Sunday, 16 June 2013

با به‌ که‌وچکێک ئا وه‌مه‌له‌ نه‌که‌وین




با به‌ که‌وچکێک ئا وه‌مه‌له‌ نه‌که‌وین



با حیزبه‌کان و خه‌ڵک له‌به‌رامبه‌ر یه‌ک رانه‌گرین

هه‌ڵبژاردن ته‌واو بوو و هه‌ر وه‌ک پێشبینی دواساته‌کانی ته‌بلیغات و ئاڵوگۆڕه‌کانی حاڵ و هه‌وای هه‌ڵبژاردن، خه‌ڵک به‌ هۆی ئه‌وگؤرانکاریانه‌ و فێڵ و ته‌ڵه‌که‌ی رێژیم و ره‌نگه‌ به‌شێکیشی به‌ هۆی ئه‌وه‌ که‌ لایان وایه‌ به‌ هاتنی رووحانی به‌ ڕواڵه‌ت ریفۆرمیست ده‌توانن به‌شێک له‌و مه‌ینه‌ت وگرانیی و بێکاری و گوشاری هه‌مه‌ لایه‌نه‌ی رێژیم له‌ سه‌ر خۆیان که‌م بکه‌نه‌وه‌ ده‌نگیان داوه‌ به‌ رووحانی و که‌ ئه‌وه‌ش له‌ دیدی منه‌وه‌ نه‌ خه‌یانه‌ته‌ و نه‌ دژایه‌تی کردنی حیزبه‌کان.

به‌ر له‌ هه‌موو لیکدانه‌وه‌یه‌ک ده‌بێ هه‌موو لایه‌ک باوڕ به‌وه‌ بێنن که‌ ئیتر زه‌مانی ئه‌وه‌ به‌سه‌ر چووه‌ هه‌ر حیزب و هه‌ر رێکخراوی سیاسیی ئه‌ویش له‌ هه‌لوومه‌رجی وا دژوار دا که‌ حیزب له‌ ناو خۆ و له‌ ناو خه‌ڵکی خۆیدا نه‌بێ، ناتوانێ بریار ده‌ر بن و خه‌ڵکیش به‌ڵێیان بۆ بڵێن. راستیه‌که‌ی ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئێمه‌ وه‌ک خه‌به‌ر و هه‌واڵی ناوخۆی کوردستان ئاگاداری ئه‌و گوشاره‌ بێ ئه‌ژمارانه‌ین که‌‌ له‌سه‌ر هاونیشتمانانی ناوخۆی کوردستان هه‌یه‌ به‌ڵام هه‌ستی پێ ناکه‌ین، ئه‌وه‌ راستییه‌که‌ و هۆکاره‌که‌شی ده‌گه‌ڕیته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی که‌ ئێمه‌مانان له‌ ده‌ره‌وه‌ ده‌ژین و 90 له‌ سه‌دی ئه‌و ناله‌باریانه‌ی ژیانی خه‌ڵکی ژێر ده‌سه‌ڵاتی رێژیمی ئیسلامی هه‌ست پێناکه‌ن و ئه‌و هه‌سته‌مان نییه‌. که‌ واته‌ بڕیار دان له‌ شوێنی وا دا هه‌م ئاسانه‌ وهه‌میش ده‌بێ چاوه‌ڕانی بین که‌ جیاوازی بۆچوون و بیر کردنه‌وه‌ هه‌بێ. ئه‌و جار من هه‌رگیز پێم وانیه‌ ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌ی له‌ تاران و له‌ شاره‌ غه‌یره‌ کورده‌کانیش به‌شداری هه‌ڵبژاردنیان کردووه‌ ئه‌وه‌ لایه‌نگری نیزام و ولایه‌تی موتڵه‌قه‌ی فه‌قین؟ بۆ سه‌لماندنی ئه‌و راستیه‌ سه‌یری خۆپێشاندانه‌کانی دوای هه‌ڵبژاردن و ده‌نگ هێنانه‌وه‌ی رووحانی بکه‌ن که‌ لایه‌نگرانی ئه‌و مه‌لایه‌ به‌ سه‌ما و گۆرانی ته‌واو مه‌منووعه‌ ! خه‌ریکی خۆ نیشاندان وشادی ده‌ربڕینن!

