‌ و له‌ سه‌ره‌تای پرۆسه‌ی ئاشتی کوردی باکوور  وتورکیا ئارام و قه‌راری لێهه‌ڵگیراوه‌ و خه‌ریکه‌ هه‌رچه‌ندی بۆی بکرێ ببێته‌ کوسپ و ته‌گه‌ره‌ی نێوان کورد وتورک و له‌ پێک هاتن و رێککه‌وتنی سه‌ره‌تاییش شڵه‌ژان و ترسی له‌ ڕاده‌به‌ده‌ر به‌هه‌ڵسووکه‌وت  ولێدوانه‌کانی رابردوویانه‌وه‌ به‌ روونی دیار بووه‌.

  ئآ له‌م بارودۆخه‌ دا ئێران هیچ کات‌ رازی به‌وه‌ نیه و نه‌بووه‌ ‌ که‌ حکوومه‌تێک به‌ ناوی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له‌ جیرانه‌تی ویدا سه‌ر هه‌ڵبدا و ئێستاشی له‌گه‌ڵ دابێ هه‌رگیز ئێران له‌ قسه‌ کردنیشدا دانی به‌ بوونی حکومه‌تێکی کوردی هه‌رێمی نه‌ناوه‌. ئه‌و هه‌میشه‌ و ئه‌گه‌ر ناویشی هێنابێ کوتوویه‌تی" حکومت خود خوانده‌" ئیران جگه‌ له‌مه‌ له‌ پروسه‌ی ئاشتی تورکیا زیاتر نیگه‌رانه‌ ، ئه‌و له‌ وه‌ ده‌ترسێ که‌ پ ک ک وه‌ک هێزێکی سه‌ره‌کی باکوورو به‌ توانا له‌ باری نیزامییه‌وه  ئه‌گه‌رچی پێوه‌ندی ده‌گه‌ڵ رێژیمی ئێران هه‌یه‌ ‌ به‌ڵام دوای پرۆسه‌ی ئاشتی باکوور و پێک هاتنی ده‌گه‌ڵ تورکیا هیزه‌کانی به‌گژ ئێران دا بکات . تورکیا ئه‌گه‌رچی له‌ به‌ر به‌ژه‌وه‌ندی بازرگانی خۆی  نیوانی ده‌گه‌ڵ حکووومه‌تی هه‌ر‌ێم وده‌گه‌ڵ هه‌رێمی کوردستان خۆشه‌ به‌ڵام به‌ جیدی نیگه‌رانی شکڵ گرتنی حکوومه‌تێکی دیکه‌ی کوردییه‌ ئه‌ویش له‌سه‌ر ده‌ستی پ ک ک یان پ ی د که‌ لقی رۆژئاوایی پ ک ک یه‌. مالیکی و حکوومه‌تی عێراقیش که‌ ئه‌گه‌ر له‌ توانایان دا هه‌بووایه‌ له‌ مێژ بوو له‌شکری تانک و تۆپیان ده‌نارده‌ سه‌رکوردستان  ئیدی دیاره‌ له‌ ئاست کورد  وخواسته‌کانی کورد هه‌ر به‌ مووش ده‌گه‌ڵ سه‌دام حوسێن فه‌رقیان نییه‌.

   که‌ واته‌ به‌رژه‌وه‌ندی هه‌موو ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ له‌ وه‌دایه‌ که‌ کورد سه‌رهه‌ڵنه‌دا و به‌ مافه‌کانی نه‌گات چون ده‌بێته‌ مه‌ترسی بۆ سه‌ر ئه‌وان، دیاره‌ هه‌ر یه‌ک له‌و ولاتانه‌ کێشه‌ی بێ ئه‌ژماری خۆیان هه‌یه‌ و هه‌ر یه‌که‌و ده‌گه‌ڵ کۆڵێ قه‌یرانی ئابووری و سیاسیی ناوخۆیی و ده‌ره‌وه‌ی به‌ره‌وڕوویه‌ به‌لام وا باش بوو سیاسه‌تمه‌دارانی کورد جار جاره‌ ئاورێکیش له‌و مه‌ترسیانه‌ بده‌نه‌وه‌ و بیریان کردباوه‌ که‌ چۆن دوژمنانی کورد بۆ له‌ ناو بردنمان هه‌وڵ ده‌ده‌ن و خۆیان رێک ده‌خه‌ن و یه‌ک ده‌گرن، سه‌ره‌ڕای هه‌بوونی قه‌یران له‌ ناو ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌دا من ئه‌و مه‌ترسیه‌ هه‌ر به‌جیددی ده‌زانم. له‌ به‌رامبه‌ر دا خۆزگه‌ کوردیش هه‌مان شێوازی بۆ ده‌سته‌به‌ر کردنی خواسته‌کانی ڕه‌چاو کردبا گه‌وره‌ترین چه‌کی سه‌رکه‌وتنی واته‌ یه‌کگرتن به‌ ده‌سته‌وه‌ گرتبا. ئه‌گه‌ر چاوێک به‌ خۆمان و به‌ ده‌وره‌به‌ر دا بخشێنین  ده‌بینین که‌ راسته‌ کورد زۆر په‌رت و په‌ره‌وازه‌یه‌ به‌لام دوژمنانیش هه‌تا خودا حه‌زێ ده‌کات لێک نه‌بان و ناته‌بان. ئه‌گه‌ر ئێمه‌ له‌ چاو ڕابردوو خاوه‌ن هێزین ئه‌وان له‌چاو ڕابردوو، له‌وپه‌ڕی بێ هێزی دان و به‌ شه‌رتێک یه‌کگرتوو بین وه‌دی هاتنی ئاره‌زووه‌ دێرینه‌کانمان هێنده‌ ئاسته‌م نییه‌. ده‌رفه‌تێکی زێڕینه‌ له‌ به‌ر ده‌م کوردان دا تا ماڵی خۆیان رێک بخه‌ن و له‌ هه‌ڵه‌ مێژوویه‌کان ده‌رس وه‌رگرن و له‌و هه‌له‌ مێژووییه‌ که‌ڵک وه‌گرن و ته‌نانه‌ت ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی کوردان رابگه‌یه‌نن.

