Sunday, 2 June 2013






 دوو مامۆستا               
                                                                              
کاتێ دیمانه‌‌ جوان و مێژوویه‌که‌ی کاک هه‌یاس کاردۆم ده‌خوێنده‌وه‌ که‌ ده‌گه‌ڵ به‌ریز مامۆستا حه‌سه‌نزاده‌ ئه‌نجامی دابوو ئه‌وه‌ی له‌م نێوه‌ دا زۆر سه‌رنجی راکێشام چۆنیه‌تی ژیان و پێگه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی ژیانی مامۆستا بوو، ئه‌و له‌ ناو بنه‌ماڵه‌یه‌کی هه‌ژاری ده‌ست کورت  دا که‌ خاوه‌نی چه‌ند سه‌ر مانگا و بزن ده‌بێ گه‌وره‌ بووه‌ ، دوای مه‌رگی باوکی ژیانیان زۆر له‌وه‌ش خه‌راپتر ده‌بێ به‌ڵام ئه‌و مامۆستایه‌ی ئه‌مڕۆ ده‌یبینین کۆڵی نه‌دا و به‌رامبه‌ر به‌ ژیان و سه‌ختی و چه‌رمه‌سه‌ریه‌کانی ژیان به‌ چۆک دا نه‌هات و به‌ڵکوو ئه‌و ژیانی به‌ هه‌موو سه‌ختیه‌کانه‌وه‌ خسته‌ ژێر رکێفی خۆی. تا سه‌رئه‌نجام بۆته‌ ئه‌و مامۆستا عه‌بدوڵا حه‌سه‌نزاده‌یه‌ی که‌ ئه‌مڕۆ خه‌لكی ده‌ره‌وه‌ی حیزب شانازی پێوه‌ ده‌کات.  دوکتور و مامۆستای زانکۆ ده‌ڵی من شاگرتی مامۆستا حه‌سه‌نزاده‌م و ته‌نانه‌ت دوژمنانی کورد و حیزبی دیمۆکراتیش له‌ باس کردنیدا و له‌ ئاست گه‌وره‌یی ئه‌و ئینسانه‌ دا هه‌ر به‌ مامۆستا بانگی ده‌که‌ن.( بڕوانه‌ چپ در ایران به‌ روایت اسناد ساواک).
ئه‌من وه‌ک کوردێک هیچ لام عه‌جایب نییه‌ که‌ تاکی کورد ده‌بینم به‌رامبه‌ر به‌ هاوڕێ و مامۆستا و رێبه‌ری چه‌ندین ساڵه‌ی خۆی بێ ئه‌مه‌گ ده‌بێ و به‌و په‌ڕی بێ ئینسافییه‌وه‌  له‌ سه‌ر مامۆستا حه‌سه‌نزاده‌ ده‌دوێ و تانه‌و ته‌شه‌ری لێده‌دا. ئاخر بێ ئه‌مه‌گی و بێوه‌فایی له‌ ناومان دا خه‌ریه‌که‌ ده‌بێته‌ فه‌رهه‌نگ. ئه‌گه‌رچی ره‌نگه‌ زۆر جاریش ئه‌و جۆره‌ که‌سانه‌ پێیان وابێ به‌و جۆره‌ ده‌ربڕین و قسه‌کردنانه‌ ئه‌وانیش گه‌وره‌ ده‌بن و ده‌گه‌نه‌ شانی مامۆستا حه‌سه‌نزاده‌!
له‌ سه‌ره‌تای له‌ت بوونی دێمۆکرات دا مامۆستا حه‌سه‌نزاده‌ له‌ قسه‌ کردنێکدا ده‌ڵێ موخالیفانی من به‌ هیچ شتێک رازی نین، ئه‌گه‌ر ده‌گه‌ڵ که‌سانی چه‌پ و مارکسی دابنیشن ئه‌وا له‌ باسی مندا ده‌ڵێن حه‌سه‌نزاده‌ مه‌لایه‌ و مۆرته‌جیع! که‌ گه‌یشتنه‌ که‌سانی ئایینی و ئیماندار له‌ باسی مندا ده‌ڵێن مه‌لایه‌کی کۆمۆنیسته‌! به‌ڕاستی ئه‌وه‌ دووره‌ له‌ ئه‌خلاقی ئینسانی به‌ ویژدان و به‌ ئینساف. خۆزگه‌ ئه‌و ده‌روونه‌ قڕێژ گرتوویه‌ مشت و ماڵێک بدرێ و ئه‌و هه‌مووه‌ رق و کینه‌ بێ ئه‌نجامه‌ به‌ یه‌کجاری بخرێته‌ لاوه‌ و به‌ چاوی واقع بینییه‌وه‌ هه‌م بڕوانینه‌ مه‌سه‌له‌کان و هه‌میش ره‌خنه‌کان ئاراسته‌ی مامۆستا بکه‌ین که‌ هیچ گومانم نییه‌ ره‌خنه‌ی له‌سه‌ره‌.
