Tuesday, 21 May 2013

سوریا و ئاسۆی گۆڕانکاریه‌کان

ئه‌و ماسته‌ بێ موو نییه‌!              برایم جه‌هانگیری

سوریا و ئاسۆی گۆڕانکاریه‌کان

هه‌ر ئێستا CNN باسی ئه‌و جنایه‌ته‌ی ده‌کرد که‌ ئیسلامیه‌کی سه‌ر به‌ ئه‌لقاعیده‌ دڵی سه‌ربازێکی سووڕی ده‌ردێنێ و .... زۆر سه‌یره‌ له‌ گه‌رمه‌ی شه‌ڕو کوشتاری خه‌لکی بێتاوانی سووریا به‌ ده‌ستی جنایه‌ت کارانی به‌شار ئه‌سه‌د جارێک ئه‌لقاعیده‌ باسی گروپێکی سه‌ربه‌خۆی ده‌کات که‌ له‌ دژی به‌شار ئه‌سه‌د ده‌جه‌نگێ و جارێک ئیسلامێکی وه‌حشی و جنایه‌تکار به‌ به‌ر چاوی کامێراوه‌ دڵی سه‌ربازێکی سووری ده‌ر دێنێ تا به‌خه‌ڵکی دنیا بگوترێ ئه‌وانه‌ن موخالیفانی رێژیمی به‌شار ئه‌سه‌د؟ تا غه‌رب له‌ یارمه‌تیدانی موخالیفانی به‌شار ئه‌سه‌د به‌ گومان بێ و خه‌ریکی سات و سه‌ودا بێ ده‌گه‌ڵ به‌شار ئه‌سه‌دێک که‌ تا ئێستا نه‌یهێشتووه‌ که‌س به‌ ئازادی زمانی بگه‌ڕێ و هه‌ر وه‌ها نه‌یهێشتووه‌ کورد به‌ ناوی خۆیان و وه‌ک کورد ته‌نانه‌ت پێناسه‌شیان هه‌بێ! هه‌ر بۆیه‌ ده‌کرێ ئه‌و کاره‌ی ئه‌م دواییانه‌ی ئیسلامی سیاسیی به‌ ده‌سکیسی ئێران و خودی به‌شار ئه‌سه‌د بووبێ و ئه‌وان ئاگاداری ئه‌و به‌یانه‌ی ئه‌لقاعیده‌ و ئه‌و ره‌فتاره‌ وه‌حشیانه‌ی ئیسلامی سیایی بن تا بتوانن روانگه‌ و بۆچوونی غه‌رب به‌رامبه‌ر به‌ موخالیفانی حکوومه‌تی به‌شار ئه‌سه‌د بگۆڕن.

ئه‌وه‌ی له‌م ناوه‌دا گومانی تێدا نییه‌ و بۆ هه‌مو لایه‌ک روونه‌ ئه‌مه‌یه‌ که‌ رێژیمی ئینسان کوژی به‌شار ئه‌سه‌د و هاوپه‌یمانی ستراتیژی ئێرانی ئیسلامی له‌ ناوچه‌که‌دا ده‌بێ تاوانی ئه‌و خوێن رشتنانه‌ بداته‌وه‌ که‌ تا ئێستا به‌ ده‌ستی ئه‌و و حکوومه‌ته‌که‌ی خه‌ریکه‌ سێڵاوی خوێن هه‌ڵده‌ستێنێ، له‌ هه‌مان حاڵ دا نابێ به‌ به‌هانه‌ی نیگه‌رانی ئیسلامی سیاسیی به‌ خشکه‌ دیفاع له‌ به‌شار ئه‌سه‌دی قاتڵ بکرێ. حکوومه‌تی ئه‌سه‌د و ئیسلامی سیاسیی مرۆڤ کوژ وه‌ک یه‌ک ده‌بێ له‌ مه‌یدانی سیاسه‌تی داهاتووی سوریا دا حیسابیان بۆ بکرێ و له‌ به‌ر ده‌م دادگای خه‌ڵک دا ئاماده‌ی ولام دانه‌وه‌ بن. ئه‌وه‌ ره‌نگه‌ خواستی زۆربه‌ی خه‌ڵکی سوریا بێ به‌ کوردیشه‌وه‌. جا ئه‌گه‌ر سات و سه‌ودای سیاسه‌ت مه‌سه‌له‌که‌ی به‌ باڕیکی دیکه‌ داخست ئه‌وه‌ قسه‌ نییه‌ ده‌نا له‌ داهاتوویه‌کی نه‌ هێنده‌ دوور دا ئه‌و ئاڵووگۆره‌ ده‌بینین.

No comments:

Post a Comment