Thursday, 5 December 2013

قسه‌یه‌ک ده‌گه‌ڵ سه‌رۆکی حکوومه‌تی کوردی به‌ڕێز نێچیره‌وان بارزانی



  قسه‌یه‌ک ده‌گه‌ڵ سه‌رۆکی حکوومه‌تی کوردی به‌ڕێز نێچیره‌وان بارزانی      برایم جه‌هانگیری

  شه‌رمێک له‌  مسته‌فا بارزانی بکه‌ن

کورد ده‌ڵێ گرێ که‌ به‌ ده‌ستی ده‌کرێته‌وه‌ بۆ ده‌بێ به‌ ددان بیکه‌یه‌وه‌. حکوومه‌تی باشوور و وه‌ک ده‌رده‌که‌وێ له‌ سه‌رووی هه‌مووشیانه‌وه‌ کاک نیچیره‌وان بارزانی راست وایان لێقه‌وماوه‌، ئه‌وان زۆر به‌ ساده‌یی 7 - 8 کوردی رۆژهه‌ڵاتیان گرت که‌ ده‌کرا پاش 24 سه‌عات و به‌ وه‌رگرتنی ته‌عه‌هودێک ئازادیان بکه‌ن و هیچ کێشه‌یه‌کی بۆ هیچ لایه‌ک نه‌نابایه‌وه‌ و به‌ راستی حکوومه‌تیش تووشی ئه‌و ئابڕووچوونه‌ نه‌بووبا که‌ وه‌ک سووتاو هه‌ر خه‌ریکه‌ پێوه‌ده‌چێ.  به‌ڵام وادیاره‌ به‌رپرسانی حکوومه‌تی هه‌رێم ده‌ گوێی گا نووستوون! ئه‌وان جگه‌ له‌وه‌ی که‌ رێگایه‌کی دروست و شیاوی حکوومه‌تێکی کوردی و دیمۆکراتیکیان له‌ پێوه‌ندی ده‌گه‌ڵ ئه‌و گیراوه‌ کورده‌ رۆژهه‌ڵاتیانه‌ هه‌ڵنه‌بژارد به‌ڵکوو له‌ دوا هه‌ڵوێستا دا و وه‌ک سه‌رۆکی حکوومه‌ت واته‌ نێچیره‌وان بارزانی له‌ وڵامی رۆژنامه‌نووساندا ده‌ڵێ ئه‌وانه‌ گێره‌ شێوێنن.

p u k media: له‌وه‌ڵامی پرسیارێكی رۆژنامه‌نوساندا سه‌باره‌ت به‌ ئه‌و هێرشانه‌ی كه‌ كراونه‌ته‌ سه‌ر كۆنسوڵخانه‌ی ئێران له‌شاری هه‌ولێر، نێچیرڤان بارزانی رایگه‌یاند: رێگه‌ ناده‌ین له‌ هه‌رێمی كوردستان ئاژاوه‌گێڕی دروست ببێت، ئه‌وانه‌ی كه‌ هه‌وڵی تێكدانی ئاسایشی هه‌رێم ده‌ده‌ن گێره‌شێوێنن و رووبه‌ڕووی یاسایان ده‌كه‌ینه‌وه‌."