من وه‌ک خۆم له‌ هه‌وه‌ڵه‌وه‌ و له‌ وتووێژ ده‌گه‌ڵ ده‌نگی کوردی ئه‌مریکا و کوردستان و کورد داکوتوومه‌ و ئێستاش له‌ سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌م که‌ هه‌ڵبژاردنی سه‌ره‌ک کۆماری له‌ ئێران دا پێوه‌ندی به‌ کورده‌وه‌ نییه‌ و خۆزگه‌ رۆشه‌نبیره‌ کورده‌کان و حیزبه‌کان هه‌وڵی ئه‌وه‌یان دابا که‌ ئه‌و زه‌مینه‌یه‌و ئه‌وهزره‌ له‌ ناو کومه‌ڵگای کوردی دا بڵاو که‌نه‌وه که‌ ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ نه‌ بۆ کورده‌ و نه‌ له‌هیچ‌ باریکه‌وه‌ پێوه‌ندی به‌ ئێمه‌وه‌ هه‌یه‌ . ئێستا ئه‌و فکره‌یه‌ چه‌ندی زه‌مان ده‌وێ و یان نا ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌کی دیکه‌یه‌ به‌ڵام کاره‌که‌ له‌ جێی خۆیدایه‌ چون کورد به‌ ڕاستی له‌ هه‌ڵبژاردنی سه‌ره‌ک کۆماری له‌ ئێران دا زۆر به‌ ئاشکرا هه‌موو مافه‌کانی پێشێل کراوه‌ و وه‌لانراوه‌.

که‌ بێینه‌ سه‌ر ته‌حریم دیسان ئه‌وه‌ی که‌ حیزبه‌کان کردیان کاری دروستیان کرد، ته‌حریم کردنی هه‌ڵبژاردنێک که‌ هییچ ئاسه‌وارێکی دیمۆکراتیکی تێدا نییه‌ درروست بوو له‌ هه‌ڵبژاردنێکی له‌م چه‌شنه‌ که‌ به‌ زه‌ڕه‌بین بۆی بگه‌ڕێی تاقه‌ یه‌ک خاڵی هه‌ڵبژاردنێکی ئه‌وڕۆیی و ئازادی تێدا نابینییه‌وه‌ چۆن ده‌کرێ به‌شداری تێدا بکه‌ی؟ ئایا هه‌ر چوونکێ خه‌ڵک ده‌نگیان داوه‌ که‌واته‌ حیزبه‌کان هه‌ڵه‌ن و له‌ مه‌یدان چوونه‌ ده‌ر و خه‌ڵک به‌ قسه‌یان ناکات؟ یان ئه‌و هۆکارانه‌ی له‌ سه‌ره‌وه باسکران له‌و مه‌سه‌له‌یه‌ دا ده‌خیلن؟ ئه‌گه‌ر وابێ خۆ هه‌ڵبژاردنه‌کانی سه‌ره‌تای دامه‌زرانی ئه‌و رێژیمه‌ نه‌کبه‌ته‌ هه‌ر کورد ده‌نگی نه‌دا ده‌نا ئه‌وانی دی به‌ لێشاو ڕوویان کرده‌ سه‌ندووقه‌کانی ده‌نگدان و مۆری سه‌لماندنیان له‌ " جمهوری اسلامی" نه‌ یه‌ک وشه‌ زیاتر و نه‌ یه‌ک وشه‌ که‌متر دا ئایا چاکیان کرد؟ ئایا له‌ چه‌ند ساڵی رابردوو و له‌ کاتی ده‌سه‌ڵاتی سه‌دام و ئه‌سه‌د له‌ سووریا دا هه‌ڵبژاردنه‌کان و ده‌نگ دانه‌کان به‌ میلۆن خه‌لکیان نه‌ده‌برده‌ سه‌ر سندووقه‌کانی ده‌نگدان و سه‌دام و به‌شار ئه‌سه‌د به‌ رێژه‌ی زیاتر له‌ 95 له‌ سه‌دی ده‌نگه‌کان نه‌ده‌بوون به‌ سه‌ره‌ک کۆمار؟