  ته‌جره‌به‌ی ژیان ده‌ڵی با هه‌موو پرده‌کانی پشته‌ سه‌ر خه‌راپ نه‌که‌ین
 له‌ چه‌ند ساڵی رابردوو دا و له‌ دوای له‌ت بوونی دێمۆکرات دوو که‌س یه‌کجار زۆریان بێڕێزی پێکرا، زۆر ناجوانمێڕانه‌ هجوومیان کرایه‌ سه‌ر، ئه‌و دووه‌، دوو مامۆستا بوون ، دوو مامۆستای فیداکاری و به‌ره‌نگار بوونه‌وه‌ و کۆڵنه‌دان، دوو مامۆستای جه‌رگه‌ی خه‌باتی دژی زۆداری، دوو رێبواری ماندوونه‌ناسی رێگای ئازادی و رزگاری کوردستان، ئه‌و دوو مامۆستایه‌ یه‌کیان ، مامۆستا حه‌سه‌نزاده‌ بوو و ئه‌وی دیکه‌یان مامۆستا حه‌سه‌نی ره‌ستگار.  نامهه‌وێ بگه‌ڕێمه‌وه‌ دواوه‌ و کای کۆن به‌با بکه‌م. به‌ خۆشیه‌وه‌ ئێستا دنیاکه‌ به‌ بارێکی دیکه‌ دا که‌وتووه‌ و به‌ڕیز کاک مسته‌فا هیجری و هاوڕێیانی دیکه‌ی حدکا له‌ دانیشتن و چاو پێکه‌وتنه‌کاندا به‌ سیمای پڕ له‌ پێکه‌نین وگه‌شاوه‌ وێنه‌ی یادگاریان له‌گه‌ڵ ده‌گرن. لێره‌ دا رووی قسه‌م ده‌گه‌ڵ ئه‌و دۆست و هاوڕییانه‌یه‌ که‌ ته‌نیا له‌ ڕووی کینه‌ی شه‌خسی خۆیان ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر زاریان دا دێ سه‌باره‌ت به‌و دو که‌سایه‌تیه‌ ده‌یلێن. با هه‌موو پردێکی پشته‌ سه‌ر وێران نه‌که‌ن و ریگای گه‌رانه‌وه‌ی ویژدان ئه‌وه‌نده‌ بمێنێ که‌ سبه‌ی ئه‌گه‌ر رووبه‌ڕووی ئه‌و دوو ماماۆستایه‌ بوویه‌وه‌ له‌ رووت هه‌ڵبێ،  بڵیی سڵاو مامۆستا!
 ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستی سه‌ره‌کی منه‌ له‌و باسه‌ دا ئه‌وه‌یه‌‌ که‌ له‌ جیاتی بایه‌خدان و قواستنه‌وه‌ی بابه‌تی خه‌ڵکی ترسه‌نۆکی بێ ناو نیشان که‌ پڕن له‌تۆمه‌ت و بێڕێزی کردن به‌رامبه‌ر به‌و دوو ئینسانه‌ فیداکاره‌، ئه‌گه‌ر ره‌خنه‌ی جیدی هه‌یه‌ با به‌ره‌وڕوویان بکرێته‌وه‌ ده‌نا با بۆ هه‌میشه‌ ئه‌و جۆره‌ قسه‌ بێتام و بێمانایانه‌، ئه‌و تانه‌ و ته‌شه‌رانه کۆتاییان پێ بێ و که‌سیش گرینگیان پێنه‌دات و گه‌وره‌یان نه‌کا‌ته‌وه‌ چوونکه‌ یه‌که‌م هیچ بابه‌تێکی بێ رێشه‌ و بێ ناوه‌رۆک جێ ناگرێ وه‌ک تا ئێستاش سه‌لمێنراوه‌ ئه‌وه‌ی به‌رامبه‌ر به‌ که‌سایه‌تییه‌ فیداکاره‌کان بێ ویژدانی ده‌کات هه‌ر خۆی و که‌سێتی خۆی ده‌ڕۆخێنی و به‌ دڵنیاییه‌وه‌ لای گه‌لی به‌ ئه‌مه‌گی کورد مرۆڤه‌ فیداکاره‌کان هه‌رگیز له‌ بیر نه‌کراون و له‌ بیر ناکرێن . دووهه‌م با فێر بین ڕێز له‌ خه‌بات و فیداکاری هه‌موو که‌س بگرین، با له‌ جیاتی بێوه‌فایی و قه‌درنه‌زانی، ئه‌مه‌گناسی ببێته‌ نه‌ریت له‌ ناوماندا، خۆ ئه‌گه‌ر قسه‌ی کوچه‌ بازاریش ده‌که‌ین با لانی که‌م وه‌ک ئه‌ده‌بی بنه‌ماڵه‌یی گه‌وره‌ و چکۆله‌یمان له‌به‌ر چاو بێ.

No comments:

Post a Comment