 ئه‌وه‌ی له‌و باره‌وه‌ زۆر که‌س و یه‌ک له‌وان نووسه‌ری ئه‌م بۆچوونه‌ له‌ چه‌ندین کورته‌ نوسراوه‌  دا ئاماژه‌م پێکردووه‌ ئه‌مه‌یه‌ که‌ یه‌که‌م، ئه‌وانه‌ی گیراون رێکخه‌ری خۆپێشاندانه‌که‌ بوون که‌ مۆڵه‌تی یاسایی بۆ وه‌رگیراوه‌و که‌سانێک نه‌بوون که‌ به‌ردیان به‌ کابه‌ دادابێ! ئه‌گه‌رچی من هه‌ر له‌یه‌که‌م نووسیندا ئه‌و به‌رد هاویشتنه‌م ئیدانه‌ کرد و به‌ کارێکی نه‌شیاوم زانی. دووهه‌م له‌ هه‌موو دنیادا زۆر جار خه‌ڵکی وه‌زاڵه‌هاتوو به‌ردیان گرتۆته‌ سه‌فاره‌ت و کۆنسولگه‌ری رێژیمه‌ دیکتاتۆڕه‌کان و من باوه‌ڕ ناکه‌م له‌ یه‌ک وڵاتیش ئه‌و ره‌فتاره‌ ده‌گه‌ڵ خه‌ڵکی نارازی کرابێ که‌ ئێوه‌ ده‌گه‌ڵ کوردانی رۆژهه‌ڵاتی ده‌که‌ن.
 به‌ڕێز کاک نێچیره‌وان بارزانی، حکوومه‌تی هه‌رێم مافی خۆیه‌تی پیوه‌ندی ده‌گه‌ڵ وڵاتان هه‌بێ و ئاسایشی کۆنسولی ئه‌و وڵاتانه‌ش که‌ له‌ پێته‌ختی هه‌رێم کراونه‌ته‌وه‌ ده‌بێ له‌ لایه‌ن دام و ده‌زگا ئه‌منیه‌کانه‌وه‌ پارێزراو بن. به‌ڵام خۆ ئه‌و خه‌ڵکه‌ کوڕ و برا کوژراوه‌ی خۆ پێشاندانێان کرد تاقه‌ یه‌ک که‌سیان له‌و کۆنسولگه‌ریه‌ بریندار نه‌کرد، ئه‌وان شووشه‌ و تابڵۆی به‌رده‌رکی کۆنسوڵی ئێرانیان شکاند که‌ کارێکی باشیان نه‌کرد، تابلۆی سه‌فاه‌رتێ وڵاتێکیان شکاند که‌ هه‌موو ڕۆژێ کوردی هاو ره‌گه‌زی تۆ، کوردی هاوخوێنی تۆی باشوور و حکوومه‌ته‌که‌ی باشوور خه‌ڵتانی خۆێن ده‌کات!  ئه‌و دڕنده‌ترین رێژیمی سه‌رده‌مه‌، تۆ له‌ وه‌ها حاڵه‌تێکدا بنکه‌ی خوێنڕێژترین حکوومه‌تی هه‌موو مێژووت له‌ هه‌ولێردا کردۆته‌وه‌و شیمانه‌ی ئه‌وه‌ ناکه‌ی خه‌ڵکی به‌ ڕق داچوو دووبه‌رد به‌و جاسووسخانه‌یه‌ دابده‌ن؟  بۆ پێشتر ئه‌و ئاماده‌کاریه‌ نه‌کراوه‌؟ جگه‌ له‌مانه‌ به‌ کام یاسا ئه‌وه‌ نزیک مانگێکه‌ ئه‌و کورده‌ په‌نابه‌ره‌ سیاسیانه‌ له‌ ناو زیندانی کوردان دان  که‌ ته‌نیا بۆ دڵخۆشی حکوومه‌تی تارانه‌ و هیچی دیکه نا‌؟ بۆ نایان ده‌ن به‌ دادگا و به‌ مه‌حکه‌مه‌؟ ئایا ئاوا ئاسا له‌ هه‌رێم سه‌روه‌ر ده‌بێ؟!
 ئه‌وانه‌ی هێز و ده‌سه‌ڵات به‌م شیوه‌ به‌کار دێنن و مافدارانی بێ هێز ده‌خه‌نه‌ به‌ند و زیندان بۆ ئه‌وه‌ی دڵی زۆردارانی خوێنخۆر خۆش بکه‌ن لاپه‌ڕه‌یه‌کی ره‌ش له‌ ژیانی خۆیاندا تۆمار ده‌که‌ن که‌ تا هه‌تایه‌ ناسڕێته‌وه‌، من زۆر هاوارم هات و زۆرم نووسی که‌ ئه‌ی به‌رپرسانی حکوومه‌تی هه‌رێم و پارتی، راگرتنی ئه‌و کوردانه‌ له‌ به‌رژه‌وندی ئیوه‌ و که‌س دانیه‌! له‌ به‌رژه‌وندی کورد دا نییه‌؟! به‌ڵام وادیاره‌ که‌س گوێ ناگرێ. له‌ تازه‌ترین دیمانه‌ دا کاک نێچیربارزانی به‌ ئاشکرا پشتگیری ئه‌و ناعه‌داڵه‌تیه‌ ده‌کات و کو‌ردانی دڵبرینداری ‌رۆژهه‌ڵات، چالاکانی مه‌ده‌نی و سیاسیی کورد به‌ گێره‌شێوێن له‌ قه‌ڵه‌م ده‌دا!
  کاک نێچیره‌وان بارزانی، من وه‌ک کوردێکی رۆژهه‌ڵات که‌ هه‌میشه‌ داکۆکیم له‌ حکوومه‌تی هه‌رێم کردووه‌ و به‌ حکوومه‌تی خۆمم زانیوه‌ خه‌ریکم به‌و‌ قه‌ناعه‌ته‌ ده‌گه‌م که‌ کوردستان یه‌ک پارچه‌ نییه‌ و کوردیش یه‌ک نه‌ته‌وه‌ نییه‌ . ئه‌وه‌ی ئێوه‌ کوتووتانه‌ و وچالاکی کوردی رۆژهه‌ڵاتتان به‌ گێره‌شێوێن ناساندووه ‌زیاتر ئه‌من له‌و هه‌سته‌ نزیک ده‌کاته‌وه‌ و له‌ حکوومه‌تی کوردیش نائومێد ده‌کات! گه‌وره‌ترین زه‌ره‌ری ئه‌و کرده‌وه‌ دوور له‌ عه‌قڵانیه‌ته‌ی حکوومه‌تی ئێوه‌ له‌ گرتنی ئه‌و کوردانه‌ دوور خستنه‌وه‌ی هه‌ست و سۆزی کوردانی رۆژهه‌ڵاته‌ به‌رامبه‌ر به‌ حکوومه‌تی هه‌رێم ، ئه‌و پیلانه‌ی رێژێمی ئێران زۆر به‌ وشیاری دایڕشت و ئێوه‌ زۆر به‌ ساده‌یی ده‌داوی که‌وتن!
  به‌ڕیز نێچیره‌وان بارزانی،  هیوادارم ویڕای داوای لێبوردن له‌و قسه‌یه‌ت که‌ شیاوی سه‌رۆکی حکوومه‌تی کوردان نییه‌ هه‌رچی زووتر ئه‌و گیراوانه‌ ئازاد بکرێن و چێ دیکه‌ بۆ دڵخۆشی حکوومه‌تی ئیسلامی ئێران‌ باشترین رۆڵه‌کانی ئه‌و گه‌له‌ له‌ زیندانی کوردان دا نه‌مێننه‌وه‌. داواتان لێده‌که‌م ئاوڕێک له‌ مێژوو بده‌نه‌وه‌ و باپیره‌ی خۆتان، مه‌لامسته‌فای بارزانیتان بێته‌وه‌ یاد، کاتێ شای ئێران داوای ته‌حویل دانه‌وی‌ 4 ئه‌فسه‌ره‌ فارسه‌که‌ی ئه‌رته‌شی ئێرانی لێده‌کات که‌ هه‌ڵاتبوون  وله‌ ڕیزی پیشمه‌رگه‌کان دابوون و له‌ راستیدا په‌نابه‌ر بوون لای مسته‌فا بارزانی ، بارزاانی ئه‌و داوایه‌ی ده‌گه‌ڵ ئه‌فسه‌ره‌کان هێنابۆ گۆڕێ و کوتبووی: شای ئێران داوای ته‌سلیم بوونه‌وه‌ی ئێوه‌ ده‌کات به‌ڵام دڵنیا بن کورد عاده‌تی نییه‌ که‌سێک په‌نای بۆ به‌رێ ته‌سلیمی دوژمنی کاته‌وه‌ . بڕۆ کتێبه‌که‌ی محمه‌دی زه‌ربه‌خت و ته‌فره‌شیان بخوێنه‌وه‌ بزانه‌ چۆن باسی پیاوه‌تی بارزانی ده‌که‌ن! ئێوه‌ به‌ گرتنی ئه‌و کوردانه‌ راست کارێکتان کردۆ به‌ پێچه‌و‌انه‌ی ئه‌خلاقی بارزانی نه‌مر، کاری ئێوه‌ سه‌باره‌ت به‌گرتنی ئه‌و کوردانه‌‌ وه‌ک ئه‌وه‌ وایه‌ که‌ ئه‌وانتان ته‌سلیم به‌ دوژمن کردبێته‌وه‌ دڵنیا به‌ لاێ ئێمه‌مانان هیچ فه‌رق ناکات. با یه‌ک ڕاستیش بدرکێنم، تازه‌ ئازادیان بکه‌ن  وئازادیان نه‌که‌ن ئیوه‌ لاپه‌ڕه‌یه‌کی ره‌شی مێژوویتان خسته‌ سه‌ر کارنامه‌ی خۆتان و هه‌تا زیاتریش ئه‌و کوردانه‌ له‌ زیندان دا بمێننه‌وه‌ دڵنیا بن‌ ئه‌و لاپه‌ڕه‌یه‌ ڕه‌شتر ده‌بێ.  