له‌گه‌ڵ هه‌مووی ئه‌وانه‌ دا با پشوومان له‌سه‌ره‌ خۆ بێ، جارێ هێشتا رووحانی هیچی نه‌کوتووه‌ و بۆ منی هۆگری کار و باری سیاسیی ئه‌وه‌نده‌ کافی نییه‌" من به‌ عهدی که‌ با مردم بسته‌ام پایبندم"! خاته‌میش به‌ ده‌یان میلۆن ده‌نگی زۆر شێلگیری له‌ پشت بوو ئه‌ویش ئه‌و دروشمه‌ی زۆر جاران ده‌کوته‌وه‌ که‌ چی دیتمان پیاوی مه‌یدانی سیاسه‌ت نه‌بوو. هه‌موو لایه‌ک دیتمان له‌ کاتی ته‌نگانه‌ دا به‌ هاسانی ته‌سلیمی گوشاری سپا و وه‌زاڕه‌تی ئیتلاعات بوو و پشتی له‌ خه‌ڵک و له‌ خواسته‌کانی خه‌ڵک و به‌ڵێنه‌کانی خۆی کرد. با په‌له‌ نه‌که‌ین و با به‌ که‌وچکێک ئاو وه‌مه‌له‌ نه‌که‌وین. هیوادارم بۆچوونی مه‌مانان به‌ درۆ ده‌ربچێ و رووحانی بتوانێ گورانکاری پێویست له‌و ساختاره‌ ئه‌منیه‌تی و پۆلیسییه‌ دا بکات که‌‌ ته‌نیا ئه‌وه‌یه‌ رێگای ئاڵوگوڕی جیددی و ئه‌ساسی له‌و نیزامه‌ دا خۆش ده‌کات. ئه‌گه‌رچی به‌ بڕاوی من رووحانی ته‌نیا پیاوی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌یه‌ و له‌ سیاسه‌تی ناوخۆ دا چی وا له‌وانی پێش خۆی چاکتر نابێ، ئه‌و به‌ ستراتیژی رزگاری حکوومه‌ت له‌و قه‌یرانه‌ی تێی که‌وتووه‌ و که‌ زیاتریش له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی چه‌کی ئه‌تۆمیه‌ سینگی داوه‌ته‌ پێش نه‌ک چاکسازی له داڕشتی ئه‌و سیسته‌م و ده‌سه‌ڵاته‌دا.

Thursday, 6 June 2013

ئیسلامی سیاسیی



وەبیر هێنانەوەیەک له‌ ئیسلامی سیاسیی




ئیسلامی سیاسیی وه‌ک گەورەترین مەترسی ئەمرۆی کۆمەڵگای بەشەری




رەنگە ئەوە دووهەمین جار بێ لە سەر ئەو بابەتە بەجیددی بدوێم. دیارە هۆکارەکەشی ئەوەیە کە بەڕاستی گەشە و نەشەی ئیسلامی سیاسیی سەلەفی و توند ئاژۆ بە گەورەترین مەترسی دەزانم بۆ سەر کۆمەڵگای بەشەری، ئەگەر بۆ چرکە ساتێکێش کاتمان هەبێ و رەفتاری ئەو ئیسلامە سیاسییە بە تایبەتی دوای ئەو ناوە نا بەحەقەی "بەهاری" عەڕەبی کە بۆ بزووتنەوەکانی ولاتانی عەڕەبیان هەڵبژارد و رەفتاری ئەو هێزە ئیسلامیانەی لە وێندەری باڵا دەستن ببینین، زۆر بە ڕاشکاوی هەست دەکەین کە ئەو دید و روانگەیە یەکجار دوورە لە مرۆڤایەتی و زەرەری یەکجار گەورەش لە پێکەوە ژیانی هێمنانەی رەگەز وئایینە جۆۆراوجۆرەکانی دیکە دەدات. لە تازە ترین دیمەن دا ئیسلامییەکانی لیبی گۆڕستانی مەسیحییەکانی ئەو ولاتەیان وەبەر هێرش و پەلاماری خۆیان دا و بە دەیان کێلی مردووەکانیان شکاندن. ئەوە لەسەرەتای گرتنە دەستی دەسەڵاتیانە ئاوا رەفتار دەگەڵ مردووەکان دەکەن دەبێ سبەی دەگەڵ زیندووەکان چۆن رەفتار بکەن؟ لە میسر ئیسلامییەکانی ئەخەوان رۆژ دەگەڵ رۆژ زیاتر خەریکن ماهیەتی خۆیان دەردەخەن و شارستانیەت و مەدەنییەت خەریکە لە چنگیان وەزاڵە دێت. لە هەموو ئەو شوێنانەی ئیسلامی سیایی تێیدا باڵا دەستە ژنان، نیوەی کۆمەڵ یەکەمین توێژی کەمەلایەتین کە دەکەونە بەر هەڕەشە و تۆقاندن و زەبر و زەنگ.




