ئەگەرچی ئێمەی کورد هێشتاش راهاتوون کە دڵخۆش بین بەوەی کە بە قڕمەی تفەنگ گردۆکەیەک، تەپۆلکەیەک لەدەستی دوژمن یان ئەم و ئەو دەربێنین و بە سەرکەوتنی مەزنی بزانین، بەڵام کێشەي کورد کێشەو گرفتێكی سیاسییەو بەو پێیە تەنانەت قرمەی تفەنگەکانیشمان دەبێ هەر لە خزمەت سیاسەت دابێ.
کۆڕەوی کوردان و کیمیا باران کردنی هەڵەبجە یەکێک لە تراژیدیەکانی مێژووی نەهێندە دووری ئێمەیە کە لەو دا بە هەزاران ئینسانی بێدیفاع و بێتاوان گیانی خۆیان لەدەست دا کە چی وێڕای ئەو هەمووە نەگبەتی و چارەرشیە کورد توانی پشتیوانیەکی نێودەوڵەتی بۆخۆی بەدەست بێنێ تا ئەو جێیەی مەداری ٣٢ دەرەجە و قەدەغە کردنی فڕینی هێزی ئاسمانی عێراقی بە سەر بەشێکی زۆر لە خاکی کوردستانی بە دوای خۆیدا هێنا و هەر ئەمەش لە دوایی دا بۆ بە هۆی سەرهەڵدان و ڕاپەرینی -٩٢-٩١ کە لە هەناوی خۆیدا هەڵگری حکوومەتی هەرێمی کوردستان بوو. ئەو حکوومەتەی سەرەرای هەموو کەموکوڕیەکانی تاکە حکوومەتی دیار و یاسایییە کە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دانی پێداناوەولە پێتەختی ئەو حکوومەتە دا بە دەیان کۆنسوولگەری و نوێنەرایەتی سیاسیی و بازرگانی جیهان جێگیر و لەو پەڕی ئارامی وئاسایش دا کار و باری خۆیان بەڕێبردووە.دیارە ئەوە بە یەکەم و گەورەترین دەسکەوتی سیاسیی هەموو مێژووی کوردیش تا ئەم کاتەی ئێستا دێتە ئەژمار.
لە تازەیرین دوژمنکاری و پیلانی داگیرکەراندا و بەدوای هێرشی داعش بۆ سەر قەزای شنگال و داگیرکردنی شنگاڵ و چەند گوندێکی ئەو دەڤەرە و ئەگەرچی زۆر یەک لە دوژمنان و بەشێک لە ناحەزان و ئەوانەی خەونی گولیان بە حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە دەبینی وایان دانا کە ئیدی حکوومەتی هەریمیش وەک حکوومەتی عێراقی بەسەر دێ و هێزی پێشمەرگەش لە ئاست داعش و پەلامارەکانیدا وەک سوپای عێراق دەست بەردەداتەوە و تەسلیم دەبێ و خۆڵا هەڵناگرێ ئەو دوولایەنە تا ئێرە بە شەریکی زۆریشیان هەوڵ دا تا ورەی پێشمەرگەو خەڵک بڕۆخێنن بەڵام بە دەیان پەلاماری چووک و گەورەی داعشی ترۆریست لە ئاست بەرخۆدانی پێشمەرگە دووچاری شکست و سەرشۆڕی هات. ئەگەرچی ئەو بەرخۆدانە تا ئێرە بە گیانفیداکردنی زیاتر لە ١٥٠ پێشمەرگەی کوردستان تەواو بووە. ئەو خۆڕاگریە بە تایبەت سەرەڕای نەبوونی چەکووچۆڵی تەواو و پێشکەوتوو وەک ئەوەی داعش لەبەردەستی دایە بوو بە جێگای سەرنجی هەموو جیهان و میدیا جیهانیەکان پێشمەرگەیان وەک سوپایەکی رزگاریدەر و بەتوانا لە بەرامبەر هێرشەکانی داعشدا پێناسە کرد و لە مێدیا جیهانیەکان ناوی پێشمەرگە بوو بە رەمزی بەرخۆدان و دیفاع لە خاک و نیشتمان.