Sunday, 1 December 2013

تاڵه‌ ژین



تاڵه‌ ژین

هه‌ڵوه‌دا بوون و بیره‌وه‌ریه‌کان...




مرۆڤ تا زیاتر رێروه‌ی ئاواره‌یی بپێوێ، زیاتر بیره‌وه‌ری له‌ شوێن ومه‌کانه‌کانی ئاواره‌بوونی به‌جێ ده‌ێڵێ و زۆر بیره‌وه‌ریش له‌و شوێنانه‌ له‌ مێشکی خۆیدا تۆمار ده‌کات. زۆر که‌سی ئاواره‌ و هه‌ڵوه‌دام دیوه‌ و داستانی ژیانی ماڵ به‌ کۆڵه‌وه‌بوونی زۆر که‌سانم خوێندۆته‌وه‌. ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر هه‌ژاری موکریانی هاتووه‌ ره‌نگه‌ یه‌کێک له‌و رێپیوانه‌ ماراتۆنیانه‌ی ئاواره‌بوون بێ که‌ من لێی ئاگادارم. یان ره‌نگه‌ چوونکه‌ مامۆستا ده‌ست و قه‌ڵه‌می به‌ هێزی بووه‌ توانیوێتی سیما و ره‌وتی رووداوه‌کانی ژیانی بکاته‌ فیلم و دیمه‌نێکی خه‌یاڵی وه‌ها که‌ لانی که‌م کاری له‌سه‌ر من و به‌دڵنیاییه‌وه له‌ سه‌ر زۆر که‌سی دیکه‌ش کردووه‌. له‌ ناو بیره‌وه‌ریه‌که‌ی هه‌ژاری موکریانی دا و له‌ ناو "چێشتی مجێوردا" رۆژانی ئاواره‌ بوونی مامۆستا هه‌ژار له‌ لوبنان دا زۆر جاران له‌ ناخه‌وه‌ هه‌ژاندوومی. دیاره‌ هیچ گومانم له‌وه‌ دانییه‌ که‌ ئه‌وه‌ یه‌کێکه‌ له‌ نموونه‌کانی ئاواره‌بوونی مرۆڤی کورد، ده‌کرێ کورد گوته‌نی ئه‌وه‌ وه‌ک مشتێک له‌ خه‌روارێک به‌راورد بکه‌ین.