لە کوردستان، سەلەفی و ئیسلامییە تەکفیرییەکان وایان کردووە کە فەرهەنگی دژایەتی کردنی هەموو روانگەکان، جگە لە خۆیان، خەریکە کۆمەڵگا دادەگرێ و رێشەی دەچێتە ناو ژیانی تاک بە تاکی کۆمەڵگاوە، هەموومان گوێ بیسی وتار و لێدوانەکانی مەلای مزگەوتەکانی باشوور بووین، ئەوان هەموو شتێکی باوی ئەمرۆیی بە کوفر و ئیلحاد نیو دەبەن، گورانی و موزیکیان بە حەرام زانی وهێرشیان کردە سەر ناسری رەزازی بە نموونە، ژن بە تەنیا سواری ماشێن بوونیان بەراوەرد کرد دەگەڵ داوێن پیسی و چاو چنۆکی پیاوان و باڕ و کازینۆ یان ئاور تێبەردان و سەرچاوەی داهات و دەرەماەتی خەڵکیان وێران کرد ... دژایەتی سرودی ئەی رەقیب دەکەن و بە کوفری دەزانن، رۆژ نییە لە گۆشە وکەناری ئەو کوردستانە کچان وژنانی کورد هەر لەسەر هەمان کولتور و هەمان لێدوانی مەلاکان کە دنەی توند و تیژی دژی ژنان دەدەن ئاگر لە جەستەی خۆیان بەر نەدەن یان بە دەستی بە ناو پیاوان نە کوژرێن و لێرەو لەوێ فڕێ نەدرێن. کە چی بە داخەوە حیزبە دیمۆکرات و عیلمانییەکان، هێزە سیاسیەکانمان ، رۆناکبیران و نوسەران زۆر کەم ئاوڕ لەو مەترسیە گەورەیە دەدەنەوە کە رۆژ بەرۆژ بە هۆی ئەو دەرفەتەی بۆیان رەخساوە خەریکن گەشە دەکەن، لە باشوور تا زەمانی سەدام حوسێن بوو ئەوانە بەگشتێ و زۆربەی هەرە زۆریان ، تەنانەت لە کاتی ئەنفالیش دا، لە کاتی قڕ کردنی بە کۆمەڵی کوردان دا هەر دوعا گۆ و پەسنبێژی سەدامی قاعید بوون، یەکیان متەقی لێوە نەهات و نەیدەکوت ئەو بە دەیان هەزار ئینسانە بیتاوانە، ئەو ئەشرەفی مەخلوقاتە، بۆ بە ناحەق دەکوژن، کەسیان ئەو دڕەندەییەیان بە کوفر دانه‌نا ، تەنانەت بە کارێکی ناعادیلانەشان دا نەنا، کەچی ئەمڕۆ لە کوردستان وەک دووپشک کلکیان لەسەر نەڕەی پشتێ داناوە و لە دژی هەموو بنیاد و بنەمایەکی ئینسانی کۆمەڵگا دەخوێنن و وتار دەدەن و خەڵکی هاندەدەن.



