پیرە هەڵۆی مەهاباد بە چۆکدانایە
دەمگرێ ئەما لە گرتووخانە رق ئەستوورترم
دەمکوژێ ئەما لەسەر داوا ڕەواکەم سوورترم
لێمدەدا ئەمما بە گژ جەلادەکەم دا دێمەوە
کوردم وناتوێمەوە و ناتوێمەوە ناتوێمەوە. "هیمن"
لێمدەدا ئەمما بە گژ جەلادەکەم دا دێمەوە
کوردم وناتوێمەوە و ناتوێمەوە ناتوێمەوە. "هیمن"
بۆ کۆڵنەدەر عومەری قازی
عومەری قازی یەکێک لە کۆڵنەدەرانی رێبازی قازی و قازسملوو و شەڕەفکەندی ، یەکێک لە سوارچاکانی بواری کوردایەتی، کۆڵنەدەرێکی نەسلی کۆن، پاڵەوانێکی دۆینێ و ئەمڕۆ و سبەی، ئەو تاک وتەنیا بوو بە سیمبولی مقاومەتی کوردان بەرامبەر بە ستەم و زۆرداری ئێرانی ئیسلامی، ئەگەر کاک عومەر ساڵانی زوو وەک کۆڵنەدەرێکی رێگای ئازادی، وەک پێشمەرگەیەک بەرەوڕووی دوژمنی داگیرکەر دەبۆوە، ئەمڕۆ بێچەک، بێ هیچ ئیمکانێکی تەبلیغی و بێ هیچ پشتیوانەیەکی گرووپی دیار ، بەرەوڕووی دوژمنی داگیرکەری دڵ پڕ لەقین وەستاوەتەوە، ئەگەرچی بە ڕواڵەت کێشەی دەوڵەت و دەسگا ئیتلاعاتێکانی رێژیم و عومەری قازی کەوتۆتە خانەی کێشەیەکی تایبەتی موڵک وماڵ بەڵام ئەو غەدرە و ستەمە لە کەسایەتێکی دیاری سیاسیی و کۆمەڵایەتی کورد و بەرەنگار بوونەوە و مل کەچ نەبوونی تێکۆشەرێک وکۆڵنەدەرێکی رێبازی کوردایەتی کە ئەو کێشەیە لە چوارچێوەی تەنیا داگیرکاری مڵک وماڵ و دەست بەسەرداگرتن وموسادرەدا بخوێنینەوە.
دەوڵەت و هێزە سەرکوتکەر و دەسگا ئیتلاعاتی و جاسووسیەکانی رێژیم ئامانجیان داگیرکاری مڵک وماڵ نیە ، ئەوان داخی ئەوەیان لە کاک عومەر هەڵگرتووە کە ئەو، سوجدەیان بۆ نابا، لە ئاستیان دا ناچەمێتەوە و تەسلیمی ئیرادەو خواستی ناڕەوای دەوڵەت و دادگای شۆڕش و ئیتلاعات و .... نابێت.
ئاخر رێژیم زۆر لە مێژە خەڵکێکی بەرچاو و تەنانەت دیاریشی لە رێگای جۆراوجۆرەوە دەستەمۆ کردووە، دەستی پێ لە هەموو شت هەڵگرتوون، ئەو جۆرەکەسانە لانی کەم بە ئاشکرا وازیان لە زۆر شت هێناوە، مەرحەبایی و تۆ خۆش و من خۆش دەگەڵ ئیتلاعاتی و قوڵە پاسدارەکان بە شانازی دەزانن، دەعوەت وبانگهێشتنیان دەکەن، بەڵام کاک عومەری قازی هەرگیز بە پووشی دانەناون، بەهیچی حیساب نەکردوون.. هەر ئەوەش وای لێکردوون کە هار بن، ئەوان ئاوری ئەوە بەربۆتە جەرگیان، هەر بۆیە بە بیانووی داگیرکردن مڵک و ماڵ دەیان هەوێ لەو تەمەن دا پیرەهەڵۆی موکریان و مەهاباد بە چۆک دابێنن.
بەڵێ کێشەی کاک عومەر قازی کێشەی گەلێکی بەش مەینەت و بەش خۆراوە و ئەمڕۆ لە دەلاقەی موسادیرەی مڵکی شەخسی قین لەدڵان و شەوپەرەستان دەیان هەوێ کێشەکە زەق کەنەوە. کاک عومەر قازی سوور دەیزانی توانای بەرەنگاربوونەوەی دەگەل ئەو دەوڵەتە دڕندەیە نیە و رۆژێک هەردادێ بیگرن بەرەو کونجی زیندانی ڕەوانە بکەن و لەوانەیە موڵک وماڵیشی بەزۆر زەوت بکەن، بەڵام ئەویش ئامانجێکی دیکەی هەبوو، ئەو نەی دەویست ئیرادە ودەسەڵاتی ئەوان واتە دادگای شۆڕش و دەوڵەت بسەلمێنی. ئەلحەق کە هەر ئەویش سەرکەوت، عومەر قازی تەسلیمی قانوون ویاسای پڕ لە غەدر و زۆرداری نەبوو و ئەو یاسانەشی بە هیچ دانەنا هەر بۆیە بە گوێرەی هەواڵەکان ئەمڕۆ هیزە سەرکوتکەرەکانی رێژیم دەسبەسەریان کردووە و لە تەمەنی ٨٠ ساڵیدا پیرە هەڵۆی مەهابادیان رەوانەی زیندان کردووە.
بەڵێ کاک عومەری قازی ئەی پیرە هەڵۆی مەهابادی لەبەرە بەری نەورۆز و سەرساڵی تازە دا هەم نەورۆزت پیرۆز بێ و هەمیش سەرکەوتنی ئیرادەی لە شکان نەهاتووت بەسەر ئیرادەی لەرزۆک وترسەنۆکانەی شەوپەرەستان و دەسگا ئیتلاعاتیەکانی رێژیمە فاشیستی مەسەبیەکەی ئێران دا پیرۆز.....
تێبینی: وێنەکانم لە دیواری کاک کامڕان قازی وەرگرتووە