ئه‌وه‌ی له‌ ژیانی ئاواره‌یی بۆ من و زۆر که‌سی دیکه‌ ره‌نگه‌ گرینگ بێ و زۆر جاران بۆته‌ گرێیه‌کی ده‌روونی ئه‌وه‌یه‌ که‌ زۆر دۆست وره‌فیقی باش و گیانی به‌ گیانیمان دیتوون و لێمان بزر بوونه‌وه‌، که‌سیش نازانی ئاخۆ ده‌توانین له‌ ماوه‌ی باقی ته‌مه‌ن دا چه‌ندیان ببینینه‌وه‌ و باوه‌شی خۆشه‌ویستی به‌ چه‌ند که‌سیان دا بکه‌ین و ده‌ردێ لێکدابڕان به‌ له‌ ئامێزگرتنی چه‌ندیان لانی که‌م بۆ کورت ماوه‌ ساڕێژ ‌که‌ینه‌وه‌؟ له‌ساڵی 1361 و به‌ هۆی کێشه‌یه‌کی ناوخۆیی و ره‌نگه‌ به‌شێکیش به‌ هۆی ماندوویی و بێتاقه‌ت بوونی خۆم وازم حیزب هێنا. وازهێنانێک که‌ قه‌ت له‌ ناخم دا قه‌بووڵ نه‌کرا و هه‌رگیز نه‌متوانی واز له‌ خۆشه‌ویستی حیزب بێنم و بۆ چرکەیەکیش له‌ بیر خۆمی به‌رمه‌وه‌. سه‌ره‌تای سه‌ر هه‌ڵدانی کێشه‌ی من و ته‌شکیلاتی مه‌هاباد و له‌ ڕاستیدا‌ کاک حه‌سه‌نی شه‌ڕه‌فی بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕایه‌وه‌ که‌ به‌رێزیان دوژمنی قه‌سته‌سه‌ری کتێب و خوێندنه‌وه‌ بوو، به‌ تایبه‌تی هه‌ر کتێبێکی مارکسیستی پێ دیتبای ئیتر وه‌ها تێک ده‌چوو و وه‌ها ده‌شه‌مزا که‌ هه‌موو که‌س هه‌ستی به‌ چڕژانی سیمای ده‌کرد. ئه‌وکاتیش هه‌م مۆد بوو و هه‌میش کتێبه‌ سووره‌کان زۆر به‌ هاسانی له‌ به‌ر ده‌ست بوون و حیزبی توده‌ش له‌و ده‌رفه‌ته‌ی بۆی هاتبووه‌ پێش زۆر زیره‌کانه‌ که‌ڵکی وه‌رگرت و به‌ سه‌دان کتێبی فه‌لسه‌فی و مێژوویی و سیاسیی مارکسیستی _لینینیستی چاپ و بلاو کرده‌وه‌ و له‌ هه‌موو شوێنێک نووسراوه‌کانیان ده‌بینران ته‌نانه‌ت له‌ گونده‌کانیشدا.

ئه‌وه‌ی زۆر به‌هاسانی ده‌گه‌یشته‌ ده‌ره‌وه‌ی شاره‌کان پرسیار و وڵامی ره‌وانشاد کیانووری بوو که‌ من خۆم مشته‌ریان بووم. به‌و که‌م ته‌مه‌نییه‌ی خۆمه‌وه‌ و به‌و تازه‌کارییه‌م له‌ مه‌یدانی سیاسه‌ت دا هه‌میشه‌ به‌ خوێندنه‌وه‌یان له‌ جیاتی جه‌زبیان بم پرسیاری بێ وڵامی وام بۆ دروست ده‌بوو که‌ ئێستاشی ده‌گه‌ڵ بێ سوور ده‌زانم ئه‌گه‌ر خودی کیانووری مابا و ئه‌و پرسیارانه‌م به‌ره‌وڕوی کردباوه‌ له‌ وڵامه‌کانیان خۆی ده‌بوارد. لێره‌دا دوو نوکته‌ و دوو خاڵی گرینگ هه‌میشه‌ منی ئازار ده‌دا، گه‌لۆ چما ئه‌و هه‌موو ئینسانه‌ باشه‌ و تێگه‌یشتوویه‌ به‌ هه‌موو قسه‌یه‌کی کیانووریان ده‌گوت ئامین؟ بۆ که‌س لانی که‌م لای خۆی پرسیاری بۆ دروست نه‌ده‌بوو کاتێ حکوومه‌تی ئه‌وپه‌ڕ دواکه‌وتووانه‌ی کۆماری ئیسلامی ته‌نیا به‌ خاتری ئه‌وه‌ی دروشمی مه‌رگ به‌ر ئه‌مریکای ده‌وته‌وه‌ ببوو به‌ حکوومه‌تی بوڵغاریا و هێنده‌ و هێنده‌ به‌ به‌ژن و باڵایان هه‌ڵده‌کوت؟ حکوومه‌تێک که‌ هه‌تا به‌ قسه‌ و به‌ دروشم مه‌رگ به‌ ئه‌مریکایه‌کی ده‌کوت، به‌کرده‌وه‌ سه‌ت گه‌نجی کوردی به‌ش خوراوی خه‌ڵتانی خۆێن ده‌کرد؟! بۆ من هه‌میشه‌ ئه‌وه‌ پرسیاره‌ بێ وڵامه‌ مایه‌وه‌ ئایا بۆ کۆمۆنیسته‌کان دروشمی "مرگ بر آمریکا" گرینگی سه‌ره‌کی هه‌یه‌ یان پارێزگاری له‌ گیان و ماڵی " خڵقهای تحت ستم"!؟
خاڵی دووهه‌م ئه‌وه‌ بوو که‌ من و زۆر که‌سی دیکه‌ به‌ خوێندنه‌وه‌ی کتێبه‌چاپکراوه‌کانی حیزبی تووده‌ بڕێک شت فێربووین، هۆگریمان به‌ کتێب خوێندنه‌وه‌ په‌یدا کرد، به‌ڵام هه‌رگیز سیاسه‌ته‌کانی حیزبی توده‌مان قه‌بووڵ نه‌کرد و قه‌ت به‌ دووعاکانی ئه‌و حیزبه‌مان نه‌گوت ئامین! ده‌ی که‌وایه‌ به‌رپرسی حیزبی کاک حه‌سه‌نی شه‌ڕه‌فی بۆ هێنده‌ی نیگه‌ران بوو؟ بۆ ده‌یبوغزاندین؟

