Saturday, 10 November 2012




دێمۆکراسی له‌ جۆری تورکیه‌!

دێمۆکراسی دروشم نییه‌، وه‌ک راهیان که‌ربه‌لا له‌ ناوچاوانی بده‌ی و به‌ رێ دا بڕۆی، دێمۆکراسی سیسته‌مه‌، کولتووره‌، ره‌فتاره‌. دێمۆکراسی بناخه‌که‌ی له‌سه‌ر پاراستنی مافه‌کانی مرۆڤ داڕێژراوه‌. که‌واته‌ به‌ خۆدا هه‌ڵگوتنی سیاسه‌تمه‌داران ناتوانێ سه‌لمێنه‌ری ئه‌و راستییه‌ بێ که‌ سیسته‌می ئه‌و وڵاته‌ دێمۆکراتیکه‌. چۆن حکوومه‌تی تورکیا به‌و ره‌فتاره‌ی له‌ درێژایی ته‌مه‌نی دا

به‌رامبه‌ر به‌ کورد نواندوویه‌تی ده‌توانێ و له‌ ڕووی هه‌ڵدێ باسی دێمۆکراستی تورکیا بکات. سیسته‌می تورک و ده‌سه‌ڵاتداری تورک تا ئێستاش دانی به‌ بوونی گه‌لێکی چه‌ندین میلیۆنی ناو خۆی تورکیه‌ دا نه‌ناوه‌، وه‌ک نه‌ته‌وه‌ حیسابیان بۆ ناکات. له‌ یاسای تورک دا هیچ ماف و ئازادییه‌ک‌ بۆ کورد دیاری نه‌کراوه‌. ته‌نانه‌ت سه‌ره‌تایی ترین ماف و ئازادییه‌کانی ئه‌و گه‌له‌ نه‌ک وه‌ک نه‌ته‌وه‌یه‌کی جیا به‌ڵکوو وه‌ک مرۆڤیش له‌ تورکیا له‌ به‌رچاو ناگیرێ.
کولتوری تورک و دێمۆکراسی یه‌کجار زۆر لێک دوورن، ئه‌وان بۆ تورک ره‌نگه‌ بڕه‌ دێمۆکراسییه‌کیان هه‌بێ به‌ڵام به‌رامبه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌ی دووهه‌م واته‌ کورد له‌و وڵاته‌ دا فاشیزم و ره‌گه‌زپه‌ره‌ستی تورک وه‌ها تێک چڕژاون و ده‌سته‌ملانی یه‌کتر بوون که‌ تێکه‌ڵێکی سه‌یری لێ ده‌رهاتووه‌. ئه‌و ره‌گه‌ز په‌ره‌ستیه‌ و فاشئزم ره‌فتاره‌ وای کردووه‌ که‌ له‌ ناو وڵاتێکی گه‌وره‌ی وه‌ک تورکیا وێڕای ئه‌وه‌ی به‌ده‌یان ته‌له‌ویزیۆن و رۆژنامه‌ی سه‌ربه‌خۆ و ئۆپۆزیزسیۆن هه‌ن جگه‌ له‌ چه‌ند که‌سێکی که‌م ئه‌وانی دی به‌رامبه‌ر به‌و زه‌بر زه‌نگه‌ی حکوومه‌ت دژ به‌ کوردان مته‌قیان له‌ خۆ بڕیوه‌ و ره‌نگه‌ له‌ دڵه‌وه‌ زۆریشیان پێخۆش بێ که‌ سه‌ری ئه‌و گه‌له‌ سه‌ر بزێوه‌ پان ده‌کرێته‌وه‌! که‌واته‌ ئه‌و ره‌گه‌ز په‌ره‌ستی و ره‌فتار فاشیستییه‌ نه‌ته‌نیا کاربه‌ده‌ستانی ده‌وڵه‌ت به‌لكوو هه‌موو ده‌ماره‌کانی کۆمه‌ڵگاشی ته‌نیوه‌ و چۆته‌ خوێنی تورکانه‌وه‌. هه‌ر به‌و پێیه‌ فاشیه‌ت و ره‌گه‌ز په‌ره‌ستی بۆته‌ کولتوری باو و گشتی کۆمه‌ڵگای تورک.( ئه‌و پێناسه‌یه‌ بۆ ئێران و سوریه‌ و عێراقیش هه‌ر وه‌ک یه‌ک وایه‌ و هیچ جیاوازییه‌کیان له‌ ناو دا نییه‌).