لە رۆژهەڵات لەگەڵ ئەوەی کە رێژیم دژی مەسەبی سوننیە بەڵام لە دامەزراندنی هیز و ریکخراوە ئیسلامییەکان و لە گەشەپێکردنیان لە کوردستان دا، لە هیچ هەنگاوێک خۆی نەبواردووە، ئەو رێژیمە زۆر چاک دەزانێ کە ناسیۆنالیسمی کورد چەندە مەترسییە بۆ دەسەڵاتی ئەوان و بۆ رێژیمە دیکتاتۆر و رەگەزپەرەستەکان و دەشزانێ کە سەلەفیەکانی کوردستان چەندە دژی حیزبە عیلمانییەکان و خواستی نەتەوەیی کوردانن، هەر بۆیە لە چەند ساڵی ڕابردوو دا بە خشکە و لە بنەوە و بۆ ئەوەی خەڵکی هەست بە پیلانەکەیان نەکات خەریکە کاریان لەسەر دەکات و ئیمکانی نەشو نما کردنی بۆ پێک هێناون و جارو بارەش چەند کەسیکیان دەگرێ رەوانەی زیندانیان دەکات تا ئیعتیباریان پێبدات. من لە کاتی خۆی و لە مەهاباد ئەو هەوڵ و تەقەلایانەی رێژیمی ئیسلامی ئێرانم لە مزگەوتەکان دا دیوە. هه‌ر ئه‌و کاتیش مەترسی ئەو هەوڵانەم بە جێگای خۆی گەیاندووە. بەڵام بەداخەوە هیشتا هەست ناکرێ کە ئەو مەترسییە بە هێند وەربگرن و لە جیاتی دژایەتی کردنی یەکترێ ئاورێک لەو مەسەلەیە بدەنەوە و خەڵکی لەو مەترسییە ئاگادار کەنەوە.


ئیسلامی سەلەفی و توند ئاژۆ تەنیا زەرەر لە جەستەی کۆمەڵگا و بنیاتە مەدەنییەکان نادات، ئەوان گەورەترین زەربەشیان لە ئایینی ئیسلام و کەسێتی ئەو ئایینە داوە. هەر بۆیە ئەوانەی باوەڕیان وایە کە ئیسلام دینی ئاشتی و تەبایی و برایەتییە، دینی پێکەوە ژیانی هێمنانەی هەموو ئایین و روانگەکانە، دەبێ بەر خەڵکانی دیکە وەجواب بێن و رەفتار و کردەوەی دژی ئینسانی ئەو کەسانە لە قاو بدەن و دژایەتیان بکەن.




تێبینی: تکایە لە بۆچون دانان دا هەوڵ بدەن بە هیچ شیوەیەک بێڕێزی نەبێ دەنا وێرای داوای لێبوردن بۆچوونەکە دەسڕێتەوە.