من له‌ کۆنگره‌ی 5 نوێنه‌ری ته‌شکیلاته‌کانی هه‌وشاری حیزبی دێمۆکڕات بووم. به‌لام هه‌ر که‌ بۆ کۆنگره‌ خۆم ئاماده‌ ده‌کرد بارگه‌ بنه‌م پێچابۆوه‌ و ماڵئاواییم له‌ هه‌وشار و دۆسته‌ زۆر خۆشه‌ویسته‌کانم و خه‌ڵکه‌ دڵپاک و دڵسافه‌که‌ی هه‌وشار خواستبوو. مه‌لائه‌حمه‌دی مرادی یادی هه‌میشه‌ دڵدا زیندوو، کاک سه‌دیق بابایی، کاک ساڵه‌ی وه‌لیزاده‌، کاک حه‌سه‌ن ئوستادی، کاک خالید محه‌مه‌دیان، کاک جه‌ماڵ، مه‌لامحه‌مه‌د، و زۆری دیکه‌ش که‌ به‌دڵ خۆشیانم ویستووه‌ و جێم هه‌یشتوون. هه‌ر بۆیه‌ کاتێ کۆنگره‌ ته‌واو بوو من نه‌گه‌ڕامه‌وه‌ هه‌وشار و راست به‌ خاوه‌ره‌که‌ی هێزی پێشه‌وا و ده‌گه‌ڵ کاک هه‌ژاری شه‌هید گه‌ڕامه‌وه‌ ناوچه‌ی مه‌هاباد. که‌ به‌داخه‌وه‌ ئه‌وه‌ دوا دیدارم بوو ده‌گه‌ڵ کاک هه‌ژاری قاره‌مان و فیداکار و چی پێنه‌چوو خه‌به‌ر هات که‌ فه‌رمانده‌ به‌تواناکه‌ی هێزی پێشه‌وا له‌ شه‌ڕی بانه‌ دا شه‌هید بووه‌.

گه‌ڕامه‌وه‌ بۆ ناوچه‌ی مه‌هاباد و له‌ گوندی ده‌رمان له‌ ماڵی مامم گیرسامه‌وه‌. خزم و که‌س هاتن و پاش ماوه‌یه‌کی دوور ودرێژ جارێکی دیکه‌ چاوم به‌ دیداری باب و دایک و مام و باقی خزمان شاد بۆوه‌. زۆری نه‌برد که‌ کاک حه‌سه‌ن شه‌ڕه‌فی له‌ دووی ناردم ومنیش چوومه‌ ته‌شکیلات که‌ ئه‌و کاتی وابزانم له‌ سونجاخ بوو، کاک حه‌سه‌ن یه‌کسه‌ر به‌ خێرهاتنی کردم وکوتی کاکی خۆم تۆ که‌سێکی به‌توانای بۆ به‌م لاو به‌ولا دا ده‌ڕۆی، وه‌ره‌ لای خۆمان کار بکه‌ و پێویستیمان پێته‌ زۆریش. منیش کوتم جا خۆ به‌ که‌یفی خۆم نییه‌ کۆمسیۆنی ته‌شکیلات هه‌ڵیداشتوومه‌ هه‌وشار و زۆر باشه‌ خۆ من به‌ته‌مای گه‌ڕانه‌وه‌ی هه‌وشار نیم و لێره‌ له‌ ته‌شکیلاتی مه‌هاباد کار ده‌که‌م . ده‌س به‌جێ ده‌ست به‌ کار بووم و وه‌ک به‌رپرسی رێکخراوی محاڵی ئاختاچی بنکه‌ له‌ قه‌مته‌رێ قۆڵم لێهه‌ڵکرد.