ئێستا و ئیدی بۆ هەموو لایەک ئاشکرا بووە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەرباری ساوایی و کەموو کوڕیەکان باشترین و جێمتمانەترین حکوومەتی ناوچەکەیە (بەدوای تورکیا دا) کە بتوانێ ئەمنیەت و ئاسایشی کوردستان و تەنانەت دەوروبەریشی لە داهاتوو دا بپارێزی، هەر بۆیە لە یەکەم هەنگاو دا دەوڵەتی ئەمریکا بە فەرمانی ئۆباما راستەخۆ بڕیاری دیفاع کردن لە حکوومەتی هەریمی کوردستانی دەرکرد و لە دووهەم کاردانەوەی دا بڕیاری ناردنی راستەوخۆی چەک و تەقەمەنی بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەرکرد. ئەوە یەکەم دەسکەوت و یەکەم سەرکەوتنی سیاسیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بوو لە قۆناغێکی یەکجار چارەنووس سازدا.
ئەمڕۆ بە دوای هەڵوێستی بە جێی ئەمریکا وڵاتانی ئەڵمان و فەرانسە بە فەرمی ڕایانگەیاندووە کە بڕیاری ناردنی ڕاستەوخۆی چەک و تەقەمەنیان بۆ هەرێمی کوردستان داوە و بە دڵنیایەوە وردە وردە ولاتانی ئوروپایی بە گشتی بەو قەناعەتە دەگەن کە یارمەتیدانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان یارمەتیە بە ئاساێس وئارامی ناوچە و یارمەتیە بە پڕۆسەی دێمۆکڕاسی لە هەموو رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. ئەوەش بە بڕوای من گەورەترین دەسکەوتی سیاسیی حکوومەتی هەرێمە لە قۆناخێکی زۆر هەستیار دا هەر بۆیەشە دوژمنان و ناحەزان لە بەرامبەر گەی کورد و ئیرادەی ئەو گەلە ، حکوومەت و هێزی پێشمەرگەی کوردستان، یان سەری تەسلیمیان بەرداوەتەوە و لەو پەڕی پروپاگەندە دژی حکومەتی هەریم ڕا هاتوونە سەر ئەوەی کە بڵێین "ئێمە ئامادەین چەک و تەقەمەنی و یارمەتیەکانی دیکە پێشکەش بە حکوومەتی هەرێم بکەین" یان ئەوە هەندێک لە خەڵکی بەرژەوەندیخواز و قین لە دڵ کە ئامادەن کوردستان بکەنە قوربانی لە پێناو ئامانجە حیزبی و تاکە کەسیەکانی خۆیان شەپۆلی هێرش و پەلامارو بوختانی بێ جێیان بۆسەر حکوومەتی هەرێم و سەرۆکایەتی ئەو حکوومەتە واتە مەسعوود بارزانی کە بە دڵنیاییەوە شوێندانەرترین و کاراترین کەسایەتی پێکەوەژیانی برایانەیە لە کوردستان و لە ناوچەکەشە درێژەدەدەن، دیارە من لەوە دڵنیام کە لە کۆتایی دا جگە لە شەرمەزاربوون لە بەرامبەر مێژوو دا چیتریان بۆ نامێنێتەوە ڕۆژێک دادێ ئەو کۆمەڵە خەڵکە لە خۆیان بپرسن کە لە مەترسیدارترین کاتەکاند ا ولە گەرمەی جنایەت و کارەساتی داعشی ترۆریست لە پەلامەری بۆ سەر کوردستاندا ئەوان چۆن هاوکاری داعشبوون بۆ دابەزاندنی ورەی خەڵک و پێشمەرگە و دەوری ستوونی پێنجەمیان گێڕا ئەگەرچی بە خەیاڵی خاوی خۆیان جۆرێک دڵسۆزیان دەنواند بۆ کورد و بۆ خەڵکی لێقەماوی شنگاڵ. ئەمڕۆ و بە لە گۆڕنانی پیلانی هەرە گەورەی داگیرکەران بە خۆشیەوە حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەنگاوێکی خێرای دیکەی بەرەو بە دەوڵەت بوون و سەرەبەخۆیی هەڵێناوتەوە و زامنی ئەو هەنگاوەش بەر لە هەموو شت یەکدەنگی و هاوئاهەنگی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی پێوێستە دەنا پشتیوانی نێودەوڵەتی وەک کاراترین پاڵپشت و ئیمکان ئەوە ئێستا ئامادەیە و لە بەردەست دایە.
بۆ پێشەوە بەرەو یەکیەتی و برایەتی هێزە سیاسیەکانی کوردستان
نۆ پێشەوە بەرەو ئامادەکاری راگەیاندنی دەوڵەتی سەبەخۆی کوردی
بژی کورد، بژی کوردستان
No comments:
Post a Comment