Sunday, 2 June 2013






 دوو مامۆستا               
                                                                              
کاتێ دیمانه‌‌ جوان و مێژوویه‌که‌ی کاک هه‌یاس کاردۆم ده‌خوێنده‌وه‌ که‌ ده‌گه‌ڵ به‌ریز مامۆستا حه‌سه‌نزاده‌ ئه‌نجامی دابوو ئه‌وه‌ی له‌م نێوه‌ دا زۆر سه‌رنجی راکێشام چۆنیه‌تی ژیان و پێگه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی ژیانی مامۆستا بوو، ئه‌و له‌ ناو بنه‌ماڵه‌یه‌کی هه‌ژاری ده‌ست کورت  دا که‌ خاوه‌نی چه‌ند سه‌ر مانگا و بزن ده‌بێ گه‌وره‌ بووه‌ ، دوای مه‌رگی باوکی ژیانیان زۆر له‌وه‌ش خه‌راپتر ده‌بێ به‌ڵام ئه‌و مامۆستایه‌ی ئه‌مڕۆ ده‌یبینین کۆڵی نه‌دا و به‌رامبه‌ر به‌ ژیان و سه‌ختی و چه‌رمه‌سه‌ریه‌کانی ژیان به‌ چۆک دا نه‌هات و به‌ڵکوو ئه‌و ژیانی به‌ هه‌موو سه‌ختیه‌کانه‌وه‌ خسته‌ ژێر رکێفی خۆی. تا سه‌رئه‌نجام بۆته‌ ئه‌و مامۆستا عه‌بدوڵا حه‌سه‌نزاده‌یه‌ی که‌ ئه‌مڕۆ خه‌لكی ده‌ره‌وه‌ی حیزب شانازی پێوه‌ ده‌کات.  دوکتور و مامۆستای زانکۆ ده‌ڵی من شاگرتی مامۆستا حه‌سه‌نزاده‌م و ته‌نانه‌ت دوژمنانی کورد و حیزبی دیمۆکراتیش له‌ باس کردنیدا و له‌ ئاست گه‌وره‌یی ئه‌و ئینسانه‌ دا هه‌ر به‌ مامۆستا بانگی ده‌که‌ن.( بڕوانه‌ چپ در ایران به‌ روایت اسناد ساواک).
ئه‌من وه‌ک کوردێک هیچ لام عه‌جایب نییه‌ که‌ تاکی کورد ده‌بینم به‌رامبه‌ر به‌ هاوڕێ و مامۆستا و رێبه‌ری چه‌ندین ساڵه‌ی خۆی بێ ئه‌مه‌گ ده‌بێ و به‌و په‌ڕی بێ ئینسافییه‌وه‌  له‌ سه‌ر مامۆستا حه‌سه‌نزاده‌ ده‌دوێ و تانه‌و ته‌شه‌ری لێده‌دا. ئاخر بێ ئه‌مه‌گی و بێوه‌فایی له‌ ناومان دا خه‌ریه‌که‌ ده‌بێته‌ فه‌رهه‌نگ. ئه‌گه‌رچی ره‌نگه‌ زۆر جاریش ئه‌و جۆره‌ که‌سانه‌ پێیان وابێ به‌و جۆره‌ ده‌ربڕین و قسه‌کردنانه‌ ئه‌وانیش گه‌وره‌ ده‌بن و ده‌گه‌نه‌ شانی مامۆستا حه‌سه‌نزاده‌!
له‌ سه‌ره‌تای له‌ت بوونی دێمۆکرات دا مامۆستا حه‌سه‌نزاده‌ له‌ قسه‌ کردنێکدا ده‌ڵێ موخالیفانی من به‌ هیچ شتێک رازی نین، ئه‌گه‌ر ده‌گه‌ڵ که‌سانی چه‌پ و مارکسی دابنیشن ئه‌وا له‌ باسی مندا ده‌ڵێن حه‌سه‌نزاده‌ مه‌لایه‌ و مۆرته‌جیع! که‌ گه‌یشتنه‌ که‌سانی ئایینی و ئیماندار له‌ باسی مندا ده‌ڵێن مه‌لایه‌کی کۆمۆنیسته‌! به‌ڕاستی ئه‌وه‌ دووره‌ له‌ ئه‌خلاقی ئینسانی به‌ ویژدان و به‌ ئینساف. خۆزگه‌ ئه‌و ده‌روونه‌ قڕێژ گرتوویه‌ مشت و ماڵێک بدرێ و ئه‌و هه‌مووه‌ رق و کینه‌ بێ ئه‌نجامه‌ به‌ یه‌کجاری بخرێته‌ لاوه‌ و به‌ چاوی واقع بینییه‌وه‌ هه‌م بڕوانینه‌ مه‌سه‌له‌کان و هه‌میش ره‌خنه‌کان ئاراسته‌ی مامۆستا بکه‌ین که‌ هیچ گومانم نییه‌ ره‌خنه‌ی له‌سه‌ره‌.