له‌ رێکخراوی قه‌مته‌رێ ئه‌وانه‌ی کارمان پێکه‌وه‌ ده‌کرد بریتی بوون له‌ ، کاک سه‌عید بێگزاده‌، کاک عومه‌ر ته‌وره‌، شه‌هید ره‌سووڵ سه‌بووحی، وابزانم کاک ره‌سووڵ قادری. قه‌مته‌رێ گوندێکی هه‌ڵکه‌وتوو له‌ لای رؤژهه‌ڵاتی مه‌هاباده‌ و له‌ ته‌ختاییه‌کی نێوان برهان و ده‌رمان و زینۆی سه‌نگه‌ساری هه‌ڵکه‌وتووه‌. مقه‌ڕ یان ده‌فته‌ری رێکخراو له‌ ناو مه‌درسه‌سه‌یه‌ک دا بوو که‌ دێوێکی ئێمه‌ داگیرمان کردبوو. کاک موسلیح که‌ خزمی خۆشم بوو موعه‌لیم و مامۆستای ئه‌و گونده‌ بوو. ئه‌گه‌رچی حیزب بڕیاری دابوو که‌س مافی ئه‌وه‌ی نییه‌ که‌ پێش به‌ خوێندنی مندالان بگرێ و ده‌بێ له‌ لایه‌ن رێکخراوه‌کانه‌وه‌ ئاسانکاری بۆ قوتابخانه‌و و مه‌ده‌رسه‌ و قوتابیه‌کان بکرێ به‌ڵام دیسان حیزبی وکۆمه‌ڵه‌کان به‌ تایبه‌تی برایانی کۆمه‌ڵه‌ به‌ چاوی گوومانه‌وه‌ ده‌یانڕوانییه‌ ئه‌و موعه‌لیم ومامۆستایانه‌ی قوتابخانه‌. ئه‌و کاک موسلیحه‌ی خزمی ئێمه‌ش چون ده‌یزانی ئه‌من و دۆستانی دیکه‌ له‌و باره‌وه‌ زۆر نه‌رممان ده‌کێشا هه‌ر هێنده‌ی نه‌مابوو به‌ چله‌ی زستان له‌و دیوه‌ی مه‌دره‌سه‌یه‌ ده‌رمان کات و سیپاڵمان بۆ وه‌ده‌ر نێته‌ ده‌ره‌وه‌. خۆلاسه‌ فارس گوته‌نی"کج دار و مریض " ده‌گه‌ڵی ڕاهاتبووین و هه‌ڵمان ده‌کرد یادی به‌خێر.

