Tuesday, 14 May 2013

ئاگاداری



ئاگادارییه‌ک بۆ دۆستان و هاوڕێیانی ناو لیستی فه‌یس بووک                     برایم جه‌هانگیری

دۆستان، هاوڕێانی به‌ڕێز، یه‌کجار خۆشحاڵم که‌ ده‌گه‌ڵ ئێوه‌ دۆستایه‌تی و پێوه‌ندیم هه‌یه‌ و له‌ ماوه‌ی ڕابردووش دا له‌ بۆچوون و بابه‌ته‌کانتان شت فێربووم و چێژم وه‌رگرتووه‌ . من ده‌زانم سه‌لیقه‌کان ، بیروباوه‌ڕه‌کان  جیاوازن و راستیه‌که‌شی جوانی کۆمه‌ڵگا له‌ ڕوانگه‌ی منه‌وه‌ هه‌ر ئه‌و ره‌نگاوره‌نگ بوونه‌ و ئه‌و جیاوازیانه‌یه‌. ئه‌و ره‌نگاو ره‌نگییه‌ کاتێ جوانتر ده‌بێ که‌ ئێمه‌ وێڕای جیاوازیه‌کان بتوانین هه‌ڵسوو که‌وتێکی مه‌ده‌نی و شارستانیمان به‌رامبه‌ر به‌ یه‌ک و له‌ گه‌ڵ یه‌کتری هه‌بێ. له‌ دنیای ئه‌مڕۆدا یه‌کێک له‌ گرینگترین ویه‌کێک له‌ بنه‌ماکانی دێمۆکراسی و مرۆڤی دێمۆکرات ره‌چاوکردنی مافی به‌رامبه‌ره‌. رێزگرتنه‌ له‌ بیر و باوه‌ڕی موخالیف. کاتێ  روانگه‌ جیاوازه‌کان  به‌ره‌و ڕووی یه‌کتر ده‌بنه‌وه‌ راده‌ی دێمۆکرات بوون و باوه‌ڕمه‌ند بوونی مرۆڤه‌کان به‌و دێمۆکراسییه‌ و به‌و ئازادی بیروباوه‌ره‌ و به‌ مافی موخالفین، خۆی له‌ محه‌ک ده‌دا.
 له‌ باس و ده‌مه‌ته‌قه‌ی نێوان دوو یا چه‌ند روانگه‌ و بیر و باوه‌ڕی جیاواز دا مرۆڤه‌کان لێک تێده‌گه‌ن، به‌ ئاکامێک ده‌گه‌ن،  هه‌مان تێگه‌یشتن و لێک حاڵی بوونیش ده‌گوازنه‌وه‌ بۆ ناو کۆمه‌ڵگا. به‌شه‌رتێک ئه‌و باس و ده‌مه‌ته‌قه‌یه‌ مه‌ده‌نی و پێشکه‌وتوو بێ و به‌دوور بێ له‌ ناوزڕاندن و رووخاندنی به‌رامبه‌ر ئه‌و گفتگۆیه‌ ده‌توانێ شوێنی ئه‌رینی له‌سه‌ر خه‌ڵک دابنێ. دیاره‌ ئه‌گه‌ر واش نه‌بێ ئه‌وه‌ دیسان ئاسه‌واره‌ خه‌راپه‌کانی ئه‌و دیالۆگ و گفتگۆیه‌ هه‌ر ده‌چێته‌وه‌ ناو دڵ و ده‌روونی کۆمه‌ڵگا و شوێنی یه‌کجار خه‌راپ له‌سه‌ر خه‌ڵک به‌ تایبه‌تی له‌ سه‌ر لاوان داده‌نێ.
 هاوڕێیان، دۆستانی زێده‌ ئازیز، من بۆیه‌ له‌ فه‌یس بووکم تا کاتی بێکاریم به‌ فیڕۆ نه‌چێ، دووشتی باشی دۆستان بخوێنمه‌وه‌، له‌ هه‌واڵه‌کان ئاگادار بم که‌ به‌خێرایی له‌ لایه‌ن چالاکوانانی بواری راگه‌یاندن ده‌خرێته‌ سه‌ر دیواری گشتی له‌ فه‌یس بووک دا. من بۆیه‌ له‌ فه‌یس بووکم تا بیرو باوه‌ڕه‌کانی خۆم ده‌گه‌ڵ خه‌ڵک بێنمه‌ گۆڕێ و هاوبیر و هاو نه‌زه‌ر بۆخۆم په‌یدا بکه‌م، له‌ بیروبۆچوونی خه‌ڵک ئاگادار بم. شتێک فێر بم و چێژ له‌ بابه‌تێکی ئه‌ده‌بی وه‌رگرم. دۆست په‌یدا که‌م و خۆشه‌ویستی و میهره‌بانیان ده‌گه‌ڵ دابه‌ش که‌م و له‌وه‌ بترازێ هیچ مه‌به‌ستێکی دیکه‌م نیه‌ .
  هه‌ر بۆیه‌ که‌ بابه‌تێک داده‌نێم حه‌ز ده‌که‌م چ ده‌گه‌ڵی کۆک بی چ ناکۆک به‌و په‌ڕی ڕێزه‌وه‌ به‌شداری باسه‌که‌ بکه‌ی و ڕێز له‌ خۆت و له‌ به‌رامبه‌ر و له‌و ماڵه‌ش بگری که‌ ماڵی منه‌و تۆ له‌وێ به‌شداری باسه‌که‌ ده‌بی. بێڕێزی کردن به‌که‌سانێک له‌ سه‌ر دیواری من راست به‌و مانایه‌یه‌ که‌ من ڕێگای ئه‌و بێڕێزی کردنه‌م ئاوه‌ڵا کردووه‌ و له‌ ڕاستیدا ئه‌وه‌ منم که‌ مه‌یدانی ئه‌و بێڕێزییه‌م ئاماده‌ کردووه‌ بۆ که‌سێک که‌ بێڕێزی ده‌کات.
 دۆستی خۆشه‌ویست، هاوڕێی به‌ڕێز، به‌پێی ئه‌و نووسراوه‌یه‌ ڕاشکاوانه‌ ڕاده‌گه‌یه‌نم که‌ له‌مه‌و به‌دواوه‌ هه‌رکه‌س رێز له‌ به‌رامبه‌ره‌که‌ی نه‌گرێ و له‌ سه‌ر دیواری من بێڕزی به‌خه‌ڵک بکات بێ سێ و دوو له‌ لیستی دۆستانی خۆمی ده‌رداوێم. هیودارم هه‌موو لایه‌کمان ڕه‌چاوی ئه‌و خاڵه‌ بکه‌ین و له‌جیاتی به‌ زمانی زبر و تانه‌ و ته‌شه‌ر و به‌ توێکڵ قسه‌کردن، به‌ مه‌به‌ستی لێک حاڵی بون و لێک تێگه‌یشتن به‌ زمانی شیرین و دۆستانه‌ ره‌خنه‌ بگرین و گفتگۆ بکه‌ین.

No comments:

Post a Comment