  ته‌جره‌به‌ی ژیان ده‌ڵی با هه‌موو پرده‌کانی پشته‌ سه‌ر خه‌راپ نه‌که‌ین
 له‌ چه‌ند ساڵی رابردوو دا و له‌ دوای له‌ت بوونی دێمۆکرات دوو که‌س یه‌کجار زۆریان بێڕێزی پێکرا، زۆر ناجوانمێڕانه‌ هجوومیان کرایه‌ سه‌ر، ئه‌و دووه‌، دوو مامۆستا بوون ، دوو مامۆستای فیداکاری و به‌ره‌نگار بوونه‌وه‌ و کۆڵنه‌دان، دوو مامۆستای جه‌رگه‌ی خه‌باتی دژی زۆداری، دوو رێبواری ماندوونه‌ناسی رێگای ئازادی و رزگاری کوردستان، ئه‌و دوو مامۆستایه‌ یه‌کیان ، مامۆستا حه‌سه‌نزاده‌ بوو و ئه‌وی دیکه‌یان مامۆستا حه‌سه‌نی ره‌ستگار.  نامهه‌وێ بگه‌ڕێمه‌وه‌ دواوه‌ و کای کۆن به‌با بکه‌م. به‌ خۆشیه‌وه‌ ئێستا دنیاکه‌ به‌ بارێکی دیکه‌ دا که‌وتووه‌ و به‌ڕیز کاک مسته‌فا هیجری و هاوڕێیانی دیکه‌ی حدکا له‌ دانیشتن و چاو پێکه‌وتنه‌کاندا به‌ سیمای پڕ له‌ پێکه‌نین وگه‌شاوه‌ وێنه‌ی یادگاریان له‌گه‌ڵ ده‌گرن. لێره‌ دا رووی قسه‌م ده‌گه‌ڵ ئه‌و دۆست و هاوڕییانه‌یه‌ که‌ ته‌نیا له‌ ڕووی کینه‌ی شه‌خسی خۆیان ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر زاریان دا دێ سه‌باره‌ت به‌و دو که‌سایه‌تیه‌ ده‌یلێن. با هه‌موو پردێکی پشته‌ سه‌ر وێران نه‌که‌ن و ریگای گه‌رانه‌وه‌ی ویژدان ئه‌وه‌نده‌ بمێنێ که‌ سبه‌ی ئه‌گه‌ر رووبه‌ڕووی ئه‌و دوو ماماۆستایه‌ بوویه‌وه‌ له‌ رووت هه‌ڵبێ،  بڵیی سڵاو مامۆستا!
 ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستی سه‌ره‌کی منه‌ له‌و باسه‌ دا ئه‌وه‌یه‌‌ که‌ له‌ جیاتی بایه‌خدان و قواستنه‌وه‌ی بابه‌تی خه‌ڵکی ترسه‌نۆکی بێ ناو نیشان که‌ پڕن له‌تۆمه‌ت و بێڕێزی کردن به‌رامبه‌ر به‌و دوو ئینسانه‌ فیداکاره‌، ئه‌گه‌ر ره‌خنه‌ی جیدی هه‌یه‌ با به‌ره‌وڕوویان بکرێته‌وه‌ ده‌نا با بۆ هه‌میشه‌ ئه‌و جۆره‌ قسه‌ بێتام و بێمانایانه‌، ئه‌و تانه‌ و ته‌شه‌رانه کۆتاییان پێ بێ و که‌سیش گرینگیان پێنه‌دات و گه‌وره‌یان نه‌کا‌ته‌وه‌ چوونکه‌ یه‌که‌م هیچ بابه‌تێکی بێ رێشه‌ و بێ ناوه‌رۆک جێ ناگرێ وه‌ک تا ئێستاش سه‌لمێنراوه‌ ئه‌وه‌ی به‌رامبه‌ر به‌ که‌سایه‌تییه‌ فیداکاره‌کان بێ ویژدانی ده‌کات هه‌ر خۆی و که‌سێتی خۆی ده‌ڕۆخێنی و به‌ دڵنیاییه‌وه‌ لای گه‌لی به‌ ئه‌مه‌گی کورد مرۆڤه‌ فیداکاره‌کان هه‌رگیز له‌ بیر نه‌کراون و له‌ بیر ناکرێن . دووهه‌م با فێر بین ڕێز له‌ خه‌بات و فیداکاری هه‌موو که‌س بگرین، با له‌ جیاتی بێوه‌فایی و قه‌درنه‌زانی، ئه‌مه‌گناسی ببێته‌ نه‌ریت له‌ ناوماندا، خۆ ئه‌گه‌ر قسه‌ی کوچه‌ بازاریش ده‌که‌ین با لانی که‌م وه‌ک ئه‌ده‌بی بنه‌ماڵه‌یی گه‌وره‌ و چکۆله‌یمان له‌به‌ر چاو بێ.