جیاوازی بیرکردنەوەی نێوان هەندێ چالاکی سیاسیی ناوخۆ و دەرەوە
لەمێژەو لەسەر زۆر کێشەی بەردەم کۆمەڵگا و لەسەر زۆر هەڵچوون و ناڕەزایەتی دەربڕینی کۆمەڵانی وەزاڵە هاتوو لە چنگ سیستەمی فاشیستی مەسەبیی ئێران جیاوازی بیرکردنەوەی نێوان چالاکانی ناوخۆ و دەرەوە زەق وئاشکرایە. ئەوەی لەسەرەتای ئەو نووسینەدا دەم هەوێ باسی بکەم ئەمەیە کە هیچ کەس و لایەنێک چاوەڕوانی ئەوەی نییە کە چۆنی ئێمەی خۆش نشین و هەندەران نشێن بە خەیاڵی ئاسوودە و بێترس و دڵەڕاوکێلە دژی رێژیم دەنووسین ئەو دۆستانەی ناوخۆش هەر ئاوها بنووسن، ئەگەر ئەو دیدە هەبێ کە یەکجار کەمە نامەنتیقی و نەبەجێیە.
بەڵام خۆ ناکرێ کاتێ باسی ڕووداوەکان دەکرێ بۆ پاساوی ئەوەی تۆ بتوانی باسێکی بە خشکە لە رووداوەکان بکەی هەندێ هەق ناهەق بکرێ و ناهەق بە هەقدار بقەبڵێنرێ، با بەڕوونی ٣ بابەتی میژوویی دوور ونزیک بۆ ئەو مەبەستە بێنمەوە:
١- هەندێ دۆستانی ناوخۆ کاتێ باسی ڕوداوەکانی سەرەتانی بە ناو شۆڕشی ٥٧دەکەن و باسی کوردستان و بەرەوڕووبوونەوەی کورد و حکوومەت دەکەن هەمیشە هەوڵی ئەوەیانە ئەوە بسەلمێنن کە لە شەڕی بەرگریدا ئەوە کورد بووە کە لەجیاتی زمانی سیاسیی و مەدەنی زمانی چەکی هەڵبژاردووە و شەڕ و کاوڵکاری تووشی کورد کردووە و کوردستانی لە چەندەها پرۆژەیی بازرگانی و پیشەسازی وەپاش داوە چون شەڕ بۆتە هۆی ئەوە کە کوردستان میلیتاریزە بکرێ و کەس ئامادەی سەرمایە گوزاری لە کوردسان نەبێ.
٢- لە دوای هەڵبژاردنەکانی ٢ی خورداد و بە تایبەتی دوای دەغەڵکاریەکەی دەسەڵات لە کاتی دەوری دووهەمی هەڵبژاردنەوەی ئەحمەدی نژاد دا ، خەڵک لە غەدر و ستەمێک کە بەرامبەر دەنگدان وق ئاکامی دەنگدان لێیان کرا و لە جیات مووسەوی، ئەحمەدی نژادیان بە کەڵەگایی کردە سەرۆک کۆمار شەپۆلێک ناڕەزایەتی تاران و هەندێ شاری دیکەی ئێرانی گرتەوە وبە جۆرێک شەپۆلی تووڕەی کۆەـەڵانی خەڵک وەرێ کەوت کە وەک سێڵاو خەریک بوو هەمووشت دەگەڵ خۆی ڕاماڵی، ئەو کاتیش دووبارە ئەو روانگەیە و ئەو شێوازە لە بیرکردنەوە خەڵکی بە بە کار هێنانی توند و تیزژی تاوانبار کرد و پێێ وابوو کە ڕێڕەوی خۆپێشاندانەکان گوڕدراو بە ڵاڕێدا چوو. ئیدی باسی ئەو هەموو پاسدار و بەسیجی و لیباس شەخسی و حیزبوللاهییە نەکرا کە رۆژێ وەک کەمتیار لە شەقامەکان دا بەرببونە گیانی کچان و کورانی لاو کە خوازیاری گۆڕان کاری بوون، بەتایبەتی دوای تەقە کردن لە نەدا ئاقا سوڵتان و خەڵتانی خوین کردنی ئەو کچە بێگوناهە ئیتر شەپۆلی تووڕەیی خەڵک پایە و بناخەی رێژێمی هێنایە لەرزەوە زۆتر ناوەند و پێگەی سەرکوتکەران بەدەستی خەڵک تار ومار کراو ئاگری تێبەردرا.