چۆن ده‌کرێ فاشێزم له‌ دڕنده‌ترین شێوازی خۆێدا له‌ سه‌ده‌ی 21 ئیدیعای ئه‌وه‌ بکات که‌ حکوومه‌تێکی دێمۆکراتێکی بنیات ناوه‌ و هه‌وڵی ئه‌وه‌ بدات بچێته‌ یه‌کیه‌تی ئوروپا ته‌نیا بۆ به‌رژه‌وه‌ندی ئابووری و ده‌ست راگه‌یشتن به‌ بازاره‌کانی ئوروپا بۆ ئه‌وه‌ی‌ بتوانێ قازانجی زیاتر له‌و باره‌وه‌ به‌ سه‌رمایه‌دارانی تورک بگه‌یه‌نێ؟ ئه‌گه‌رچی نه‌چوونی تورکیا بۆ یه‌کیه‌تی ئوروپا زه‌ره‌ری کوردانی تێدایه‌ به‌ڵام شه‌رمه‌ بۆ یه‌کیه‌تی ئوروپا باوه‌ش بۆ وڵاتێکی وه‌ک تورکیا به‌ سیسته‌مێکی هێنده‌ درنده‌ی و خیله‌سه‌ری دژی مرۆڤ بکاته‌وه‌.
سیسته‌م بنیاتنه‌ر و پاڵپشتی ئه‌و کولتووره‌یه‌ که‌ خۆی به‌رهه‌می هێناوه‌، جا ئه‌و کولتوره‌ ئه‌و ره‌فتاره‌ی لێده‌که‌وێته‌وه‌ که‌ سیسته‌م بنیاتی ناوه‌ و په‌ره‌ی پێداوه‌ و ته‌بلیغی بۆکردووه‌ و ئه‌مڕۆ به‌ ئاشکرا به‌رهه‌مه‌که‌ی ده‌یبینین ، له‌و وڵاته‌ دا ره‌حم به‌ ژن و منداڵ و گه‌وره‌ بچووک ناکرێ، له‌ خۆ پێشاندانه‌کانی کوردانی باکوور دا که‌ هێمنانه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌چێ، دیمۆکراسی تورکیا زۆر به‌ روونی ده‌بینن، ‌ دیمه‌نی وا له‌ ره‌فتاری فاشیستیانه‌ی پۆلیس به‌رچاو ده‌که‌وێ که‌ له‌ هیچ شوێنێکی ئه‌و دنیایه‌ نابینرێ. وه‌حشیگه‌ری به‌ته‌واوی مانا و دڕنده‌یی به‌وپه‌ڕی روووهه‌ڵماڵراوی به‌ سیمای هێزه‌ سه‌رکوتکه‌ره‌کانی تورکیاوه‌ ده‌بینرێ. پۆلیسی تورک وا تێگه‌ینراوه‌ که ئه‌و کۆمه‌ڵه‌ بوونه‌وه‌ره‌ مرۆڤ نین و ئه‌ویش راست قه‌بووڵێ کردووه‌ وبۆیه‌ ده‌توانی زۆر به‌ سانایی گورزی گرانی قامچی و دار دابێنێته‌و سه‌رو گوێلاکی رۆڵه‌ی کورد و نووکه‌ شه‌قی پۆتینه‌کانی له‌ سه‌ر و ده‌م و چاو و قه‌برغه‌ی ژن و منداڵ و گه‌وره‌ و بچووک وه‌ک ئاوخواردنه‌وه‌ وابێ و له‌و کرداره‌ش هیچ هه‌ست به‌ عه‌زابی ویژدان ناکات.
درۆ کردن لای دیکتاتۆره‌کان کارێکی ئاساییه‌
درۆ و ساخته‌گه‌ری یه‌کێ دیکه‌ له‌ خه‌سله‌ته‌کانی سیسته‌می داخراو دژی گه‌لییه‌ و له‌و باره‌وه‌ حکوومه‌تی تورکیاش وێنه‌ی باقی حکوومه‌ته‌کانی دیکه‌ زۆر به‌ هاسانی درۆ ده‌کات و پاش ئه‌وه‌ی لێشی ئاشکرا بوو وه‌ک نه‌بای دیبێ و نه‌باران هه‌ر وه‌سه‌ر خۆشی ناهێنێ. ئه‌ردوغان سه‌رۆکی حیزبی عه‌داله‌ت و گه‌شه‌ی تورکیا سه‌باره‌ت به‌ مانگرتنی کۆمه‌ڵێکی چه‌ند سه‌ت که‌سی له‌ مانگرتوانی کورد ده‌یکوت شتی وا هه‌رنییه‌ و ئه‌وه‌ چه‌ند که‌سێکن بۆ ته‌بلیغاتی ته‌له‌ویزیۆنه‌کان خۆیان ده‌نوێنن! چی پێنه‌چوو ئه‌ردوغان کوتی ته‌نیا یه‌ک نه‌فه‌ر له‌ خواردن مانی گرتووه‌! بوله‌ند ئارینچ جێگڕێ سه‌رۆک وه‌زیرانی تورکیا داوای له‌ زیندانیان کرد که‌ واز له‌ مانگرتن بێنن و پێویست ناکات بۆ خواسته‌کانیان گیانیان بخه‌نه‌ مه‌ترسییه‌وه‌. هه‌ر له‌م هه‌را و هه‌نگامه‌یه‌دا وه‌زیری دادی تورکیا ده‌ڵێ 682 زیندانی کورد له‌ 67 زیندانی تورکیا دا مانیان له‌ خواردن گرتووه‌. که‌ سه‌رنجی قسه‌ی ئه‌و به‌رپرسانه‌ی حکوومه‌تی تورکیا ده‌ده‌ین زۆر به‌ ئاشکرا درۆکانی ئه‌ردۆغانمان بۆ روون ده‌بنه‌وه‌ . ئه‌وه‌ له‌ حاڵێکدایه‌ که‌ ئه‌ردوغان سه‌رۆکی حکومه‌تێکی موسوڵمان و حیزبێکی ئایینیشه‌ که‌ درۆ کردن تێیدا حه‌رامه‌. هه‌ر ئه‌و ئه‌ردوغانه‌ی دیسان ته‌نیا بۆ کڵاو له‌سه‌ر نان ماوه‌یه‌ک له‌مه‌و به‌ر ببو به‌ داکۆکی کاری یه‌که‌می حه‌ماس و حیزبوڵلا و ده‌یهه‌ویست لاسای سه‌لاحه‌دینی ئه‌یوبی بکاته‌وه‌ قودسی موسوڵمانان له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌و رزگار بێ.
تورکیا دوو ریگای زیاتر له‌به‌ر نییه‌، ئه‌گه‌رچی هه‌وڵی چونه‌ ناو یه‌کیه‌تی ئوروپا ده‌دات به‌ دڵنیاییه‌وه‌ به‌و ئاکار و کرداره‌ی که‌ به‌رامبه‌ر کورد ده‌ینوێنێ هه‌وڵه‌کانی ئاسنی سارد کوتانه‌، تورکه‌کان زۆر باش ده‌زانن یه‌کیه‌تی ئوروپا هیچ حکوومه‌تێک وه‌ک ئه‌ندام وه‌رناگرێ ئه‌گه‌ر ئه‌و حکوومه‌ته‌ له‌ وڵاته‌که‌ی خۆیدا مافی مرۆڤ نه‌پارێزێ و له‌به‌ر چاو نه‌گرێ. حکوومه‌تی تورکیا به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ناتوانی پێ بخاته‌ ناو یه‌کیه‌تی ئوروپاوه‌ ئه‌گه‌ر دان به‌ ماف و ئازادییه‌کانی گه‌لی کورد دا نه‌نێ. که‌واته‌ یان ده‌بێ واز له‌و ره‌گه‌ز په‌ره‌ستییه‌ و فاشیست ره‌فتاره‌ی بێنێ و وه‌ک خومه‌ینی جامه‌ به‌ ناوبانگه‌که‌ نۆش بکات و دان به‌ مافی بێ ئه‌ملاو ئه‌ولای کورد بنێ یان ده‌بێ واز له‌و ژێسته‌ دێمۆکراتیکه‌ بێنێ و خۆی راست له‌و خانه‌یه‌ داببینێته‌وه‌ که‌ شایسته‌یه‌تی، واته‌ هاوشانی به‌شار ئه‌سه‌د و خامنه‌یی و سه‌دام وسێن.
 http://www.bbc.co.uk/persian/world/2012/11/121106_l45_turkey_kurdish_hunger_strike.shtml

No comments:

Post a Comment