قسه‌یه‌کی خۆش

جۆرابێنی شه‌وانی پێشمه‌رگایه‌تی

ساڵی 1361_ 1360 له‌ محاڵی ئاختاچی به‌رپرسی رێکخراوی ئه‌و ناوچه‌یه‌ و بۆ ماوه‌یه‌ک هاوکات کادری ناوچه‌ش بووم، با هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ ئه‌وه‌ بڵێم که‌ یه‌کێک له‌ خۆشترین کاته‌کانی ژیانم ئه‌و رۆژانه‌بوون که‌ له‌ناو خه‌ڵکدا و بۆ خه‌ڵک و له‌گه‌ڵ خه‌ڵک بووم. جه‌وله‌ یان گه‌ڕانی سیاسی یه‌کێک له‌ کاره‌کانی کومیته‌کانی حیزب بوو. زستانان به‌تایبه‌تی ئه‌و جه‌ولانه‌ تام و چێژێکی تایبه‌تیان هه‌بوو، سه‌ردانی هه‌ر گوندێکمان ده‌کرد یه‌که‌م کارمان ئه‌وه‌ بوو که‌ بڵیندگۆی مزگه‌تمان هه‌ڵده‌کرد و بانگاوازمان ده‌کرد که‌ ئه‌و شه‌و له‌ لایه‌ن حیزبی دێمۆکڕاته‌وه‌ له‌ فڵان سه‌عاته‌ دا کۆبوونه‌وه‌ هه‌یه‌ و قسه‌ بۆ خه‌ڵک ده‌که‌ین. خه‌ڵکیش زۆر به‌تامه‌زرووییه‌وه‌ به‌شداری کۆبوونه‌وه‌کانیان ده‌کرد.
شه‌وانی زستان بۆیه‌ تام و چێژێکی تایبه‌تی هه‌بوو چوونکه‌ له‌ دێهاته‌کان باوی جۆرابێن هه‌بوو و منیش جۆرابێنم زۆر پێخۆش بوو، دیاره‌ ده‌شمزانی له‌قه‌ده‌ر خۆم، له‌و ناوچه‌یه‌ ئه‌وه‌ی زۆر وه‌ک جۆراب باز نێوبه‌ده‌ره‌وه‌ بوایه‌ ئه‌حمه‌ده‌ ڕه‌ش یان ئه‌حمه‌دی ڕه‌شی بوو که‌ خه‌ڵکی گوندی قه‌مته‌رێ بوو و کومیته‌ی حیزبیش له‌و ساڵانه‌ له‌و گونده‌ بوو، ئه‌حمه‌د ره‌شی یان ئه‌حمه‌ده‌ ڕه‌ش هه‌م جۆرابێنی زۆر چاک ده‌زانێ هه‌م به‌ڕاستی هه‌ر شیرین بوو له‌ لای دانیشتبای و سه‌یری جۆرابێنی ئه‌و ئینسانه‌ت کردبا، ده‌یکرده‌ گوڕه‌وهه‌رایه‌ک باب ئاگای له‌ کوڕێ نه‌ده‌ما، کابرا زۆر جۆراببازی چاکیش با ده‌ستی تێکه‌ڵ ده‌هات و مازووی ته‌سلیم ده‌کرد. ئه‌و کاک ئه‌حمه‌ده‌ به‌داخه‌وه‌ له‌ شه‌ڕی کۆمه‌ڵه‌ و دێمۆکڕات دا له‌ حاڵێکدا له‌ مینی بووسێکرا به‌ره‌و قه‌مته‌رێ ده‌هاتنه‌وه‌ له‌ که‌مینی کۆمه‌ڵه‌ که‌وتن و ته‌قه‌یان لێکرا و ئه‌و شه‌هید بوو. هه‌زار جار یادی له‌ دڵدا زیندوو.
حاجی شێخ عه‌ولای کولیجه‌ی، که‌ به‌ڕاستی جۆرابێنی زۆر چاک ده‌کرد و گوڵ راکێشان هه‌ر له‌ خۆی جوان. شه‌قه‌ی گوڵ له‌خۆدانی ده‌تگوت ده‌نگی ده‌مانچه‌یه و مرۆڤی له‌به‌ر راده‌چه‌نی. مه‌لاحه‌سه‌نی ده‌رمانی که‌ ئامۆزام بوو ئه‌ویش جۆرابێنی چاک ده‌کرد، دیاره‌ جۆراب بازی زۆر چاکی دیکه‌ش هه‌بوون که‌ به‌داخه‌وه‌ من ناوه‌کانیانم له‌ بیر نه‌ماوه‌ که‌ یه‌کیان خه‌ڵکی سونجاخ بوو هه‌ر شتێکی سه‌یر بوو.
شه‌وێک له‌و شه‌وانه‌ که‌ سه‌ردانی گوندی ئیساکه‌ندمان کردبوو دوای کۆبوونه‌وه‌ و قسه‌ و باس له‌ گه‌ڵ خه‌ڵکی له‌ ماڵی دۆستێک کۆ بووینه‌وه‌ ، مامۆستا مه‌لا عه‌لی ئیساکه‌ندی که‌ هه‌رچه‌ندی خودا حه‌زی ده‌کرد ئینسانێکی رووح سووک و قسه‌ خۆش و کورد و نیشتمانپه‌روه‌ر بوو یه‌کێک له‌و که‌سانه‌ بوو که‌ من حه‌تمه‌ن سه‌ردانم ده‌کرد، من له‌ ژیانمدا تا ئه‌م دواییانه‌ش که‌ له‌ مه‌هاباد ده‌مدیت هه‌رگیز لیباسی مه‌لایه‌تیم له‌به‌ر دا نه‌دیت و هه‌میشه‌ هه‌ر که‌واو پاتۆڵه‌ جوانه‌که‌ی له‌به‌ر بوو، مامۆستا به‌ڕاستی خۆشه‌وسیتی هه‌موو لایه‌ک بوو. ئه‌و شه‌وه‌ جۆرابێنمان ده‌کرد و من و مامۆستا لایه‌ک بووین و له‌ به‌رامبه‌رمان دا سی دۆستی دیکه‌ دانیشتبوون، کوڕێکی مامۆستا له‌ ته‌نیشت مامۆستا دانیشتبوو، ئه‌و هه‌ر چاوی لێده‌کردین ده‌نا ئه‌هلی جۆرابێن نه‌بوو. به‌ پێجه‌وانه‌ی ده‌سته‌ی جۆرابێنی هه‌ڵیش په‌ڵیش من ومامۆستا زۆر به‌ مشوور جۆرابێنمان ده‌کرد، پرسو رامان زۆر پێک ده‌کرد، من به‌ تایبه‌تی ڕیزی زۆرم بۆی هه‌بوو، جارێکیان که‌ ته‌ڕه‌ف ده‌گه‌ڕا هه‌ر گۆره‌وه‌ی ئاخری گه‌ڕا و ته‌واو بوو من که‌ شکم زۆر قایم بوو، هه‌ڵمدایه‌ و کوتم مامۆستا جا شکت له‌ کوێیه‌؟ ئه‌ویش هه‌ر زۆر له‌ سه‌ره‌ خۆ کوتی وه‌ڵا مه‌لابرایم گیان جاشکم ئه‌وه‌تا له‌ په‌نا خۆم دانیشتووه‌! ئاماژه‌ی به‌ کهوره‌که‌ی خۆی کرد که‌ له‌ په‌نای دانیشتبوو، ئیدی هه‌ر بابا بوو به‌لا داده‌هات و ده‌ستی به‌زگی ده‌گرت، ئه‌من له‌ سه‌ره‌تا دا بڕێک خه‌جڵام به‌ڵام دوایه‌ چار نه‌ما. به‌ڕاستی ئه‌و شه‌وه‌ به‌قه‌را ساڵێک پیکه‌نیم. یادی مامۆستا عه‌لی ئیساکه‌ندی و هه‌موو ئه‌و خه‌ڵکه‌ پڕ له‌هه‌ست و سۆزه‌، دڵسۆزه‌، دڵگه‌رم و نیشتمان خۆشه‌ویسته‌ هه‌میشه‌ له‌ ناو دڵم دایه‌ و ئێستاش ئه‌گه‌ر هه‌وڵ و ته‌قه‌لایه‌کم بۆ کورد و کوردستان هه‌یه‌، هه‌ر له‌ ئه‌مه‌گداری و وه‌فاداری بۆ ئه‌و خه‌ڵکه‌یه‌ که‌ چاکه و میهره‌بانیه‌که‌یانم قه‌ت له‌بیر ناچێ.

شه‌ڕی ساردی کۆمه‌ڵه‌ و دێمۆکرات

ئه‌گه‌ر مام درێژه‌ی ده‌بێ....

وێنه‌که‌: یادگاری کاک عومەری حامیدییە و هەر ئەویش بۆی ناردووم.لە ڕاستەوە کاک عارف خه‌ڵکی قۆزلوێ هه‌وشار، کاک عومه‌ر حەمیدی، برایم جه‌هانگیری