٣- لە تازەترین حەڵەتی دا و دوای ئەوەی کە خەڵکی وەزاڵە هاتوو بەرامبەر مەرگی گوماناوی فەریناز خوسرەوانی کە لە تەبەقەی ٤ هوتێل تارادا کەوتە خواروە (یان بۆ ئەوەی دەستتدرێژی بەکرێتەسەری خۆی فرێداوەتە خوارەوە) خەڵکی قارەمان و چاونەترسی مەهاباد بە تایبەتی لاوان ڕژانە سەر شەقام و لە ڕووبەرووی هوتێل تارا کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتیان وەڕێ خست. چی پێنەچوو کە هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم، سپا و هێزی ئینتیزامی بەربوونە گیانی خەڵک و بە تفەنگی ساچمە زەن و بە هاویشتنی گازی فرمێسکهێنەر و تەقە کردن دەیان کەسیان بریندار کرد و خەڵکەکەیان ئەوەندەی دیکە تووڕە وبیزار کرد و ئەو کارەش بە ڕواڵەت بۆ بەرگری لە هوتێلێک کە ئیتر ئێستا ببووە خاڵێکی نیگەتیو و بێزراوی ئەو رووداوە. دوای ئەو تەقە و گازی فرمێسک ڕێزژ هاویشتنە لە ماویەکی کورتدا و لە ڕووبەرووبوونەوەی خەڵک و هێزە ئینتیزامیەکان بە گوێرەی هەواڵ و ویدۆ بڵاوکراوەکان هێزە سەرکوتکەرەکانی رێژیم مەیدانیان چۆل کرد و خەڵکی تووڕە و دڵ و جەستە برینداریان دەگەڵ هوتێل تارا بە تەنێ هێشتەوە، زۆر ئاسایی و سرووشتیە لە وەها حاڵتێکدا ئەو خەڵکە هێرش بەرنە سەر هوتێلەکە و بیسووتێنین و لێکدانەوەی ئەو کارەش هێندە سادەیە وەک ئاو خواردنەوە وایە. رێژیم بە ئانقەست وای لە خەڵک کرد کە ئەو هوتێلە بسووتێنن.
لەو هەرسێک حاڵەتی سەرەوە ڕا حەز دەکەم ئاماژە بەیەکەم روانگەی نادروستی ئەو دۆستانە بکەم و وەبیریان بێنمەوە و لە توێی ئەو پرسیارەدا کە دڵنیام هیچ وڵامێکیان بۆی نییە بڵێم دۆستان ئەرێ حیزبی توودە کە ببووە بە کەوا سووری پێش لەشکری رێژیم و نەک دژایەتی ئەو رێژیمەی ببڕای ببڕای نەدەکرد بەڵکوو وەک هێزێکی دژی ئیمپریالیستی ناوچەکە سەیری دەکرد و بە هەموو نرخێک دیفاعی لێدەکرد، قەت رۆژێ لە ڕۆژان چەکی بە دژی ئەو رێژیمە هەڵگرت؟ ئایا خەباتی توند و تیژی دەگەڵ ئەو رێژیمە کرد؟ ئایا فیدائیانی خەڵکی ئێران - ئەکسەریەت رۆژێک لە ڕۆژان بەگژ رێژیمداهاتنەوە ؟ خۆ ئەوان لە خزمەتکردن زیاتر چیدیکەیان بەرامبەر بەو رێژیمە لە کارنامە دانییە و نەبووە؟ ئەی بۆچی ئەو دووە کەوتنە بەر هێرشی دەسگا سەرکوتکەر و داپڵۆسێنەرەکانی رێژیم و ئاداریان لە سەر پاداریانەوە نەما؟
بەڕێزان، با بە چاوێکی واقع بینییەوە بڕوانینە مەسەلەکان، ئەگەر ناتوانین و دەرفەتی باسکردنی ڕاستیەکانمان نییە با بە زمانی نووسین، با بە خشکە و بە مۆر پاکانە بۆ رێژێمێک نەکەین کە دەستی هەتا مڵان بە خوێنی نووسەر و شاعیر و سیاسیی وچالاکی مەدەنی، ژن و پیاوولاوی ئەو وڵاتە سوور بووە! ئایا حیزبی دێمۆکوڕات و کۆمەڵە لە هەڵبژاردنەکانی سەراسەری بۆ مەجلیسی شووڕای ئیسلامی ئەو کات بەشداریان نەکرد؟ ئایا نوێنەرە کوردەکان خۆیان ئامادە نەکرد تا خەباتی سیاسیی وپارلەمانی دەست پێبکەن؟ ئایا لە بیرتان چۆتەوە بۆ مەجلیسی خیبرەگان لە پارێزگای ئازەربایجانی رۆژئاوا دوکتور قاسملووی نەمر بە زیاتر لە ٧٠٠ هەزار دەنگ بوو بە نوێنەری ی ئازەربایجانی رۆژئاوا لە مەجلیسی خیبرەگان؟ ئەوانە یانی چی؟ یانی کورد ویستوویە و تەمای جیدیی بووە کە بەشداری لە خەباتی سیاسیی ومەدەنی و پارلەمانی دا بکات. بەڵام لە وڵام دا و لە سەر هەندێ تەقە و شەڕی و قووةەشەری پاسداری داگیرکەر و پێشمەرگە، فەرمانی بەنی سەدر بۆ پاک کردنەوەی کوردستان لە ئەشراری بەدوادا هات، فەرمانی جیهادی خومەینی بە دژی گەلی هەژار و ستەملێکراوی کوردستانی بە دوا داهات؟ ئەوانە راستیەکن حاشاکردن لێیان بمان هەوێ و نەمانهەوێ دەچیتە خانەی پاکانە کردن بۆ ئەو هەموو زۆڵم و زۆرداریەی رێژیم دەرهەق بە هەموو خەڵکی ئیران و بەزیادەوەش بەرامبەر خەڵکی کورد کردوویە؟ کەبوودوەند و کوردپوورەکان پێشمەرگە نەبوون و چەک و نارجۆکیان لە دژی رێژیم بەکار نەهێنابوو چما وا چەند و چەندین ساڵە بەوپەڕی وەحشیگەرییەوە لە کونجی بەندیخانەی ستەم و بێدادی دا دەتلێنەوە؟ ئیعدامی چالاکانی سیاسیی و بێچەک خۆ شتێک نییە لەبەرچاوان ون بێ و بتوانرێ حاشای لێبکرێ. ئەوە شانۆی زیندووی هەر رۆژەو هەفتەو مانگمانە کە بە بەرچاومانەوە ملیان بە پەتی سێدارەی بێدادییەوە و جەستەی بێگیانیان لە ساتەکانی کوتایی ژیاندا بەسەر دارەوە لە جۆلانەدان.
دۆستان، ماوەتەوە بڵێم ئەو رێژیمە بە هەموو پێوەر و پێوانەکان رێژێمی فاشیستی مەسەبی سەدەکانی ناوەڕاستە، ئەو رێژیمە تەنانەت رێگا بە ئێوەش و لە ئێوە ئەمینتر و ئارامتریش نادا تا رێکخراوێکی مەدەنی ئازاد پێک بێنن و بتوانن لە رووداوەکان دا بە گوێرەی پێویست شوێندانەر بن، خۆ ئەگەر دیکتاتۆڕیەت و فاشیەتی ئەو رێژیمە رێگای ئەوەی دابا کە چەند ساڵ لەمەوبەر رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی شکلیان گرتبا بە دڵنیاییەوە ئاکامی زۆر مەسەلە و بابەت گۆڕانی جیدیان بەسەر دا دەهات، ڕەنگە چارەنووسی هوتێکل تاراش بەو ڕۆژە نەگەیشتبا، بەڵام ئایا ئەو رێژیمە دەرفەتی هەناسە کێشانی بۆ کەس هێشتۆتەوە؟
لە کۆتایی دا دەبێ بڵێم ڕەنگە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا چەند کەسێک هاندەری سووتاندنی هوتێل تارا بووبێ بەڵام بەگشتی نە تاکی کوردی هەندەران، نە چالاکی سیاسیی و کۆمەڵایەتی و نە حیزبەکانیش هیچیان دەگەڵ سووتاندنی هوتێل تارا نین و نەبوون ، بەڵام ئێستا کە هوتێلەکە سووتاوە تاوانباری سەرەکی نابێ جێگۆکێی پێبکرێ و رێژیم کە لەو رووداوەدا سەتا سەت تاونبارە تەبرەئە بکرێ و خەڵک ولاوانی دڵبریندارو جەستە بریندار بەخەتابار بناسرێ.
No comments:
Post a Comment